زۆر خۆشحاڵم دەرفەتێک پێک هاتووە بۆوەی بتوانین تێێدا باس لە ئۆلگووی شوێندانەری ڕێبەری چ لە قۆناغی خەبات بۆ تێپەڕین لە کۆماری ئیسلامی و، چ لە قۆناغی ئیدارەدانی وڵاتدا بکەین.
بۆ هەمووان ئاشكرایە کە دوای ڕاپەڕینەکەی ئەمدواییە لە ئێران کە ماوەی ٥ مانگە وەڕێ کەوتووە، هەموو سەرنجەکان لەسەر پرسەکانی ئەم وڵاتەیە. خەباتی گەلانی ئێران دژی کۆماری ئیسلامی لە ماوەی ٤٣ ساڵی ڕابردوودا هەوراز و نشێوی زۆری بڕیوە. بەڵام ئەو ڕاپەڕینەی ئێستا لە بەردەوامیی خۆیدا دەرفەتگەلێکی باشی خوڵقاندووە و ئێستا لە فازی دووهەمدا ئەو پرسیارە بۆڵد دەبێت کە ئاخۆ ئێمە دەتوانین ئاڵترناتیڤێک لەدژی کۆماری ئیسلامی پێکبێنین؟ هەر ئەوەندە کە خەڵک لە ڕێژیم ڕاپەڕیون و لەسەر شەقام دروشمیان لەدژی بەرز کردووەتەوە، ڕێژیمی سیاسیی ئێستای پێ دەڕووخێت؟ سروشتییە نیزامێکی سیاسی کاتێک تووشی بەرگژەی توند دەبێت کە ئاڵترناتیڤێکی بۆ دروست بووبێت.
لە ئێستادا هەموو نەتەوە و پێکهاتەکانی ئێران لەسەر ئەوە کۆکن کە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی دەبێ بڕوا و نەمێنێت، بەڵام ئەدی نیزامی سیاسیی داهاتوو دەبێ لەسەر چ بنەمایەک چێ بکرێتەوە؟ ڕاستە کە مۆدێل و شێوەی بەڕێوەبردنی وڵات لە دنیادا زۆرە، بەڵام مۆدێلی دەسەڵات لە ئێرانی داهاتوو دەبێ تابعێک لە هەلومەرج و واقعی کۆمەڵگەی ئێران بێت. مخابن کە خەڵکی ئێران و بەگشتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئەزموونێکی ئەوتۆیان لە دێموکراسی نییە. ئەساسەن جێکەوتنی دێموکراسی لە وڵاتێک کولتووری خۆی دەوێ و کات و زەمەنی زۆر دەبات، بۆ نموونە ڕێنێسانێک کە لە ئیتالیا دەستی پێ کرد، دەیان ساڵی خایاند هەتا وەک مۆدێلێکی سیاسیی دێموکراتیک لەو وڵاتەدا سەقامگیر بوو. لەم ڕووەوە چارەسەر بۆ ئێرانێک کە دێموکراسیی تاقی نەکردۆتەوە، لەوانەیە ئاڵۆز و هەستیار بێت، بەڵام کارێک نییە کردەنی نەبێت.
ئەوەندەی بۆ پرسی کورد و بۆ کوردستن دەگەڕێتەوە، سروشتییە کە ئێمە هیچکات بەنیسبەت ئیدارەی سیاسیی داهاتووی ئێرانەوە بێتەفاوەت نەبووین و لەو پێوەندییەدا سیاسەتی پاسیڤمان نەبووە. ئێمە پاشخانێکی دەوڵەمەندمان لە وێژمانی حیزبی دێموکرات و ڕوانگەکانی د. عەبدوڵڕەحمان قاسملوو هەم لە مەیدانی خەبات، هەم لە بەستێنی وتووێژ و دانوستان و هەم لە بواری یارمەتیدان بە یەکیەتی و یەکڕیزیی حیزب و ڕێکخراوە کوردستانی و ئێرانییەکان لەدژی کۆماری ئیسلامی هەیە. بزووتنەوەی سیاسیی کورد پاشخان و کولتوورێکی دەوڵەمەندی لە خەباتی سیاسیدا هەیە، هەر ئەوەش کە دوای کوژرانی ژینای کچەکورد لە تاران چەخماغەی ئەم شۆڕشەی ئێستا لە کوردستان لێ درا و دروشمەکانی شۆڕش لە کوردستانەوە بە هەموو ئیراندا بڵاو بوونەوە و لە شوێنە سیاسی و گشتییەکانی دنیادا گوترانەوە، ئەوە پێمان دەڵێ کە ڕوانگەکانی کورد بۆ داهاتووی ئێران و پرسی کورد دەتوانن دەرفەت بێ، نەک بەوجۆرەی کۆماری ئیسلامی و بەشێک لە ئۆپۆزیسیۆنی ئەم ڕێژیمەش بە هەڕەشەی دادەنێن.
هەرکات باس لە ئێران و داهاتووی ئێران دەکرێ، چەمکگەلێکی وەک "تەواوەتیی ئەرزی و "تەجزیە" دێنە بەرباس کە دیارە بەرهەمی نەناسینی ئێران و فامنەکردنی پرسی نەتەوایەتی و داننەنان بە پرسی فرەییە لەو وڵاتەدا. بێگومان بێتوو لایەنەکان باوەڕیان بە دێموکراسی و بنەما و ڕێوشوێنەکانی مافی مرۆڤ و بنەڕەتی هاوبەشیی هەمووان هەبێت، ئەوکات ئیدی ئەو چەمکگەلی تەجزییە و تەواوەتی خاکە مانایەکیان نابێت. هەر لە ماوەی شۆڕشی ئەمدواییانەدا دەبینین زۆر لەو کۆسپانە لە نێوخۆی کۆمەڵگەدا هەڵگیراون و هەر باسیان نییە، بۆ نموونە لە تاران و تەورێز و ئیسفەهاندا بۆ داکۆکی لە کوردستان دروشم دەدرێ و لە کوردستانیش باس لە یەکیەتی، هاوکاری، هاوئاهەنگی و هاوپێوەندی نێوان هەموو جۆراوجۆرییەکان لەدژی ڕێژیم دەکرێت؛ کەچی "تەواوەتیی خاک" و "تەجزییە" لەسەر زمانی هەندێک لە لایەنە سیاسی و فکرییەکان بەتایبەت لە دەرەوەی وڵات دێنە بەرباس. بەواتایەکی دی ئەو بابەتانە لە نێوخۆی ئێران و کوردستان و شێوەی مامەڵەی خەڵک لەگەڵ ئەو پرسە تەواو جیاوازە لە چاو دنیای دەرەوە، لە حاڵێکدا لە نێوخۆ کۆماری ئیسلامییەک هەیە بە حوکمکردنی ڕەهای سپای پاسداران و هەموو بەرنامەکانی سەرکوتکردنی ویست و مافەکانی خەڵک لە ژوورە فکرییەکانی ناوەندە ئەمنیەتییەکانی ڕێژیمدا گەڵاڵە دەکرێن، خەڵکیش کە لەگەڵ واقعەکان بەرەوڕوون، خۆیان بەو پەراوێزانەوە کە لەلایەن سایبرییەکانی ڕێژیمەوە پەرەی پێ دەدرێت سەرقاڵ ناکەن.
بابەتێکی دیکەی ڕۆژەڤی سیاسی لە دۆخی ئێستادا پرسی ئاڵترناتیڤ و ڕێبەریکردنی شۆڕشەکەیە. ئێمە لە حیزبی دێموکراتدا ڕێزمان هەیە بۆ هەوڵ و خەبات و تێکۆشانی هەموو کەسایەتی، هونەرمەند، وەرزشکار و هەموو ئەو سێلبریتییانەش کە دەیانەوێ لە خەبات دژی کۆماری ئیسلامیدا هاوبەش و بەشدار بن، بەڵام تاکەکان ناتوانن خەبات ڕێبەری بکەن و وڵات ئیدارە بدەن؛ ئەوە ئەرکی حیزب و ڕێکخراوە و هاوپەیمانییە سیاسییەکانە. لە وڵاتێکی وەک ئەمریکادا میلیاردێڕیکی وەک تڕامپ بۆ ئەوەی بگاتە دەسەڵاتی سیاسی دەبێتە ئەندامی حیزبی کۆماریخواز، چونکی حیزبی سیاسی بەرپرسایەتیی هەڵوێستەکانی هەڵدەگرێ و دەبێ وەڵامدەر بێت. لەو بزووتنەوەیەدا نابێ ئێمە ببینە هۆی پڕشوبڵاوی و تاکگەرایی. هەر ئەوەش وایکردووە کە هەتا ئێستا ئۆپۆزیسیۆنێکی بەهێز لەدژی ڕێژیم دروست نەبووە.
لە بابەت ئاڵترناتیڤیشدا، گوتومانە و پێ لەسەر ئەو ئەسڵە دادەگرینەوە کە هیچ ئاڵترناتیڤ و بەدیلێک لە دەرەوەی وڵات سەرکەوتوو نابێت بێتوو دان بە واقع و ڕاستییەکانی نێوخۆی وڵاتدا نەنێت و دروشم و بەرنامەکانی بە سەرنجدان بە دۆخی ڕاستەقینەی وڵات گەڵاڵە نەکرابێت. ئێمە لە حیزبی دێموکراتدا پاشخانێکی دەوڵەمەندمان لە خەبات و تێکۆشان دژی دوو ڕێژیمی ناوەندگەرا لە تاران بووە. قوربانیی زۆرمان لەو خەباتەدا داوە، قۆناغی زۆر و جۆراوجۆرمان بڕیوە، ڕێبەرانمان زیندانی و ئێعدام و لە نێوخۆ و دەرەوەی وڵات تێرۆر کراون، لەو چەند ساڵەدا چەندین جار هێرشی مووشەکیمان کراوەتە سەر، بەڵام حیزبەکەمان توانیویەتی بەرگەی ئەو دۆخە بگرێت، درێژە بە خەباتی خۆی بدات و دەبینین کە ڕۆژانە کچ و کوڕی وڵاتەکەمان دێنە نێو ڕیزی حیزبەوە، بۆیە ئێمە دەبێ هاندەری ئایدیای ڕێکخراوەیی و کاری بەڕێکخراو لەنێو ئۆپۆزیسیۆندا بین و نابێت بیر لە حیزبسڕینەوە بکەین. ڕێبەریی ڕاپەڕینەکەش دەبێ لە دڵی هاوپەیمانییە سیاسییەکانەوە و بەپێی قورسایی هێزەکان دروست بێت.
حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ڕەوتی وتووێژ و دانوستان بۆ هاوبەشی لە هەر هاوپەیمانییەکی سیاسیدا هێڵی سووری نییە و گوێ بۆ هەمووان ڕادەگرین، ئەوانە هێڵی سووریان هەیە کە ناوەندگەران و ئەزموونی دێموکراسییان نییە، چونکی داکۆکی لە ناوەندگەراییە کە هێڵی سوور بە سەر ئەم و ئەودا دێنێ، وەک ئەوەی لە کۆماری ئیسلامیدا دەیبینین. بۆیە ئەو کولتووری حەزف و سڕینەوە زەبرێکی زۆر لە ڕێبەریکردنی شۆڕش و بنیاتنانەوەی داهاتووی وڵات دەدات.
ئێمە لەسەر ئەو باوەڕەین بزووتنەوەی سەرانسەریی یەکلاکەرەوەی چارەنووسی کۆماری ئیسلامی دەبێ بە هاوبەشی هەموو جۆراوجۆرییەکان شکڵ بگرێت، چونکی هەتا هەڵاواردن و پەراوێزخستن هەبێت، پڕۆسەی ئاڵترناتیڤسازی و ڕێبەریکردنی شۆڕش سەرکەوتوو نابێت. ئێران وڵاتێکی فرەنەتەوەیە و ناوەندگەرێتی لەسەر بنەمای سڕینەوەی جۆراوجۆرییە نەتەوەیی و ئایینییەکان بەردەوامیی سیکلێکە کە بێتوو پێناسەکەمان لە جوغرافیای سیاسیی ئێران لەسەر بنەمای ناوەند و پەراوێزنشێنەکان بێت؛ ئەو واقعە نەگۆڕ دەمێنێتەوە کە ئێمە ئێستا دەمانەوێ بیگۆڕین. بۆیە ئەگەر دەمانەوێ تەواوەتیی خاکی ئێران پارێزراو بێت و ترس لە جیابوونەوەکان ئاسەواریان نەمێنێت، دەبێ شێوەی ئیدارەکردنی وڵات دڵگر و سەرنجڕاکێش بکەین. ئەگەر تاران -وەک فۆڕمی ئیدارەی سیاسیی وڵات- سەرنجڕاکێش بێت، پێویست ناکا کوردەکان، بەلووچ و تورکەکان لێی بتەکنەوە؛ کە وابوو کێشەیەک هەیە و ئەو کێشەیەش ئەوەیە کە لە هەر دوو دەسەڵاتی پاشایەتی و کۆماری ئیسلامیدا ناوەندگەراییەکی موتڵەق بووە کە لە سەردەمی کۆماری ئیسلامیدا ئیستبدادی ئایینیشی هاتووەتە سەر.
ئێستا چارەسەر بۆ قۆناغی ئێستا چییە؟ لە دۆخێکدا کە ئێمە ئەزموونی پڕۆسە دێموکراتیکەکانمان کەمە و نمرەی ڕاستەقینەش دەبێ لە هەڵبژاردنێکی ئازاد و دێموکراتیکدا بە حیزبەکان بدرێ، بۆیە دەبێ لە ئێستادا چەند بنەمایەکی ڕێککەوتنمان هەبێت و لەسەر ئەو بنەمایانە ناوەندگەرێتی جێی خۆی بدا بە لامەرکەزی، واتە دابەشکردنی دەسەڵات لەسەر بنەمای هاوبەشی بەبێ هیچ چەشنە هەڵاواردن و پەراوێزخستنێک. هەروەها ئیستبدادی دینی دەبێ جێگەی خۆی بدا بە دێموکراسی و بۆ ئەوەش کە جارێکی دی سەرەڕۆیی ئایینی لە وڵاتدا دروست نەبێتەوە، دەبێ لە یاسای بنەڕەتیی وڵاتدا بەئاشکرا و بەڕوونی پێ لەسەر جیایی دین لە دەسەڵات دابگیرێ و کۆمەڵگە بەرەو ئاراستەی سێکۆلاریزمدا بشكێتەوە. تەواوەتیخوازی یان نیگەرانی لە تەواوەتیی خاکی ئێران دەبێ بە هاوبەشیی سیاسیی هەموو نەتەوەکان و دابەشکردنی دەسەڵات بڕەوێتەوە. بۆ ئێمە لە حیزبی دێموکرات گرینگە لە چارەسەرەکاندا بیرمان لەلای پرسی نەتەوەیی خۆمان بێت، هۆکاری ئەمەش ڕوونە.
لە ڕەوتی ئەم ڕاپەڕینەدا هەڵسوکەوتی حکوومەت، سپای پاسداران و ناوەندە ئەمنیەتییەکان لەگەڵ کوردستان جیاوازییەکی زۆری لەچاو ناوچەکانی دیکە هەبوو. لە کوردستان خەڵک کەوکوژی درانە بەر دەستڕێژ و ڕێژیم لە کوردستان بەدوای تۆڵەکردنەوە بوو. تۆڵەی ئەوەی کوردستان بەدرێژایی تەمەنی کۆماری ئیسلامی سەنگەری خەباتگێڕی بووە و لە سەرەتای هاتنەسەرکاری کۆماری ئیسلامیدا کە قەڵتوبڕی حیزب و لایەنە سیاسییە دژبەرەکان دەستی پێ کرد، حیزب و لایەنە سیاسییە ئێرانییەکان لە کوردستان کۆ بوونەوە و کوردستان بووە سەنگەری ئازادی و خەباتکاری و پەرەدان بە کولتووری دێموکراسی و فرەحیزبی. ئەوەیە ئەوان بەدوای تۆڵەکردنەوە لە کوردستانن. سپای پاسداران بۆ ئەوەی سەرنجەکان لە نێوخۆی کوردستان بەلاڕێدا ببا، مەترسیی هەڕەشەکان لە دەرەوەی سنوورەکانی زەق کردەوە و بەو بیانووە چەند جار بە مووشەک و دڕۆن بنکەی ڕێبەریی حیزبی دێموکرات و حیزبەکانی دیکەشی کردە ئامانج. مەبەستم ئەوەیە حیزب و ڕێکخراوە سیاسییەکان چ فارس، تورک، بەلووچ، عەڕەب و تورکمەن و نەتەوەکانی دیکە بە هەموو باگگڕاندێکی ئیتنیکی و نەتەوەیی یەکتری قبووڵ بکەن و ئەو جۆراوجۆرییە بە هەڕەشە و مەترسی بۆ سەر یەکتری نەزانن و وەک دەرفەتێک بۆ پێکەوەبوون و پێکەوەمانەوەی چاو لێ بکەن. ئێمە لە قۆناغی ئێستادا ئامادەی وتووێژ، هاخەباتی و کاری هاوبەش لەگەڵ هەموو لایەنەکانین و دواتر کە چووینە فازی بەڕێوەبردنی وڵات، ئەوکات لەسەر بنەمای ڕێککەوتن درێژە بەو هاوپێوەندییە دەدەین. ڕاستە ئێمە باوەڕمان بە فێدرالیزم وەک شکڵی ئیدارەکردنی وڵات هەیە، بەڵام ئەوە بەو مانایە نییە کە گوێ بۆ دژبەرانی فێدرالیزم یان بۆچوونەکانی دیکە نەگرین؛ مەسەلەی بنەڕەتی ئەوەیە کە لە وڵاتی فرەنەتەوەدا چارەسەری دوگم نییە و ناشبێت.
بە کورتی فێدرالیزم چارەسەری سیاسیی ئێمەیە و دەکرێ قسەوباس و وتووێژی زیاتری لەسەر بکەین. ئەگەر ئێمە باوەڕمان بە بنەماکانی دێموکراسی، جیایی دین لە دەسەڵات، هاوبەشیی هەمووان، بنەڕەتەکانی مافی مرۆڤ و سڕینەوەی هەڵاواردنەکان هەبێت؛ دەتوانین دەسکەوتی باشـمان لەو دانوستانەکاندا هەبێت؛ بەڵام بزووتنەوەیەکی سیاسی و ڕاپەڕین و شۆڕشێکی جەماوەری بەبێ ڕێبەری ناتوانێ تاهەتایە درێژەی هەبێ، ناشکرێ داهاتووی شۆڕش و نیزامی سیاسی بە قەزاوقەدەر و سێناریۆیەکانی داهاتوو بسپێرین، بەتایبەت کە ئێمە ئەزموونی شۆڕشی ٥٧ و بەردەوامی سیکلی نیزامی سیاسیی نادێموکراتیک و ئیستبدادیمان هەیە. ڕووخاندنی ڕێژیم هەموو شتێک نییە، گرینگ ئەوەیە چیی لە بری بنیات دەنێین.