
دڵشاد هەورامی
پێشەکی
هێرشی ئیسڕائیل و ئەمریکا (شەڕی ١٢ڕۆژە) و ئەنجامەکانی، نەتەنیا دەسەڵاتدارانی تاران و خەڵکی ئێرانی تووشی سەرسامی و داچڵەکان کرد، بەڵکوو بووە هۆی سەرسام بوونی تەواوی دەوڵەتان و ناوەندە پەیوەندیدارەکان بە ئێران و قەیران و کێشەکانییەوە.
ڕاوکردن و لەداوخستن و کوشتنی فەرماندە باڵاکانی سپای تیرۆریستی پاسداران و زانا ئەتۆمییەکان لەنێو جەرگەی تاراندا، تەنیا شکستێکی ئاسایی لە مەیدانی شەڕدا نەبوو. ئیسڕائیل تەنیا بە دووانزدە ڕۆژ باڵادەستی و هێژموونی دەسەڵاتێکی شکاند کە نزیک بە نیوسەدە کار بۆ دروستکردنی کرابوو.
لە دوای شەڕی ١٢ ڕۆژە، تاران چیتر ئەو هێزە مەترسیدار و شوێندانەرە لە ناوچەکە و جیهاندا نەما. ڕێژیمێک کە هەڕەشەی لە هەموو جیهان دەکرد و بانگەشەی دەرکردنی هێزەکانی ئەمریکا و بریتانیای لە ناوچەکە دەکرد. لە کەمتر لە دوو ڕۆژدا پاراستنی ئاسمانی وڵاتەکەی لەسۆنگەی باڵادەستیی نیزامییە ئیسڕائیلەوە لە دەست دابوو. ئەوە کە وەزیری دەرەوەی ئێران ناچار بوو بە ڕێگای وشکانیدا و لە تورکییەوە بۆ ڕاپەڕاندنی کارەکانی سەفەر بکات، داڕمانی هەیبەت و هەیمەنە و تەقینی فوودانێکی گەورە بوو کە ئەساسی بە گەندەڵی و پرۆپاگەندەی درۆ دانرابوو.
لە دووانزدە ڕۆژی شەڕ و تەنانەت تا چەند هەفتە دواتر، مان و نەمانی دەسەڵاتی سیاسی و نیزامی ئاسنینی کۆماری ئیسلامی کەوتبووە ژێر پرسیار. دەسەڵات کاتی دەویست کە خۆی بگرێتەوە. پڕکردنەوەی جێی خاڵی ئەوانە کە کوژرا بوون، ئەستەم بوو و هەیە. پرسیاری لە کوێ بوون و چۆن بوونی خامنەیی وەک کەسی یەکەمی وڵات، تا ئاستی بوون بە گەمەی منداڵانی کۆڵان و سووژەی تەنزی شەقام پرسیارێکی بێ وڵام بوو.
ڕەنگی زەرد و شێوەی فیلم هەڵگرتن و ترسێک کە لە نیگای خامنەیدا لە یەکەمین دەرکەوتنیدا دوای دەستپێکردنی شەڕ بینرا، وێنەی ڕاستەقینەی دیکتاتۆرییەتێک بوو کە لە بنەڕەتەوە بە درۆ و تەزویر خشت بە خشتی چێنرابوو.
ئەم دۆخە چەند دۆخێکی مەترسیدار بوو بۆ کۆماری ئیسلامی، بەڵام لە بەرەکەی دیکەدا بۆ دژبەران و نەیارانی وەک دەرفەت چاوی لێ دەکرا. هەم لە نێوخۆی ئێران و هەم لەنێو ئۆپۆزیسیۆنی دەرەوەی وڵات، خۆ ئامادەکردن و کێبەرکێیەک بۆ جێگرتنەوەی دەسەڵات دەستی پێ کرد کە ئێستاش درێژەی هەیە.
لە نێو ئەو هێزانەدا کە خۆ بە جێگرەوەی دەسەڵات دەزانن و خۆ بۆ سبەی ڕۆژی دوای کۆماری ئیسلامی حازر ئەکەن، کوڕی شای پێشوو و ڕێکخراوی موجاهدینی خەڵقی ئێران دەنگیان لەوانیتر بەرزترە. لە نێوخۆیشدا جگە لە ڕەوتێکی نایەکگرتوو لە تێکنۆکرات و ڕۆشنبیران، دابڕاوان و دوور خراوان لە دەسەڵات بەتایبەت ڕەوتی ڕۆحانی و ئەحمەدینژاد و ڕێفۆرمخوازەکان وەخۆ کەوتوون. لەم وتارەدا هەوڵ ئەدرێت، شێوە و ڕێکارەکانی ئەو ڕەوتانە بۆ گرتنە دەستی دەسەڵات و شانسی هەر لایەک بە کورتی بخرێتە بەر باد.
کوڕی شای پێشوو (تاج و تەخت)
پێم وایە باشترین ناوێک کە بۆ ئەم ڕەوتە کە لە واقعیەتی وجوودییەوە نزیکترین بێت، «خەونی کوڕی شا» یا تەنانەت بەتەنیا کوڕی شایە. کوڕی شا خۆی بە میراتبەر و میراتگری سیستەمی ڕووخاوی پاشایەتی دەزانێت. ئەو دەسەڵاتی ئێران بە میراتی باوکی دەزانێت. خۆی بە زوڵملێکراوێک کە بۆ وەرگرتنەوەی میراتە خوراوەکەی تێدەکۆشێت پێناسە دەکات. وەک هەموو پاشایەکی جیهان سێهەمی، باوەڕی بە کاری هەرەوەرز و تەشکیلات و هەڵبژاردن و دێموکراسی نیە. سووربوونی لەسەر بەرپاکردنەوەی تەختی سێبەری خوا (شا) بەسە بۆ سەلماندنی حەزی بە تەکدەنگی و تەک میللەتی و دیکتاتۆری.
کوڕی شا تەنانەت لە دەرەوەی وڵات کە مەجالی باشی یارگیری و تەشکیلات سازی تێدایە، نەیتوانیوە و بگرە زۆرتر نەیویستووە هەزینە بکات و لە خۆی ئاقڵترەکان لە خۆی کۆ کاتەوە. بینینی خۆپیشاندانەکانی لایەنگرانی و بیستنی دروشمەکانیان و ڕەفتاریان لەگەڵ ناموافقان پێکەوە نمایشی لۆمپەنیزمێکی ڕەها و ڕووتن.
کوڕی شا بە کەلکوەرگرتن لەو سەرمایە کە باوک و دایکی لە ئێران بردیانە دەرەوە، توانیویەتی بە هاوکاری و بگرە هیممەتی دایکی تا ڕادەیەک سەرنجی ئیسڕائیلییە توندڕەوەکان و بڕێک لە حیزبەکانی بەرەی ڕاست لە ئورووپا بۆ لای خۆی ڕابکێشێت. بەکورتی کوڕی شا زیاتر لە خەڵک و حیزب و تەشکیلات سەرمایەگوزاری لەسەر هێز و دەوڵەتی دەرەکی کردوە. ئەو پێی وایە لە ئێرانی دوای کۆماری ئیسلامیدا، جارێکیتر زلهێزان دیاری دەکەن کە کێ دەسەڵاتی بدرێتێ. پەهلەوی بەتەمایە هەمان سیناریۆی بە دەسەڵات گەیشتنی باب و باپیری دەسەڵات بگرێتە دەست. بەکورتی کوڕی شا کۆی پرۆژەی چوونەوە تارانی لەسەر ئەم بیرۆکە و پێشبینییە داڕشتووە.
پەهلەوی لە نێوخۆی وڵات لە تاران و دەورووبەری و بە ڕادەیەکی کەمتر لە شارە فارسنشینەکان لایەنگری هەیە. لایەنگرانی کوڕی شا ڕێکخراو و سازماندراو نین. بەشێکی زۆری ئەوانە کە لە خۆپیشاندانەکاندا دروشمی لایەنگری لە پەهلەوی ئەدەن، دروشمەکە وەک بەراوەرد کردن و هاوارکردنی خڕاپتر بوونی حاڵیان لە سەردەمی ئاخوندیدا بەڕووی دەسەڵاتدا ئەدەن. «رضا شاە روحت شاد» زیاتر لەوە کە فیکر و نەقشە ڕێگایەک بێت بۆ داهاتوو، ڕەحمەت بۆ کفن دزەکەی پێشوو ناردنە. لەگەڵ هەموو ئەم حەقێقەتانەدا کە باس کران، نابێت بیرمان بچێت کە، ژینگەی سیاسی ئێران بەدرێژایی سەدان ساڵە لەبار و گونجاوە بۆ ڕووداوی چاوەڕوان نەکراو و هاتنە سەرکاری کەسانێک کە کەس حیسابی بۆ نەکردون.
دوور نیە لە نەبوونی جێگرەوەیەکی بەهێز یا بەرەیەک لە هێزە پێشکەوتنخوازەکان، زلهێزەکان و هێزە ناوچەیەکان حاکم بۆ تاران دیاری بکەن. لە وەها ئەگەرێکدا کوڕی شا شانسی دەبێت. گوێ لە مست بوون و بێ ئیرادەیی و هۆگری بێ مەرج و بێ سنووری بۆ ئیسڕائیل و ئەمریکا و هەر دەوڵەتێک کە ئاوڕی خێری لێ باتەوە، کوڕی شا دەکاتە یەک لەو بەربژێرانە کە لەغاوی ئەسبە لەڕ و پیرەکەی تارانی بەنە دەست.
ڕێکخراوی موجاهیدینی خەڵقی ئێران (دین و دەوڵەت)
ڕێکخراوی «مجاهدین خلق ایران» کە ساڵی ١٣٤٤ (١٩٦٥) دامەزراوە، لە باری کاری ڕێکخراوەیی و تەشکیلات و نەزمی حیزبییەوە خاوەنی هەموو ئەو شتانەیە کە کوڕی شا نیەتی؛ واتە ڕێکخراوێکی داخراو، بەڵام بەهێز و عەمەڵگەرا.
لوتکەی بەهێزی ئەم ڕێکخراوە دوو ساڵی یەکەمی هاتنەسەر کاری ڕێژیمی ئاخوندییە. دواتر ڕێژیم لەگەڵیان تێک چوو و بە دڕندانەترین شێوە تا بۆی کرا قەتڵ و عامی کردن. شەڕی ئێران و عێراق دەرفەتی خۆ سازماندانەوە و هێزگرتنی دووپاتەی بۆ ڕەخساندن. بە تێچوویەکی قورسەوە لە باری پێگەی سیاسییان لە نێوخۆی وڵات، لە ساڵانی شەڕدا کاریگەری و هێزیان هەبوو. عەمەڵیاتی «فروغی جاویدان» دەستپێکی قۆناغێکە کە ئەستێرەی بەختی ئەم ڕێکخراوە تێیدا بەرەو داکشان دەچێت.
ڕووخانی سەدام و هێزگرتنی هێزە شیعەکانی سەر بە ئێران لە عێراقی دوای سەدام، دەرکردنیان لە عێراق و تەوقدانیان لە کەمپێک لە ئاڵبانی زەربەی کوشەندەیان لە توانای ئینسانیی ئەم هێزە وەشاند. پەڵە و شەرمی هاوکاریی دوژمنی دەرەکی (سپای عێراق) لە شەڕدا، ئێستاکەش بەرۆکی بەرنەداون. نادیاریی چارەنووسی کەسی یەکەم و ڕێبەری کاریزماتیکی موجاهیدین «مەسعوود ڕەجەوی» و دەیان قەیرانی دیکە تا دێت هۆکاری چکۆلەبوونەی بازنەی کاریگەریی ئەم هێزەن لەم دوو دەیەدا.
سەرەڕای ئەو هۆکارانە کە موجاهیدینی خەڵقیان پێ لاواز بووە و باس کران. ئەم ڕێکخراوە ئێستاکەش، تا ڕادەیەک توانای هەستانەوە و هێزگرتنی هەیە. موجاهیدین لە دەرەوەی وڵات بەتایبەت ئورووپا تەشکیلاتێکی ڕێکوپێک و بەهێزی هەیە و تەوانای مانۆڕ و ڕێکخستنی ئاکسیۆنی گەورەی هەیە. موجاهدینی خەڵقیش وەکوو کوڕی شا خاوەنی ئابووری بەهێزە کە، دەستی کراوە ئەکات لە لابیگەری و کۆ کردنەوەی پشتیوان لەنێو سیاسییەکانی ئورووپا و ئەمریکادا. دەنگۆی پاڵپشتی کرانی ماڵی لە لایەن سعوودییەکان و بەرەی عەرەبی دژی کۆماری ئیسلامی لەمێژ ساڵە دەبیسترێت.
خاڵی لاوازی ڕێکخراوی موجاهیدینی خەڵق کە شانسی لە داهاتووی ئێراندا دادەبەزێنێت، پیر بوون و بەساڵاچوونی ئەو نەسڵەیە کە لەگەڵ موجاهید پێ گەیشتن و فێری سیاسەت بوون. نەوەی نوێ و تەنانەت نەوەکانی دوای شەڕی ئێران و عێراق، کەسانێکی بێزار لە دینی دەوڵەتی و ئاوێتەکردنی دین و سیاسەتن. ئایدۆلۆژیا و دنیابینیی موجاهید وەک زۆربەی هێزە ئایدۆلۆژیستەکان نەگۆڕ و چەق بەستوو ماوەتەوە. بگرە لە بۆشایی دەسەڵاتی ناوەندیدا موجاهیدین بە کەلکوەرگرتن لە ئەزموونی دوورودرێژی تەشکیلاتی و خەباتی جەماوەری بتوانێت شوێنێک بۆ خۆی لە دەسەڵاتدا بدۆزێتەوە و لە هەیبەتی یەک لە کاراکتەرە گرنگەکان دەرکەوێت. بەگشتی موجاهدین و فیکری موجاهید زەرفییەتی ڕازی کردن و ڕازی هێشتنەوەی خەڵکی ئەمڕۆی ئێران بەتایبەت لاوانی نیە. زۆر خۆشبینانە ئەگەر لە داهاتووی ئەم جەرەیانە بڕوانین، تەنیا دەتوانین دەوری قارمانێکی ماندوو و پیری پێ بدەین کە شایەد مەجالی بدرێتێ مەرگێکی شکۆمەندی هەبێت.
لە پاڵ ئەمانەدا شەخس مێحوەری و ڕێبەری بێ بەدیل و پیرۆز کراو، یەک لەو کەمایەسی و مەترسییانەیە کە هەڕەشە لە ئێستا و داهاتووی ئەم سازمانە دەکات. نادیاریی چارەنووسی مەسعوود ڕەجەوی زەربەیەکی گەورەیە لە موجاهیدین. گەر بە هەر هۆیەک مریەم ڕەجەوی کەسی یەکەمی ئێستاکەی ئەو جەرەیانە نەمێنێ، ئەوە قەیرانی ڕێبەری دەتوانێت بە حەدێک چارەسەرکردنی سەخت بێت کە، تەنانەت نەمانی سازمانەکە و ئاشبەتاڵی لێکەوێتەوە.
چەپ و داهاتووی دەسەڵات (ڕێگای بێ ڕێبوار)
چەپ بە مانا کلاسیکەکەی بە ڕادەیەک لە ئێراندا (جگە لە کوردستان) بێ پێگە و لاوازە کە، ناو و لۆگۆ و ئیعتیباری حیزبی کۆمۆنیستی ئێران بە کورد و جەرەیانێکی کوردی بڕاوە. بەربەستی گەورەی چەپ لە ئێراندا، لە یەکتر دوور بوونی دروشم و ئامانج و بنەما فیکرییەکانیانە لەگەڵ واقعیەتی کۆمەڵایەتی و سیاسی ئێران. هەڵوەشانەوەی چەمسەری یەکیەتیی سۆڤییەت و دۆخی بەرەو پێشی سەرمایەداری جیهانی و گەشەکردنی خەباتی مەدەنی، تەنیا بەشێکن لەو هۆکارانە کە چەپی کلاسیک بەرەو ڕووی گرفت دەکەنەوە.
چەپ وەک جەرەیانی سیاسیی ڕێکخراو، ئێستاکە لەنێو کۆمەڵگەی ئێراندا لایەنگر و تەنانەت بەردەنگێکی ئەوتۆی بەدەستەوە نەماوە. کۆمەڵگەی ئێران ئێستا گرنگی زیاتر بە ئازادیی مەدەنی و پرسی ژینگە و بەرانبەری ژن و پیاو دەدات. ئەمە لە حاڵێکدایە کە ڕەوتەکانی چەپ هێز و توانا و بوونێکی ئەوتۆیان نەماوە کە ڕێبەریی ئەم حەرەکەتانە بکەن و لێیان خاوەن دەرکەون. بەگشتی حیزب و جەرەیاناتی سەراسەری چەپ لە ئەمڕۆدا، تەنیا لەسەر کاغەز و کۆبوونەوە چەند دە کەسییەکانی ئورووپادا ماون. لە ئێرانی دوای کۆماری ئیسلامیدا ئەگەر دەسەڵات دێموکراتیک بێت، ئەوە چەپ وەک ئامانج و ویست و ڕێبازێکی عەداڵەتخواز دەتوانێت بەئاسانی پێگەی خۆی بنیاد بنێتەوە. بەڵام دوور نیە کە لە هەناوی ئەم ڕێکخراوە مەدەنی و حەرەکەتە نیمە فەرمیانە کە هەن، حیزب و جەرەیانی چەپ لەدایک بن. بەگشتی کۆمەڵگەی ئێران کۆمەڵگەیەکی خوێندەوار و تێگەیشتووە و بوون و دروستبوون و پێ گرتنی جەرەیاناتی چەپ تێدا هەم پێویستییە، هەم حەتمی.