کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مستەفا هیجری: نەمانی کۆماری ئیسلامی هاوتایە لەگەڵ لەنێوچوونی پێگەی سەرەکی گرووپە تیرۆریستییەکان و گەڕانەوەی ئاشتی و ئاسایش بۆ ناوچە و جیهان

23:35 - 17 جۆزەردان 2723

(دەقی لێدوانەکەی کاک مستەفا هیجری، بەرپرسی ناوەندی بەڕێوەبەریی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە کۆنفڕانسی شۆڕش بە پێشەنگایەتیی ژنان لە ئێران- پارلمانی ئەورووپا)

ڕۆژباش!

 پێش ئەوەی قسەکانم دەست پێ بکەم بە پێویستی دەزانم سپاسی ئەنیستیتۆی کورد لە بڕۆکسێل، سۆسیال دێموکراتەکان، فراکسیۆنی سەوزەکان و پلاتفۆرمی ئێرانی دێموکراتیک بکەم بۆ ئەو دەرفەتەی ڕەخساوە بۆ ئەوەی سەبارەت بە داهاتووی ئێران و هەروەها ڕوانگەی نەتەوە حاشالێکراوەکان هەندێ باس پێشکەش بکرێت.

هەرچی ئەمڕۆ دەیڵێم ڕوانگەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانە، بەڵام هاوکات هەوڵ دەدەم ڕوانگەیەکی گشتی و هەمەلایەنەتر بخەمەڕوو کە ڕەنگدانەوەی خواست و ویستی زۆرینەی خەڵکی کوردستان بێت.

خوشک و برایانی بەڕێز!

لەو ڕۆژەوە کە گیانی ژینایان ستاند، کەشی سیاسی، کلتووری و کۆمەڵایەتیی ئێران بەرەو گۆڕانێکی بنچینەیی ڕۆیشت. گۆڕانێک کە خەڵک لەلایەک و کۆماری ئیسلامی لەلایەکی دیکەیەتی. بە واتایەک، هیچکەس ناتوانێت بانگەشەی ئەوە بکات کە کۆماری ئیسلامی نوێنەرایەتی خەڵکی ئێران دەکات، واتە دووپاتکردنەوەی چیرۆکێک کە بۆ ماوەی چوار دەیە بە ناوی میانەڕەو و توندڕۆ کۆمەڵگەی جیهانیی سەرقاڵ کردبوو.

تێچوویەک کە خەڵک لە چەند مانگی ڕابردوودا لەپێناو گۆڕانکاری لە ئێراندا داویانە، کەم نییە؛ زیندانیکردنی هەزاران کەس، لەسێدارەدانی بێوچان کە بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی لەسەدا ٨٠ زیادی کردووە، سەدان بریندار کە نموونەی بەرچاویان لەدەستدانی بینایی ژمارەیەک لە هاووڵاتییانە و ڕەشەکوژی لە زاهدان و جوانڕۆ و شارەکانی تر، هەموویان دەرخەری ئەوەن کە ئەوەی خەڵک تووشی هاتوون سیستەمێکی نامرۆییە کە کوشتن، دەستدرێژی، ئەشکەنجە، لەسێدارەدان و بێگومان تیرۆر بەشی دانەبڕاوی شوناسییەتی.

ئەوەی لە ئێراندا دەستی پێکردووە شۆڕشێکە کە ئێمە بە "شۆڕشی ژینا" ناودێری دەکەین، بەڵام ئەم شۆڕشە بە شێوەیەکی بنچینەیی لە هەموو ئەو شۆڕش و گۆڕانکاریانەی کە لە ماوەی یەک سەدەی ڕابردوو لە ئێراندا ڕوویان داوە جیاوازە. جیاوازی سەرەکی ئەم شۆڕشە دەگەڕێتەوە بۆ توانا گوتاریی و کردەییەکەی.  

شۆڕشێک کە خوازیاری تێپەڕین لە دوو قۆناغی نامرۆیی و نادێموکراتیک لە ئێراندایە. واتە قۆناغی پاشایەتی ڕەها کە تێیدا شوناسێک بەسەر هەموو شوناسەکاندا دادەسەپا و ئاسیمیلاسیۆن و تواندنەوە و نکوولی‌کردن لە شوناسەکانی تر جگە لە شوناسی قەومی خاوەن‌دەسەڵات ببوو بە بەرنامەیەکی ڕێکخراو و سیستماتیکی دەسەڵات. هەر لەگەڵ هاتنەسەرکاری کۆماری ئیسلامی و ویلایەتی ڕەهای فەقێ، سەپاندنی مەزهەبێکی تایبەت بەسەر ئایین و مەزهەبەکانی تردا بووە بەرنامەی کاری دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی. بەڵام خاڵی هاوبەشی هەردوو قۆناغەکە دیکتاتۆری و پاوانخوازییە.   

ئەوەی لە هەناوی شۆڕشی ژینا بە دروشمی ستراتێژیکی "ژن، ژیان، ئازادی" خۆی نواند، بریتییە لە تێپەڕین لە ڕابردوو و لە ئێستا بۆ خستنەڕوو و وێناکردنی "ئێرانێکی نوێ". ئێرانێک کە لەسەر بنەمای ویست و ئیختیار دابمەزرێت نەک بەسەرداسەپاندن و ناچارکردن. هەروەها ئێرانێک کە تێیدا مافەکانی مرۆڤ جێی حوکمی ڕەها بگرنەوە.

تێپەڕین بەرەو کۆمەڵگەیەک کە تێیدا بەها و بایەخگەلێکی وەک ژن، ژیان و ئازادی بنوبنچینە بن، ئاسان نییە. پێش هەموو شتێک ئێمە لەگەڵ ڕژیمێک بەرەوڕووین کە هێمای پەتیی دڕندەیی و دێکتاتۆرییە. هاوکات بەرەوڕووی کلتوور و گوتارگەلێکین کە ماوەی چەند دەیەیە خوویان بە لێکدانەوەی پاوانخوازانە گرتووە و باوەڕیان پێ هێناوە. لەم دۆخەدا گۆڕانکاری پێویستی بە کات، پشتیوانی و تێگەیشتن لە ڕاستییەکانی کۆمەڵگە زیندووەکانی نێو قەوارەی سیاسی ئێران هەیە.

ڕوانگەی ئەو خەڵکەی کە هەموو‌ڕۆژێک ئەزموونی هەڵسوکەوت لەگەڵ کۆماری ئیسلامییان هەیە جیاوازە لە تێڕوانینی بەشێک لە دژبەرانی کۆماری ئیسلامی، چونکە خەڵک بەدوای داڕشتنەوەی چیرۆکە خەیاڵییەکانی ڕابردوو و سەپاندنی بیروبۆچوونەکانی خۆیان نین، بەلکو هەوڵی بونیاتنانەوەی ئێرانێکی جیاواز دەدەن کە تێیدا "پەراوێز" جێگایەکە کە شیاوی ئەوەیە بکرێتە سەرمەشق نەک ئەوەی حاشای لێ بکرێت. هەر بۆیە لە شەقامەکانی تاران درووشمیان دەدا: "تهران بشە کوردستان، ایران میشە گلستان". بە واتایەکی تر، نەوەیەک کە خوازیاری ئێرانێکی نوێیە، بەختەوەری خۆی لە خۆشبەختی و ڕزگاری ئەوانی تردا دەبینێتەوە نەک لە نکووڵیکردنیان، هەر ئەمەش وای کرد خەڵکی‌دنیا لەگەڵ شۆڕشی ژینا هاودڵ و هاوسۆز بن.

نەوەی نوێی ئێران خوازیاری پەیوەستبوون بە کۆمەڵگەی جیهانییە. خوازیاری دابەشکردنی بایەخە جیهانی و مرۆییەکانە. خوازیاری بەدیهێنانی بەستێنێکە کە تەنیا لە کۆمەڵگە ئازاد و کراوەکاندا دەلوێت نەک لە جیهانێکی ئایدۆلۆژیک و دەستە و تاقمگەرا و لێوانلێو لە تاواندا کە کۆماری ئیسلامی و پاوانخوازەکان نوێنەرایەتی دەکەن.

هه‌رچۆنێک‌‌بێ گۆڕانکارییەکانی چوونەتە قۆناغێک کە گەڕانەوە بۆ سەردەمی پێش شۆڕشی ژینا ئەستەمە؛ بەڵام تێکۆشان، گیانبازی و خۆڕاگری خەڵک پێویستی بە ئاریکاری و پشتیوانی کۆمەڵگەی جیهانی هەیە. پشتیوانییەک کە ببێتە هۆی کەبموونەوەی توانای سەرکوتکەران و زۆربوونی هێزی خەڵک.

ئێمە لە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردستاندا خاوەن گوتار و بایەخگەلێکی ڕوون و تایبەتین. ڕوانگەی ئێمە سەبارەت بە داهاتووی ئێران ڕوانگەیەکە کە زیاتر لە یەک سەدە و بە شێوەیەکی تایبەتی‌تر زیاتر لە چوار دەیەیە لەپێناویدا خەبات دەکەین. ئەوەی خەڵکی کوردستان دەیانەوێت، ئێرانێکە کە تێیدا شوناسی کوردستانی‌بوون لەئەمنوئەماندا بێت، بەجۆرێک کە حاشا لە زمان، کلتوور، مێژوو و نیشتمانیان نەکرێت، بەڵکو کوردستانی‌بوون وەک شوناسێک کە هەیە و خاوەن بایەخگەلی تایبەت بە خۆیەتی بە فەرمی ددانی پێدا بنرێت. ڕوانگەی ئێمە مەیلەو لێک‌‌تێگەیشتن، پێکەوەژیانی دڵخوازانە و بنیاتنانی دەسەڵاتێکی سیاسییە کە دەستەبەری شوناسی کوردستانی بێت نەک ئەوەی هەڕەشە بێت لەسەری.

بە دیاریکراوی ئێمە خوازیاری سیستەمێکی لامەرکەزی و فیدرالین کە کورد، تورک، عەرەب، بەلووچ، تورکمەن، لور، مازەنی و فارس بتوانن تێیدا ئازادانە و شێوەیەکی دێموکراتیانە هەرێمەکانی خۆیان ئیدارە بکەن و هاوکات بەربەستێک بن بەرامبەر سەرهەڵدانەوەی هەرجۆرە سیستەمێکی پاوانخواز لە داهاتوودا، چونکە دابەشکردنی دەسەڵات و لەئەنجامی ئەوەشدا هاوسەنگی هێز دەرفەت بۆ سەرهەڵدانەوەی دیکتاتۆرییەکی تر ناهێڵێتەوە.

هەوڵی کورد بۆ لێک‌نیزیک‌‌بوونەوە و هاودەنگی و هاوکاریی بەرامبەر کۆماری ئیسلامی زیاتر لە چوار دەیەیە بەردەوامە. بە تایبەتی لەم چەند مانگەی دواییدا هەوڵمان داوە بەدیهێنەری یەکگرتوویی و هاوکاریی بین. بەڵام ئێمە بۆ بنیاتنانی ئێرانێکی نوێ هەوڵ دەدەین نەک بۆ بونیاتنانەوەی شێوازێکی تری پاوانخوازی. بۆ گەیشتن بە ئێرانێکی دڵخواز تەنیا خەڵک و ئۆپۆزیسیونی کۆماری ئیسلامی بەس نین، بەڵکو لەم ئاراستەیەدا کۆمەڵگەی جیهانیش یەکێکە لە ئەستونە سەرەکییەکان.

ڕووخانی کۆماری ئیسلامی چەندە بۆ خەڵکی ئێران قازانجی هەبێت، ئەوەندەش بۆ کۆمەڵگەی جیهانی گرینگە. نەمانی کۆماری ئیسلامی هاوتایە لەگەڵ گەڕانەوەی سەقامگیری و ئاشتی بۆ زۆرێک لە وڵاتان، لەنێوچوونی بنکەی سەرەکی گرووپە تیرۆریستییەکان و هەروەها بە واتای ئەمن و ئاسایشی بزووتنەوەی ڕزگاریبەخشی ژنانە. بزووتنەوەیەک کە خوازیاری ددان پێدانانی فەرمی و دووپاتبوونەوەی ئەم ڕاستییەیە کە "ژنان توانای بەدیهێنانی ئەوەیان هەیە کە دەیانەوێت". هاوکات دەبێتە هۆی بووژانەوەی هێزە سێکۆکار و مەدنییەکانی ناوچە کە دەیان ساڵە لەلایەن کۆماری ئیسلامی و ڕەوتە توندڕۆکانەوە پەراوێز خراون.

لە کۆتاییدا، ئەوەی پێویستە لێرەدا، لە پارلمانی ئەورووپا جەختی لەسەر بکرێتەوە بەرجەستەکردنی ئەو بابەتەیە کە بزووتنەوە شوناسخوازەکان کە لە ئێراندا سەریانهەڵداوە و ڕۆژلەدوای‌ڕۆژ بەهێزتر دەبن، خۆیان وەک بەشێک لە کۆمەڵگەی جیهانی پێناسە دەکەن.

ژنان هەڵسووڕێنەری شۆڕشی ژینان کە وەک بزووتنەوە شوناسخوازەکانی دیکەی ئێران دەیانەوێت بەفەرمی ددانیان پێدا بنرێت. سیستەمی داهاتووی ئێران پێویستە دان بەو شوناسانەدا بنێت، ئەمەش پێویستی بە پشتیوانی کردەیی و بەرچاوی کۆمەڵگەی جیهانییە.

پشتیوانی لە شۆڕشی ژینا هەوڵدانە بۆ بەدیهێنانی جیهانێکی ئەمنتر و سەقامگرتووتر، چونکە زەینییەت و خەونی نەوەی ئەمڕۆی ئێران هەڵگری ئەو بەها و بایەخانەیە کە کۆمەڵگەی جیهانی لەسەریان بنیات نراوە. ئێمە لە کوردستاندا وەک بەشێک لەم بزووتنەوە گشتگیرە خۆمان لە دەرەوەی بازنەی ئەم بایەخە جیهانیانە پێناسە نەکردووە و بەردەوام هەوڵی بنیاتنانی سیستەمێکی بەرپرسیار و دێموکراتیکمان داوە. دڵنیا بن وەک چۆن کوردستان لە شەڕی دژ بە بناژۆخوازی قەڵغانێک بوو بەرامبەر تیرۆریستەکان، بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردستانی ئێرانیش بەدەر لەم پڕەنسیپە نییە، چونکە بۆ ماوەی چوار دەیە بە تاقی تەنیا بەرامبەر گەورەترین دەوڵەتی پشتیوانی تیرۆر لە جیهاندا خۆڕاگری کردووە و لە ئێرانی ئازاد و ڕزگارکراوی داهاتووشدا لە ڕیزی ئازادیخوازان و جیهانی خاوەنشارستانیەت ڕادەوەستێ.