
ناویان دەڵێم: وەرزی بزەن، پێشمەرگەن ئەمما پڕ لە باڵ
ھەرچی کە تیرەی شاخ و باخ، ھەرکەس کە کوردستانییە!
برایم چووکەڵی
کاتێک وەڵامی سەرەتاییترین داخوازەکانی هەر نەتەوەیەک بە ئاور و ئاسن بدرێتەوە. کاتێک سەرکوت و کۆمەڵکوژی و زەبروزەنگ جیگای ماف و ئازادییەکان بگرێتەوە، سروشتییە کە ئەو نەتەوەیە ناچارە بۆ داکۆکی لە بوون و دەستەبەری ویست و داخوازییە ڕەواکانی خەباتێکی بێوچان بکا و تەنانەت دەست بۆ چەک بەرێ. نەتەوەی کوردیش لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و لەسەر خاکی خۆی و لە ٨٠ ساڵ لەوەپێشەوە خەباتێکی دوور و درێژ و پڕ تێچووی بۆ پاراستنی شوناس و کەرامەتی خۆی کردوە. ئەم خەباتە دوای هاتنەسەرکاری کۆماری ئیسلامییش توند و هەمەلایەنەتر بووە و کورد لە ئێران لە ٤٧ ساڵی ڕابردوودا لەبەرامبەر دڕەندەترین دوژمنی ئازادیدا چەکی دەست داوەتێ و شێلگیرانە دەرێژەی بە خەبات داوە لە پێشکەشکردنی گیانی باشترین ڕۆڵەکانیشیدا درێخی نەکردوە. لە "هەگبەی شاخ و شۆڕش"ی ئەم ژمارەیەی "کوردستان"دا یاد و بیرەوەریی شەهید قادر میرزایی، یەکێک لەو ڕۆڵە تێکۆشەرانە بەرز ڕادەگرین، کە لە ناوچەی شنۆیە بە قادر شبێلی دەناسرا.
قادر میرزایی لە ساڵی ١٣٣٨ی هەتاوی لە ئاوایی سینگان سەر بە ناوچەی شنۆ، لە بنەماڵەیەکی کەمداهاتی ئەوکات چاوی بەنیای ڕوون کردەوە. ژیانی بەشمەینەتی و سەختی قادر هەر لە سەرەتای لەدایکبوونیەوە دەستی پێ کرد. هێشتا چەند مانگ لە ژیانی تێنەپەریبوو کە چوونە شاری مەهاباد و پاشان لە گوندی شیوەسماک گیرسانەوە. تەمەنی ٣ ساڵ بوو کە دایکی خۆشەویستی لەدەست دا و ئەرکی پێگەیاندنی قادری تاقانە کەوتە سەرشانی باوکە زەحمەتکێشەکەی.
ڕۆژ هات و مانگ تێپەڕی و قادر بە خۆدا هات و کاتی خوێندنی گەیشتێ. هەرچەند گوندەکەیان قوتابخانەی نەبوو، بەڵام باوکی چونکی بۆخۆی تاڵی نەخوێندەواریی چێشتبوو، ڕیگای نەدا کورە تاقانەکەی لە تاریکستانی نەخوێندەواریدا بمێنێتەوە، بۆیە لە شاری شنۆ ڕەوانەی قوتابخانەی کرد. قادری ژیر و وریا نەیتوانی زیاتر لە قۆناغی سەرەتایی درێژە بە خوێندن بدا و بە ناچار وێرای باوکی زەحمەتکێشی شانی بەر کاروکاسبی نا و دەستوپەنجەی لەگەڵ کوێرەوەرییەکانی ڕۆژگار نەرم کرد. قادر بە جۆریك کاری دەکرد کە کەم کەس هەبوو بە ڕادەی ئەو تامی چەوسانەوەی چێشتبێ و لەگەڵ خوێن و دەمارەکانی تێکەڵ بوو. هەر بۆیەش لە سەرتای ڕاپەرینی گەلانی ئێران لە ساڵی ١٣٥٧ی هەتاوی وێڕای خەڵکی قارەمانی شنۆ هاتە سەر شەقامەکان و ڕۆڵی بەرچاوی لە خۆپێشاندانەکان دکی ڕێژیمی سەرکوتگەری پاشایەتیدا گێڕا.
شەهید قادر ساڵی ١٣٥٨ی هەتاوی هاتە ڕیزی تێکۆشەرانی حیزبی دێموکرات و بەرگی پیرۆزی پێشمەرگایەتی لەبەر کرد و لە هێزی "شەهید سمکۆ"دا سازمان درا و وەک لاوێکی تیگەیشتوو شانی دایە بەر چالاکیی پێشمەرگانە. ئەو هەمیشە هەوڵی دەدا پلەی زانیاریی خۆی بەرێتە سەرێ، هەر بۆیە ناو و ناوبانگی ئەو لاوە خەباتگێڕە زۆر کەوتە سەر زار و زمانی هاوسەنگەرانی و خەڵکی ناوچە. شەهید قادر لە هەر شەریكدا بەشداری دەکرد لە سەنگەری پێشەوەدا بوو و دواتر بە هۆی زانایی و چاونەترسییەوە کرا بە جێگری پەل و پاشان بە سەرپەل و سەردەستە و جێگر لک و سەرئەنجام بە فەرماندەری لک دیاری کرا.
شەهید قادر پێشمەرگەیەکی هەڵسووڕ و فەرماندەیەکی لێوەشاوە بوو، گورجوگۆڵ و کار ێهاتوو بوو، بەدەستوبرد و زەبروەشین بوو و نەعرەتەی شێرانەی زراوی دوژمنی توقاندبوو. شەڕەکانی پایەگای لکبن، تێکشکاندنی هێرشی دوژمن بۆ سەر گوندەکانی کانی مەلا و کانی بداغ، گرتنی پایگای شاوەلە، کەمینی نێو گوندی مەحمەشە، چەککردنی چەکدارەکانی یۆنسلیان و کۆئێک، گرتنی پایگای نارێ، شەڕی سەر جادەی شنۆ_نەغەدە، گرتنی پایەگای تاچیناوێ، شەڕی نێوشاری شنۆ، پایەگای سینگان، حەوت پایەگای گەلی گادەران و شەری ٣ ڕۆژەی بەرزاییەکانی زەینەرۆک و سپیڕێز و شەترە کە لەژێر فەرماندەری شەهید قادردا تاڵەواریان بە زاری دوژمن داکرد، مۆرکی نەترسی و بە زیپک و زاکوونی ئەو قارەمانە بەدەستوبردەیان پێوە دیارە و بۆ هەمیشە لە مێشکی خەڵکی ئەو مەڵبەندەدا نەخشی بەستوە.
شەوی ٩ی خەزەڵوەری سالی ١٣٦٥ی هەتاوی پێشمەرگەکانی هیزی کێلەشین بۆ زەبرلێدانی هێزەکانی دژی گەلیی کۆماری ئیسلامی گەڵالەیەکی عەمەلیاتییان بۆ سەر پایەگای گوندی " گەڵاز" داڕشت و لە نیوەشەودا لە هەموو لایەکەوە ئاوری گوللەیان بەسەردا باراندن. شەهید قادر کە فەرماندەی ئەو عەمەلیاتە بوو وەک یەکەم کەس تێلدرووی پایەگای بڕی و خۆی لە نێو سەنگەرەکانی پایەگا هاویشت و وێڕای هاوسەنگەرانی شەرێکی دەستەویەخەیان کرد و سەرکەوتنی گەورەشیان وەدەست هێنا. بەڵام بەداخەوە لە گەرمەی شەڕدا قادر میرزایی (قادر شبێلی) لەگەڵ دوو هاوسەنگەری بە ناوەکانی قاسم عەلیزادە ناسراو بە مەلا قاسم و سولڕمان بارووەت شەهید بوون و بۆ هەمیشە ماڵاواییان لە گەلە بەئاوات نەگەیشتووەکەیان کرد و سەنگەری خەباتیان بە هاوسەنگەرانیان سپارد.