دەوڵەتی ئوسترالیا لە دوای تاوتوێکردن و باس و بابەتێکی زۆری ناوەند و وەزارەتەکانی، سپای پاسدارانی ڕێژیمی تارانی خستە پێڕستی "تێرۆریزمی دەوڵەوتی"یەوە و ڕایگەیاند: "ئەو ناوەندە سەربازییەی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بەرپرسی هێرشەکان لەدژی کۆمەڵگەی یەهوودی لەو وڵاتە لە ساڵی ٢٠٢٤ بووە".
ئەمڕۆ پێنجشەممە ٦ی سەرماوەز، دەوڵەتی ئوسترالیا ڕایگەیاند: "سپای پاسدارانی ڕێژیم بەپێی یاسای تاوانەکان، وەکوو دەوڵەتێکی پشتیوانی تێرۆریزم دەناسرێت".
ئەو بڕیارەی دەوڵەتی ئوسترالیا لە دوای هەڵسەنگاندەکانی دەزگای زانیاری و ئەمنییەتیی ئەو وڵاتەوە دراوە.
بەپێی هەڵسەنگانەکانی دەزگای زانیاری و ئەمنییەتی ئوسترالیا، سپای پاسداران دەستی لە دوو هێرشی سیدنی و مێلبۆرن لەدژی یەهوودیاندا بووە.
شایانی باسە بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتە بە دەیان جار ئەو هێرشانەی ڕێژیمی تاران لەڕێگەی سپای پاسدارانیان بە "ترسەنۆکانە" و "مەرترسیدار" ناو لێ بردووە.
ئەوە یەکەم جارە لە مێژووی ئەو وڵاتەدا و لە چوارچێوەی یاساییدا ڕێکخراوێکی دەرەکی وەکوو "تێرۆریزمی دەوڵەتی" بناسرێت.
شایانی باسە دەوڵەتی ئوسترالیا پێشتر لە ڕۆژی چوارشەممە ١٦ی ڕەزبەری ئەمساڵ گەڵاڵەیەکی پێشکەشی پارلەمان کردبوو کە بەپێی ئەو گەڵاڵەیە، دەکرێ دامەزراوە دوڵەتییە بیانییەکان سەر بە ڕێژیمی تاران وەک "پشتیوانی تێرۆریزمی دەوڵەتی" بناسرێن.
دەزگای زانیاری و ئەمنییەتی ئوسترالیا جەختی لەوە کردەوە کە سپای پاسداران لە ساڵی ٢٠٢٤دا لە دانانەوەی دوو بۆمب دژی ناوەندی جوولەکەکان لە خاکی ئوسترالیا دەستی هەبووە، ڕووداوێک کە بووە هۆی دەرکردنی نوێنەری ئێران لە کانبرا.
ئەو گەڵاڵەیە ڕێگای یاسایی بۆ تۆمارکرانی سپای تێرۆریستی پاسداران لە لیستی ڕێکخراوە تێرۆریستییەکانی وڵاتی ئوسترالیا کردبووەوە کە چەندین ساڵە بە هەوڵە وێرانکەر و توندوتیژەکانی لە ئاستی ناوچە و سەرووناوچەییدا ناسراوە.
سەرەڕای ئەوەی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی نکۆڵی لە دەستتێدابوون لەو هێرشانەدا دەکات، بەڵام ڕابردووی ئەو ناوەندە لە کردەوە تێروریستییە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان، لە سووریە و عێراقەوە بگرە تا چالاکیی سایبێری و تێرۆری دژبەران، هیچ جێگای گومانی نەهێشتووەتەوە.