کاک خالید عەزیزی، وتەبێژی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە حەوتووی یەکەمی مانگی ڕەشەمەدا سەرۆکایەتیی شاندی حیزبی دێموکراتی لە کۆبوونەوەی ساڵانەی "ئینتێرناسیۆناڵ سۆسیالیست"دا کرد. بەڕێزیان لە وتووێژێکدا دەگەڵ "کوردکاناڵ" هەوڵی دا لە چەند ڕوانگەوە باسی ئامانج و کاروچالاکییەکانی ئەو ڕێکخراوە جیهانییە بکات کە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران تێیدا وەک ئەندامی سەرەکی بەشدارە.
کاک خالید عەزیزی لە باسکردنی ئامانجی ڕێکخراوی ئینتێرناسیۆناڵ سۆسیالیست لە بەڕێوەبردنی ئەم کۆبوونەوەیەدا گوتی: ئینتێرناسیۆناڵ سۆسیالیست هەم کۆنگرەکانی خۆی دەگرێ هەم کۆبوونەوەی ساڵانەی. لەبەر ئەوەی نزیک ساڵ و نیوێک پێش ئێستا کۆنگرە گیرابوو و لە کۆنگرەدا کۆمەڵێک پرسی هەڵاوەسراو مابوو کە پێویست بوو باسی لێ بکرێتەوە. هۆکارێکی دیکە بۆ ئەو کۆبوونەوەیە ئەوە بوو، لە دوو سێ ساڵی ڕابردوودا شۆڕای ئینتێرناسیۆناڵ سۆسیالیست هێندێک کێشەی نێوخۆیی هەبوو و هێندێک حیزبی ئورووپایی وازیان لێ هێنابوو کە دواتر هێندێکیان گەڕانەوە. تێڕوانینێک هەبوو کە چۆن ڕێکخراوەکە جارێکی دیکە چاو لە کاروباری خۆی بکاتەوە و ئێمە وەک حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران کە ئەندامین بانگهێشت کراین و هەوڵمان دا تێبکۆشین لەو دەرفەتە کەڵک وەربگرین و پرسی تایبەت بە کوردستانی ڕۆژهەڵات، ئێران و حیزبی دێموکراتیشی تیدا باس بکەین. ئەوەندەی پێوەندیی بە کێشەی نیوخۆی ئینتێرناسیۆناڵ سۆسیالیستەوە هەیە ئێمە تێبینیمان هەبوو، لەبەر ئەوەیکە ئەحزابی جۆراوجۆر لە ئەمریکایی لاتین، ئاسیا، ئورووپا، ئەفریقا، ڕۆژهەڵاتی ناڤین تێیدا هەن و کە پێویستە بە چاوێکی هەمەلایەنە چاو لە ڕێباز و بیروبۆچوونی خۆی بکا بۆ ئەوەیکە خەڵکێکی زۆر خۆی تێدا ببینێتەوە و تێکۆشان لەو بوارەدا تا ڕادەیەک تێبینییەکانی حیزب لەوێدا باس بکەین.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانی کاک خالید لەهەمبەر پرسیاری چۆنیەتیی چالاکییەکانی حیزب و کەڵکوەرگرتن لە دەرفەتی زیاتر ئاشناکردنی ئەحزابی جیهانی بۆ دۆزی کورد و دەوری حیزب لەو ڕێکخراوەیە، گوتی: دیارە ئەگەر بڕێک بێینەوە دواتر لە سەردەمی شۆڕشی ئێران پرسی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کەمتر ناسرا بوو و ئێمە لە شەڕێکی داسەپاوی بەربەریندا بووین، دوکتور قاسملوو وەک کەسێک کە لە بواری جۆراوجۆری دیپلۆماسیدا ئەزموونێکی زۆری هەبوو هەوڵی دا مەسەلەی کوردستان زۆر قەتیس نەبێ لە ئێراندا و تێبکۆشێ دۆست پەیدا بکا. لەو سەردەدا مەسەلەی سۆسیال دێموکراسی ئیبتکارێکی گەورە بوو و دەکرێ بڵێن شتێکی نوێ بوو لەنێو کورددا و بە هەوڵ و تێۆشانی دوکتور قاسملوو ئێمە لەو بەرەیە نزیک بووینەوە و دۆستێکی زۆریش بۆ ئێمە پەیدا بوون. ئێمەش ئێستا هەر لە درێژەی ئەو سیاسەتەدا لەو شوێنە کەڵک وەردەگرین دەنگی خۆمان بە دنیا دەگەیەنین. ئەو بەرەیە تا ڕادەیەکی زۆر لە ئەحزابی چەپ و سۆسیال دێموکرات پێ کهاتووە و ڕەنگە بەشێک لەو ڕەوتانە کە لە ئۆپۆزیسیۆندان هەڵوێست و بۆچوونیان لە زۆر بواردا ڕادیکاڵ بێ و کاتێک بە دەسەڵات دەگەن بە تەبیعەتی دەسەڵاتی خۆیان و مەوقعییەتی جۆراوجۆر وەک سەرۆکوەزیران، سەرۆککۆمار یا زۆرینەی پاڕلەمانی دەکەونە نێو بەرەژوەندیی وڵاتەکەی خۆیان لەگەڵ ئێران. جا بۆیە ئێمە دەبێ ئاوای چاو لێ بکەین کاتێک چاوەڕوانیمان هەیە و کاتێک داوا دەکەین لە پێوەندی لەگەڵ ئێران و مەسەلەی کوردستاندا هەڵوێست بگرن لەباری ئینسانییەوە بەگشتی هەڵوێستیان باشە بەڵام خۆ لە سیاسەتدا هەر هەڵوێستە ئینسانییەکە کافی نییە و دەبێ هێندێک کرداری مەیدانی لە چوارچێوەی یاسای نێودەوڵەوتیدا بکەن. ئێمە هەمیشە هەوڵمان داوە لەو دەرفەتانە کەڵک وەربگرین و تێبکۆشین بەنیسبەت پرسی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەڵوێستمان هەبێ. دوکتور سادق شەرەفکەندی کاتی خۆی کە کۆنگرەی ئینتێرناسیۆناڵ سۆسیالیستی بەجێ هێشت لە میکۆنووس لەلایەن ئێرانەوە تێرۆر کرا، پێش دوکتور شەرەفکەندی دوکتور عەبدولڕەحمانی قاسملوو، ڕێبەری حیزبی دێموکرات کە چوونی ئێمەی بۆ ئەو شوێنانە بەدی هێنا لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە تێرۆر کرا. ئێمە کاریگەریی ئەخلاقیمان دەخستە سەر ئینتێرناسیۆناڵ سۆسیالیست کە لەو پێوەندییەدا وەفادار بوو بە هەڵوێست بوو و کاری بۆ کرد بە هەرحاڵ ئێمە هەوڵمان کردوە لەو دەرفەتانە کەڵک وەربگرین، بەڵام یاسا و ڕێساکانی نێودەوڵەتی بەرەژەوەندی دەوڵەتەکان لەپێوەندی لەگەڵ ئێراندا زۆر جار بۆ ئێمە کێشەی خوڵقاندوە، بەڵام ئێمە کۆڵ نادەین و بەردەوام چالاکی خۆمان دەکەین.
بەڕێز عەزیزی لە وڵامی ئەو ڕەخنەیەی کە دەڵێ؛ زۆرینەیەکی ڕەها لە ئەندامانی نێو ئەو ڕێکخراوەیە ئەحزابێکی چەپی سۆسیالیستی باوەڕمەند بە هێندێک ئیدئۆلۆژی تایبەتن لە حاڵێکداا حیزبی دێموکرات لە پێناسەی خۆیدا خۆی وەکوو حیزبێکی ئیدئۆلۆژیک ناناسێنێ و ئایا ئەمە دژوازی نییە حیزبێک کە ئیدئۆلۆژیک نییە، بەڵام لەنێو ڕێکخراوێکدا بێ کە زۆرینەیەکی ڕەها لە ئەندامەکانی لە بەرەی سۆسیالیستی و چەپن؟ ئاماژەی بەوە کرد کە ڕاستە حیزبی دێموکرات حیزبێکی ئیدئۆلۆژیک نییە، حیزبێکی سیاسییە و بۆچوونی جۆراوجۆری تێدا هەیە و هۆیەکەشی ئەوەیە حیزبی دێموکرات ئاوێنەیەکی جوانی کۆمەڵگەی کوردستانە. جا دەکرێ بڵێین لێرە وەک حیزبێکی سیاسی ئێمە لە ڕاستیدا هەوڵمان نەداوە خۆمان وەک حیزبێکی چەپ و سۆسیالیست بناسێنین هەر چەند ئەو بەرەیە بەرەیەکی سۆسیالیست و سۆسیال دێموکراسییە و، ئێمە زۆرتر کەڵک وەردەگرین لەو شوێنە دەنگی خۆمان بە دنیا بگەیەنین. مادام حیزبی دێموکرات حیزبێکی سیاسییە ئێمە تێدەکۆشین خۆمان لە جەمسەربەندییەکانی دنیا ڕزگار بکەین و بەرەیەک لەو قوتبانە نەبین بۆ ئێمە زۆر پێویستە لە دنیادا دۆستی زۆرتر پەیدا بکەین، ئێمە ناچینە نێو کێشەی سۆسیالیست و کۆنسێرواتیڤەکان، سۆسیالیست و لیبڕاڵەکان، سۆسیالیست و دێموکراتەکانی ئورووپا یا ئەمریکا و ئەوانە، پرسیی ئێمە میللی دێموکراتیک و ئینسانییە. زۆرێک لە ئەحزابی کۆنسرڤاتیڤ و ڕاست لە ئورووپا و ئەمریکا هەڵوێستان بەرانبەر بە ئێران توندتریشە هەتا ئەحزابی سۆسیال دێموکرات یا بەرەی سۆسیالیست ئینتێرنەشناڵ، بەڵام ئێمە لە خەبات و تێکۆشان داین. مادام ئەسڵ ئەوەیە لەنێو هەموو ئەو لایەنانەیەدا دۆستمان هەبێ هەر لە ژێر ڕووناکایی ئەو سیاسەتەدا حەزوورمان هەیە و ئەوە هیچ بەو مانایە نییە حیزبی دێموکرات حیزبێکی سۆسیالیست، چەپ یا حیزبێکی لیبڕاڵ و کۆنسێرواتیڤە. ڕەنگە لە هێندێک کاری ئینتێرناسیۆناڵ سۆسیالیستدا جیاوازیی بۆچوونمان هەبێ بەڵام ئەوەمان بە دروست زانیوە بوونمان هەبێ و تێبکۆشین لە سەر وەزعی خۆمان زانیاریان پێ بدەین و زۆرتر ڕەخنەیان لێ بگرین بۆچی بەرانبەر بە ئێران هەڵوێستێکی ئەوتۆیان نییە لە حاڵێک حیزبێکی ئەندام لەو بەرەیەدا کە حیزبی دێموکراتی کوردستانە و تەنانەت یەکێک لە ڕێبەرەکانی لەو پێناودا لەدەست داوە و ڕێبەرەکەی دیکە لەو کەسانە بوو کە باوەڕمەند بوو ئەو ئەدەبیاتە دێموکراتیکە تێبکۆشێ لە ئێراندا پەرە پێ بدا زۆر بێ هەڵوێستن.
کاک خالید لە وڵامی ئەوەیکە، دوای پێشکەشکردنی دوو وتاری ئێوە وەک نوێنەری حیزب، کاردانەوەی بەشداربووان چ بوو ئایا ئاخۆ دەبێ ئەو پەیامەی ئێوە وەرگیرابێ، باسی لەوە کرد: لە کۆبوونەوە و کۆنگرەکانی پێشووشدا ئەوەندەی من لەلایەن حیزبی دێموکراتەوە بەشدار بووم هەمیشە باسم لەوە کردووە، ئێوە لە ڕووداوەکانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و ئەو ناوچەیەی ئێستا بووەتە مەکۆی ئاژاوەنانەوە لەلایەن ئێرانەوە لەپێوەندی لەگەڵ سیاسەتی کەلانی نێودەوڵەتیدا زۆر بێ هەڵوێست و پاسیڤ بوون، ئەو ناوچەیە لە ئاڵوگۆڕدایە و بووەتە پرسێکی سەرەکی بۆ ئەمنییەتی ناوچەیی و ئەمنییەتی جیهانی و ڕاستییەکەی یەکێک لە هۆیەکانی ئەو نائەمنییە ئێرانە بە هۆی دارو دەستەکەی لە ناوچەکەدا. بۆیە بێهەڵوێستیی ئێوە دەتوانێ زەرەر بگەیەنێ و داوامان کردووە چی دیکە بێ تەفاوەت نەبن. بەشێک لەو حیزبانە بەشداری دەستەڵاتن بەشێکی دیکە ئۆپۆزیسیۆنن و دەتوانن دەوریان هەبێ. لە چەند ساڵی ڕابردوودا بەداخەوە ئەوەمان بینیوە ئینتێرناسیۆناڵ سۆسیالیست هەڵوێستێکی زۆر چالاکی نەبووە بە تایبەت سەبارەت بە پرسی کورد و ئێران. دەبێ ئەوەندەش بڵێم؛ ئینتێرناسیۆناڵ سۆسیالیست ئایدیایەکی ئورووپایی بوو کە زۆربەی ئەحزابی چەپی ئەمریکای لاتین و ئەحزابی چەپی ئەفریقا چوونە نێو ئەو بەرەیە لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و لە خاوەرمیانەدا دەکرێ بڵێم حیزبی دێموکرات. هەروەها ئاماژەم بەوەش کردوە کە جووڵانەوەی یەک ساڵی ڕابردووی ئێران بە تایبەت ڕۆژهەلاتی کوردستان لە دژی کۆماری ئیسلامی بابەتگەلێکی جیددی هێنا گۆڕ و سەرنجی جیهانیشی بۆلای خۆی ڕاکێشا و چاوەڕوانیشمان هەیە بە نیسبەت ڕووداوەکانی ئێران و مەسەلەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئەو ئاژاوەگێڕییەی ئێران بێ هەڵوێست نەبن.
وتەبێژی حیزبی دێموکرات لەسەر پەراوێزی کۆبوونەوەکە و دیدار و چاوپێکەوتنەکانیش باسی لەوە کرد؛ سروشتییە لە پەراوێزی ئەو دانیشتنانەدا باسی جۆراوجۆر دەکرێ و ئێمەش وەک نوێنەرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ئەرکمان ئەوەیە خەڵکێکی زۆر لە پرسی خۆمان تێبگەیەنین بەڵام دەبێ ئەوەمان لەبەر چاو بێ ئەوان زۆرتر تێدەکۆشن لە ڕوانگەی سۆسیال دێموکراسی و چەپی خۆیەوە چاو لە دنیا بکەن. هەروەک ئاماژەم پێدا کاری زۆرتری دەوێ ئێمە بتوانین سەرنجی ئەوان زیاتر بۆ سەر ئێران ڕابکێشین، نایشارمەوە بە ڕاشکاوی بەرانبەر بە ئێران و ڕووداوەکانی ئێران زۆر چالاک نەبوون و بێهەڵوێستن، ئایا ئێمە و لایەنەکانی دیکەی دەتوانین وردە وردە وابکەین لە داهاتوودا بیر و بۆچوونیان زۆرتر ڕابکێشین؟ هەروەکی ئاماژەم پێدا کاری زیاتر و حەوسەلەی دەوێ. ئێمە پێویستیمان بە دۆستی زۆرە و دیسان دەڵێمەوە بۆ ئەو کارە ئێمە خۆمان مەحدوود ناکەینەوە بە ئینتێرناسیۆناڵ سۆسیالیست تەنانەت پێویستیمان بە بەرەی جۆراوجۆر وەک لیبڕاڵەکان و دێموکراتەکان و کۆنسێرواتیڤەکان یان بەرەی سەوزەکان لە ئورووپا.
دوا پرسیار لەسەر ئەبوو کە، وەک باس کرا و پێداگریتان کردەوە ئەوان زۆر بێهەڵوێستن، هۆکاری ئەو ناچالاکییە بۆچی دەگەڕێتەوە، ئایا ڕێژیم کاری دیپڵۆماسی بۆ کردوە؟ کاک خالید گوتی: ئەوە بەهێزبوونی دیپلۆماسی کۆماری ئیسلامی نیشان نادا چۆن ڕێژیم زۆر خۆشناو نییە بەڵام دەکرێ دوو هۆکاری هەبێ، یەکیان دەکرێ بەرژەوەندیی ئابووریی بێ و دەبێ دان بەوە دابنێین پێوەندی نێودەوڵەتی لە سەر بەرژەوەندی پێک هاتووە و تەواوی یاسا و ڕێساکانی نێودەوڵەتیش دەگەڕێتەوە سەر ئابووری. دوو؛ خودی ئەمریکا کە لەگەڵ ئێران زۆر لە کێشەدایە، ئینتێرناسیۆناڵ سۆسیالیست تا ئەندازەیەک هەڵوێستان هەیە بەرانبەر بە ئەمریکا و مادام هەڵوێستیان هەیە کاریگەری دوو قوتبیبوونی پێشووی دنیا بەرەی سۆسیالیستی و بەرەی ئەمریکا لەنێو هێندێک ئەو حیزبانەدا بە تەواوی دەبیندرێ ئەوان بە عەقڵییەتی خۆیان و وڵاتەکەی خۆیان و مێژووی ئەو سۆسیالیزم و چەپە بۆ پرسەکان دەچن، بەڵام ئێمە وەک حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران عەمەلەن ڕۆژانە لە مەیدانی خەبات و تێکۆشان داین و خوێندەویەکی دیکەمان دەبێ. ئێمە هەموو جار پێیان دەڵێن ئێوە دەبێ بەرگری لە بەها دێموکراسییەکان و مافەکانی مرۆڤ بکەن، ئێوە بەرانبەر بە ئاشتی جیهانی بەرپرسیارن، کۆماری ئیسلامی هەم دژی دێموکراسییە، هەم دژی مافی مرۆڤە و هەم دژی ئەمنییەتی جیهانییە، دەی ئێوە دۆستێکی باشتان هەیە وەک حیزبی دێموکرات و زۆر لایەنی دیکە پشتی بگرن و لەگەڵی دابن و بۆ ئەوەیکە ئەو دیاردانە لەئێراندا جێ بکەوێ بەهێز بێ.