بەهمەن قوبادی هونەرمەند و ئاوازدانەری بەتوانا و دیاری کوردستان و خەڵکی شاری سنە، لە نوێترین بەرهەمی هونەریدا، سەمفۆنیای سەردەشتی لە کۆبوونەوەی ساڵانەی ڕێکخراوێکی جیهانیدا نیشان دەدات.
ئەمڕۆ پێنجشەممە ٦ی سەرماوەز، لە کۆبوونەوەی ساڵانەی ڕێکخراوی بەرەنگاربوونەوەی چەکی کۆمەڵکوژ لە شاری لاهەی پێتەختی هولەند و بە بەشداریی وڵاتانی ئەندام لەو ڕێکخراوە، هونەرمەند و ئاوازدانەری کوردستانی بەهمەن قوبادی سەمفۆنیای سەردەشت کە تایبەت بە قوربانییانی چەکی کۆمەڵکوژی شاری سەردەشتی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە، بەشێوەی زیندوو دەخاتە ڕوو.
بەهمەن قوبادی لەبارەی سەمفۆنیای سەردەشتەوە ڕایگەیاند کە دەمەوێت بە زمانی مۆسیقا هەموو بیسەرانی کوردستان و هەموو کەسێکی غەیرەکورد لە ئازارەکانی نەتەوەی کورد و کارەساتی قوربانییانی چەکی کیمیایی لە سەردەشت ئاگادار بکەمەوە.
شایانی باسە ئەو هونەرمەندە کوردستانییە ڕایگەیاندووە کە لە ئاوازی ئەو سەمفۆنیایەدا کەڵکم لە مۆسیقای فلکلۆری کوردیی وەرگرتووە.
سەمفۆنیای سەردەشت لەلایەن ئۆرکیسترایەکی تارانەوە کاری لەسەر کراوە و زیاتر لە ٥٠ ئاوازخوێن و مووزیکژەن تێیدا بەشدارن و هەتا ئێستا پیشوازییەکی گەرمی لێ کراوە.
جیگای باسە لە دوای سەمفۆنیای هیرۆشیما، سەمفۆنیای سەردەشت بە دووهەم سەمفۆنیای جیهان بۆ قوربانییانی چەکی کۆمەڵکوژ بە ئەژمار دێت.
بەهمەن قوبادی لە ساڵی ١٣٦٥ی هەتاوی لە گەڕەکی چوارباخی سنە لە دایک بووە، بڕوانامەی لیسانسی کامپیوتری لە سنە و بڕوانامەی کارناسی باڵای لە زانکۆی تاران وەرگرتووە و ماوەی ٢٠ ساڵە لە بواری هونەری و ئاوازداناندا چالاکی دەکات.
هەروەها ئەو هونەرمەندە کوردستانییە، هەتا ئێستا چەندین کۆنسێرت و کاری هونەری لە شاری سنە لەوانەش "مالی کورد"، "سینەما بەهمەن" و "سینەما شەیدا" و لە هۆڵەکانی "میلاد" و "ئێرشاد"ی شاری سەقز بەڕێوە بردووە.
شایانی باسە چالاکی و کۆنسێرتی ئەو هونەرمەندە تەنیا تایبەت بە شارەکانی کوردستان نییە بەڵکوو لە شارەکانی تاران، نەهاوەند، بەم و هەمەدان و چەند شاری دیکەش هونەری خۆی نیشان داوە.
هەر لەو پێوەندییەدا "قوبادی" لە ڕەوتی شۆڕشی ژینادا ئاوازێکی تایبەت بەو شۆڕشەی دانا و لەلایەن خەڵکەوە پێشوازییەکی بیوێنەی لێ کرا.
سەر لە ئێوارەی ڕۆژی ٧ی پووشپەڕی ساڵی ١٣٦٦ی ھەتاوی، فڕۆکەکانی ڕێژێمی بەعسی عێراق، بە گازی کیمیاویی خەردەل شاری سەردەشت و گوندی ڕەشە ھەرمێیان بۆردومان کرد کە لە ئاکامدا بە هەزاران کەس لە خەڵکی مەدەنی ژەهراوی کران و ١٣٠ کەس لە خەڵکی ئەم شارە شەھید بوون. پاش ئەم کارەساتە، شاری سەردەشت بە یەکەمین شار لە جیھاندا کە بە گازی کیمیایی "خەردەل" بۆردومان کراوە، ناسێندرا.
بەپێی ئەو داتا و ئامار و زانیارییانەی کە تا ئێستا بڵاو کراونەتەوە، نزیک بە ٨ هەزار کەسیش بریندار و کەمئەندام بوون.