دارسمە
ئای لەم ترێ هیچوپوچە، ئای لە ترێ ڕەشەی سەردەشتێ، وای لە ترێی زێڕینی شێرازێ، بەهـ بەهـ لە ڕەزی هەزاربەهەزاری دەشتی قەزبێن و تاکستانێ.
فارسان بە دارمێو دەڵێن "تاك" و بەم زمانە "ڕەزی"ش دەبێتە "تاکستان". فارس دوای ئەوەی لە ئێران بوونە دەستەڵاتداری سەرەکی، سەریان لە دارمێویش شێواند.
ئەوانەی دوو سێ جار خشتەی یەکتربڕ یان "جدول کلمات متقاطع"یان لە ڕۆژنامە و گۆڤاری فارسیدا پڕ کردبێتەوە، باشتر دەزانن ئەمانە چ پەندێکیان بەسەر دارمێو هێناوە. لە جێیەک پێی دەڵێن "مۆو" لە شوێنک پێی دەڵین "تاک" و هێندیک جاریش دەڵێن "درخت انگور". هەر بۆیە ترێ لە ئێران لەوکاتەوە دەبێتە "بەرسیلە" و "بۆڵ" و "زەنگەتە" و "هێشوو" و لقی دارمێو بەرەو زەوی ڕادەکێشت، تووشی هەزاران پەند و و گوڵمەزە دەبێت. هێشتا نەبووەتە بەرسیلە و قۆرە، بە مەبەستی سازکردنی دۆڵمە دەگەڵ توولە مێوان دەیڕننەوە. لە کاتی بەقۆرەبوونیشدا بۆ گرتنی ئاوەقۆرە و دامرکاندنی حەزی ژنانی بیزوودار کاڵڕن دەکرێت.
ترێ، دوای کامڵبوون و تێپەڕاندنی سەردەمی مێرمنداڵی، دەبێتە گوڵی مەجلیسان و زۆر جار خۆی دە کاروباری سیاسییش وەردەدات.
هەموو خوێنەرانی ئەم دێڕانە ناوی دوو برێندی لێکەوتە و بەرهەمی ترێیان بیستووە. ناوی ئەم برێندانەش "ساندیس" و "شەڕابی شیراز"ه. ئێستا لە سەردەمی دەستەڵاتی ئاخونداندا لە کاتێکدا کارگەی دروستکردنی شەڕاب لە شیراز داخراون، وڵاتێکی وەک فەڕانسە ئێستاشی دەگەڵ دابێت شەڕاب بەم ناوە دروست دەکات و دانیشتووانی شیرازیش هەتا دەستیان دەکەوێت، دوور لە گوێدێران ئەستۆ و ڕانی خۆیانی بۆ دەشکێنن.
بەپێی هەنەندێک ڕیوایەتی نیوەپشتڕاست کراوە، ئەم شەڕابە شیرازەی لە فەڕانسه بەرهەم دێت و ئێستا دانیشتووانی بەڕێزی شیراز بە فارسیی ڕەسەن و لوڕ و قەشقاییەوە مەگیرانیی لێ دەکەن، ئەویش بەرهەمی ترێی خۆیانە.
دەڵێن دەنکە کشمیشێک بەسەرهاتی خۆی بۆ کرێکارێکی پەنابەری شیرازی لە کارگەیەکی شەڕابسازیی فەڕانسە گێڕاوەتەوە و گوتوویەتی دوای ئەوەی لە باغێکی شیراز لەژێر تینی هەتاو چرچیان هەڵێناوە، بردوویانەتە کارگەیەکی پوختەکردنی کشمیش و دەگەڵ کۆمەڵە کشمیشێکی دەروجیرانی دە پاکەتێکیان کردووە و هەتا گەیشتووەتە ئەم کارگەیە لە تاریکی زیاتر هیچی دیکەی نەدیتووە. کرێکارە شیرازییەکەش وای لێک داوەتەوە، ئەم بۆڵەترێ چرچهەڵاتووە لەجیات ئەوەی وەک جاری جاران لە شیراز بکرێتە شەڕاب، لە سەر پشتی لۆریی گەورە بارکراوە و بە ژێر چەندین گومرگ و لێپرسینەوەدا تێپەڕێوە. کرێکارەکە هەزار ڕەحمەتی بۆ ئەو فەڕانسەییە کافر و دیانانە ناردووە و لەبەر ئەوەی ئەم ترێیانەیان هەر بەناوی شیرازەوە کردۆتە شەڕاب گەلێک سوپاسی کردوون.
ترێ ڕەشەی سەردەشتیش هیچی لە ترێی زێڕینی شیراز کەمتر نییە، بەڵام چونکە ڕەشتاڵەیە و لەنێو کوردانیشدا وەک ترێ زەردەڵەکەی شیراز ڕێزی ناگیرێت؛ بە هەزار بەزم و ئۆینیشەوە ڕەوانەی هەنداران ناکرێت.
ئەم ترێ ڕشتاڵەیە، پێش ئەوەی ئێران ئەوا بەتوندی ئاخونداوی بکرێت، لە سەردەمی دەستەڵاتی پاشایەتیدا بە لۆری و قەڵڵابان دەگەیندرایە کارخانەی شەڕابسازیی ورمێ و لەوێ دەکرایە شەڕابی ناب.
لەو کاتەوەی کارخانەی شەڕابسازیی ورمێ کرا بە کارگەی بەرهەمهێنانی "ساندیس" و نێوەندی بەرهەمهێنانی ئاوەترێ، دۆخی ئێران گۆڕانێکی قووڵی بەسەردا هات. کاتێک ساندیس دەستی بە خەیانت کرد و دوای دابەشکرانی دە نێو خۆپێشاندرانی لایەنگری دەستەڵاتی کۆماری ئیسلایدا، دەروونی لایەنگرانی حکومەتی فێنک کردەوە، دەستەواژەی "ساندیسخۆر" لەدایک بوو.
"ساندیسخۆر" بەو کەسانە دەگوترێت بۆ پێشتیوانیکردنی دەستەڵات خۆیان پێشان دەدەن و لە کاتی خۆپێشانداندا لەجیات ئەوەی بە باتووم، دار، شەق و ساچمەزەن بیانکوژن یان پەلکێشی گرتووخانەیان بکەن، ساندیسی فێنکیان دەپێش دەکەن.
ئەوەندی لەسەر بەزمی ترێ لە ئێراندا بڕۆین کەمە و بۆ ئەوەی درێژدادڕی نەبێت، بەم بەسەرهاتەی دوایی کۆتایی پێ دەهێنین:
رۆژی ٢٧ی ئەم مانگە، هەواڵدەریی فارس بڵاوی کردەوە لەم دواییانەدا هەست بەمە کراوە دانیشتووانی تاران لە مەیدانی میوەی ئەم شارە لە پێش ئامێری پاڵاوتنی ئاوی میوە ڕیز دەبەستن و بە دەبەی ١٥ لیتری ئاوی ترێ بۆ ماڵان دەبەنەوە. هەواڵدەریی فارس وای مەزەندە کردووە، کڕیارانی هەراوی ئاوەترێ، ئەم ئاوە دەبەنەوە ماڵ و بەدزییەوە و دوور لەچاوی ساندیسخۆران دەیکەنە شەڕاب.
دیارە شەڕابخواردنەوە ئەگەر هەر سەرخۆشبوون و گێژ و وڕ و کاسبوونی بەدواوە بێت، نەک هەر زەرەر نییە، بەڵکو باشیشە. بەمجۆرە خەڵكەکە لە ماڵی خۆی دادەمرکێت و واز لەم هەموو درووشمە "هنجارشکنانە"و "حرکات موزون"ـە دەهێنیت. بەڵام وەک بیستراوە، ئەوانەی بە شەڕاب سەرخۆش دەبن، دروشم دەدەن و ئەوانەی لە مەجلیسی کۆبوونەواندا دەیخۆنەوە، هەر قومی لێ دەدەن و باس لە دۆخی ئێستا و داهاتوو دەکەن. هەر بۆیەشە داواکاری گشتیی تاران داوای کۆکردنەوەی ئەو ئامێرانەی پاڵاوتنی ئاوی میوەی کردووە.
بەڵام ئەگەر بەقسەی نووسەری "بەزەمیری، فەقیری حەقیر" بێت، بە فەتوای شیخی خۆی دەکات:
"شەڕابی لەعلی ڕۆممانی لە "نالی"
حەرامە بێ مەززەی ماچێکی لێوان".
بە نووسەر و بە دەستەڵاتی میری چی، ئەم شێعرە هەنجارشکەنانەیە.