کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەرسڤی "کانت" بۆ پرسیاری: ئایا سیاسەت دەتوانێ ئەخلاقی بێت؟

12:24 - 19 بەفرانبار 2723

شاڕوخ حەسەن‌زادە

وانەکانی کانت لە مێژووی فەلسەفەی سیاسی ڕۆژئاوا و لە گەنگەشەی پێوەندیی نێوان ئەخلاق و سیاسەت، ڕێک لەبەرامبەر باوەڕ و بۆچوونەکانی "ماکیاڤێڵ" دادەنرێت. فەلسەفەی ئیمانوێڵ کانت (١٧٢٤-١٨٠٤) فەلسەفەی زاڵ بەسەر بیروهزری سەدەی نۆزدەهەم لە ئورووپا بەتایبەت ئەڵمان بووە.

وانەکانی کانت لە ڕەخنەی "ئاوەزی کردەیی" و "یاسای ئەخلاق"، زەمانەتی کۆمەڵێک یاسایە کە پێوەندی لەتەک ڕەوشت و کردارەوە هەیە. کانت لە نامیلکەی "وانەکانی فەلسەفەی ئەخلاق"دا ئەرکی مرۆڤ لەهەمبەر دیتران کە بۆ فەرمانی ویژدانیی ئەخلاقی دەگەڕێتەوە بە دوو بەشی پێوەندیدار بە "خواستی خێر" یان خێرخوازی و "بەرپرسیارەتی" یان دادپەروەری دەخاتە ڕوو. ناوبراو لقی یەکەم وەک کردەیەکی خێرخوازانە و پەسند کردن و لقی دووهەم بە بەرپرسانە و دادپەروەرانە دەزانێت.

هەرچەندە لە ڕەوتی مێژووی هزری سیاسی و لەنێوان بیرمەنداندا بایەخدان بە تێرمی "ئەخلاق" و "سیاسەت" بەردەوام لەبەرچاو گیراوە، لەهەمان کاتدا ئەو بۆچوونانە جیاواز و زۆرجاریش لەبەریەکدا بوون. بەڵام خوێندنەوەی "کانت" و ئامۆژگارییەکانی کە بەرهەمی ڕەوشی سەردەمی خۆی (ڕەوشەنگەری) بوو و لەتەک ئاوەز و تەتەڵەی هزری لەسەر بنەمای کردار بووە، ئایدیای جیاوازتری ڕۆناوە و هانمان دەدا پرسیارگەلێک بورووژێنین کە: چۆن دەکرێ ئەو دوو چەمکە دەگەڵ یەکتر هەڵسەنگێنین؟ ئایا سیاسەت دەتوانێ ئەخلاقی بێت؟ سیاسەت دەڵێ: "وەک مار خۆپارێز و دوورنواڕ بە"، ئاکارەکانـیش دەڵێن: "پاک و بێگەرد بە وەک کۆتر". لە جێگایەک کە ئەو دوو چەمکە ناتوانن بە یەک ئاراستەدا بڕۆن، هەموو کەسێک بۆی هەیە بڵێ لەنێوان سیاسەت و ئەخلاقدا دژایەتی هەیە؛ لێ ئەگە هەردووکیان بەگشتی یەک بن، تێگەیشتنی دژایەتی ئیتر مانای نامێنێت و ئەو پرسە کە دژوازیی چۆن دەبێ چارەسەر بکرێ وەک کێشەیەک چارەسەر نابێ. وێڕای ئەمەش ڕستەی "شەڕافەتمەندی باشترین سیاسەتە"، ئەوپەڕی هەرجۆرە نەرێ(نفی) و نکۆڵی و مەرجی ناچارەکی هەموو سیاسەتێکە(کانت. ٢٠١٥). ئەمری ئەخلاق وەک ئەرکێکی کردەییە کە بریتییە لە کۆمەڵێک یاسای بێ‌مەرج، کەواتە بە زانینی دەستەڵاتدارێتی چەمکیی ئەخلاق و ئاکار وەک ئەرکێک دەتوانرێ بە شێوەیەکی زۆرباش تێ‌بگەی و دژایەتیی نێوان سیاسەت وەک ئەمرێکی پراگماتیک و کردەیی ماف و ئەخلاقیش وەک ئەمرێکی تیۆرەکی ماف لەنێو دەچێت.

کانت بیری دەکردەوە هەرکات ئێمە دان بە دەستەڵاتدارێتی مانای ئەرک دابنێین، ئیدی بەئاشکرا مانای نامێنێ ئەگە بڵێین، ناتوانین بەپێی یاساگەلی ئەخلاقی بجووڵێینەوە، ئەگە ئەخلاق بە مانای کردار، لەسەر بنەمای ئەرک بێ و لە گومان و بیروخەیاڵی قازانج‌ویستی بخەمڵێ، لەتەک سیاسەت هاوئاراستە و هاوتەریب دەبێ. لە ڕاستیدا کانت لەنێوان ئەخلاق و سیاسەتدا ناتەباییەک نابینێت و لە "ئاشتی سەقامگیر"دا دەنووسێت: "گڕژی و مشتومڕێک لەنێو سیاسەت بەمانای بەشی کردەیی ماف و، ئەخلاق بە مانای بەشیی تیۆرەکی ماف (واتە لەنێوان کردە و تیۆری) نابینم؛ چوونکە تێکهەڵچوونێکی وا تەنیا کاتێک ڕوو دەدا کە، لە ئەخلاق ئاموژگارییەکی بەرژەوەندیخوازانە ببێتە مراز، واتە ئەو ڕێساگەلە گشتییەی کە بەپێی بنەماکانی، کەسێک باشترین کەرەسەکان بۆ قازانج و کار و پیشەی خۆی هەڵبژێریت، ئەمش هەر ڕێک ئەو نەرێتیبوونی ئەخلاقە"(سرمدی. رادمرد. ١٣٩٤).

ئاکارەکان خۆیان بەشێوەیەکی خۆزاو ئەمرێکی کردەیین؛ چوونکە گشتایەتییەکن لە یاساگەلی بێ‌مەرج کە ئێمە بەو شتەی کە دەبێ بیکەین هان دەدا، هەر ئەوەش کەسێک لە دەستەڵاتدارێتی مانای ئەخلاق لە ئەرکدا تێگەیشتبێ، ئیدی پاتەبوونەوەی ئەو قسەیە کە ناتوانێت ئەرکی خۆی بەجێ بگەیەنیت، بەدڵنیاییەی پڕوپووچە؛ چوونکە ئەگە وابا، مانای ئەرک دەبوایە لە ئەخلاق بسڕدرێتەوە (ultra posse neom obligatur) (چەمکێکە لە یاسای حقوقی ڕۆمی قۆجی بەو مانایە کە؛ هیچ کەس زیاتر لەوەیکە توانای ئەو کارەی هەیە، ئەرکدار ناکرێ). لەئاکامدا دژایەتی لە نێوان سیاسەت وەک نەریتێکی کردەیی لە ماف و ئەخلاق وەک نەریتێکی تیۆرەکی لە ماف بوونی هەبێ، لەنێو دەچێت(کانت. ٢٠١٥).

کانت بە سێ شێواز ئاماژە بە ئەمری کامڵی ئاکار دەکات:

شێوازی یەکەم: تەنیا بەپێی پرەنسیپێک هەڵسوکەوت بکە کە بەپێی ئەو، لە هەمان کات، بتوانی و ئیرادە بکەی، ئەو یاسایە، جیهانداگر بێ. (بە شێوازێک بجووڵێیەوە کە بتهەوێ ئەو کردەیە، ببێتە یاسای سرووشت، واتە بتهەوێ هەموولایەک ئاوا جوان هەڵسوکەوت بکەن).

شێوازی دووهەم: بەشێوەیەک هەڵسوکەوت بکە، کە مرۆڤ، جا خۆت بی یان دیتران بەردەوام مەبەستت بن و هیچکات وەک ئامراز بەکاریان مەهێنە(بنەمای مرۆڤایەتی).

شێوازی سێهەم: تەنیا بە شێوازێک بجووڵێوە کە ئیرادە بە پرەنسیپەکانیدا بتوانێ خۆی وەک یاسادانەرێکی جیهانداگر بزانێت (بەردەوام بەجۆرێک بجووڵێوە کە وا وێنا بکرێ تۆ بە یاساکانی خۆت، ئەندامێک لە ئەندامانی یاسادانەر لە سنووری ئامانجەکان دای) (افروغ. ١٣٨٩).

لە فەلسەفەی ئەخلاقی کانت یەکێکی دیکە لە میناکەکانی کردەی نائەخلاقی کە ئەوەیان بە چاویلکەی ئەوپەڕخۆزا هەڵدەسەنگێنێت، "درۆ"ـیە و، ڕاستوێژی وەک یەکێک لە بابەتەکانی سەرەکی ئەمری بێ ئەملاوئەولا لە دەزگای بیرکردنەوەی ناوبراو گرنگی و بایەخی خۆی پێ دراوە. بە نێرینی کانت ئێمە بۆ ڕۆنانی یاسای ئەخلاقی، دەبێ بنواڕین و بزانین ئاخۆ زۆرینە و ماکسیمۆمی ئاکارمان دەتوانێت ببێتە ئەمرێکی گشتگیر یان نا. میناکی ناسراوی کانت لەسەر بنەمای ئەوپەڕخۆزاو لەهەمبەر "درۆی ناچارەکی" دێنینەوە بیرمان. کانت دەڵێت: ئێمە ناتوانین درۆی مەسڵەحەتی وەک یاسایەکی ئەخلاقی دابنێین، چوونکە هەرکە لە کۆمەڵگەدا وەک دیاردەیەکی باوی لێ هات، ئیتر هیچکەس بەڵێنی بە کەس نادات و کەسیش باوەڕ بە قەوڵ و بەڵێنییەکانی کەس ناکات و ئەگە ناچارەکی ئیمانی پێ بێنیت ئەویش وەک بەرامبەرەکەی وڵام دەداتەوە(کانت. ١٣٩٦).

یاسایەکی ئەخلاقی کە پێوەری هەڵسەنگاندنی بایەخە ئاکارییەکانی سەرجەم کردەوەکانمانە، دەبێ یاسایەک بێ کە بنەما و ڕەگ و ڕیشەی لە ئاوەز و کردە و ویژدانی وشیاری مرۆژایەتی دابێ و بە چەندین جۆر باسی بکرێ کە یەکێک لەوانە ئەمەیە کە؛ بە جۆرێک بجووڵێوە کە بتوانی و بخوازی بنەمای هەڵسوکەوتی تۆ، ببێتە یاسایەکی گشتگیر ئاخێزگەی ئەو یاسایە ئاوەزی کردەیی یان ویژدانی ئەخلاقییە(گلچین. ١٣٨٢). ئیرادەی پاکژ وەک یەکێک لە کۆڵەکە هزرییەکانی کانت کە زۆری باوەڕ پێی هەبووە، دێتە بەر باس و تەنیا شتێک کەبەبێ هیچ پێش مەرجێک، خێرە، هەمەن خواستیی خێرە. کانت دەڵێت؛ ئەگە ئەخلاق وەک بنەمای ئارەزوو بۆ وێنە خودا بزانین، پلە و پایەی ئەخلاق دادەبزێت و سەدەمەمان لە سەربەخۆیی خۆمان داوە. بە بڕوای کانت تەنیا یەک خێری جەوهەری بوونی هەیە و ئەویش خواستی پاکە و دەتوانین لە بۆچوونەکانی کانت ئەوەی لێ هەڵکڕێنین کە، ناوبراو جۆرێک گەشبینی بۆ داهاتوو هەیە ڕێک بەپێچەوانەی "شوپنهاوێر" کە بۆچوونەکانی بەپێچەوانەی کانت و لەبەرامبەر ئەودا هەڵکەوتوون. تەنیا تشتێک بەبێ هیچ شەرت و مەرجێک، چاکە و خێرە، ئیرادەی خێرە. لە ڕوانگەی ئەو، خوداش بەهۆی هەبوونی خواستی باشە، خێرە. ناوبراو دەڵێ بۆ ئەوەیکە بتوانین چوارچێوەیەکی تەواو تۆکمە بۆ ئەخلاق بە دەستەوە بدەین، دەبێ دان بە بوونی خوا دابنێین. لە ڕوانگەی ئەو، ئەخلاقیبوون دەبێتە هۆی ئەوەیکە بە جۆرێک هەڵسووکەوت بکەین کە چاوەڕوانی لە بوونەوەری ئاوەزمەند دەکرێ بە واتایەک، کردەی ئەخلاقی، کرداری ئاوەزمەندێتییە.(دەگوترێ ئەو نێرینەی کانت بۆ باوەڕە ئۆلییەکانی دایک و باوکی کانت دەگەڕێتەوە کە زۆر باوەڕیان بە پیرۆزایەتی مارتین لۆتێر و ئایینی پرۆتێستانەوە هەبووە)

سەربەخۆیی کانت لەسەر چەند پێشگریمانە ڕۆنراوە:

- بوونەوەری بەتەواوەتی ئاوەزمەند، ڕاستییەکان دەڵێت.

- بوونەوەری بەتەواوەتی ئاوەزمەند، بەڵێن ناشکێنیت.

- بوونەوەری بەتەواوەتی ئاوەزمەند، قۆپیە و دەغەڵی ناکات.

- بوونەوەری بەتەواوەتی ئاوەزمەند، دەگەڵ دیتران بە ڕەوشت‌بەرزی هەڵسوکەوت دەکات.(افروغ. ١٣٨٩).

لە فەلسەفەی ئەخلاقی کانت‌دا، تاک لە بەرامبەر کۆ نەرێ نەکراوە بەڵکوو تاکێتیی لەبەرامبەر کەسایەتییدا ڕەت کراوەتەوە، تاک دەست‌کورتی کارتێکراوی نەفسیی خۆیەتی بەڵام، کەس، گوێڕایەڵی یاسای ئەخلاقییە، لە ڕاستیدا ئاخێزگە و سەرێکانی کردەی ئەخلاقی ویژدانە(سرمدی. رادمرد. ١٣٩٤). ئەو ویژدانە ئاکارییەی کانت باسی لێ دەکات، مرۆڤ بانگهێشتی ئەوپەڕی ئاوەزمەندی و ژیری دەکا نەک بەختەوەری، بەهەرحاڵ بەو هەمووە دژوازییەی ئەو دوو چەمکە دەگەڵ یەکتر هەیانە، هەوڵ دەدا ئەوپەڕی جوانیی ڕەوشتبەرزی و هەبوونی ئەخلاق وێنا بکات.

جا چوونکە کانت جگە لە چاکە و باشە شتێکی دیکە ناناسێ، دەڵێت: لە هەموو دنیادا تاکە چاکەیەک هەیە و ئەویش "خواستی باشە"یە و ئیرادەی چاکەش واتە ملکەچ بوون لەهەمبەر بڕیارەکانی ویژدان. کەواتە دەبێ بەرئەمرێ ویژدان بین و لەبەرامبەریدا گوێڕایەڵ، چونکە ویژدانی ئەخلاقی کاری بە ئاکامی کردە نییە کەوابوو سەروکاری دەگەڵ بەختەوەری مرۆڤەکانیش نییە. چوونکە لە ئاکامدا بەختەوەری هەمان ئەمری خۆشییە ئەگەرچی هەموو چێژوەرگرتنێکیش لەڕووی خۆشییەوە نییە، چێژێک دەگەڵ خۆی ئازار بێنیت، خۆشیی نییە، بەختیارییش یانی خۆشیی زۆرتر کە تێیدا هیچ جۆرە ئازار و ژانێک-لەهەموو جۆرێکی دەروونی و جەستەیی-، دنیایی و پەسڵانی(اخروی) بوونی نییە و چارەڕەشی یانی ژان و ڕەنجی کۆمەڵەی ئازارەکان و کۆمەڵێ خۆشییەکانیش بەهەموو ڕوویەکەوە، دەبێ هەژمار بکرێت(زنجانی. ١٣٧٦). ناوبراو هەروەها لەهەمبەر سیاسەت لەپەنا ئاکار، هەوڵ دەدا باشتر بیناسێنێت و پێناسەیەکی نوێی بۆ دابهێنیت و لەسەر ئەو باوەڕەیە کە؛ سیاسەت، کارکردن بە بیردۆزی و بنەماکانی تیۆری مافە، فێربوونی ماف لە چۆنیەتی بەڕێوەبردنەکەیتی، ئەو پێناسەیە ڕێساناسانەیە چوونکە نەک هەر بوون بەڵکوو شیمانەکانیش باس دەکات، ئەو پێناسەیە لە ئاشتی‌نامە بە مەبەستی پێناسەیەکی گشت‌گیر باس نەکراوە، بەڵکوو لێرەدا مەبەست لێی بەرسڤ بە ئیمکانی پێوەندی نێوان سیاسەت و ئەخلاق‌دایە(نیکفر. ١٣٨٤).

بەڵام کە باس لە کەسیی سەر بەو دوو چەمکەش دەکرێ ئەو دوو کەسایەتییە جیاوازیان هەیە، دوو کەسایەتی لە ژێر ناوی "سیاستەمداری ئەخلاقی" و "گوتارخوێنی سیاسی" ئەمە هێمای دوو قوتابخانەی ئاکاریی ئەرک‌تەوەر و ئەخلاق بازرگانین. ئەگە بمانهەوێ ئەو ڕستەیە باشتر ڕوون بکەینەوە دەبێ بڵێین؛ سیاسەتمەداری ئەخلاقی کەسێکە کە بنواشەی سیاسی بە شێوەی هاوتەریب دەگەڵ ئەخلاق بەڕێوە دەبا، واتا لە دەزگای هزری ئەودا سیاسەت گرێدراوی ئەخلاقە(سرمدی. رادمهر. ١٣٩٤)، ئەوەی تر، کەسێک کە ئاکار بەشێوازێک لێ دەکات کە قازانجی لێوەربگریت، بۆ ئەو بەپێچەوانە، ئەخلاق پاشکۆی سیاسەتە و لەژێرفەرمانی ئەودایە. ئەو جۆرە کەسە بە پاشەکشە لە ڕێسا ئاکارییەکان هەوڵ دەدات پرسەکان بە شێوەی ئەزمونکراو چارەسەر بکات. بۆ ئەو کەسە مانەوە و بەردەوامیی هێز و دەستەلات و بەرژەوەندییەکان ئامانجی کۆتاییەتی. کەواتە سیاسەت کاتێک ئاوێتەی ئەخلاق دەبێت کە سیاسەت‌دانەر ئەرکی یاسایی خۆی جێ‌بەجێ دەکات، بەدڵنیاییەوە لێرەدا یاسا ئەو شتە نییە کە نووسراوە و پشتیوان و یارمەتیدەریشی هێزی حکومەتە. بە ڕوانینی کانت هەرکاتێک لەنێوان ئەخلاق و سیاسەت دا گڕژی ڕوو بدات، ئەوە ئەخلاقە کە دەتوانێ پێوەندی خۆی دەگەڵ سیاسەت بپچڕێنیت؛ لەبەرامبەر ئەوە سیاسەتە پێویستی بە ئەخلاق هەیە، بۆ درێژەدان بە ژیان و پێوەندی نێوان سیاسەت و ئەخلاق لە کۆمەڵگەدا تەنیا نابێ خۆمان بە زانکۆ و وانەکان ببەستینەوە بەڵکوو دەبێ ئەمە بۆناخی چینەکانی کۆمەڵگە بەرین. دەبێ لە پەندەکانی ئاوەزی کردەیی کانت کەڵک وەربگرین و ویژدانیی ئەخلاقی گەشە پێ‌بدەین هەتا ببێتە کولتوری گشتی لەنێو کۆمەڵگە، هەڵبەت خێرایی جێگرتنی ئەو بابەتەش بۆ سیستەمی سیاسی ئەو وڵاتە دەگەڕێتە کە هەتا دێموکراتتر بێ گەیشتن بەو ئامانجە خێراتر ڕوو دەدات.

لە کۆتاییدا:

"سیاسەتی ڕاستەقینە ناتوانێت بەبێ ڕێزلێنان لە ئەخلاق گەشە بکا و پێش بکەوێت، هەرچەند سیاسەت خۆی هونەرێکی دژوارە و سەختە، بەڵام یەک‌ڕەنگ بوونی لەتەک ئاکار هیچ هونەرێکی سەیروسەمەرە نییە، چوونکە ئەو هاوڕەنگییە گرێ‌کوێرەی دژوازی نێوان سیاسەت و ئەخلاق دەکاتەوە. مافەکانی مرۆڤ دەبێ ڕێزیان لێ بگیردرێ و وەک ئەمرێکی پیرۆز سەیر بکرێن، هەرچەند تێچووی ئەوە فیداکارییە بۆ ئەو کەسانەی لە دەستەڵاتدان قورس بێ، لێرەدا کەس ناتوانێ نیوەڕێگا بپێوێت و دەسکەوتەکەی لە مافەیلی هاوشێوە بەمەرج(لە نیوەڕێگای نێوان ماف و هەل‌پەرەستی)بۆخۆی دابنێت؛ لەبەرامبەردا، هەموو سیاسەتێک دەبێ لەهەمبەر ئەخلاقێتی چۆک دابدا و بەم کارە دەتوانێ هیوادار بێ، هەرچەند بە لەسەرەخۆیی بەڵام لەکۆتایی‌دا پلەیەک دەستەبەر دەکات کە بۆ هەتاهەتایە لە ڕووناکییەکی سەقامگیردا دەدرەوشێتەوە(کانت. ٣٥).

سەرچاوەکان:

- کانت، امانوئل. ٢٠١٥. طرحی فلسفی بە سوی صلح ابدی. مترجم. باقر، پرهام. پروژە توانا.

- سرمدی، حمید. رادمرد، سعید. ١٣٩٤. اخلاق و سیاست در فلسفە انتقادی کانت. همایش بین المللی نوآوری و تحقیق در هنر و علوم انسانی. دورە ١. دانشگاه علوم تحقیقات تهران.

- افروغ، عماد. ١٣٨٩. پرسشهای اساسی رابطە اخلاق و سیاست.جستارهای سیاسی معاصر، پژوهشگاه علوم انسانی و مطالعات فرهنگی.سال اول.شمارە اول.صص١-٣٢.

- گلچین، حسین. ١٣٨٢. فلسفە اخلاق کانت. نامە فرهنگ، شمارە چهل و هشت.صص ٩٣-٩٩.

- کانت، امانوئل. ١٣٦٩.بنیاد مابعدالطبیعە اخلاق.ترجمە حمید عنایت، علی، قیصری.تهران.خوارزمی.

- زنجانی حقانی، حسین. ١٣٧٦. نظریە کانت دربارە وجدان اخلاقی و نقد آن. ماهنامە مکتب اسلام. شمارە دە.

- نیکفر، محمد رضا. ١٣٨٤. مفهوم صلح. نگاه نو. شمارەهای ٦٣ تا ٦٥.