هاووڵاتییەکی خەڵکی شاری مەهاباد بە ناوی سیاوەش عەزیزی موقەدەم، سەرەڕای تێپەڕبوونی زیاتر لە ٢٠ ڕۆژ بەسەر دەسبەسەرکردنیدا، هێشتا چارەنووسی نادیارە.
بەپێی زانیارییەکان سیاوەش عەزیزی موقەدەم کوڕی بایز، ماوەی ٢٠ ڕۆژە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە دەسبەسەر کراوە.
سەرەڕای بەدواداچوونی بەردەوامی بنەماڵەکەی بۆ ناوەندە ئەمنییەکان، تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر شوێنی ڕاگرتنی و هۆکاری گرتنی ڕانەگەیەندراوە.
نزیکانی ناوبراو جەخت دەکەنەوە کە سیاوەش هیچ جۆرە چالاکییەکی سیاسی نەبووە و بەبێ هیچ بەڵگەیەکی یاسایی دەسبەسەر کراوە.
نادیاربوونی شوێنی ڕاگرتن و بێوڵام مانەوەی بنەماڵەی سیاوەش، نیگەرانییەکی زۆری لای کەسوکاری سەبارەت بە سەلامەتی و باری تەندروستیی ناوبراو دروست کردووە.
دەسبەسەرکردنی سەرەڕۆیانەی هاووڵاتییانی بێتاوان، ئامرازێکی ڕێژیمە بۆ ترساندنی خەڵک و کپکردنی دەنگی ناڕەزایەتییەکان، تا لەو ڕێگەیەوە کەشێکی پڕ لە دڵەڕاوکێ بەسەر کۆمەڵگەدا بسەپێنێت.