
مەتەڵی بەرژەوەندییەکانی کورد لە سووریەی ئەحمەد ئەلشەرعدا
خالید حەسەنپوور
كاتێك ڕێژیمی بەشار ئەسەد لە دێسامبری ساڵی ڕابردوو بە دەست هەیئەتی "تەحریرالشام" ڕووخا، ڕووخانی كتوپڕی ئەسەد، کۆمەڵگەی نێوونەتەوەیی و تەنانەت سووریەشی غافڵگیر كرد. دەگەڵ ئەوەی لە ساڵی ٢٠١١ وە خەڵكی سووریە هەوڵی لابردنی ڕێژیمی ئەسەدیان دەدا، بەڵام ئەسەد بە پشتیوانیی كۆماری ئیسلامی و ڕووسیە، وڵامی خەڵكی ناڕازیی بە ئاور وئاسن دایەوە و جارێكی دیكە خۆی چەقاندەوە و مەرگی خۆی وەپاش دا. دوای ١٢ ساڵ شەڕی بێ نێوبڕی نێوخۆیی و كوژرانی دەیان هەزار نەفەر لە خەڵكی ئەم وڵاتە، دواجار وا دەهاتە بەرچاو كە ڕێژیمی ئەسەد زۆربەی دژبەرانی خۆی لەنێو بردبێ و لاوازی كردبن، كەچی لەپڕ هێزەكانی "تەحریر الشام" كە بە چەكوچۆڵەی پێشكەوتوو و دڕۆن و تۆپخانە پۆشتە و تەیار كرابوون و بنكەكانیان لەسەر سنووری سووریە و توركیە بوو، جووڵەیان پێ كرا و لە ماوەی حەوتوویەكدا ڕێژیمی ئەسەدیان ڕووخاند!
لە ڕاستییدا دەكرێ هاتنە سەركاری "تەحریر الشام" بە سەرۆكایەتیی ئەحمەد ئەلشەرع، وەك لەدایكبوونی منداڵێك ببینین كە پێش وادە بە نەشتەرگەری لەدایك بووبێ! بە هاتنە سەركاری كتوپڕی دەسەڵاتی نوێ، ئاگری هەموو ئەو كێشە ئیتنێكی و مەزهەبی و كۆمەڵایەتییانەی كە بە درێژایی مێژوو لە سووریەدا ئینكار و سەركوت كرابوون، بڵێسەیان سەندەوە و دەسەڵاتی نویی سووریەیان تووشی ئالەنگاریی جیدی كرد. ئەكتەری سەرەكی كە ئاڵوگۆڕەكانی سورییەیان شكڵ پێدا و بوونە هۆی ڕووخانی ئەسەد و هاتنە سەكاری تەحریرالشام، ئەمریكا، توركیە و ئیسڕائیل بە هاوكاریی چەند وڵاتێکی عەڕەبی بوو.
هەتا ئەو جێگایەی پەیوەندیی بە سیاسەتی ئەمریكاوە هەیە، ئەمریكا ویستی بە بەردێک دوو چۆلەکە بنگێوێ: لە لایەک دەستی ڕووسیە لە گۆڕەپانی سووریە و ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست كورت بكاتەوە و سووریە بهێنێتە ژێر ڕەكێفی خۆی، لە لایەكی دیكەشەوە بە كارئاسانی بۆ هاتنەسەركاری ئەحمەد ئەلشرع، ڕەوتی "تەحریر الشام" کە درێژكراوەی داعش و ئەلنوسرە بوون؛ لە هێزێكی تێروریستیی مەترسیدارەوە بگوێزێتەوە بۆ نێو دەسەڵاتی یاسایی سووریە و لەو ڕێگەیەوە باشتر بتوانێ كۆنتڕۆڵی بكا! ڕەوشێك كە ئەمریكا لەهەمبەر رێكخراوی تاڵەبانیش پێڕەوی كرد، چونکی دوای ئەوەی بۆی دەركەوت كە زەویی ئەفغانستان هەرچییەكی پێی وەرکەی هەر تالیبان دێنێتەوە، ناچار بوو دەگەڵ ئەو ڕێكخراوەیە بسازێ و بە هێندێك مەرج و داروولەلە لێ گەڕێ بێتەوە سەركار!
ئەمریكا بە تاقیكردنەوە بۆی دەركەوتوە تێچووی کۆنتڕۆڵکردنی ڕەوتێكی تیروریستیی نهێنی، لە ڕەوتێكی تێروریستیی ئاشكرا زۆر زیاترە! لەوەش گرینگتر، ئەگەر ئەو ڕەوتە توندئاژۆیانە بێنە نێو دەسەڵات، پەڕاوێز نەخرێن و لەگەڵ گیرگرفتی سیاسی، كۆمەڵایەتی و ئابووریی وڵات و دەوڵەت بەرەوڕوو بن، ڕاستییە سەرسەختەكانی کۆمەڵگەی خۆیان و پەیوندییە نێونەتەوییەكان، بەرەبەرە بەرەو خاوبوونەویان دەبات و بە ئەگەری زۆرەوە هێزێكی میانەڕەوی سیاسییان لێ درووست بکەوێتەوە!
خاڵگۆڕانی دەستێوەردانی تورکیە لە سووریە و هەڵگەڕانەوەی لە بەشار ئەسەد دوای ئەوە بوو کە ڕێژیمی ئەسەد بەشێكی بەرچاوی ڕۆژئاوای كوردستانی ڕادەستی یەپەگە کرد. بەڵام ئەو وەرچەرخانە لە سیاسەتی توركیەدا بۆ ئەو وڵاتە تێچوویەکی زۆری هەبوو و سیاسەتی ئەو وڵاتەی تووشی ناتەباییەكی زۆر كرد. چونكە دژایەتی دەگەڵ ڕێژیمی بەشار ئەسەد جۆرێک دژایەتی بوو لەگەڵ بەرژەوەندییەکانی ڕووسیەش. هەروەها لەگەڵ ئەوەدا کە سیاسەتی تورکیە بەرامبەر بە ڕێژیمی ئەسەد هاوتەریب بوو دەگەڵ سیاسەتی ڕۆژئاوا، بەڵام دژایەتیی حكوومەتی خۆبەڕێوەبەریی ڕۆژئاواش دەکەوتە دژایەتیی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و ڕۆژئاوا و تورکیەی لەگەڵ داعش و ئەلنووسرەوە خستبوە بەرەیەکەوە. بۆیە ڕووخانی بەشار ئەسەد لە لایەك تورکیەی لە ناتەبایی هەڵوێستی سیاسی لە نێوان ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵات (ڕووسیە) ڕزگار کرد و، لە لایەكی دیكەوە بە هێنانەسەركاری ئەحمەد ئەلشەرع وەك درێژكراوەی داعش و ئەلنووسرەوە، بە كردەوە هاوپەیمانیی نێوان كوردی ڕۆژئاوا لەگەڵ ئەمریكا و ئورووپاشی بەرەو و لاوازییەکی زۆر برد.
هەتا ئەو جێگایەی پەیوەندی بە سیاسەتی ئیسڕائیل سەبارەت بە سووریەوە هەیە، ڕووخانی بەشار ئەسەد بۆ ئەو وڵاتە حوكمی هێنانی جووت شەشی هەبوو. دەگەڵ ئەوەی هاتنەسەركاری ئەحمەد ئەلشەرع بۆ ئیسڕائیل گۆڕانكارییەكی ئیدەئاڵ نەبوو، بەڵام بە دوو هۆكار پێی لە ڕێژیمی ئەسەد باشتر بوو. یەكەم، "تەحریر الشام" هێزێكی سووننی سەلەفییە كە دژایەتیی ئاشکرای لەگەڵ كۆماری ئیسلامیی ئێران و ڕەوتی شیعەگەری لە ناوچەدا هەیە و، وەك ڕێژیمی ئەسەد مەجال بە ڕێژیمی ئێران نادا سووریە بۆ ئامانجەكانی خۆی بەكار بهێنێ. دووهەم، خۆگرتنی حكوومەتی "تەحریر الشام" کات دەبا و ئیسڕائیل دەتوانی لەو ماوەدا بۆ ئەجێندای سیاسیی خۆی لە سورییە كار بكا و پێشی بەهێزبوونی حكوومەتێكی ناوەندفەرای بەهێز لە دێمێشق بگرێ. هەروەها ئەحمەد ئەلشەرع بەهۆی پاوانخوازی و عەقڵییەتی فیرقەگەرایی، زەحمەتە بتوانێ بەرەو دامەزرانی دەوڵەتێكی گشتگیر و هەمەلایەنەی بنكە فراوان لە پێكهاتەكانی سووریە هەنگاو بنێ! چونکی هەرچی حكوومەتی ناوەندی سووریە لاوازتر بێ، بەو ڕادەیە، ئیسڕائیل لە سنوورەكانی باكووری خۆی دڵنیاتر دەبێ .ئەوانە هەمووی هۆكاری پۆزیتیڤ بوون كە دەیتوانی جێ دەستی حكوومەتی ئیسڕائیل بۆ ماوەیەك لە گۆڕانكارییەكانی ئێستا و داهاتووی سووریەدا بكاتەوە.
ئێستا دوای نیزیك بە هەشت مانگ لە هاتنە سەركاری تەحریر الشام دەبینی ڕۆژ بە ڕۆژ بەرژەوەندیی ئەو سێ كوچكەیەی (ئەمریكا، توركیە و ئیسڕائیل) كە كارئاسانییان بۆ هاتنەسەركاری "تەحریر الشام" كرد، لێك جوێ دەبێتەوە! دیداری ترامپ لە عەڕەبستان سعودی لەگەڵ ئەحمەد ئەلشەرع كە وێدەچێ بە نێوبژیوانی تورکیە، عەڕەبستان و قەتەر ڕووی دابێ، گۆڕانكارییەكی بنەڕەتیی لە سیاسەتی ئەمریكا بەرامبەر بە حكوومەتی نوێی دێمێشق پێکهێنا. لە بەرامبەر ئەوەدا كە ئەلشەرع و دەوڵەتەكەی دێنە نیو پەیمانی ئیبڕاهیم و هەروەها پێشی نفووزی كۆماری ئیسلامی لە سووریە دەگرن و گوێڕایەڵی نەزمی نوێ ئەمریكا لە ناوچە دەبن، حكوومەتی ناوبراو لەلایەن ئەمریكاوە بە فەرمی ناسرا و شەخسی ئەحمەد ئەلشەرع لە لیستی تیرۆری ئەمریكا هاتەدەر و گەمارۆكانی سەر سووریە لە لایەن ئەمریكاوە لاچوون.
هەمیشە لە سیاسەتی دەوڵەتاندا وا باو بووە كە لەبەر ڕووناكایی سیاسەت و ئەولەوییەتە نێوخۆییەكاندا، سیاسەتی دەرەوەش دادەڕێژرێ. بەڵام وادیارە ئەم ڕەوتە لە دەوڵەتی نوێی سووریەدا پێچەوانە بۆتەوە! ئەوەش بەر لە هەموو شتێك بۆ نییەت و ڕوانگەی "تەحریر الشام" سەبارەت بە ئارایشی سیاسی نێوخۆیی سووریە دەگەڕێتەوە! لە ڕاستییدا ڕەوتی ڕووداوەكان وا نیشان دەدەن لە حكوومەتی نوێی سورییە لە پەیوەندی لەگەڵ سیاسەتی نێودەوڵەتیدا زۆر پڕاگماتیستانە و سەبارەت بە دۆخی نێوخۆیی وڵاتەکەشی تا ڕادەیەكی زۆر ئیدئۆلۆژیكی دەجووڵێتەوە. ئەحمەد ئەلشەرع بۆ ئەوەی بتوانێ نێوخۆی سووریە بۆ مەرامی خۆی ڕێك بخا، پێویستی بە پەیوەندیی دۆستانە دەگەڵ ئەمریكا، ئورووپا و وڵاتانی عەڕەبی هەیە و دەستكەوتە دیپڵۆماتیكەکانی ئەو ماوەیەی سووریە بەر لە هەموو شتێك بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە ئەحمەد ئەلشەرع و تەحریر الشام كە ڕابردوویەكی تیرۆریستییان هەیە، دەراوی خۆیان سەبارەت بە ئەمریكا، ئورووپا و وڵاتانی عەڕەبی ڕوون كردۆتەوە.
هەموو پێوشوێنەكان نیشان دەدەن حكوومەتی نوێی سووریە لە بیری قایمكردنی بناغەکانی دەسەڵاتی خۆیدایە بۆ ئەوەی حكوومەتێكی یەكدەستی ناوەندگەرا بە هێژمۆنیی ئیسلامی سوونە لە دێمێشق دابمەزرێنێ. ئەوەش بە سەرنجدان بەوەی پێشتر عەلەوییەكان دەسەڵاتی سوورییەیان بۆ ماویەكی دوور و درێژ بەدەستەوە بووە و، هەروەها كوردەكان و درۆزییەكانیش داوای جۆرە خۆبەڕێوەبەرییەك دەكەن کە وەك نەشتەرگەرییەكی سیاسی- ئیدئۆڵۆژیك دێتە بەرچاو كە لێكەوتەی سیاسیی زۆری بەدواوەیە. سەركوتی بێبەزەییانەی عەلەوییەكان لە مانگی مارسی ئەمساڵدا و هەروەها هێرشی دڕندانە بۆ سەر درۆزییەكان، بێجگە لەوەی نێوەڕۆكی دژە دێموكڕاتێكی حكوومەتی ئەلشەرع دەردەخەن، پەیامێكی پڕ هەڕەشەش بوون بۆ حكوومەتی خۆبەڕێوەبەری كورد لە ڕۆژئاوای كوردستانیش. چونکی ئەو قەوارەی پێوەندییەی پێشتر لە نێوان ئیدارەی خۆسەری ڕۆژئاوا و ئەمریكا لە دژی داعش هەبوو، بە هاتنە سەركاری حكوومەتی نوێ سووریە و، هەروها ڕێككەوتنی حكوومەتی نابراو دەگەڵ تڕامپ، ڕۆژ بە ڕۆژ لە كزێ دەدا! ئەوەش بەر لە هەموو شتێك نیشانەی چوونەپێشی سیاست و ستراتیژیی تورکیەیە لە سووریەدا.
سیاسەتی تورکیە سەبارەت بە كۆتایی پێهێنان بە حكوومەتی خۆسەری ڕۆژئاوا لەو دۆخەدا ئەوەیە کە سەرەتا لە ڕێگای پڕۆسەی ئاشتیی ئۆجەلانەوە هەوڵ بدرێ كۆتایی بە ئیدارەی خۆسەر و هێزە نیزامییەكەی بهێنێ. بەڵام بە هۆی ئەوەی وێدەچێ پڕۆسەی ئاشتیی ئۆجەلان و چەكدانانی پ ک ک کاتێکی زۆرتر بخایەنێ، دەستەوداوێنی کەوتۆتە خۆ هەتا بە نێوبژیوانیی هەرێمی كوردستان لە نێوان ئەحمەد ئەلشەرع و ئیدارەی خۆسەردا سازانێک بکا. خۆ ئەگەر هیچكام لەو دوو هەوڵە ئەنجامی دڵخوازی تورکیە و حكوومەتی سووریەی لێ نەكەوێتەوە، بژاردەی نیزامی دژ بە ڕۆژئاوای كوردستان دوور لە چاوەڕوانی نیە!
ئاکامگیرییەکە ئەوەیە هەتا دێ هەڵوێستی تورکیە و ئەمریكا سەبارەت بە بارودۆخی سووریە زیاتر لێك نیزیكتر دەبێتەوە. بێتوو ئەمریكا و تورکیە لە پێوەندی لەگەڵ ئیدارەی سووریەدا بە بنەمایەكی هاوبەش بگەن، ئیسڕائیل، كورد، درۆزی و عەلەوییەكان دۆڕاوی سەرەكی نێوو گۆڕەپانی سووریە دەبن!