مستەفا هیجری
لەم دواییانەدا عەلی خامنەیی لە میانەی کۆبوونەوەیەکیدا لەگەڵ خوێندکارانی بەسیجی، بەتایبەت لە وەڵامی داواکاریی هەندێ کەسایەتیی سیاسیی ڕەخنەگری ڕێژیم کە داوای ئەنجامدانی گشتپرسی سەبارەت بە پرسە گرینگ و هەستیارە سەرەکییەکانی وڵاتیان کردبوو، گوتی: "بۆ مەگەر هەموو ئەو کەسانەی کە دەبێ لە گشتپرسیدا بەشدار بن توانای لێکدانەوەی ئەو پرسەیان هەیە؟ ئەوە چ قسەیەکە؟"
لەبارەی ئەو قسانەی خامنەیی، میدیاکانی حکوومەت و کۆمەڵێک لە لایەنگرانی بەپێی ڕێچکەی هەمیشەیی هەوڵیان دا بە شرۆڤە و شیکردنەوەی زیاتر و ڕوونتر بەمەبەستی پشتڕاستکردنەوەی ئەو قسانە، "خەلکی ئاسایی" لە قووڵایی حیکمەت و هەقانییەتی ئەو قسانە تێبگەیەنن! بۆ نموونە لێدوانەکەی غۆلامعەلی حەداد عادڵ لە کۆبوونەوەی "شوڕای هاوپەیمانیی هێزەکانی شۆڕشی ئیسلامی" کە هەر خۆی سەرۆکایەتیی دەکات؛ ئەو لێدوانە زیاتر لە لێدوانەکانی باقی لایەنگرانی خامنەیی سەرنجیان ڕاکێشا. حەداد عادڵ وێڕای ئەوەی ڕایگەیاند گشتپرسی دەبێتە هۆی "فیتنە"، دانی بەوەدا نا کە ئەوە دەبێتە هۆی ئاڵۆزتربوونی دۆخەکە بۆ کۆماری ئیسلامی.
بۆ ڕوونکردنەوەی زیاتری ئەو بابەتە پێویستە بڵێین لە گشتپرسیدا، خەڵک دەنگ بە سیاسەت و ڕەفتار و بە گشتی دەنگ بە مانەوەی ئەو ڕێژیمە نادەن و ئەوەش لە قامووسی کۆماری ئیسلامیدا پێی دەگوترێت "فیتنە" و بە ڕاستی "دەبێتە هۆی ئاڵۆزتربوونی دۆخەکە بۆ کۆماری ئیسلامی". ئەگەر ئەوان (وەلی فەقێهـ و تاقمی دەسەڵاتدار) لەوە دڵنیا بوونایە کە خەڵک دەنگ بە ڕێژیم دەدەن و ڕێژیم شەرعییەتی لێ وەردەگرێتەوە، ئەوسا بە پشتبەستن بە قسەکەی خومەینی "پێوەر، دەنگی خەڵکە"، ڕەنگە ئێستا سەبارەت بە ئەنجامدانی گشتپرسی هێندە لاسار نەدەبوون و نەک هەر بە فیتنە ناویان نەدەهێنا، بەڵکوو بەپێچەوانەوە دەستیان دەکرد بە پێداهەڵگوتن و پەسندانی توانای لێکدانەوەی خەڵک سەبارەت بەو پرسانەی دەکەونە گشتپرسی. تا ئێرە دەتوانین بڵێین: ڕێژیم پێشوەختە لە تێڕوانین و دەنگی خەلک سەبارەت بەو گشتپرسییە ئاگادارە و دەزانێت کە کۆماری ئیسلامی بێگۆمان دۆڕاوی سەرەکیی گشتپرسییەکە، کە خەڵک بە شێوەی ئازادانە و بەبێ ترس لە هێزە سەرکوتکەرەکان و ئاکامەکانی تێیدا بەشداری بکەن. بۆیە، ڕێژیم بەپێچەوانەی پڕۆپاگەندە و هەرا و هوریای میدیاکانی حکوومەت و تاقمی لایەنگری، ڕێژیمێکی کەسنەویست و نەفرەتلێکراوە و دواجار هەر لەنێو دەچێت.
لایەنێکی تری ئەم بابەتە ئەوەیە کە خەڵک ساڵانێکی زۆرە لە کۆماری ئیسلامی وەڕەز و بێهیوا بوون، چونکە لە ماوەی ئەو ساڵانەدا هیوا بۆ چاکسازی و کرانەوە لەنێو ڕێژیمدا لە چوارچێوەی ئازادیدا، بووەتە بابەتێکی بێبنەما، لەبەرئەوەی کە ڕێژیم لە وەڵامدانەوە و باشترکردنی دۆخی بژێوی خەڵک و سەدان داواکاری کەڵەکەکراوی ڕەوای دیکە کەمترخەم بووە و ڕۆژ لە دوای ڕۆژ گوشاری زیاتری خستووەتە سەر خەڵک. ئامانجی بزووتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی" کە نزیکەی ٨ مانگ پێش و دوای کوشتنی "ژینا" لەلایەن هێزەکانی گەشتی ئێرشادەوە دەستی پێ کرد و لە هەناویدا دروشمە پێکهاتەشکێن و ڕووخێنەرانەکان لە هەموو وڵات بەرز کرانەوە و تاوەکوو ئێستاش بەردەوامن، بەتەواوی تێپەڕین لە گشتییەتی کۆماری ئیسلامی بووە، بزووتنەوەیەک کە تایبەتمەندییەکانی زیاتر لە گشتپرسیی "نا بۆ کۆماری ئیسلامی" دەچن.
کە وابوو لەم بڕگە زەمەنییەدا، باسکردن لە گشتپرسی و خۆسەرقاڵکردن بەم بابەتەوە تەنیا بەلاڕێدابردنی ڕای گشتی لە ڕووخاندنەوە بۆ ئەنجامدانی گشتپرسی و وەڵامێکی بێنێوەڕۆکە بۆ داواکارییەکانی نەتەوەکانی نێو جوغرافیای ئێران و بیروڕای گشتیی جیهان. ڕوونە کە ڕێژیم هەمدیسان دەیەوێت لەم دووانەیە بە قازانجی خۆی کەڵک وەربگرێت، بەتایبەت کە ئەمڕۆکە بۆ هەمووان ڕوون بووەتەوە کە ئەو گشتپرسییەی باسی لێ دەکرێت بە هەبوونی ئەو ڕێژیمە لە دەسەڵاتدا، هیچ نییە جگە لە "ئاسنی سارد کوتان" و هیچ ئاکامێکی نابێت.
لەم قۆناغەی ڕاپەڕینی خەڵکی ئێران لەدژی ڕێژیم و ڕوانگەی ئەرێنی کۆمەڵگەی جیهانی لە پشتیوانی لە داواکارییەکانیان، دەست و پێوەندییەکانی میدیاکانی حکوومەت بەردەوام هەوڵی ئەوەیان داوە سەرنجی خەڵک لە بەستێنی ڕاستییەکان و خواستە سەرەکییەکانی خەڵک کە لە ڕاستیدا ڕووخاندنی ڕێژیمە بەرەو پرسە لاوەکی و پەراوێزەکان بەلاڕێدا ببەن و وای نیشان بدەن کە ڕووی ڕەخنەکان لە هەندێ بەرپرسە نەک گشتییەتی ڕێژیم و ڕەنگە ڕادەستیشی بکەن.