کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خالید عەزیزی: بە بوونی دێموکراسی ئێران هەڵناوەشێ، ئەوە ئیستبداد و دیکتاتۆرییە ئێران لەبەریەک هەڵدەتەکێنێ

13:23 - 31 بانەمەڕ 2723

ئاماژە: ڕۆژی سێشەممە ١٩ی بانەمەڕ، کاک خالید عەزیزی وتەبێژی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لە وتووێژێکی تایبەتدا لەگەڵ تەلەڤیزیۆنی "کوردکاناڵ" باسی لە هەندێ بابەتی گرنگی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران وەک چۆنێتی ڕۆڵگێڕانی ئۆپۆزیسیونی دەرەوەی ئێران، مەنشووری جۆرج تاون، ڕووداوەکانی دوای شۆڕشی ژینا، هەوڵەکانی حیزبی دێموکرات بۆ ئامادەکردنی نەخشەڕێگایەکی گشتگیر و هەمەلایەنە، داهاتووی شۆڕشی ژینا و مشتومڕەکانی ئەم دواییانە لەمەڕ چەمکگەلێک وەک کۆماریخوازی، فیدرالیزم، ناوەندگەرێتی و پاراستنی یەکپارچەیی وڵات ی کرد. "کوردستان" پوختەیەک لە قسەکانی کاک خالید بۆ خوێنەرانی دەگوازێتەوە.

کاک خالیدی عەزیزی لە دەستپێکی ئەو وتووێژە و لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە چۆنیەتیی ڕۆڵگێڕانی ئۆپۆزیسیونی دەرەوەی ئێران لە ڕەوتی سەرهەڵدانی شۆڕشی ژینا، چالاکییەکان لە ئاڵمان، مەنشووری جۆرج تاون و شوڕای هاوئاهەنگی و هاوپەیمانی و هەڵوێستی حیزبی دێموکرات لەمەڕ ئەو ڕووداوانە و پێشهاتەکانی دیکەی دوای شۆڕشی ژینا، ڕایگەیاند: ڕاستییەکەی ئەوەیە لە قۆناغی یەکەمی ئەو بزووتنەوە یان ڕاپەڕینە گشتییە لە ئێراندا دژبە سیستمی کۆماری ئیسلامی، خەڵکی کوردستان و بەلووچستان تێچوویەکی یەکجار زۆریان دا. خەڵکی ئێران لە خۆپیشاندانەکانی سەرشەقام و لە خەباتی خۆیاندا یەکڕیزی و هاوئامانجی و جۆرێک لە یەکگرییان لەدژی ئەو ڕێژێمە پێشان دا. بەڵام سیستەمێکی سیاسی تەنیا بە ناڕەزایەتی و خۆپیشاندان ناڕووخێت. لە بنەڕەتدا، بۆ تێپەڕین لە سیستەمێکی سیاسی سەرەڕۆ و دیکتاتۆری وەک کۆماری ئیسلامی، پێویستمان بە جێگرەوە یان ئاڵترناتیڤێکی گونجاوە. ئەم بزووتنەوەیە لە خۆیدا هەڵگری هەندێ پەیام بوو، بەتایبەت ئەوە کە ئاراستە و بوارگەی ئەم جێگرەوە یان ئاڵترناتیفسازییە دەبێ چۆن بێت؟ لە ڕوانگەی ئێمەوە ئەم بزووتنەوەیە دەری خست کە لە نێوخۆی ئێراندا لە کاتی شۆڕشی ژینادا هەمووان پێکەوە لە دژی ئەو ڕژێمە بوون و جیاوازییەکی ئەوتۆ لە ئارادا نەبوو. لە دەرەوەی کوردستان، لە زۆرێک لە گەورەشارەکان خەڵک بە شانازییەوە ناوی کوردستان و بەلووچستانیان دەهێنا و ئەمەش کاریگەرییەکی زۆری هەبوو. بەڵام بەداخەوە لە نیوخۆی ئێراندا ئیمکانی دروستکردنی ڕێبەرایەتی نەبوو، بەناچار ئەو ڕێبەرایەتییە دەبێ لە دەرەوەی ئێران درووست بکرێت. جارێکی تر بەداخەوە کە بەهۆی نەبوون و دووربوونی درێژخایەنی بەشێک لە هێزەکانی دەرەوەی وڵات و بەشێک لە کەسایەتی یان سلێبریتییەکان لە ئێران، ڕەنگە ئەوەندە زانیاریی پێویستیان لە نێوخۆی ئێران نەبووبێت کە تێگەیشتنێکی بنچینەییان لەو بزووتنەوە هەبێت و بەو پێیە قۆڵ لە دروستکردنی ئاڵترناتیڤ هەڵماڵن. هۆکاری سەرەکیی ئەمەش ئەوەیە کە دژایەتیکردن لەگەڵ کۆماری ئیسلامی گشتگیر بووە. دەتوانین بڵێین ئێستا هەمووان- چ وەک تاکەکەس و چە لە چوارچێوەی حیزبە سیاسییەکاندا- ئۆپۆزیسیون بەهەژمار دێن. بەڵام ئاڵترناتیڤسازی بابەتێکی جیاوازە. لێرەدا باس لە میکانیزمی چۆنیەتیی بەڕێوەبردنی ئێران دەکرێت. پێم‌وایە لە دەرەوەی ئێران ئەو ئامادەییە نەبوو و زۆرێک لەو هێز و کەسایەتییە سیاسیانە چاوەڕوانی ئەو دۆخەیان نەدەکرد و خافڵگیر بوون.

وتەبێژی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەبارەی هۆکاری بڵاونەبوونەوەی نەخشەڕێی فەرمی لەلایەن حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانەوە کە دەرخەری ڕوانگەی ئەو حیزبە بەرانبەر هێز و لایەنەکانی دیکەی ئۆپۆزیسیون بێت کە زۆربەشیان سلێبریتین، گوتی: لەبنەڕەتدا حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەو سۆنگەوە کە پێی وایە پرسی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە چوارچێوەی ئێراندا چارەسەر دەبێت و ستراتیژی و بەرنامەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانش گرێدراوی ئەو بنەما بنچینەییەیە، هەرگیز بە نیسبەت دۆخی هەنووکە و داهاتووی ئێران بێ تەفاوەت نەبووە و ناشبێت. بەڵام باسەکە ئەوەیە کە ڕوانگە و خوێندنەوەی ئێمە وەک حیزب، لە بنەڕەتدا لە ڕوانگە و گێڕانەوەی کەسایەتییەکان وەک تاک جیاوازە. ئێمە لەو بڕوایەداین کە دەبێ تێگەیشتنێکی بنچینەییمان هەبێت و تا کاتێک تێگەیشتنێکی بنچینەیی ورد و ڕوون سەبارەت چییەتی ئێران لە ئارادا نەبێت، بەئاسانی ناچینە قۆناغی ئاڵترناتیڤ‌سازی و دۆزینەوەی ڕێگاچارە. لە ڕوانگەی حیزبی دێموکراتەوە، ئێران وڵاتێکی فرەنەتەوەیە و لەڕاستیدا، پشتگوێخستنی نەتەوەکان بەگشتی و نەتەوەی کورد بەتایبەتی، بووە هۆی سەرهەڵدانی سیستەمی ناوەندگەرا لە تاران. پێمان‌وایە تا کاتێک ئەم ناوەندگەرێتییە هەبێت، ئێران بەئاسانی ناچێتە قۆناغی دێموکراسی. لەبنەڕەتدا بۆ چوونە نێو قۆناغی دێموکراسی دەبێ دان بە فرەنەتەوەیی‌بوونی ئێراندا بنرێت و پێکهاتە نەتەوەیی و سیاسی و ئایینییەکانیش بگەنە ڕێککەوتنێک بۆ ئەوەی بەپێی ئەو ڕێککەوتنانە بتوانین باس لە ئاڵترناتیڤ و جێگرەوە بکەین. ئێمە لە دوا کۆبوونەوەکانی حیزبەکەماندا، نەخشەڕێگایەکی توکمە و تا ڕادەیەکی زۆر بێ‌کەموکوڕیمان ئامادە کردووە و پێمان‌وایە بەپێی ئەم نەخشەڕێگایە پێویستە لەگەڵ حیزبەکانی سەر بە نەتەوە جیاجیاکان، حیزبە کۆماریخوازەکان، ئەو حیزبانەی باوەڕیان بە دێموکراسی هەیە، ئەو هێزانەی کە لە دەرەوەی وڵات دامەزراون و هەروەها هێزەکانی نێوخۆی ئێران کە پێیان وایە دەبێ هەمووان پێکەوە بچنە نێو قۆناغی چۆنێتی چارەسەرکردنی پرسەکان لە چوارچێوەی ئاڵترناتیڤسازی لەسەر بنەمای پابەندبوون بە کۆماریخوازی، هاوکاری بکەین.  

بەڕێزیان لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە هەبوونی توێژی خۆڵەمێشی و ناچالاکبوونی گەورەشارەکان لە کاتی شۆڕشی ژینادا و بەرتەسک‌بوونەوەی شۆڕش لە کوردستان و بەلووچستان و بەشێک لە پارێزگای خۆراسان و بەگشتی سەبارەت بە خۆبواردنی گەورەشارەکان لە تێکەڵبوون بە خۆپێشاندانەکان، وێرای ئاماژەدان بەوەی کە ئەوە یەکێک لە هۆکارەکان یان بەربەستە سەرەکییەکانی بزووتنەوە یان ڕاپەڕینی گشتی ژینا بووە، ڕایگەیاند: هەڵبەت پێم‌وایە لە گەورەشارەکانی ئێرانیشدا هاوسۆزی و هاودەنگییەکی زۆر لەگەڵ خەباتکاران لە کوردستان و ناوچەکانی دیکەی ئێراندا هەبوو. بەڵام ئەوە ئەرکی ڕێبەران و کەسایەتی و حیزبە سیاسییەکانە کە خەباتەکە ڕێک بخەن. بەڵام مخابن دیاردە یان ئەو قسە سواوەی تەواوییەتی ئەرزی و جیاییخوازی بووەتە گرفتێکی گەورە. بەداخەوە لە دەرەوەی ئێران هەر کاتێک باس لە مەنشوورێک بکرێت، هەمیشە بە شێوازی جۆراوجۆر هەر لەگەڵ دەستپێکی باسکردن لە مەنشوورەکە ئەو باسانە دەبنە تەوەری سەرەکی وتووێژەکان. وەک حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران پێمان‌وایە لەڕاستیدا، هیچ پێویست ناکات لە کاتی سەرهەڵدانی ڕاپەڕینەکان و لە قۆناغی ئاڵترناتیڤ‌سازیدا هێندە باس لە تەواوییەتی ئەرزی و جیاییخوازی بکرێت، چونکە لە بنەڕەتدا، ئێمە هیچ هەڕەشەیەکی جیاییخوازانە لەسەر ئێران لە هیچ سووچێکی ئەم وڵاتەدا نابینین و لە بنچینەدا باسکردن لە تەواویەتی ئەرزی بەم شێوازە بە هیچ جۆرێک یارمەتیدەری پرسەکە نییە. بۆیە، کاتێک هیچ هەڕەشەیەک لەلایەن کوردستان یان بەلووچستان یان هیچ شوێنێکی دیکەی ئێران سەبارەت بە هەڵوەشاندنەوە یان دابەشکردنی ئەو وڵاتە لەئارادا نییە، باسکردن لەو بابەتانە لەبنەڕەتدا هەڵەیە و کۆماری ئیسلامیش ئەوپەڕی کەڵکی لێ وەرگرتووە کە لەو بارەوە دەکرێت ئاماژە بە هێرش بۆ سەر کوردستان، هێرش بۆ سەر سنوورەکان و مووشەکبارانی ڕێبەرایەتی حیزبی دێموکرات و حیزبەکانی دیکەی ڕۆژهەڵات بکەین.  

هەر بۆیە، وەک حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران چاوەڕوانین ڕێکخراوەکان، کەسایەتییەکان و حیزبە سەراسەرییەکان زیاتر بیر لەو بابەتە بکەنەوە و لەبنەڕەتدا لەمەبەدوا لە کاتی وتووێژەکان لەمەڕ چۆنیەتیی ئامادەکردنی ئاڵترناتیڤێک بۆ دوای کۆماری ئیسلامی باس لە تەواوییەتی ئەرزی و جیاییخوازی نەکەن، چونکە ئێمە پێمان وایە بە هەبوونی دێموکراسی ئێران دابەش نابێت، بەڵکو ئەوە سەرەڕۆیی و دیکتاتۆرییە کە دەبێتە هۆی هەڵوەشانەوەی ئێران و لە ئێستاشدا هۆکاری سەرەکیی ئەو هەڵوەشانەوەیە کۆماری ئیسلامییە. کاتێک ئەو ڕێژێمە هەندێک لایەن پەراوێز دەخات و بە شێوازێک هەڵسوکەوت و سیاسەت دەکات کە پایتەخت و ئێران سەرنجڕاکێش نەبن، لە ئاکامدا دابڕان لە ناوەند لەنێو نەتەوە جۆراوجۆرەکاندا دەبێتە هەڵبژاردە و ئەمری واقع. سەرەڕای ئەوەی ئێمە وەک حیزبی دێموکرات باوەڕمان بە چارەسەرکردنی پرسی کورد لە چوارچێوەی ئێران و لە فۆرمی فیدرالیزم و جۆرێک لە خودموختاری هەیە، بەڵام بە هۆی هەڵسوکەوتی نابەرپرسیارانەی بەشێک لە ئۆپۆزیسیونی کۆماری ئیسلامی و پڕۆپاگەندەی ڕێژیم سەبارەت بە کوردستان و بەلووچستان و ڕەنگە سەبارەت بە ئازەرییەکان و نەتەوەکانی تر، ڕەنگە ئەو بیرۆکەیە سەر هەڵبدات و هەندێک بڵێن باشە ئێمە کە دەمانەوێت هەمووان پێکەوە ئێران بەڕێوە ببەین، بەڵام ئەوان نە بە خودموختاری و فیدرالیزم ڕازی دەبن و نە دان بە مافە نەتەوەییەکانماندا دەنێن، ئەگەر وایە چ پێویست دەکات نەتەوەکان چیدیکە لە چوارچێوەی ئێراندا بمێننەوە و لەو چوارچێوەیەدا هەوڵی دۆزینەوەی ڕێگەچارە بدەن؟ هەڵبەت من لێرەدا وەک وتەبێژی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران دەڵێم، ئەوە ڕێگەچارەی ئێمە نییە، بەڵام هەڵسوکەوت و هەڵوێستەکانی کۆماری ئیسلامی و بەشێک لە ئۆپۆزیسیونی نابەرپرسیاری ڕێژیم لە دەرەوەی وڵات بە هۆی باسکردن لە تەواوییەتی ئەرزی و جیاییخوازی دەبنە هۆی سەرهەڵدانی ئەو جۆرە کاردانەوانە لە کوردستان و لەنێو نەتەوە جیاجیاکاندا.

کاک خالید عەزیزی لە بەشێکی تر لە وتووێژەکەیدا لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە هۆکارەکانی ڕەتکردنەوەی مەنشووری جورج تاون گوتی: لە ڕوانگەی ئێمەوە لەو مەنشوورەدا پرسە سەرەکییەکان و پێوەرەکان بزر بوون. یەکەم، ئێمە پێمان‌وایە ئێران وڵاتێکی فرەنەتەوەیە و پشتگوێخستنی ئەم ڕاستییە هەڵگری پەیامێکی هەڵەیە بۆ نەتەوە جیاوازەکانی نێوخۆی ئێران کە پێشەنگ و سەرگوڵی بزووتنەوەی ژینا ئەمینی بوون. بۆیە پێویستە دان بەوەدا بنێین کە ئێران وڵاتێکی فرەنەتەوەیە. بەڵام ئەوان هەموو شتێکیان ئەسپاردووە بە داهاتوو و بە ئەنجومەنی دامەزرێنەران و دەڵێن نابێ لە ئێستادا سەبارەت بەو پرسانە قسە بکرێت و دەبێ لەسەر لانیکەمەکان ڕێک بکەوین! بەڵام ئەو ئەزموونەی لە شۆڕشی پێشوو هەمانە پێمان دەڵیت دوای پتەوکردنەوەی دەسەڵات لە ناوەنددا هەموو بەڵێنەکان بوونەوە هیچ. هەر بۆیە ئێمە لەگەڵ ئەو مەنشوورانە یان ئەو ڕێگاچارانەدا نین کە هەموو شتێک دەسپێرن بە داهاتوو و دەڵێین کە پێویستە هەر لە ئێستاوە سەبارەت بە چۆنێتی بەڕێوەبردنی ئێران وتووێژ بکەین. پێویستە لەسەر فرەچەشنییەکانی نێو کۆمەڵگەی ئێران ڕێک بکەوین. ئەم ڕێککەوتنە دەتوانێ بنەمایەکی باش بێت بۆ داهاتووی ئێران. لە کاتی سەرهەڵدانی شۆڕشەکان لە جیهاندا کە سیستەمێکی سیاسی دەڕووخێت، وەک ئاماژەم پێدا، چۆنێتی بەڕێوەبردنی وڵات لە قۆناغی تێپەڕیندایە کە داهاتووی وڵات یەکلا دەکاتەوە. بەڵام لەو مەنشوورەدا ئەم خاڵانە ڕەنگیان نەدابوویەوە. لەو سۆنگەوە کە پێمان‌وایە ئێران وڵاتێکی فرەنەتەوەیە، پێویستە سیستەمی داهاتوو سیستەمێکی کۆماری، بەرپرسیار، هەڵبژێردراو و نامیراتگر بێت و بە مەبەستی بێبەشکردنی خەڵک لە پرۆسەی بڕیاردان پەنا بۆ پاساوە ئایینییەکان نەبات. لەبنەڕەتدا دەبێ بە دانپێدانان بە فرەچەشنییەکان بەدواداچوون بۆ ئەم ڕێگەچارە بکرێت.

وتەبێژی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، سەبارەت بە گرنگی نەدانی ئۆپۆزیسیونی دەرەوەی وڵات بە ڕووداوەکان و خەباتی نێوخۆ لە قۆناغی ئێستادا کە پێدەچێت لەسەر دامرکانی ڕواڵەتیی خۆپیشاندانەکان کاریگەریی هەبووبێت، ڕایگەیاند: ئەزموونی خەباتی ئێمە لە ڕۆژهەڵات دژ بە کۆماری ئیسلامی هەر لە سەرەتای دەسەڵاتگرتنیەوە تا ئێستا، پێمان دەڵێت کە ئەم ڕاپەڕینە هەوراز و نشێوی زۆر بە خۆیەوە دەبینێت. بۆ ئەوەی ئەم بزووتنەوە تا سەر تووشی مەندی و ڕاوەستاوی نەبێت، پێویستە ڕێبەرایەتی بکرێت. یەکێک لەو کێشانەی کە ئێمە لە دەرەوەی وڵات بۆ دژایەتی کۆماری ئیسلامی هەمانە، کێشەی بەڕێکخراوەنەبوون یان دوورکەوتنەوە لە حیزب یاخود دامەزراندنی حیزبە لاوازەکانە. ئەمەش دوو هۆکاری لە پشتە: یەکەم، لە ڕاستیدا، لە ئێران تا ئێستاکەش دێموکراسی ئەزموون نەکراوە و دووەم، ئەوەی کە هەندێک ڕێکخراوە و حیزبی دژبەری ڕژێم، چ لە نێوخۆ و چ لە دەرەوە، هەن کە تووشی جیابوونەوە و دابڕانی زۆر بوون. کەسانێک هەن کە چالاکن و هەڵقوڵاوی ئەم دۆخەن. بۆیە ئەزموونی کوردستان پێمان دەڵیت کە دەبێ هەوڵی بەڕێکخراوەبوون و خۆڕێکخستن بدەین.  سڕینەوەی حیزب بە مەبەستی هاندانی سلێبریتییەکان یان کەسایەتییە سیاسییەکان بە شێوەی تاکەکەس بیرۆکەیەکی باش نییە. ئەگەر بڕیار بێت ئەمە ڕێگەچارەی ئێرانی داهاتوو بێت، دێموکراسی لە ئێراندا بەم ئاسانییە جێگیر نابێت. هەروەک چۆن بینیمان کە ئەزموونی ئێمە لە کوردستان بووە هۆی ئەوەی ئەم بزووتنەوە زۆر باشتر ڕێبەرایەتی بکرێت و هۆکارەکەشی بەڕێکخراوەبوون و هەبوونی حیزبەکان بوو. هەر بۆیە، داواکاری ئێمە لەو کەسایەتیانە بە شێوەی تاکەکەسی چالاکی دەکەن ئەوەیە کە پێکەوە و بە شێوازێکی ڕێکخراوەیی بەرنامە جیاوازەکانیان پێشکەش بکەن. لە هەموو وڵاتانی دێموکرات و لە ئەورووپا و ئەمریکاشدا ئەوە حیزبە سیاسییەکانن کە دەچنە نێو میکانیزمی سیاسی بۆ بەدەستهێنانی دەسەڵاتی سیاسی. نموونەی بەرچاوی ئەمەش دۆناڵد ترامپ بوو لە ئەمریکا کە کاتێک وەک یەکەم میلیاردێر خۆی بۆ هەڵبژاردنەکانی سەرۆککۆماریی وڵاتەکەی بەربژێر کرد، ناچار بوو بچێتە نێو حیزبی کۆماریخوازەکان. بۆیە پێویستە کۆمەڵگە فێری ئەوە بکەین و کۆمەڵگەش خۆی بەوە ڕا بێنێت کە ئاراستەدان بە دامەزراوەکانی پەیوەندیدار بە دێموکراسی و بەکلتوورکردنی دێموکراسی لە داهاتووی ئێراندا، لەبنەڕەتدا ڕێکخستن و بەڕێکخراوەیی‌کردنە و ئەو ڕێگەیە لە حیزبەکانەوە تێدەپەڕێت.  

بەڕێزیان بۆ ڕوونکردنەوەی زیاتری لێک‌دژیی چێکراوی هەندێ چەمکی وەک کۆماریخوازی و فیدرالیزم لەگەڵ ناوەندگەرێتی و تەواوییەتی ئەرزی و تایبەتمەندییەکان و پێوەرەکانی فیدرالیزم و کۆماریخوازی ڕایگەیاند: ئێمە وەک حیزبی دێموکرات لە ڕابردوودا هەم بۆ چارەسەرکردنی پرسی کوردستان و هەم بۆ جێگیرکردنی دێموکراسی لە ئێراندا بەرنامەی جۆراوجۆرمان هەبووە. سەردەمانێک باوەڕمان بە خودموختاری بوو. تەنانەت دکتور قاسملوی نەمر وەک وتەبێژی شاندی نوێنەرایەتیی گەلی کورد لە دانوستانەکان لەگەڵ نوێنەرانی کۆماری ئیسلامی، بە مەبەستی ڕێگریکردن لە داسەپاندنی ئاسانی شەڕ بەسەر کوردستاندا لە لایەن ڕێژیمی کوماری ئیسلامییەوە، هەوڵی ڕێککەوتن لەسەر لانیکەمەکانی دەدا. لە قۆناغەکانی دواتردا بە هۆی پەرەسەندنی زیاتری خەباتەکەمان، فیدرالیزم وەک ڕێگەچارە دەستنیشان کرا. ئێمە هیچ لێک‌دژییەک لەنێوان فیدرالیزم یان خودموختاری لەگەڵ سیستەمی کۆماریخوازی نابینین. لەبنەڕەتدا ناونیشانی "کۆماری" ناونیشانێکە کە دەرفتەی هەڵبژاردنی زیاتر – چ بە شێوەی جەماوەری و بە شێوەی پەرلەمانی- بۆ خەڵک دەڕەخسێنێت. سەرۆککۆمار چ لە پەرلەمان هەڵبژێردرێت و چ خەڵک هەڵیبژێرێت پرۆسەی هەڵبژاردن دەبووژێتەوە. ڕێگەچارەکانی ئێمە زیاتر دژی ناوەندگەرێتین. ناوەندگەرێتی بووەتە هۆی ئەوەی گرنگی بە پرسی نەتەوە جیاوازەکان و بە تایبەت نەتەوەی کورد نەدرێت. بۆیە ڕێگەچارەی ئێمە لە ئاراستەی دژایەتیکردنی ناوەندگەرێتی و قەبووڵکردنی بەشداریکردن، دژایەتیکردنی هەڵاواردن و دانپێدانان بە مافی هەمووان، دژایەتیکردنی پشتگوێخستنی پەراوێز و قەبووڵکردنی پێکەوەژیانی ئیتنیک و نەتەوە جۆراوجۆرەکانە. ئەوسا ئاسایشی ئێران دابین دەبێت و ئەوکاتە پیویست ناکات باس لە تەواوییەتی ئەرزی و جیاییخوازی بکرێت. بەڵام ئەگەر بڕیار بێت دۆخەکە هەر بەم شێوەیەی ئێستا بەردەوام بێت، لەبنەڕەتدا ئەم باسانە هەرگیز کۆتاییان نایەت.

کاک خالید عەزیزی لە وڵامی ئەو پرسیارەدا کە حیزبی دێموکرات کەی نەخشەڕێ و مەنشووری تایبەت بە خۆی بڵاو دەکاتەوە، جەختی کردەوە: ئێمە وەک حیزبی دێموکرات لەم ڕۆژانەی دواییدا نەخشەڕێگا یان گەڵاڵەیەکمان بە کۆدەنگی داڕشتووە کە لە قۆناغی کۆتایی‌دایە. لە ڕاستیدا، ئامانجی ئێمە شەڕەمەنشوور نییە. بڕیار نییە  هەر حیزب و لایەن و گرووپێک کە مەنشوورێکی بڵاو کردەوە، ئێمەش خێرا هەر بۆ دژایەتی و نکۆڵیکردنی ئەو مەنشوورە، مەنشوورێکی تایبەت پێشکەش بکەین. حیزبی دێموکرات ئەزموونی دوورودرێژی سەبارەت بە چۆنیەتیی مامەڵەکردن و پێشکەشکردنی ڕێگەچارە جیاوازەکان هەیە. هیوادارم لە ماوەی چەند حەوتووی داهاتوودا، گەڵاڵەکەی حیزبی دێموکرات لەگەڵ نەتەوە جیاجیاکان – بەلووچ، عەرەب، هێزە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵات و ئازەرییەکان- بکەوێتە بەر باس و گفتوگۆ. لێرەدا دەمەوێت جەخت لەسەر ئەو خاڵە بکەمەوە کاتێک باس لە نەتەوەکان دەکەم، فارسەکانیش وەک یەکیک لە نەتەوەکانی ئێران دەبینم، هەر بۆیە باسی کەمینە و زۆرینە بێ‌مانایە. لە بنەڕەتدا تەنیا لە کاروباری پارلەمان و لە پرۆسەی بڕیارداندا کەڵک لە چەمکگەلی کەمینە و زۆرینە وەردەگیردرێت. بەدەر لەوە هیچ نەتەوەیەک بەرامبەر ئەوانی تر زۆرینە نییە و نەتەوەی فارسیش لەچاو ئەوانی تر کەمینە نییە. بیرۆکەی کەمینە- زۆرینە لە قازانجی دێموکراسی نییە. کەوابوو دەمانەوێت نەخشەڕێگاکەمان سەرەتا لەگەڵ حیزبەکانی سەر بە ئیتنیکەکان و لە قۆناغەکانی دیکەدا لەگەڵ هەموو حیزب و لایەنەکانی ئێران وەک ڕەوتی هاوپێوەندی (همبستگی)، شوڕای دێموکراسی‌خوازان، شورای تەسمیم، شوڕای مودیریییەتی گوزار و لایەنەکانی دیکە بخەینە بەر باس و خواس. دەمانەوێت پێکەوە باس لەم پرسە بکەین و هەوڵ دەدەین لە ئەزموونی دانوستانەکانی چوار مانگی ڕابردوو لەگەڵ حیزبەکانی دژبەری کۆماری ئیسلامی لە دەرەوەی وڵات کەڵک وەربگرین و ئەوکات زیاتر لە جاران لەسەر ڕووداوەکانی نێوخۆ چڕ بینەوە. ئەم بزووتنەوەیە لە نێوخۆدا سەری هەڵدا؛ لە تاران و گەورەشارەکاندا هەندێ کەسایەتی و لایەنی زۆر بەهێز هەن کە دژی کۆماری ئیسلامین و ئەوانیش ڕێگەچارەی تایبەت بە خۆیان هەیە. خەڵکی کوردستان دەتوانن پێشنیارەکانیان پێشکەش بکەن. بۆیە پێویستە بەباشی لەگەڵ ڕوانگە و بیرورای خەڵک لە نێوخۆی ئێران مامەڵە بکەین، چونکە لەوێیە کە چارەنووسی کۆماری ئیسلامی یەکلا دەبێتەوە نەک لە پایتەختی وڵاتانی ئورووپا و ئەمریکا. هیوادارم دوای گفتوگۆ و دانوستان لەگەڵ چالاکانی نێوخۆ و دەرەوەی وڵات و بەدەستهێنانی ئەزموونی زیاتر، ئەو نەخشەڕێگایەی حیزبی دێموکرات هەوڵی ئامادەکردنی دەدات ببێتە نەخشەڕێگایەکی فرەچەشنتر و گشتگیرتر و لەخۆگرتر و دوور بێ لەو خوێندنەوە و بیرۆکانەی کە دەبنە هۆی پۆلاریزەکردن یان دابەشکردنی کۆمەڵگە. ئەمن لەسەر ئەو باوەڕەم کە سەردەمی ڕووبەڕووبوونەوەی توند و جەمسەربەند‌کردنی کۆمەڵگەی ئێران بە بیانووی جیاوازییە ئیتنیکی، ئایینی و سیاسییەکان یان پەنابردن بۆ گێڕانەوە مێژووییەکان و جیاوازی ڕاڤە و لێکدانەوەکان لە پرسە جوگرافیاییەکانی ئێران بەتەواوەتی بەسەر چووە.

وتەبێژی حیزبی دێموکرات لە کۆتایی وتووێژە تایبەتەکەیدا لەگەڵ تەلەڤزیونی "کوردکاناڵ" سەبارەت بە گۆڕانکارییەکانی ناوچە و لێک‌دژیی لێدوانەکانی بەرپرسانی سیاسی ئەمریکا و بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی لەمەڕ ڕێککەوتنی ئەتۆمی-برجام- و دیپلۆماسی کۆماری ئیسلامی لەگەڵ ڕۆژاوا و هێنانەوە بەر باسی میکازنیزمی ماشە -میکانیزمی گەڕاندنەوەی سزا و گەمارۆکانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ سەر ئێران- لەلایەن وڵاتانی ئورووپایی لە ڕۆژانی ڕابردوودا و هەروەها سەبارەت بە پێشبینیی داهاتووی ڕووداوەکان لە ئێران، وەبیری هێناوە: ئێمە تێگەیشتنێکی بنچینەیی و بنەمایەکمان هەیە. بەپێی ئەم تێگەیشتنە بنچینەیی و بنەمایە دەبێ پیوەندییەکان و یاسا و ڕێسا نێونەتەوەییەکانی لێک بدەینەوە. هاوکێشەکان یان پێوەندییە نێونەتەوەییەکان بەپێی بەرژوەندییە ستراتیژییەکان و بەرژوەندییەکانی نێوان وڵاتان داڕێژراون. بە شێوەیەکی بەرچاو کۆماری ئیسلامی لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا، هەوڵی داوە لە پرسی ڕێککەوتنی ئەتۆمی-برجام- وەک بەرگی براوە لە دژی ناوچە و سیستەمی نێونەتەوەیی کەڵک وەربگرێت. هەم ئەوان و هەم خەڵکی نێوخۆ بەبارمتە بگرێت. بە باوەڕی من کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی ماوەیەکی زۆر کەوتە داوی ئەم گەمەی کۆماری ئیسلامی. هەر کات باس لە ئێران و داهاتووی ئەم وڵاتە دەکرا، بەردەوام باس لەوە دەکرا لە ئێران هەڕەشەیەکی ئەمنیەتییە بۆ سەر ئیسرائیل و وڵاتانی دیکە و بۆیە، پرسەکانی پەیوەندیدار بە مافەکانی مرۆڤ و ئەو خەباتە کە لە نێوخۆی ئێراندا دەکرا بەتەواوەتی لەبیر کرابوون. هەڵبەت ئێستاکەش لەو باوەڕەدام کە چارەنووسی ئێران دەبێ لە نێوخۆی ئێران یەکلا بکرێتەوە. ئەو گەمە نێونەتەوەییە، واتە گەمەی نێوان وڵاتانی ڕۆژاوا و ئەمریکا لەسەر پرسی ڕێککەوتنی ئەتۆمی و دۆسیەی ئەتۆمی ئێران، دەتوانێت ساڵانێکی زۆر درێژەی هەبێت. پێم‌وایە کۆماری ئیسلامی لە داهاتووشدا دیسان ئەوپەڕی کەڵک لەو پرۆژە وەردەگرێت. ڕەنگە ساڵانێکی زۆر دانوستان بکەن و لەو چوارچێوەیەشدا هەندێ ڕێککەوتن و شکست تۆمار بکەن، بەڵام پێم وا نییە لە داهاتوودا هیچ شەڕێکی ئەتۆمی لە نێوان ئێران و هیچ وڵاتێکدا ڕوو بدات. هەمووی گەمەی سیاسییە و ئەوان ئەوپەڕی کەڵک لەو گەمە وەردەگرن. تاقە شتێک کە دەتوانێت ئەو گەمە پەک بخات خەباتی خەڵک لە نێوخۆی ئێران، یەکڕیزی و هاوئاهەنگی نێوان نەتەوەکان، ڕێکخراوەکان و حیزبە جۆراوجۆرەکانە؛ بە جۆرێک کە هەمووان بیر لە داهاتوو بکەنەوە و نوقمی کێشەکانی ڕابردوودا نەبن. لانیکەم ئێمە وەک حیزبی دێموکرات لە ئاستی نێونەتەوەییشدا بەردەوام هەوڵمان داوە تا بۆمان دەکرێت لە پرسی دێموکراسی و پرسی مافەکانی مرۆڤ و مافی نەتەوەکانی ئێران بەرگری بکەین و جەختمان لەوە کردووەتەوە کە پرسی ئێران دەبێ لە نیوخۆی ئێراندا یەکلا بکرێتەوە، چونکە زلهێزەکانی سیستەمی نێونەتەوەیی هەوڵی ڕووخاندنی هیچ سیستەمێک نادەن، بەڵکوو تەنیا لە هەوڵی جێبەجیکردنی بەرنامە و پرۆژەکانی خۆیان‌دان.