کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چاندنی نەمام بۆ بەرزڕاگرتنی یادی شەهیدانی ژینگە لە کوردستان

19:38 - 21 خەرمانان 2725

ڕۆژی هەینی ٢١ی خەرمانانی ١٤٠٤ی هەتاوی، گرووپی ژینگەپارێزیی شاخەوانانی قەڵای حەسەناوا، یادی شەهیدانی ژینگەپارێزی کوردستانیان لە شاری سنە بەرز ڕاگرت.

ئەم یادکردنەوەیە بە بەشداریی ئەندامانی بنەماڵەی شەهیدانی ژینگەپارێزی سنە و بنەماڵەی شەهید هوومەن عەبدوڵڵاهی لە شەهیدانی شۆڕشی ژینا بەڕێوە چوو.

لە هەڵمەتێکی شاخەوانیدا، ژمارەیەک لە خەڵکی ژینگەدۆست و بەئەمەگی کوردستان، هاوڕێ لەگەڵ بنەماڵەی سێ شەهیدی ژینگەپاریزی خەڵکی سنە کە لە ماوەی ڕابردوودا و لە کاتی کوژاندنەوەی ئاگری ئاوییەری سنەدا شەهید بوون، لە قەڵای حەسەناوای سنە کۆ بوونەوە و یادی ئەم ژینگەپارێزانە و شەهید ڕێبین گۆرانی لاوی خۆبەخشی ژینگەپارێزی خەڵکی مەریوانیان بە چاندنی نەمام بەرز ڕاگرت.

لەم هەڵمەتەدا، بەشداربووان وێڕای ڕێپێوانێکی شاخەوانی بۆ سەر کێوی قەڵای حەسەناوا، بە چاندنی نەمام، بە ناوی شەهیدان چیاکۆ یووسفینژاد، خەبات ئەمینی، حەمید مورادی و ڕێبین گۆرانی، یادی ئەم شەهیدانەیان بەرز ڕاگرت و هاوکات بە چاندنی نەمام لەلایەن بنەماڵەی شەهیدانەوە ڕێزیان لە گیانفیدایی دوو ژینگەپارێزی برینداری ئاگرەکەی ئاویەر، مستەفا هوژەبری و موحسن حوسێن‌پەناهی گرت.

ڕێکەوتی ٢ی گەلاوێژی ١٤٠٤ی هەتاوی، بەشێکی زۆری بەرزاییەکانی کێوی ئاویەر کە یەکێک لە گرینگترین سەیرانگاکان و سامانە سروشتییەکانی شاری سنەیە ئاگری گرت و ڕووبەرێکی بەرفراوانی ئەو سەیرانگایەی گرتەوە.

حەمید مورادی چالاکی ژینگەپارێزی خەڵکی شاری سنە و بەرپرسی ئەنجومەنی ژینگەپارێزیی "شنەی نەوژینی کوردستان"، کە لە کاتی هەوڵدان بۆ کوژاندنەوەی ئەم ئاگرە بەسەختی بریندار ببوو، ڕۆژی هەینی ٣ی گەلاوێژ بە هۆی سەختیی برینەکانی لە نەخۆشخانەی کەوسەری شاری سنە شەهید بوو.

ڕۆژی دووشەممە ٦ی گەلاوێژ، کاک خەبات ئەمینی چالاکی ژینگەپارێز و ٥ی گەلاوێژی، کاک چیاکۆ یووسفینژاد، وەرزشوانی خەڵکی سنە، کە لە کاتی کوژاندنەوەی ئاگری کێوی ئاویەردا بریندار ببوون، شەهید بوون.

هەروەها بە هۆی ئاگرگرتنی کێوی ئاویەر لە ڕۆژی ٢ی گەلاوێژ، چەند کەس لە چالاکانی ژینگەپارێز بە سەختی بریندار بوون کە دوای جێگیربوونی دۆخی جەستەییان گەرێندرانەوە ماڵەوە.

هەر لەم پێوندییەدا، ڕۆژی هەینی ١٤ی خەرمانان، ڕێبین گۆرانی، لاوی ژینگەپارێز و لەخۆبردووی خەڵکی مەریوان و لە كەسانی خۆبەخش بۆ کۆنترۆڵکردنی ئاگری بەئەنقەستی دارستانەکانی هەنجیران، بەهۆی سەختی برینەكانی و کێشەی هەناسەدانەوە تێکەڵ بە کاروانی شەهیدانی ژینگەی نیشتمان بوو.