
ناوەندی ڕێکخراوە مەدەنییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، وێڕای بەرزنرخاندنی یادی سێ شەهیدی ژینگەپارێزی نیشتمان، هاوسۆزیی خەڵکی کوردستان و بەتایبەت شاری سنەی بۆ شەهیدان و ژینگەپارێزانی بە نیشانەی یەگکرتوویی و ڕێکخراوەبوونی ڕەفتاری خەڵکی کوردستان زانی.
پێشنیوەڕۆی ڕۆژی چوارشەممە، ڕێکەوتی 15ی گەلاوێژی 1404ی هەتاوی، ناوەندی ڕێکخراوە مەدەنییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە کۆبوونەوەی وەرزانەی خۆیدا وێڕای ئاماژە بە بەرخۆدانی مەدەنیی چالاکان و ڕێکخراوە مەدەنییەکان لە نێوخۆی وڵات، کاروچالاکیی ڕێکخراوەکانی ئەندام لەم ناوەندەی تاوتوێ کرد.
سەرەتای کۆبوونەوەکە بە ساتێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی شەهیدانی کورد و کوردستان بەتایبەت سێ شەهیدی ئەم دواییانەی ژینگەپارێز لە شاری سنە دەستی پێ کرد، دواتر دۆخی بەرخودانی چالاکانی مەدەنی و ڕێکخراوەکان خرایە بەرباس.
لەم پێوەندییەدا ڕۆڵ و پێگەی چالاکانی مەدەنی و ڕێکخراوەکان لە پەرەپێدان بە خەباتی شوناسخوازانە و پارێزگاری لە خاک و کەسایەتیی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەرز نرخێندرا و وێڕای بە نموونەهێنانەوەی گیانبازیی چالاکانی ژینگەپارێز لە پێناو پاراستنی ژینگەی نیشتمان، یادی شەهیدانی ژینگەپارێز؛ حەمید مورادی، چیاکۆ یووسفنژاد و خەبات ئەمینی بەرز نرخێندرا.
هەر لەم پێوەندییەدا ناوەندی ڕێکخراوە مەدەنییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان هاوسۆزیی جەماوەریی خەڵکی کوردستان بۆ کەسوکار و هاوڕێیانی هەر سێ شەهیدی ژینگەپارێز بەتایبەت لە شاری سنەی هەمیشە وشیاری، بە نیشانەی لەسەرهەستبوونی کۆمەڵگەی کوردستان و بەڕێکخرابوونی ڕەفتاری گشتیی خەڵکی کوردستان لێک دایەوە.
لەبەشێکی دیکەی کۆبوونەوەی ناوەندی ڕێکخراوە مەدەنییەکاندا، ڕاپۆرتی کاروچالاکیی هەرکام لە ڕێکخراوەکانی ئەندام لەم ناوەندە پێشکەش کرا و دەستووری کار و چالاکیی وەرزانەیان خرایە بەرباس و بڕیاردان.
ناوەندی ڕێکخراوە مەدەنییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان
16ی گەلاوێژی 1404ی هەتاوی