کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

حەسەن نەسروڵڵا داوای لە ڕێژیمی ئێران کرد بەشداریی شەڕی حیزبوڵڵا لەگەڵ ئیسرائیل نەکات

17:19 - 26 رەشەمه 2723

ئاژانسی ڕۆیتێرز لە زاری شەش سەرچاوەی ئاگادارەوە بڵاوی کردەوە، کە حەسەن نەسروڵڵا، سەرۆکی حیزبوڵڵای لوبنان، بە ڕێژیمی ئێرانی ڕاگەیاندووە، حیزبوڵڵا دەیەوێت بە تەنیا لە دژی ئیسرائیل و ئامریکا شەڕ بکات و حیزبوڵڵا نایەوێت ڕێژیمی ئێران دەستێوەردان لەو شەڕە دا بکات.

هەمان سەرچاوەکان باسیان لەوه کردووه که حەسەن نەسروڵڵا ئەو قسەی به ئیسماعیل قائانی فەرماندەی سپای قودسی سوپای پاسدارانی ڕێژیم، لە مانگی ڕابردوو لە کۆبوونەوەیەک لە بەیرووت وتووە.

هەروەها سەرچاوەیەکی ئێرانی بە ئاژانسی ڕۆیتێرزی ڕاگەیاندووە، لەم دیدارەدا سەرۆکی حیزبوڵڵا ئاماژەی بە ئەگەری شەڕ لەگەڵ ئیسرائیل و ئەمریکا کردووە بە "جەنگی ئێمە" ناوی بردووە، هەروەها لەم دیدارەدا هەردوولا باسیان لە ئەگەری هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان کرد.

ئیسماعیل قائانی بەر لە دیدار لەگەڵ نەسروڵڵا وتووێژی دوو ڕۆژەی لەگەڵ سەرکردەی گرووپە نیابەتییەکانی ڕێژیمی ئێران لە یەمەن، عێراق، سووریە و لوبنان ئەنجام دا. لەم وتووێژە دوو ڕۆژەدا حوسێن سەلامی فەرماندەی سپای پاسدارانی ڕێژیمیش ئامادە بوو، بەڵام هیچ نوێنەرێکی حەماس ئامادە نەبوو، لە کۆتایی ئەم دیدارەدا هەموو بەشداربووان گەیشتنە ئەو ئەنجامەی کە ئیسرائیل بە نیازە شەڕی غەززە بگوازێتەوە بو ناوچەکە و پێویستە کە خۆیان بپارێزین لە کەوتنە ناو ئەو تەڵەیەوە کە دەبێتە هۆی هاتنی ڕێژەیەکی زوورتر لە سەربازی ئەمریکی بۆ ناوچەکە، هەر بۆیە لە کۆتایی ئەم دیدارەدا قائانی فەرمانی بە میلیشیا شیعەکانی عێراق دا کە هێرشەکانیان بۆ سەر سەربازە ئەمریکییەکان لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست ڕابگرن.

دوو سەرچاوەی نزیک لە ڕێژیمی ئێران بە ئاژانسی ڕۆیتێرزیان ڕاگەیاندووە، ئێران و حیزبوڵڵا ئاگاداری دەرەنجامە وێرانکەرەکانی شەڕی لوبنان و مەترسیی تەشەنەسەندنی شەڕ بۆ ناوچەکەن، کە ڕەنگە ببێتە هۆی هێرشکردنە سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران، هەروەها بەرپرسێکی باڵای ئیسرائیل بە ئاژانسی ڕۆیتێرزی ڕاگەیاندووە، کە ڕێژیمی ئێران بە ڕواڵەت نایەوێت شەڕێکی تەواو بەرفراوان ڕوو بدات و پێدەچێت ڕووبەڕووی هەڕەشەیەکی سەربازیی جیددی بوونەتەوە، بەڵام ئەم هەڕەشەیە دەبێت جیددیتر بێت، لە لایەکی دیکەوە بەرپرسێکی باڵای ڕێژیمی ئێران ڕایگەیاند کە دەستێوەردانی ڕاستەوخۆی تاران لەو شەڕەدا سوودی بۆ ئیسرائیل دەبێت و دەبێتە هۆی دەستێوەردانی زیاتری ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست.