کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دژایەتی لەگەڵ حیزبی دێموکراتی کوردستان لەپای چی؟

11:12 - 5 سەرماوەز 2725

عومەر باڵەکی

ماوەیەکە شەپۆلێکی نوێی هێرشی ناڕەوا و بێ‌بنەما دەکرێتە سەر حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و هێندێک گروپ و حیزب بە بەکارهێنانی دەستەواژەی وەک حیزبی کلاسیک و کۆن و کورت‌بین و ڕاڕا و سەرلێ‌‌شێواو، دەیانهەوێ ڕۆخسارێکی دزیو و دوور لە ڕاستی لە مێژوو و ئێستای حیزبی دێموکرات پێشانی کۆمەڵگەی کوردستان بدەن و، لەو هەلومەرجەدا کە کۆماری ئیسلامی تێی ‌کەوتوە؛ بەجێگای یەکگرتن ئاو لە ئاشی دوژمنی مافەکانی کورد دەکەن.

پێک‌هاتنی حیزب و حیزبایەتی یەکێک لە دیاردەکانی سەردەمی گەشەکردنی دونیای مۆدێڕنە و، لە سەردەمی ئێستادا لە وڵاتانی پێشکەوتوو و دێموکراتیکدا حیزب کاریگەرترین کەرەستەیە بۆ دەستاودەست‌کردنی دەسەڵاتی سیاسیی و بەڕێوەبردنی وڵات. لە وڵاتە پێشکەوتوو و دێموکراتیکەکاندا حیزبەکان پێکەوە کێبەرکێ بۆ وەدەستهێنانی زۆرترین دەنگی خەڵک دەکەن، بۆ ئەوەی بگەنە لوتکەی دەسەڵات. بۆ ئەو مەبەستەش لە ڕێگای پڕوپاگەندەی سەرشەقام و گرتنی سیمینار و کۆنفڕانس و بڵاوکردنەوەیان لە ڕاگەیەنە گشتییەکانی وەک ڕۆژنامە، ڕادیۆ و تیڤی، هەوڵ دەدەن بیروبۆچوونی خۆیان لەسەر بابەتە جۆراوجۆرەکانی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابووریی کۆمەڵگە بخەنە بەر نەزەری هاووڵاتییانی خۆیان. ئەو حیزبانە لەو ڕێگایەوە هەوڵ دەدەن بە دەنگی خەڵک ڕەقیبەکانی خۆیان لە مەیدانی کێبەرکێ لە مەیدان بەدەر و تووشی شکەستیان بکەن، بۆ ئەوەی خۆیان بگەنە لوتکەی دەسەڵاتی بەڕێوەبەریی وڵات و بەرنامەکانی خۆیان بۆ ئاوەدانی و گەشەپێدانی کۆمەڵگە بخەنە بواری جێبەجێ‌کردنەوە. بەڵام دەبێ ئەو ڕاستییەمان لەبەرچاو بێ کە هەموو ئەو کار و تێکۆشانە تەبلیغاتی و پڕوپاگەندە لە چوارچێوەی قانووندا دەچێتە پێش و هیچ حیزبێک بۆی نیە ئەو چوارچێوەیە ببەزێنێ و بە مەبەستی سەرکەوتنی خۆی بە هەڵبەستنی درۆ و بۆختان تۆمەتی بێ‌بنەما لە حیزبەکانی دیکە بدا. چونکە ئەگەر شتی وا لەهەر حیزب و تەنانەت کەسانی خاوەنی کورسی دەسەڵات ڕوو بدا، لەسەر سکاڵای حیزبی تۆمەت‌لێدراو ئەو حیزبە یا کەسایەتییە تووشی لێپێچینەوەی دادگا دەبنەوە و بەپێی ڕادەی سەرپێچی لە قانوون سزا دەدرین کە، دیارە لە وڵاتانی پێشکەوتوو و دێموکراتیکدا ئەو سزادانە ڕاستەوخۆ کاریگەریی دەبێ لەسەر پێگەی جەماوەری ئەو حیزبە کە بە بڕیاری دادگا سزا دراوە.

بەڵام بەداخەوە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەهۆی دەسەڵاتی نیزامی کۆماری ئیسلامیی ئێران هیچ کام لە حیزبە کوردستانییەکان بەئاشکرا ناتوانن حزووریان لەنێو کۆمەڵگەی کوردستاندا هەبێ، هەتا لە مەیدانی کێبەرکێ حیزباتیدا دەنگی خەڵک بکرێ بە مەحەک و پێوانەی پێگەی جەماوەری،و یا لە دادگایەکی دادپەروەردا ئەو تۆمەتانەی ڕووبەڕووی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، ڕێبەرانی شەهید و کادر و پێشمەرگە فیداکارەکانی ئەو حیزبە دەکرێتەوە، بە بەڵگەی مەحکەمەپەسەند و لە چوارچێوەی قانووندا لێپرسینەوەیان لێ بکرێ، بۆ ئەوەی دەرکەوێ کە کام حیزب لە خەت و ڕێبازی گەل لای داوە و بۆتە داردەستی لایەنی جۆراوجۆر و پاسەوانی ئایدۆلۆژیای ناسەقامگیر.

دەگوترێ حیزبی دێموکرات، حیزبێکی کلاسیکە، بەو مانایە کۆن و بەڕۆژ نەبۆتەوە، بێ ئەوەی سەرنج بخرێتە سەر مێژووی هەشتا ساڵەی حیزبی دێموکرات و قۆناغە جیاوازەکانی خەباتی ئەو حیزبە. حیزبی دێموکرات هەر لە سەرەتای دامەزرانیەوە وەک حیزبێکی مۆدێڕن و پێشکەوتوو و سەردەمییانە پێی ناوەتە مەیدانی تێکۆشان. دیاردەکانی وەک دێموکراسی، جمهوری، بڕیاردان لە دیاریکردنی مافی چارەنووس، ئاشناکردنی ژنان بە مافەکانیان، بەربەرەکانی لەگەڵ نەخوێندەواری، دامەزراندنی چاپخانە و دەرکردنی ڕۆژنامە و گۆڤار بۆ توێژی جیاوازی نێو کۆمەڵگە، دامەزراندنی ڕادیۆ و سینەما و بەڕێوەبردنی کۆمەڵگە لە لایەن شۆڕاکان و گەشەپێدان بە شوناسی نەتەوەیی لە ڕێگای دروستکردنی هێما نەتەوایەتییەکانی کردۆتە سەر لوحەی کاری خۆی و لە ماوەی هەشتا ساڵی ڕابردوودا هەموو ئەو دیاردانە لە بەرنامە و پێڕەوی نێوخۆیی حیزبدا ڕەنگی داوەتەوە و بەپێی هەلومەرجی خەبات بۆ وەدیهاتنیان کاریان بۆ کراوە.

دەگوترێ کە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ڕێبازی حیزبەکەی پێشەوا لای داوە، بەداخەوە ئەوانەی وا دەڵێن بەتەواوی دیارە لە ڕووی ناخۆشەویستییان بۆ حیزبی دێموکراتە، دەنا بۆ جارێکیش بوایە بەرنامە و پێڕەوی حیزبیان دەخوێندەوە کە، بە هەموو ئاڵوگۆڕەکانی کە بەپێی بارودۆخی خەبات لە قۆناغە جۆراوجۆرەکاندا تێیدا ڕووی داوە لەو سێ ئەسڵە (خەباتی نەتەوایەتی، خەبات بۆ دادپەروەری کۆمەڵایەتی و جێگیرکردنی دێموکراسی) کە بنەمای دامەزراندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانە، لای نەداوە و پێوە پابەندە و لە هەمان کاتدا لە ڕاپۆرتی کۆمیتەی ناوەندی بۆ هەموو کۆنگرەکانی حیزب پێداگریی لەسەر ئەو سێ ئەسڵە کراوەتەوە.

دەگوترێ حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ڕاڕایە و تەنانەت بوختانی ئەوەی لێ دەدرێ کە بۆتە هۆکاری تێکدانی ناوەندیی هاوکاری حیزبەکانی کوردستانی ئێران ولە هەمان کاتدا خۆیان بە خاوەنی شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی" دادەنێن. لەودا کە هەر حیزبە ئازادە سەبارەت بە دیارەدەکانی نێو کۆمەڵگە و کاریگەرییان لەسەر ئەو ڕووداو و باسانە بە قازانجی خۆی قسە بکا، بەڵام ئەو قسەکردن و تەبلیغە بە نرخی سڕینەوە و لێدان لە مێژوو و پێگەی جەماوەریی حیزبێکی دیکە زیانبارە و لە هیچ هەلومەرجێکدا بە قازانجی بەرژوەندیی گشتی کۆمەلگە نیە. ئەگەر لەو سەردەمەدا لە کوردستان ئیمکانی ئەوە نیە دەزگایەک هەبێ بۆ روونکردنەوەی ڕاستی و دروستی بابەتەکان، خۆ خەڵکی کوردستان هاوشان لەگەڵ حیزبەکان لە مەیدانی خەبات‌دان. بۆیە ئەو حیزب و کەسایەتییانە دەبێ لە بیریان بێ کە خەڵک و کۆمەڵگە قەزاوت لەسەر قسەکانی ئەوان دەکا و ڕاستی و دروستیی قسەکانیان هەڵدەسەنگێنی و حوکمی خۆیان لە سەردەدەن و ئەوە خەڵكە لە شوعار و کرداری خۆیاندا پێگە سەنگی حیزبەکان لەنێو کۆمەڵگەدا دیاری دەکەن. لە هەمان کاتدا ئەو کەسانەی بەدژی حیزبی دێموکراتی کوردستان ومێژووەکەی قسە دەکەن بەداخەوە خۆ لە و ڕاستییە دەبوێرن کە حیزبی دێموکرات لە ئاست پێک هێنانی هێچ هاوپەیمانێک کە بەرژوەندی نەتەوەیی گەلی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان بپارێزی وبۆ وەدەست هێنانەوەی مافی گەلی کورد تێ‌بکۆشی دەمار گرژ نەبووە بەڵکوو بە پێچەوانەوەی ڕوانگەی تەکرەوانەی ئەو جۆرە کەسانە هەموو کات  ئامادە بووە بۆ پێک‌هێنانی هاوپەیمانی لەنێو ئەحزابی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە گەورە و بچووکەوە و بە ئایدۆلۆژیای جیاوازەوە وهیچ لایەکی بۆ هیچ لایەک وەلا نەناوە و هەوڵی داوە هاوپەیمانییەک پێک بێ کە زۆرینەی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانی تێدا بەشدار بن. ئەگەر ئەوە دەبێتە کورتبینی و سەرلێ‌‌شێواوی چ جیاوازییەکی هەیە لەگەڵ تەنیا خۆدیتن و خۆبەزلزانی هێندێک لە بەرپرسانی ئەو حیزبانە.

لەو کاتەوە حیزبی دێموکراتی کوردستان لەسەر دەستی پێشەوای شەهیدمان دامەزراوە، هەشتا ساڵ تێپەڕ دەبێ و لە ماوەی ئەو هەشتا ساڵەدا بەدەیان حیزب بە ئایدۆلۆژیا و دونیابینیی جیاواز لە گۆڕەپانی سیاسیی ئێران و کوردستان سەریان هەڵداوە و تەنانەت لە قۆناغێک لە مێژوودا زوو بەخێرایی گەشەیان کردوە، بەڵام لە ماوەیەکی زەمەنیدا چونکە ڕەگ و ڕیشەیان لەنێو کۆمەڵگەی ئێران و کوردستاندا نەبووە، لێک هەڵوەشاوەن و بوون بە بەشێک لە لاپەڕەکانی مێژوویی حیزبەکانی ئێران و کوردستان. بەڵام حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە هەموو ئەو کەند و کۆسپ و دژوارییەکانی سەر ڕێگای، چ لە سەردەمی ڕێژیمی پاشایەتیی و چ لە سەردەمی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بۆ تەنیا یەک ڕۆژیش خەباتکارانی ئەو حیزبە ڕێگای خەباتی ڕزگاریخوازی گەلی کوردیان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەرنەداوە. لە مێژووی سەد ساڵی ڕابردوویی خەباتی گەلی کورد بەتایبەتی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەبێ ترس و دڵەڕاوکێ دەتوانین بڵێین کە حیزبی دێموکرات تەنیا حیزبێکە کە لەسەر ئەو ڕێبازەی کە دامەزراوە ئەویش دەستەبەرکردنی مافە نەتەوایەتییەکانی گەلی کوردە، لای نەداوە و لەو ڕێگایەدا خەباتێکی خوێناوی و دژواری بە دژی دوو ڕێژیمی پاشایەتیی و کۆماری ئیسلامی ئێران کردوە و، خاوەنی هەزاران شەهیدی ئەو ڕێبازەیە و لەو دەگمەن حیزبانەیە کە ڕێبەرانی شان‌بەشانی کادر و پێشمەرگە و ئەندامەکانی و خەڵکی کوردستان لە سەنگەری پێشەوەی خەباتدا بوون و هەن و شاهیدی بۆ ئەو قسەیە شەهید بوونی ٣٥ کەس لە ئەندامانی ڕێبەریی حیزبە کە لە مەیدانی خەبات و سەنگەری پێشمەرگایەتیدا شەهید بوون کە لە نێویاندا سێ شەهیدی سەرکردە "پێشەوا، د. قاسملوو، د. شەرەفکەندی" دەبیندرێن.

ڕەمزی مانەوەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ئەوەیە کە، هەر لە سەرەتاوە وەک پێویستییەکی مێژوویی بۆ ئەوە پێک‌هات کە بتوانێ خەبات بۆ وەدەست‌هێنانەوەی مافە نەتەوایەتییەکانی گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەتا سەرکەوتن درێژە بدا. حیزبی دێموکراتی کوردستان هەر وەکی باس کرا لەسەر سێ بنەمای خەباتی نەتەوایەتیی، دادپەروەری کۆمەڵایەتی و دێموکراسی‌خوازی دامەزراوە و دەبینین و مێژوو شاهیدە کە لە ماوەی هەشتا ساڵی ڕابردوودا کە حیزبی دێموکرات بە قۆناغی جۆراوجۆردا تێپەڕیوە، پابەند بووە بەو سێ بنەمایە و لە هەمان کاتدا هەوڵی داوە لەهەر قۆناغێکی خەباتدا بەپێی بارودۆخ و ئیمکانی تێکۆشان بۆ بەرەوپێشبردنی هەریەک لەو بنەمایانە کار بکا. هەربۆیە دەتوانین بڵێین حیزبی دێموکرات تەنیا حیزبێکە کە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران لە ماوەی هەشتا ساڵ خەباتدا وەفادار بەو ئامانجانە بووە کە، لە سەرەتاوە بۆی دروست بووە. بەڵام هێندێک لەو گرووپانەی بە ناڕەوا هێرش دەکەنە سەر حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لە ماوەی تەمەنی کەمی خۆیاندا بە چەندین جار بنەما فکری و ئایدۆلۆژی خۆیان گۆڕیوە و تەنانەت پشتیان لە مێژووی خۆیان کردوە و، لە حیزبێکی چەپی ئۆڕتۆدۆکسەوە بازیان داوەتەوە سەر پرسی نەتەوەیی، ئەویش بەسەقەتی. چونکە لە نێوان ڕابردوو و ئێستادا گیریان خواردوە، و بەوحاڵە هەموو هەوڵ و تێکۆشانیان ئەوەیە لەو بوارەدا خۆیان بگەیەنە ئاستی حیزبی دێموکرات و یەکێک لەو ڕێگایانەی گرتوویانەتە بەر بۆ ئەوەی هاوتەرازی حیزبی دێموکرات بن ئەوەیە کە، لە ڕێگای پڕوپاگەندەو تۆمەتی بێ‌بنەما بۆ حیزبی دێموکرات زیان بە پێگەی جەماوەری حیزب لە کۆمەڵگەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بگەیەنن کە بەخاترجەمی لەو کارەدا سەرکەوتوو نابن، چونکە لە ساڵەکانی ٥٨-١٣٥٩ زیاتر لە دوو لەسەر سێی خاکی کوردستان ناوچەی ئازاد کرابوو و بەدەستی هێزی پێشمەرگەوە بوو، هێندێک هێز و لایەنی سیاسیی هەبوون کە بەهەموو توانایانەوە لەنێو خەڵکی کوردستان تەبلیغیان بەدژی حیزبی دێموکرات دەکرد کە، ئەوکات هەوڵی دەدا شەڕ لە لایەن دەسەڵاتدارانی تازە بە دەسەڵاتگەیشتووی تارانەوە بەسەر کوردستاندا نەسەپێ و بۆ ئەوەی گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بتوانێ لە کەشێکی ئارام دا گەشە بە بواری ئابووری و فەرهەنگی و سیاسیی خۆی بدا، بەڵام ئەو حیزبانە حیزبی دێموکراتیان بە سازشکار ناو دەبرد و هەموو شەقامەکانی کوردستانیان پڕ کرد بوو لە شوعاری سازشکار مەحکوومە. بەڵام کاتێک شەڕ لە لایەن حکوومەتی کۆماری ئیسلامی بەسەر کوردستاندا سەپا، بەشی شێر لە دیفاع و بەربەرەکانی لە بەرانبەر سپای کۆک و پۆشتەی کۆماری ئیسلامی ئێران وەبەر هێزی پێشمەرگەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران کەوت و خەڵکی کوردستان ئەوەیان بەچاوی خۆیان دەدی و تەنانەت لەگەڵ تێپەڕبوونی ماوەیەکی زۆری زەمەنی لە نەبوونی حزووری مەیدانی پێشمەرگە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و هەوڵی زۆری دامودەزگاکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بۆ لێکدابڕانی خەڵک و حیزبی دێموکرات تێدا سەرکەوتوو نەبوو و، خەڵکی کوردستان ئەو پەیوەندیی ڕۆحی و ڕەوانییەی خۆیان لەگەڵ حیزبی دێموکراتی کوردستان نەپچڕاند و دەبینین لەسەرەتای دەستپێکی شۆڕشی ژینادا شەقامەکانی شار و شارۆچکەکانی کوردستان پڕ بوون لە دروشمی "قاسملوو قاسملوو ڕێگات درێژەی هەیە" و لە نەورۆزی خاکی‌پۆشان پێگەی جەماوەری حیزبی دێموکرات بەئاشکرا خۆی دەرخست و تەنانەت دامودەزگاکان و کەسانی ڕادە باڵایی نێودەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیش نەیانتوانی خۆیان لە ئاستی پێگەی جەماوەری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران کەڕ بکەن و دانی پێدانەنێن.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران هەموو کات لەسەر ئەو باوەڕە بووە کە هێز لە یەکگرتوویی دایە، بۆیە چ لەسەرەتای دامەزرانییەوە لە ساڵی ١٣٢٤ بە کۆکردنەوەی هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگەی کوردستان لەژێر یەک چەتر و چ لەسەردەمی دوای شۆڕشی گەلانی ئێران، واتە ساڵی ٥٧-١٣٥٨بە پێک‌هێنانی هەیئەتی نوێنەرایەتیی گەلی کورد بۆ وتووێژ لەگەڵ حکوومەتی تازە دامەزراو لە تاران و چ لەسەردەمی ئێستادا هەوڵدان بۆ پێک‌هێنانی ناوەندیی هاوکاری و ناوەندی دیالۆگی حیزبەکانی کوردستانی ئێران، کاری بۆ ئەو یەکگرتووییە کردوە. بەڵام بەداخەوە لە هەر قۆناغێکدا بەهۆی ڕەقابەتی ناسالمی هێندێک لە حیزب و گروپەکان لەگەڵ حیزبی دێموکرات نەتوانراوە ئەو هاوپەیمانی و یەکگرتوویە پێک بێ، ئەویش تەنیا و تەنیا لەبەر ئەوەیە کە ئەو حیزب و گرووپانە لە خەیاڵی ئەوەدان بە هەڵبەستنی بۆختان و تۆمەتی بێ‌بنەما پێگەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەنێو کۆمەڵگەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لاواز بکەن و، بەو کارە پێگەی خۆیان بەهێز بکەن، واتە گەورەبوونی خۆیان لە شکانی حیزبی دێموکراتدا دەبینن کە مێژوو سەلماندوویەتی ئەوە تەنیا خەیاڵێکی خاوە و باشتر وایە بەجێگای یەکتر شکاندن هەوڵ بۆ یەکڕیزی و تەبایی نێو ماڵی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بدەین.