ڕۆژی چوارشەممە، ٢٣ی بانەمەڕی ١٤٠٥ی هەتاوی، دایە مریەم بامداد، ژنێکی نیشتمانپەروەر و حیزبدۆستی ناوچەی شاروێرانی مەهاباد لە ئاوایی "گابازەڵە" ماڵاوایی لە ژیان کرد.
ماڵی دایه مریەم لە ساڵەکانی ١٣٦٠ تا ١٣٧٠ی هەتاوی، مەکۆی حەسانەوە و پەناگەی پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکرات بووە. دەرگای ماڵەکەی هەمیشە بەڕووی پێشمەرگەکان و کۆمیتەی ناوچەی ٢ی شاروێراندا ئاوەڵا بووە و تا دوایین هەناسەی ژیانی، بە وەفاداری و دڵسۆزی لەسەر ڕێبازی شەهیدانی کوردستان مایەوە.
کوڕێکی دایە مریەم بە ناوی "زانیار یووسفزادە" پێشمەرگەی حیزبی دێموکراتە و ساڵانێکە خزمەت بە گەل و نیشتمانەکەی دەکات.
بەداخەوە نەخۆشی دەرفەتی ئەوەی بە دایە مریەم نەدا کە ئازادیی نیشتمانەکەی ببینێ و لە تەمەنی ٧٥ ساڵیدا دڵە گەورەکەی لە لێدان کەوت.
تەرمی ئەم ژنە تێکۆشەرە لەنێو ئاپۆڕای خەڵکی ناوچەی شاروێراندا، بە خاکی پیرۆزی کوردستان ئەسپێردرا.
ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەم بۆنەوە سەرەخۆشی لە بنەماڵە، خزم و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.