باوان کرماشانی
و لە فارسییەوە: کاروان مێراوی
کرماشان لە بواری هەڵکەوتەی جوغرافیایی و مێژووییەوە هەردەم بۆ دەسەڵاتداران گرینگ بووە و لە هەموو قۆناغەکانی مێژوودا ناوی کرماشان دەدرەوشێتەوە. لە سەردەمی ساسانییەکاندا پێتەختی دووهەمی پاشاکان و شوێنی یەکگرتنەوەی ڕۆژهەڵات و ڕۆژاوای ئاسیا و هەروەها لەسەر ڕێی جادەی ئاوریشم بووە و نەک هەر بە تێپەڕبوونی سەردەمەکان گرنگییەکەی کەم نەبووەتەوە، بەڵکوو بەهۆی سنووری هاوبەش لەگەڵ دەوڵەتی عوسمانی سەرەڕێی زیارتگە گەورەکان بووە و هەنووکەش بە یەکێکە لە گرنگترین شارەکان ئەژمار دەکرێت. بە هۆکاری ئەم پێگەی گرنگانەوە بەرپرسی ویلایەت و لەڕاستیشدا دەسەڵاتدارانی کوردی ئەو شارە وەک خانەکانی زەنگەنه له پله بەرزەکانی حکوومەت و دەرباریشدا شوێنێکی تایبەتیان هەبوو.
بەڵام ئەم پێگه تایبەته که تاکوو ئەو سەردەمە هۆکاری پێشکەوتنی ئەو شارە بە قازانجی خەڵکەکەی بوو، وەک هەڕەشەیەک ترسی خستبووە دڵی دەسەلاتدارانی زەند و قاجاڕەکانەوە؛ کەواتە بە کۆچاندنی بنەماڵە ئایینییە گەورەکان وەک بنەماڵەی ئاغا و جەلیلی، هەوڵیان دا شوناسی نەتەوەیی- کوردیی ئەو شارە بگۆڕن بۆ ناسنامەیەکی ئایینی. شارێک کە بەبۆچوونی نووسەرانێک وەک هێنری بایندەر، دانیشتووانی بە هیچ شێوەیەک پێڕەوی ئایینی ئیسلام نەبوون و زۆربەی خەڵکەکەی پێڕەوی ئایینی یارسان بوون. بە کۆچاندن و پاشان زاڵبوونی ئەو بنەماڵانە بەسەر شاردا و دیاریکردنی فەرمانڕەوگەلێک کە کورد نەبوون، جگە لەوەی کە ئەو شارەی کرد بە شارێکی ئایینی، بوو بە هۆکاری سەرهەڵدانی شێوەزارێکی فارسیی گاڵتەجاڕانەی کرماشانی بەبێ هیچ پێشینەیەک کە لەڕاستیدا دەستدرێژیی زمانێکی بێگانەیە بۆ سەر زمانی ڕەسەنی کوردی.
لەم بارەیەوە ئۆسکار مەن، گەڕیدەی ئاڵمانی کە زمانی فارسیی زۆر بەباشی زانیوە و لە ساڵی ١٩٠٥ی زایینی سەردانی کرماشانی کردووە، لە بیرەوەرییەکانیدا نووسیویەتی: "ئەگەر سەردانی کرماشانتان کرد، بێگومان پێویستتان بە دیلمانج دەبێت، چونکە لەوێ جیا لە کەسانی سەر بە هێزەکانی حکوومەت، هیچ کەسێک زمانی فارسی نازانێت". کرماشان کە پێش ئەم بەسەرهاتانە دەڵی کوردستان و پەرەپێدەرەی کولتوور و شارستانیەتی کوردی و هەروەها یەکێک لە ناوەندە گرنگەکانی ڕاپەڕین و بزووتنەوە ڕزگاریخوازانەکان بوو، بە هاتنەسەرکاری ڕەزاخان و دەستپێکی پرۆژەی دەوڵەتـنەتەوە و بەرەوپێشبردنی ناسیۆنالیزمی دێرین و دامەزراندنی ئەکادیمیای زمانی فارسی، زۆر زیاتر لە جاران تووشی هێرشی ئاسمیلاسیۆن و سڕینەوەی کولتووری و هەروەها یەکسانسازی کولتووری بوو.
بەو سیاسەتەی کە ناسنامە و مانەوەی نەتەوەکانی دەوروبەری کە هێز و دەسەڵاتیان نەبوو، بەتایبەت لە شارە گرنگەکانیاندا کرابوونە ئامانج و هەر ئەم سیاسەتەش لە سەردەمی دەسەڵاتی ڕێژیمی ئیسلامیشدا بەردەوام بوو و دەتوانین بەشێکی سەرەکی لە ململانێیەکانی ناو ئێرانی هەنووکە وەک ئاکامی ئەو سیاسەتە هەڵەیە لەقەڵەم بدەین، ئەگەری ئاسمیلاسیۆن لەگۆڕێدا نەدەبوو، یان لانیکەم لە سەردەمی دەسەڵاتداریی ڕێژیمی ئیسلامیدا بەردەوام نەدەبوو و هەروەها بەشێک لە ململانێیە سیاسییە نەتەوەییەکان لە ئێراندا نەدەهاتنە ئاراوە. ئاسمیلاسیۆنێک کە بە ژینۆسایدی سپی ناودێر دەکرێت، مانای ژینۆسایدی ڕۆحیی بەکۆمەڵی ئەو نەتەوەیەی هەیە و بە تێپەڕبونی کات وەک ڕژێنەیەکی شێرپەنجە ڕیشە دادەکوتێت و پێکهاتەی نەتەوەیەک هەڵدوەشێنێتەوە. هەرچەندە ئەم ڕژێنە دژەخیمە کاریگەریی خێرای نابێت، بەڵام ئەگەر کۆمەڵگە وشیار نەبێت، دواتر گەلێک کاریگەریی دەروونیی دەبێت. بۆ نموونەی ئەم باسەش ئاماژە بە زمانی گیلەکی دەکەین کە هەنووکە تواوەتەوە و بە شێوەزارێکی زمانی فارسی دادەنرێت.
کاریگەرییەکانی زیاتر لە سەدەیەک سیاسەتی توانەوەی کولتووری و هەوڵدان بۆ سڕینەوەی شوناسی کورد لەنێو بنەماڵەکانی کرماشان و لەژێر کاریگەریی پڕوپاگەندای نەتەوەی سەردەستی خاوەن دەسەڵاتدا کە پێیان وابوو پێشکەوتنی منداڵەکانیان گرێدراوی پشتبەستن بە زمان و کولتووری ئەویتر و حاشاکردن لە شوناسی خۆیانە، بەڕوونی دەبینرێت. بەڵام ئاوڕدانەوەیەک لە ئامارەکانی وڵاتی ئێران وەک ڕێژەی بێکاری، هەژاری و تووشبووان بە ماددە هۆشبەرەکان بدەینەوە، هەمیشه پارێزگای کرماشان له ڕیزبەندی یەکەمەکاندا دەبینین. ئێستەش ئەو پارێزگایە نەک تەنیا پێشکەوتوو نەبووە، بەڵکوو لەژێر کاریگەری شۆڤێنیزمی فارسیدا کۆلۆنی بوون و کولتووری خۆیان لەلایەن نامۆیە. بەخۆشییەوە لە دوو دەیەی ڕابردوودا، بە وشیاربوونەوەی کۆمەڵێک لە ڕووناکبیران و چالاکانی ئەدەبی و فەرهەنگی، هەستی شوناسخوازی لە سەرانسەری ئەو پارێزگایەدا گەشەی کردووەتەوە. ئەو چالاکوانانەی وا هەوڵی زۆریان داوە بۆ بووژانەوەی ئەدەب و کولتووری کوردی، زۆر باش دەزانن کە پاراستنی زمان و بەرهەمهێنانی ئەدەب بەو زمانە پێویستە بۆ ئەوەی زمانە بەردەوام چەمکسازی بکات. هەروەها دەزانن زمانی دایک نابێت لەنێو ماڵ و قسەکردنی ڕۆژانەدا قەتیس بکرێتەوە، چونکە نەتەوەیەک بە زمانی خۆی نەنووسێت لەنێو دەچێت و دەوێتەوە. ئەوان لەوە تێگەیشتوون کە دەکرێت شیعە، سوننە، یارسان، جوولەکە و تەنانەت ئاتیئیستیش بین، بەڵام ناکرێت کورد نەبینن و نکۆڵی لە کوردبوونمان بکەین.
بۆیە زۆربوونی شاعیران، نووسەران و چالاکە جۆراوجۆرەکان کە بەرهەمەکانیان بە زمانی کوردی بڵاو دەکەنەوە، هەروەها پێکهێنانی ئەنجومەنی ئەدەبی و بڵاوکراوە و گۆڤارەکان بە زمانی کوردی، دەرخەری هۆشیاریی نەتەوەییە و بە هەوڵدانی چالاکانی ئەم پارێزگایە بۆ پێشگرتن بە دیاردەی ئاسمیلاسیۆن، جاروبار گۆڕانکارییە کولتوورییەکان لەم دەڤەرەدا دەبیندرێت. لە دەرکەوتە بەرچاوەکانی ئەم وەرچەرخانە کولتوورییە دەتوانین ئاماژە بە فێرکردنی بەربڵاوتری زمانی کوردی و پەرەگرتنی ناوە کوردییەکان بکەین کە بەشێک لە هۆشیاریی زمانی نشان دەدات و لە شیکارییەکانی زمان و شوناسدا ڕۆڵێکی گرنگ دەگێڕن. نموونەیەکی تری ئەو دەرکەوتەیە دەتوانین ئاماژە بە سەد ڕۆژی ڕابردوو و ڕەوتی شۆڕشی ژینا و هاودەنگیی خەڵکی کرماشان لەگەڵ شارەکانی دیکەی کوردستان و دروشمە کوردستانییەکان و بەتایبەت هاواری "ئەرێ خاکی کوردستانە'' بدەین. لەوانەیە ئەمەش دەستپێکی بووژانەوەیەکی فەرهەنگی لە کرماشان بێت.
هەنووکە دەتوانین هیوامان بە دواڕۆژێکی گەش هەبێت، چونکە وشیاری گرنگترین هەنگاوی دەربازبوون لە دیلبوونە.
ئەم بابەتە لە ژمارەی٨٤٠ی ڕۆژنامەی کوردستان بڵاو کراوەتەوە.