
ڕۆژە مێدیا
پاش هێرشەکەی حەماس بۆ سەر ئیسڕائیل لە ٧ی ئۆکتۆبری ٢٠٢٣ و هەڵگیرسانی شەڕ لە نێوان ئیسڕائیل و حەماس ڕۆژهەڵاتی ناوین تووشی وەرچەرخانێکی بنەڕەتی بوو، کە هیچ کات بۆ پێش ئەو هێرشە ناگەڕێتەوە. زۆرێک لە شڕۆڤەکارانی سیاسی ٧ی ئۆکتۆبر لەگەڵ ١١ی سێپتامبر بەراوەرد دەکەن، بەو مانایە کە دەبێتە هۆی گۆڕانی بنەڕەتی لە ناوچەکە. چەند کاتژمێرێک پاش هێرشی حەماس بۆ سەر ئیسڕائیل مەلاکانی تاران ئەو هێرشەیان به دەسکەوتێک بۆ خۆیان و بەرەی مقاومەت بەگشتی ڕاگەیاند، و باسیان لەوە دەکرد ئەوان توانیویانە زەبرێکی جەرگبڕ لە سەهیونیزم بدەن، مەلاکان بە شادی و ئاهەنگ لە تاران و میدیاکانیان خۆشحاڵیی خۆیان بەرانبەر بەو هێرشە دەربڕی، بەڵام ئەو شایی و خۆشییە زۆری دەوام نەهێنا. ئیسڕائیل پاش ئەوەی ڕایگەیاند هەموو کەس و لایەنانە سزا دەدەن کە دەستیان لەو جینایەتەدا بووە و بنبڕیان دەکەن، مەلاکان لە تاران ترسیان ڕێ نیشت و عەلی خامنەیی ڕایگەیاند کە کۆماری ئیسلامی هیچ دەستێوەردانێکی لەم هێرشەدا نەبووە و ئەوان تەنیا پشتگیرییان دەکەن و دەستی بکەرانی ئەم هێرشە ماچ دەکەن. ئەو قسانەی عەلی خامنەیی له حاڵێکدا بوو کە بێنیامین نێتانیاهوو لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند کە سەری مارەکە لە تارانە و ئەوان سەری مارەکە لە داهاتوودا پان دەکەنەوە. لە درێژەدا ئیسڕائیل زۆر به چڕی هێرشی کردە سەر غەززە و حەماس و توانی زۆربەی زۆری ڕێبەرانی ئەم ڕێکخراوەیە لەنێو بەرێ. لەو کاتەوە هەتا ئێستا حەماس زەبری زۆر قورسی وێ کەوتووە، زۆر لە ڕێبەران و ئەندامە پلەبەرزەکانی کوژراون، و زۆربەی چەکدارەکانی لەدەست داوە و تەنیا کۆنتڕۆڵی بەسەر بەشێکی بچووک لە غەززەدا ماوە. واتا حەماس وەکوو تووی هەرزەن لەبەر یەک بڵاو بووە.
هێرشی ئیسڕائیل تەنیا سنووردار و لە چوارچێوی حەماسدا نەماوە و هەر وەکوو خۆیان دەیان جار ئاماژەیان پێ کردوە، نەتەنیا دیزاینی ڕۆژهەڵات ناوین دەگۆڕن و نەزمێکی نوێ لەو ناوچەیە پێکدەهێنن بەڵکوو کۆتایی به بەرەی مقاومەت دەهێنن. بە چاوخشانێک بە ڕۆژهەڵاتی ناوین لە پاش ٧ئۆکتۆبردا دەبینین کە هەر چەند ئەم پرۆسەیە نەگەیوەتە کۆتایی، بەڵام هەتا ئێستا گۆڕانی بەسەردا هاتوە و هەر لەم دوو ساڵەدا حەماس گەیشتۆتە لێواری نەمان. حیزبوڵڵا جیا لەوەی ڕێبەرانی دیار و ناسراوی هەموو کوژراو، لە بەرەبەری چەککردندایە و حەشدی شەعبی و حووسییەکانیش هەمان چارەنووسی حیزبوڵڵا و حەماسیان بۆ چاوەڕوان دەکرێ. لە درێژەشدا پاش زیاتر لە پێنج دەیە کۆتایی بە ڕێژیمی دژە مرۆڤی و دیکتاتۆری ئەسەد هات. هەر چەند پرۆسەی گۆڕینی دیزاینی ڕۆژهەڵاتی ناوین هەتا ئێستا کۆتایی نەهاتوە بەڵام هەتا ئێرەش ئیسڕائیل توانیویەتی بەرەی مقاومەت شپرزە و نیوەگیان بکا.
یەکی لە سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامی هەر لە سەرەتای دامەزرانی هەتا ئێستا هەناردەکردنی شۆڕش و دەستێوەردان لە وڵاتانی ناوچە و دراوسێ بووە. کۆماری ئیسلامی بەو تێڕوانینە کە ئەگەر ئەوان لەو وڵاتانە شەڕی ئامریکا و دژبەران نەکەن، ئەوە شەڕەکە دێتە نێو سنوورەکانیەوە، هەر بۆیە پتر لە چوار دەیەیە بەم تێبینییە دەستێوەردان لە وڵاتانی ناوچە دەکا و بۆتە هۆی ئاژاوەگێڕی و ناسەقامگیریی ناوچەکە، بەڵام ئەمە لێکدانەوەیەکی هەڵەی کۆماری ئیسلامی بوو، ئێستا نەتەنیا شەڕ هاتۆتە نێو سنوورەکانی ئێرانەوە، بەڵکوو مانی کۆماری ئیسلامییش کەوتۆتە مەترسییەوە. دەسەڵاتێک کە لە یەکەم ساتەکانی دامەزرانیەوە دژایەتیی ئیسڕائیلی دەکرد و لەنێو شاری تاران دەمژمێری بۆ سڕینەوەی ئەو وڵاتە دانابوو ئێستا دەسەڵاتەکەیان پاش شەڕی ١٢ڕۆژە بەردی بناغەی کەوتۆتە لەرزین و داڕمانی زۆر دوور نیە و، بەرپرسانی تاران کە پتر لە چوار دەیەیە هەڕەشە لە ئیسڕائیل دەکەن ئێستا لە ترسی ئەوان هەر یەکە و لە کونێکدا خۆیان حەشار داوە.
بەڵام بۆچێ دوا هەناسەکانی مەلاکانی تارانە؟ هەر چەند کۆماری ئیسلامی دەیان ساڵە تووشی قەیرانی ڕەوایی بووە، بەڵام هەر کات خەڵک دەنگی هەڵبڕیوە بە زۆری چەک و زەبروزەنگ سەرکوتی کردوە، ئەوە لە حاڵێکدا بوو دنیای دەرەوە بەتایبەت ڕۆژاوا چاوی خۆی بەسەر ئەم جینایەتانەی کۆماری ئیسلامیدا دادەخست و مافی مرۆڤ و دەنگی خەڵکی ئەم جوگرافیایەی دەکردە قوربانی بەرژەوەندی و سەوداکانی خۆیان لەگەڵ مەلاکانی تاران، بەڵام ئێستا دۆخەکە جیاوازە. کۆماری ئیسلامی یەک لە دوای یەک ئەو کارتانەی بۆ دنیای دەرەوە یاریی پێ دەکردن لە دەستی داوە، لە هێزە نیابەتییەکانەوە بگرە هەتا بەرنامە ناوکییەکەی، تەنانەت لە شەڕی ڕووسیە و ئۆکراین بە پشتگیری ڕووسیە و دابینکردنی دڕۆن بۆ ئەو وڵاتە ئورووپای لە دژی خۆی هارووژاند. مکانیزمی پەلەپیتکە کە لەم ڕۆژانەدا چالاک کرا هەر چەند بە هاوئاهەنگییەکی هەمە لایەنەی ئورووپا و ئامریکا ئەنجام دراوە بەڵام تۆڵەکردنەوەی ئورووپا بوو لە هەمبەر پشتگیریی تاران لە مۆسکو، چالاککردنی ئەو مکانیزمە به ئەگەری زۆر لە داهاتوودا ئەو ئابوورییە شپرزەیە ئەوەندەیتر فەلەج دەکا، واتە کەشی مەرگ بەسەر ئابووریی ئێراندا دەکشێ.
ئێستا مەلاکانی تاران چ لە نێوخۆ، چ لە دەرەوە تووشی قەیرانی ڕەوایی بوون واتا لەنێو دوو بەرداشی نێوخۆ و دەرەوە ڕێک گوشراوە. لە نێوخۆ جیا لە قەیرانی ڕەوایی تەنانەت لە دابینکردنی ئاوی خواردنەوە، کارەبا و نانی خەڵک دۆش داماوە، خەڵک بەدەست گرانی و بێکاری دەناڵێنن، بەهۆی ناکارامەیی دەسەڵات ڕێژەی ئەو مناڵانەی ساڵانە لە چوون بۆ قوتابخانە بێبەری دەکرێن ساڵ لە دوای ساڵ ڕێژەکەی لە هەڵکشاندایە، ئاماری تەڵاق و کۆچکردن لە وڵات و سەڵت مانەوەی لاوەکان بەهۆی باری نالەباری ئابووری گەیشتۆتە لووتکە، و هەموو ئەوانە و هەزاران گرفتی تر کە خەڵک بەهۆی دەسەڵاتی ناکارامەی کۆماری ئیسلامی بە دەستیەوە دەناڵێنێ بەرهەمی زیاتر لە ٤٥ ساڵ لە تەمەنی نەگریسی کوماری ئیسلامییە.
دەسەڵاتێک کە ڕەوایی خۆی لەدەست دابێ، وڵاتی وێران کردبێ، لە دابینکردنی ئاوی خواردنەوەدا مابێتەوە، لەلایکی تریش لەژێر گوشاری دنیای دەرەوە دایە و لەو نێوانەدا مەنگەنە کراوە و هەردوولا ئامانجیان ڕووخانی ئەم ڕێژیمەیه، ئەستەمە بتوانێ درێژه به دەسەڵاتەکەی بدا و گریمانە دەکرێ دوا هەناسەکانی ئەم ڕێژیمە دیکتاتۆر و تۆتالیتێرە بێ.