کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خالید عەزیزی: چیدی قایل نابین لە هەر کۆبوونەوەیەکدا باسی تەمامییەتی ئەرزی بێتە گۆڕێ

12:29 - 1 بانەمەڕ 2723

ئاماژە: حەوتووی ڕابردوو کاک خالید عەزیزی، وتەبێژی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران میوانی بەرنامەی "داهاتووی حیزبەکانی کوردستانی ئێران" لە دەنگی ئەمریکا بوو. میوانێکی دیکەی بەرنامەکە بەڕێز کاک عەبدوڵڵا موهتەدی، سکرتێری کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران بوو. پرسی هاوپەیمانی لەنێو ئۆپۆزیسیۆن، مەنشوورەکەی جۆرج تاون و داهاتووی شۆڕشی ژینا تەوەرە سەرەکییەکانی ئەم وتووێژە بوون. "کوردستان" پوختەی سەرنج و بۆچوونەکانی کاک خالید عەزیزی لەم دیمانەیەی کردووەتە کوردی و بۆ خوێنەرانی گواستۆتەوە.

کاک خالید عەزیزی، وتەبێژی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە وەڵامی ئەو پرسیارەدا کە "وێدەچێ لە چەند مانگی ڕابردوودا دوای ڕاگەیاندنی مەنشوورەکەی جۆرج تاون حیزبە کوردییەکان لەنێو خۆیاندا تووشی ناکۆکی بووبن و، ئەمە چەند ڕاستە؟"، گوتی: بوونی بۆچوونی جیاواز شتێکی تەواو ئاساییە، بەڵام لێرەدا بابەتێک هەیە. هەمووان دەزانین بزووتنەوەی ژینا چەخماغەکەی لە کوردستان لێ درا و بەهۆی یەکگرتوویی خەڵکەوە بۆ هەموو ناوچەکانی دیکە پەلی هاویشت. کەچی لە دەرەوەی وڵات ئۆپۆزیسیۆنی ڕێژیم نەیتوانی شۆڕشی خەڵک لەپێناو دروستکردنی هاوپەیمانییەک بۆ ڕێبەریکردنی شۆڕشەکە و جێگرەوەی کۆماری ئیسلامیدا مودیرییەت بکات. حیزب و لایەنە سیاسییەکانی دەرەوەی وڵات بە سەر شۆڕشەکەدا کەوتن و بێگومان لەنێو ئەو هەمووە بیروبۆچوونە جیاواز و، تەنانەت دژ بە یەکیشدا تا ڕادەیەک سرووشتییە جیاوازیی بیروبۆچوون لەسەر هاوپەیمانییەکان دروست بووبێت. ئەوەندەی کە بۆ حیزبە کوردییەکان و بەڕوونی حیزبی دێموکرات و کۆمەڵە دەگەڕێتەوە، ئێمە لە ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێراندا پێکەوەین، بەڵام لەسەر پرسی چەندی‌وچۆنیی هاوپەیمانی و ئاڵترناتیڤی کۆماری ئیسلامیدا ناکۆکیی بیروبۆچوونمان هەیە. ئێمە وەک حیزبی دێموکرات پێمان وایە ئەو هاوپەیمانی و ئاڵترناتیڤی کۆماری ئیسلامی دەبێ دەرەنجامی ڕێککەوتن و هاوکاریی نێوان حیزب و ڕێکخراوە سیاسیەکان بێت، نەک ئاکامی دانیشتن و ساغبوونەوەی سێلێبریتییەکان. ئێمە ڕێزمان بۆ خەباتی هەموو تاکێک هەیە لە دژی کۆماری ئیسلامی، بەڵام لەسەر ئەو بڕوایە نین کە ئیدارەکردنی ئێرانی داهاتوو بە سێلێبریتییەکان بسپێردرێ. وەک چۆن لە هەموو وڵاتە دێموکراتیکەکاندا ئەوە حیزبە سیاسییەکانن لە ئەنجامی کێبرکێ یان هاوکاریی نێوانیاندا لەسەر ئیدارەکردنی وڵات ساغ دەبنەوە.

کاک خالید عەزیزی لە وەڵامی ئەو پرسیارەی "سیامەک دێهقان‌پوور"دا کە ئاخۆ ئێوە "شازادە ڕەزا پەهلەوی" بە سێلێبریتی دەزانن، گوتی: ئاغای پەهلەوی تا ئەوکاتەی نوێنەرایەتیی بیروبوچوونی حیزبێکی سیاسی بە بەرنامە و ئامانجی دیاریی خۆیانەوە نەکات، بە سێلێبریتی دادەنرێت. حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانیش هەوڵ دەدا لەگەڵ حیزبە سیاسییەکان ڕێککەوتنی هەبێت، هۆکارەکەشی ئەوەیە تاکەکان و سێلیبریتییەکان تەنیا لە بەرانبەر خۆیاندا خۆیان بە بەرپرسیار دەزانن، چونکی کۆنگرەیەک، کۆمیتە ناوەندییەک، ڕێبەرییەک و خەڵکێک نییە هەتا لێپرسینەوەیان لێ بکات. ئەوان هەرکات پێیان خۆش بێ لەو ڕێگایەدا لەگەڵت دەکەون و هەرکاتێکیش نەیانویست گۆڕەپانەکە چۆڵ دەکەن. ئێمە لە حیزبی دێموکراتدا پێمان وایە لەپێوەندی لەگەڵ خەبات دژی کۆماری ئیسلامیدا و لە ڕیزبەندیی دژبەرانی ئەو ڕێژیمەدا بەتایبەت لە دەرەوەی وڵات حیزب و لایەنی سیاسیی جۆراوجۆر بە بیروبۆچوونی جیاواز زۆرن. مادام ئەو حیزب و لایەنە سیاسییانەمان هەیە، چ پێویست دەکا ئێمە خەڵک بۆ تاکگەرایی هان بدەین، بەتایبەت لە کاتێکدا کۆمەڵگەی ئێران پێویستیی بە ڕێکخستن و کاری ڕێکخراوەیی هەیە.

وتەبێژی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران هەر لەو چوارچێوەیەدا پێی لەسەر سیاسەتەکانی حیزبی دێموکرات لە وتووێژ و پەرەپێدان بە هاوپێوەندیی نێوان حیزب و لایەنە سیاسییەکان داگرتەوە و ئاماژەی بەوە دا کە لەبەر ڕۆشنایی ئەم سیاسەتە لە ساڵانی پێشوودا لەگەڵ زۆربەی لایەنە سیاسییەکان پێوەندیمان هەبووە. ئێمە دژی ئەتومیزەکردن و دابەشکردنی کۆمەڵگە بەسەر جەمسەرەکان‌داین و دەمانەوێ ئێران شەبەنگ و ڕەنگدانەوەی هەموو جۆراوجۆرییەکانی ئەم کۆمەڵگەیە بێت.

بەڕێزیان لەبارەی هەڵوێستی حیزبی دێموکرات لەهەمبەر مەنشووری "جۆرج تاون" ڕایگەیاند: لە ڕاگەیاندنی مەنشووری جۆرج تاوندا پەلە کرا، ئێمە ڕێز لە وتووێژ و ڕێککەوتن و خستەڕووی نەخشەڕێیەکان دەگرین، بەڵام حیزبی دێموکرات لەسەر ئەو باوەڕەیە ڕێککەوتنەکان دەبێ لەسەر بنەمای عەرزی واقع بن. ئێران وڵاتێکی فرەنەتەوەیە و واقعییەتەکانی کۆمەڵگەی ئێران دەبێ لە مەنشوورەکاندا ڕەنگ بداتەوە، کە لە مەنشوورەکەی جۆرج تاون‌دا ئەو ڕاستییانە پشتگوێ خراون. هەروەها لەبارەی مەنشوورەکەی جۆرج‌ تاوندا ناوەندی هاوکاری وەک ناوەند نەچووە نێو ئەو پڕۆسەیە و ئەوەی کراوە هیچ پێوەندییەکی بە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانەوە نییە. کاک خالید لە وەڵامی ئەو پرسیارەدا کە پێی وانییە کوردەکان لە ئێستادا دەرفەتێکی مێژوویی لەکیس خۆیان دەدەن، گوتی: نیگەرانی ئەوە نین بڵێین هەلێکمان لەکیس چووبێت، بەڵام ئارەزوومان دەکرد لایەنە سیاسییەکان وتووێژ و ڕێککەوتنی زیاتریان لەنێواندا هەبا. لە کۆبوونەوەکەی "تۆرێنتۆ"دا ئەو دەرفەتە بۆ حیزبی دێموکرات دروست بوو بتوانێ لە نیزیکەوە لەگەڵ حیزب و کەسایەتی و لایەنە سیاسییە جۆراوجۆرەکانی نەتەوەکانی دیکە لە ئێران کە باوەڕیان بە کۆماریخوازی وەک ئاڵترناتیڤێک بۆ داهاتووی ئێران هەیە، لە نیزیکەوە وتووێژ و دانوستانی هەبێت کە پێشوازیی زۆری لێ کرا. دیارە کۆبوونەوەی ئێمە و باسکردن لە کۆماریخوازی و وتووێژی نێوان کۆنگرەی نەتەوەکانی فیدڕاڵ و لایەنە سیاسیەکانی دیکە لەسەر داهاتووی ئێران و گەیشتن بە ئیجماعێکی نیسبی نابێ بە دوژمنایەتی و کێبرکێ لەگەڵ مەنشوور جۆرج تاون لێک بدرێتەوە؛ بەڵام ئێمە بەڕوونی گوتوومانە کە لەگەڵ ئەو مەنشوورە نین.

بەڕێزیان لە وەڵامی ئەو پرسیارەدا کە کێشەی حیزبی دێموکرات لەگەڵ مەنشووری جۆرج تاون چییە، گوتی: ئەم مەنشوورە ئێران بە وڵاتێکی فرەنەتەوە دانانێت. ئەوەندەش کە بۆ ماف و ئازادییەکانی نەتەوەکان لە ئێران و پرسی چەندی‌وچۆنیی هاوبەشی لە دەسەڵات و وەلانانی ناوەندگەرایی دەگەڕێتەوە، شەففافییەت و ڕوونبێژیی پێویستی نییە. لەلایەکی دیکەوە بۆچی هەرکاتێک ئێمە دێین لەسەر داهاتووی ئێران لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان دانیشتن و وتووێژمان هەبێت، دەمودەست و بەر لە هەر شتێک باسی تەمامییەتی ئەرزی دەکرێت؟ بۆ مەگەر لە شوێنێکی ئەو ئێرانە هەڕەشە و مەترسییەک لەسەر وڵات دروست بووە؟ بەڕاستی ئەو جیاییخوازانە کێن؟ ئێمە ئیدی لە حیزبی دێموکراتدا قایل نابین لە هەر کۆبوونەوەیەکدا باسی تەمامییەتی ئەرزی بێتە گۆڕێ. بۆیە لە تەواوەتیی خۆیدا مەنشوورەکەی جۆرج تاون نەیتوانیوە خۆی لەو باسانە دەرباز بکات.

وتەبێژی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە وەڵامی ئەو سەرنجەدا کە مەنشوورەکەی "جۆرج تاون" لە زاری ئەوانەی ئیمزایان کردووە ساغبوونەوە لەسەر لانیکەمی ڕێککەوتنەکانە و دوایە دەکرێ پەرەیان پێ بدرێت، گوتی: ئێمە لە حیزبی دێموکراتدا پاشخانێکی مێژوویی دەوڵەمەندمان لەو باسانەدا هەیە. لەبیرمانە پێشەوا قازی محەممەد کاتی خۆی ئامادە بوو لەسەر لانی‌کەمەکان لەگەڵ حکوومەتی ناوەندیی پەهلەوی پێک بێت، دوای شۆڕشی گەلانی ئێران کە حکوومەتی ناوەندی خودموختاریی وەک نەخشەڕێی سیاسیی حیزبی دێموکرات لێ وەرنەگرتین، شەهید د. قاسملوو لە نامەکانیدا کە بۆ خومەینی و ڕێبەرانی دیکەی دەوڵەتی کاتیدا دەینووسین، ئامادەیی ئەوەی تێدا بوو لەسەر هەموو لانی‌کەمەکان لەگەڵیان دابنیشێ و وتووێژیان لەگەڵ بکات. ئێمە ئێستاش لامان وایە کە لەسەر خاڵە گشتییەکان نابێ لە سەرەتاوە بە زۆرترینەکانەوە بنووسێین و دەبێ لە لانی‌کەمەکانەوە دەست پێ بکەین. بەڵام قسە ئەوەیە لانی‌کەمەکان چین؟ هەرنەبێ یەکێک لە لانی‌کەمەکان ئەوەیە چ بکەین هەموو هێز و لایەنە سیاسییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی کۆماری ئیسلامی لە نێوخۆ و دەرەوەی وڵات لە بەرەیەکدا دژی ئەو ڕێژیمە خەبات و تێکۆشانیان هەبێت، با بێین لەسەر ئەوانە قسە بکەین و لەسەریان ساغ بینەوە

کاک خالید عەزیزی لە وەڵامی ئەو پرسیارەی "دێهقانپوور"دا کە ئێوە ڕێبەرێکی پڕاگماتیستن و تەنانەت لە هەندێک بڕگەی خەباتەکەیاندا لەپێناو ئامانجەکانتاندا ئامادە بوون لەگەڵ کۆماری ئیسلامی وتووێژتان هەبێت، ئەدی چۆنە لە ماوەی شەش مانگی ڕابردوودا لەگەڵ ئاغای پەهلەوی دانەنیشتوون، گوتی: ئێمە پێش مەنشووری جۆرج تاون هێشتا لەسەر بەرنامە و نەخشەڕێیەک بەتەواوی ساغ نەببووینەوە کە بۆ بەڕێزیان یان کەس و لایەنەکانی دیکەی بنێرین و ڕای ئەوانیشی لەسەر وەربگرین. بەڵام ئەوان، ئەو چەند کەسەی مەنشوورەکەیان ڕاگەیاند بەر لە ڕاگەیاندنەکەی، مەنشوورەکەیان بۆ نەناردین و داوایان لە حیزبی دێموکرات نەکرد لەسەر مەنشوورەکە وتووێژ و دانوستانمان هەبێت.

وتەبێژی حیزبی دێموکرات لەبارەی نیزامی سیاسیی داهاتووی ئێران گوتی: ئێمە دوو نیزامی سیاسیی پاشایەتی و ئیستبدادی دینیی کۆماری ئیسلامیمان ڕەت کردۆتەوە، چونکی تاقی کراونەتەوە. لە ئێستاشدا وای دەبینین کە سیستمی کۆماری لەلایەن خەڵکەوە بەختی زیاتری هەبێت. بەڕێزیان لە شیکردنەوەی زیاتری ئەو بابەتەدا گوتی لە قۆناغی شۆڕشدا خەڵک تووڕەن و هەموو شتێک لەپێناو ڕووخاندن و گۆڕانکاریی خێرایە. بەڵام کۆمەڵگەی ئێران دەبێ لە ئارامی و لە فەزایەکی دێموکراتیک و لەسەر بنەمای ڕێککەوتنە دێموکراتیکەکاندا بنیات بنرێتەوە. ڕێککەوتنەکانیش دەبێ لەسەر بنەمای قەبووڵکردنی ئەو ڕاستییە بێت کە ئێران وڵاتێکی فرەنەتەوەیە و هەموو جۆراوجۆرییەکان دەبێ لە داڕشتنەوەیدا بەشدار بن و مافی خۆیان بدرێتێ. بنەما دەبێت هاوبەشیی هەموو پێکهاتەکان بێت و ئاسەوارێک لە ناوەندگەرێتی و پەراوێزخستنەکان نەمێنێت.

کاک خالید عەزیزی لە بەشێکی دیکەی ئەم دیمانەیەدا لەبارەی سندووقی دەنگدان و پرسی کەمایەتی و زۆرایەتیدا کە هیندێک کەس و لایەنی سیاسی وەک ئاغای پەهلەوی باسی دەکەن گوتی: بابەتەکانی پێوەندیدار بە کەمایەتی و زۆرایەتی تەنیا لە پێوەندی لەگەڵ دەنگداندا دێنە گۆڕێ، بەڵام کاتێک ئێمە دەڵێین ئێران وڵاتێکی فرەنەتەوەیە، ئیدی لێرەدا زۆرایەتی و کەمایەتی مانای نامێنیت و نابێ قسەی لەسەر بکرێت. نەتەوەکانی ئێران بە سەر کەمایەتی و زۆرایەتیدا دابەش ناکرێن، بۆیە بەر لە نووسینەوەی یاسای بنەڕەتی و دامەزرانی مەجلیسی دامەزرێنەران دەبێ لەسەر ئەو بابەتانە ساغ بینەوە، چونکی ناکرێ ئەو بابەتە جەوهەرییانە تەنیا بە دەنگدان یەکلا بکرێنەوە، لەبەر ئەوەی جۆراوجۆرییەکانی ئێران دەبێ دانیان پێدا بندرێت و مافەکانیان دەستەبەر و گەرەنتی بکرێت. لەبەر ئەوەش کە لە وڵاتانی دیکتاتۆڕی‌لێدراو و ئیسلامیدا دێموکراسی بەئاسانی یەکانگیر نابێ، هەر دەبێ بۆ بنەڕەتەکانی ڕێککەوتن بگەڕێینەوە کە دەتوانێ بەردی بناغەی یاسای بنەڕەتیی نوێی وڵاتیش بێت.

وتەبێژی حیزبی دێموکرات لەبارەی ئاڵای ئێران لەو دیمانەیەدا ڕایگەیاند: کاتێک ئێمە باس لە ئێرانی هەمووان دەکەین، لەسەر ئەو باوەڕەشین کە دەبێ ئەو ئێرانە هاوبەشە ئاڵایەکی هاوبەشیشی هەبێت و لەو بارەیەوە دەکرێ قسە بکەین و ڕێک بکەوین؛ وەک چۆن گوتومانە کە زمانی نەتەوەکان لە جوغرافیای خۆیاندا دەبێ پێیان بخوێندرێ و زمانی فارسییش دەتوانێ زمانی هاوبەشی هەموو نەتەوەکان لە ئێران بێت. بۆیە پرسی زمان، پرسی ئاڵا، پرسی چۆنیەتیی ئیدارەکردنی وڵات و زۆر پرس و بابەتی جەوهەریی دیکە دەبێ قسە و ڕێککەوتنیان لەسەر بکرێت، بۆیە گوتمان مەنشوورەکەی جۆرج تاون پەلەی زۆری لێ کرا؛ چونکی هەموو ئەو بابەتە گرینگانەی پێوەندییان بە شوناس و پێناسەکانەوە هەیە لەودا پشتگوێ خراون. بۆیە ئەو مەنشوورە لە کوردستان پێشوازیی لێ نەکرا. هۆیەکەشی ئەوەیە لە کوردستان پرسی شوناسخوازیی نەتەوەیی کە خەڵکی کورد تێچووی زۆریان بۆ داوە و تەنانەت لەو سۆنگەیەوە لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە مووشەک‌باران کراون و لەلایەن پاشایەتیخوازەکانیشەوە بەئامانج گیراون، ئەو پرس و بابەتانەیان بە لاوە زۆر گرینگە.

کاک خالید عەزیزی لە بەشی کۆتایی دیمانەکەدا بە بەرزنرخاندنی دەستکەوتەکانی بزووتنەوەی ژینا و بە تیشک ‌خستنە سەر تێچووی قورسی ئەو شۆڕشە لە سەر شانی خەڵکی کوردستان کە کۆماری ئیسلامیی ئێران بە تۆڵەی مافخوازی بە هەموو تواناوە کردنی بە ئامانجی سەرکوت؛ بەڵام پێی وابوو شۆڕشی ژینا بەردەوام دەبێت. بەڕێزیان هیوای ئەوە خواست ئەزموونەکانی ئەم ماوەیەی شۆڕش و بەردەوامیی ناڕەزایەتییەکانی خەڵک ببێتە هۆی ئەوەی حیزب و لایەنە سیاسییەکانی ئۆپۆزیسیۆن بیکەنە دەستمایەیەکی باش لەپێناو ڕێککەوتن و دروستکردنی ئالترناتیڤێکی هەمەلاپەسند بۆ تێپەڕین لە کۆماری ئیسلامی.