
لە درێژەی دەسبەسەرکردن و سەرکوتکارییەکانی ڕیژیم بەرامبەر بە خەڵکی کوردستان و ئێران، هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی دوو منداڵی کورد و منداڵێکی بەلووچیان دەسبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگواستووە.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، هێزە ئەمنییەکانی ڕێژیم لە شاری کامێران، ڕۆژی دووشەممە ١٧ی خەرمانان دوو منداڵیان بە ناوەکانی "ئەوراز زەمانی" و "بێهرووز ڕەشیدی"، دەسبەسەر کردووە و بۆ یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەکانی شاری سنەیان ڕاگواستووە.
ئەم سەرچاوە پشتڕاستی کردووەتەوە کە هەر دوو منداڵەکە تەمەنیان ١٧ ساڵ بووە و هێزەکانی ئیتلاعاتی ڕێژیم لە شاری کامێران هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی باوکیان و دەسبەسەری کردوون.
هەنگاو لە زانیارییەکی دیکەدا باسی لە دەسبەسەرکردنی منداڵێکی دیکە بە ناوی "عەبدوڵڵا عەزیزی"، لە قەسری قەند سەر بە پارێزگای بەلووچستان کردووە کە ڕۆژی چوارشەممە ١٩ی خەرمانان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کراوە.
هەنگاو زیادی کردووە کە عەبدوڵڵای تەمەن ١٧ ساڵ و خەڵکی گوندی "عەزیزئاباد"ـی سەر بە شاری قەسری قەند، کاتێک کە لە نێو بازاڕی ئەم شارەدا بووە، لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی ڕێژیمەوە بە شێوەیەکی توندوتیژانە و بە لێدان دەسبەسەر دەکرێت و پاشان بۆ شوێنێکی نادیار ڕادەگوازرێ.
ئەم سەرچاوە لە کۆتاییدا ڕایگەیاندووە کە هیچ زانیارییەکی ورد لە پێوەندیی لەگەڵ هۆکاری دەسبەسرکردن و تۆمەتە وەپاڵدراوەکانی ئەم سێ منداڵە لە بەردەستدا نییە.