
هەردی سەلیمی
٢٥ی نۆڤامبر، ڕۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی دژی ژنانە. ئێمە لە کاتێکدا ئەم ڕۆژە یاد دەکەینەوە کە زۆربەی ژنان لە ئاستی جیهان و بەتایبەت لە ئاستی ناوچەییدا هێشتا لە مافە بنەڕەتییەکانی خۆیان دوورن و بە شێوەیەکی سیستەماتیک و ڕۆژانە دەکەونەبەر توندوتیژیی چەندلایەنە. لە بەرەبەری ٢٥ی نۆڤامبری ئەمساڵدا، چالاکانی مافی مرۆڤ لە ئێران ڕاپۆرتی ساڵانەی خۆیان لەبارەی پێشێلکردنی مافی ژنانەوە بڵاو کردەوە. بەپێی ئەم ئامارە، لە یەک ساڵی ڕابردوودا لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیدا، ١١٠ حاڵەتی ژنکوژی، ٦٣ حاڵەتی دەستدرێژی، ٩ حاڵەتی ئەسیدپژاندن و دەیان حاڵەتی دیکەی توندوتیژیی سیستەماتیک دژی ژنان ڕوویانداوە؛ بێگومان وەک هەمیشە پێویستە جەخت لەسەر ئەوە بکرێتەوە کە ئەم ئامارە ناتوانێت دەرخەری هەموو ئەو حاڵەتانە بێت کە ڕوویانداوە و بەدڵنیایییەوە زۆر زیاتر ڕوویانداوە و تۆماریش نەکراون.
مەبەست لە دیاریکردنی ئەم ڕۆژە وەک ڕۆژێک بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان، بردنەسەری ئاستی تێگەیشتوویی کۆمەڵگە و هێنانەخوارەوەی ڕێژەی قوربانییانی دەستی ئەم نائاگایییەیە. بەداخەوە و سەرەڕای هەوڵی زۆری چالاکانی ئەم بوارە لە ئێراندا، نەک تەنیا ئەم ئامارانە بەرەو کەمبوونەوە نەچوون، بەڵکوو زیاتریش بوون و ڕەهەندی توندوتیژانەتریشیان بەخۆ گرتووە. لە ساڵی ١٤٠٣دا، ١٨٠ کوشتن بەناوی نامووس لەو وڵاتەدا ڕوویداوە. لەم نێوەندەدا، دەسەڵاتی پیاوسالاریی کۆماری ئیسلامی نەک تەنیا لە بەرانبەر ئەم دۆخەدا ڕێکارێکی یاساییی گونجاو ناگرێتەبەر، بەڵکوو یاساکانی ڕێگەخۆشکەرن بۆ ئەوەی پیاوان بەئاسانی بتوانن دەستبدەنە کوشتنی ژنانی ژیانیان. ماددەی ٦٣٠ی یاسای سزای ئیسلامیی کۆماری ئیسلامی، شایەتێکە لەم بارەیەوە کە دەستی پیاوانی بۆ ژنکوشتن ئاوەڵا هێشتووەتەوە.
سەرەڕای ئەوەی کە کۆماری ئیسلامی بە شێوەی ناڕاستەوخۆ و بەهۆی بوونی یاسای لەم شێوەیە و باری پەروەردەی ئایدیۆلۆجی و نەبوونی پەروەردەی سەردەمیانە و... دەستی لەو کوشتن و توندوتیژییانەدا هەیە، بە شێوەی ڕاستەوخۆش توندوتیژی دژی ژنان بەکاردێنێت؛ سەپاندنی حیجابی زۆرەملێ، سزا و زیندان و لێدانی قامچی و لەسێدارەدانی ژنان و... لەو نموونانەن کە دەلالەت لەسەر توندوتیژبوونی سیستەماتیکی کۆماری ئیسلامی بەرانبەر بە ژنان دەکەن.
ئەم ئامارانە لە کوردستانیش هەر بەو شێوەیە سەرسوڕهێنەرن. لە کوردستاندا، وەک بەهەق جەخت لەسەر ئەوە دەکرێتەوە، ژنان بە دوو شێوەی ڕەگەزی و نەتەوەیی دەچەوسێنرێنەوە و دەکەونەبەر توندوتیژی، بەڵام لە ڕووی کۆمەڵایەتی و چینایەتییشەوە هەمان چارەنووسی تاڵیان هەیە و ساڵانە بە دەیان حاڵەت ڕوودەدەن کە تێیاندا ژنانی هەژاری کورد بۆ بژێویی ژیان ڕوو لە کاری تاقەتپڕووکێن و نائەمنی جۆراوجۆر دەکەن کە زۆر جار ژینگەی کارەکانیان دەبێتە هۆی نیگەرانیی بەردەوامیان و تەنانەت ڕوودانی دەستدرێژی لەلایەن خاوەنکار و هاوکارانیانەوە، کە پێویستە ئەم حاڵەتانەش لە شاراوەیی بێنەدەرەوە و بە بەڵگەنامە بکرێن.
تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان لە دوایین ڕاپۆرتی خۆیدا، کە بەبۆنەی ڕۆژی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان بڵاویکردووەتەوە، لانیکەم ٣٠ حاڵەتی ژنکوژی و ٢٣ حاڵەتی دەستبەسەرکردنی ژنانی بەهۆی چالاکیی مەدەنی و سیاسییەوە تۆماریکردووە. ژنانی کورد لە ئێراندا، لەلایەکەوە لەگەڵ دەسەڵاتێکی تاسەر ئێسقان دژەژن و پیاوسالار بەرەوڕوون و لەلایەکی تریشەوە لەگەڵ کۆمەڵێک نەریتی دژەژنانەی کۆمەڵگەی کوردستان، کە پاڵپشتیی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیی لەگەڵدایە، بەرەوڕوون.
هەر بۆیە لەسەرمانە هاوکات لەگەڵ ئەوەی کۆماری ئیسلامی و یاساکانی مەحکووم دەکەین، دەبێت هەر چەشنە هەڵسوکەوتێکی دواکەوتووانەی کۆمەڵگەکەشمان کە زیانی قەرەبوونەکراو بە ژنان دەگەیەنێت، مەحکووم بکەین و هەوڵ بۆ نەمان و نەهێشتنیان بدەین، تاوەکوو لەم بارەیەوە هاوبەشیی تاوان بۆ کۆماری ئیسلامی نەهێڵینەوە. وەک چۆن کوردستان لە ڕووی سیاسییەوە سەرمەشقێکە بۆ هەموو ئێران، دەبێت لەم بارەیەشەوە ببێتە سەرمەشق، با چیتر شایەتیی ژنکوشتن و توندوتیژی بەرانبەر ژنان لە کوردستان و لە ئێران و لە هیچ کوێیەکی جیهاندا نەبین.