کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گۆڕانکاریی خامنەیی لە پێکهاتەی شواری باڵای ئەمنییەتی ڕێژیم و شواری بەرگری

18:50 - 16 گەلاوێژ 2725

عەلی خامنەیی ڕێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران بە فەرمانێک عەلی شەمخانی و عەلی ئەکبەر ئەحمەدییانی وەک نوێنەری خۆی لە شواری بەرگری دەستنیشان کرد.

شورای بەرگری کە دوای شەڕی ١٢ ڕۆژەی نێوان ئیسرائیل و ئێران دامەزرا، ژێر بەشێک لە شواری باڵای ئەمنییەتی ڕێژیمی ئێرانە.

پێشتر هەواڵدەریی فارس، سەر بە سپای پاسداران بڵاوی کردبووەوە کە ئەم شۆرایە بەرپرسی دیاریکردنی سیاسەتە ستراتیژیکەکانی ڕێژیم بۆ بەرگریکردن لە هێرشە سەربازییەکان دەبێت.

هەروەها عەلی خامنەیی، لە فەرمانێکدا عەلی لاریجانیی وەک نوێنەری خۆی لە شواری باڵای ئەمنییەتی ڕێژیم دەستنیشان کرد و هاوکات لاریجانی بە فەرمانی مەسعوود پزیشکییان، سەرۆککۆماری ڕیژیم، وەک نوویسکاری ئەو شورایە دەستنیشان کرا.

لاریجانی کە لە ساڵی ١٣٨٤ هەتا ٨٦ سکرتێری شورای باڵای ئەمنییەتی ڕیژیم بووە، جارێکی دیکە گەڕێندراوەتەوە نێو ناوەندەی ئەمنییەتی-ستراتیژیی ڕێژیم. ناوەندێک کە لە بڕیاردانی گەورەدا ڕۆڵی سەرەکی دەگێڕێت، بەتایبەتی لە بوارەکانی سیاسەتی دەرەوە و ئەمنییەتی نێوخۆ و دانوستانە ئەتۆمییەکان.

دانان و گەڕانەوەی هاوکاتی کەسانی وەک لاریجانی و شەمخانی بۆ پێکهاتە ئەمنییەتی و نیزامییەکان، ڕەنگدانەوەیەک لە سەروبەندی سەردەمێکی نوێی قەیرانەکانی ناوچەیی و گوشارە نێودەوڵەتییەکان نیشان دەدات.