کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خالید عەزیزی: یەکێک لە هۆکارەکانی بەردەوامیی بزووتنەوەی کوردستان جێکەوتنی ڕێکخستن و کولتووری حیزبایەتییە

23:37 - 31 خاکەلێوه 2724

(دەقی وتاری وتەبێژی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە کۆنفڕانسی "پێکەوە هەنگاونان بەرەو کۆمارێکی سێکۆلار دێموکراتیک لە ئێراندا- ئاڵمان)

سپاس و پێزانین بۆ ئێوە کە ئەو کۆنفڕانسەی ئەمڕۆتان ساز کردوە و دەرفەتتان بۆ ئێمە ڕەخساندوە وەک حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران هەتا لەهەمبەر ئێران، بەتایبەت ڕەوتی چێ‌کردنی ئالتێرناتیڤ کە گرنگایەتیی تایبەتی هەیە، بتوانین لێرە دەگەڵ ئێوە هاوڕێیان بیروڕا و بۆچوونەکانمان بگۆڕینەوە و باس لە ئەزموونی خەبات و تێکۆشانی خۆشمان بکەین.

سەرەتا دەتوانین بە ڕوانینی جۆربەجۆرەوە گۆڕانکارییەکانی دوو ساڵی ڕابردوو تاوتوێ بکەین. ئەوەندەی بۆ خەڵک دەگەڕێتەوە، خەڵک لە شەقامەکاندا خەبات بەدژی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامییان برەو پێدا. بە ڕوانگەی ئۆپۆزیسیۆنەوە ئەمە دەبێ هەم وەک خەباتێکی شێلگیر سەیر بکرێ و هەمیش هەست بە بەرپرسیارەتی و بەدیل درووستکردن. بەڵام وەک شێوازی کاروچالاکی و تێکۆشان ڕاستییەکەی ئەوەیە لە ئێران بەتایبەت لە کوردستان خەڵک تێچووی زۆریان داوە، بەڵام ناکرێ ڕێژیمێکی سیاسی تەنیا بە خۆپێشاندان بڕووخێت. گۆڕینی نیزامێکی سیاسی تەنیا دەبێ بە شێوازی بەدیل‌ درووستکردنێکی سیاسی کاری بۆ بکرێ. واتە لەو چالاکییانەی یەک ساڵی ڕابردوودا ئێمەی ئۆپۆزیسیۆن سەرکەوتنێکی ئەوتۆمان تێیدا وەدەست نەهێنا. ئەم هەڵبژاردنەی دواییش ئەوەی سەلماند کە زۆرینەی خەڵکی ئێران کۆماری ئیسلامیی ناوێ، بەڵام ئایا هەرتەنیا ئەوەیکە خەڵک دژبەر بن، تەواوە؟

لانیکەم لێرەدا دەبێت ئەرکی حیزب و ڕەوتە سیاسییەکان و هەموو ئەو ڕێکخراوانەی بەدوای گۆڕینی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامین دەبێ ڕوون بکەینەوە. دەبێ ئەو پرسیارە لەخۆمان بکەین، لە کوردستان و باقی جوغرافیای ئێران لە ڕەوتی بزووتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی" یان "ژینا"دا گوتاری خەڵک هەتا ڕادەیەکی زۆر دەگەڵ ڕەوتە جۆراوجۆرەکانی ئۆپۆزسیۆنی دەرەوەی ئێران، جیاوازیی هەبوو. لەناوخۆی وڵات باس لە "تەجزیەتەڵەبی" و "تەمامییەتی ئەرزی" نەدەکرا و ئەمە کەڵکەڵەی خەڵک نەبوو بەڵکوو ئەمانە باس‌گەلێک بوون کە لەنێو بەشێک لە ئۆپۆزسیۆنی دەرەوە و کۆماری ئیسلامیدا پەرەیان پێ‌دەدرا.

بەڵام ئێمە وەک حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە هەمبەر درووستکردنی جێگرەوە یان ئاڵتێرناتیڤ‌سازی لەمپەڕ و کۆسپەکان لە کوێدا دەبینین؟ ئەوەی دیارە ئەوەیە کە،ئێران وڵاتێکە بە تایبەتمەندیی جیاواز و هەستیار لە ڕۆژهەڵاتی ناڤین، وڵاتێکی زۆر دەوڵەمەند وێڕای جۆراوجۆری زۆر بەربڵاو و ڕابردووی مێژووی فرە مەزن. ئێران، عێراق و سوریە نییە، دەی کەواتا پەیامەکە ئەوەیە کە، کۆمەڵگەی جیهانی بەلەبەرچاوگرتنی جێگەوپێگە و هەڵکەوتەی ئێران دەگەڵی هەڵسوکەوت دەکات و دەبێ لە نێوخۆی ئێران لەنێو ئۆپۆزیسیۆنیشدا فاکتەرێکی دیکە بەو مژارانە بلکێنین.

کۆمەڵگەی ئێران کۆمەڵگەیەکی فرەنەتەوەیە، کۆمەڵگەیەکی جۆراوجۆرە و، ئەگەر بنچینەی پرسەکە ئەمە بێت چارەسەری پرسەکەش دەبێ بۆ بنچینەی بابەتەکە بگەڕێتەوە. بەدڵنیاییەوە کۆماری‌خوازی جێگرەوەیەک لە بەرامبەر نیزامی موتڵەقەی پاشایەتییە. بەڵام ئەوەیکە ئێمە ئێستا لە ئێران ڕێژیمێکی کۆماریمان هەیە، بە هۆی ناوەکەی کە کۆمارییە، نیزامێکی دێمۆکراتیکمان نییە و تەنانەت ئەگە ببێتە فێدڕاڵیش ئەو ڕێژیمە نابێتە سیستەمێکی دێمۆکراتیک. ئێمە لە ئێراندا هەتا ئاستێکی زۆر لە شەڕی چەمکەکان داین و ئەم چەمکانەش یەکێک لە لەمپەڕەکانی سەرەکین کە ئێمە دەبێ لە پڕۆسەی ئاڵتێرناتیڤ سازی بەسەر ئەو کۆسپانەدا زاڵ بین، چوونکە ئەو پێناسەیەی ئێمە هەمانە زۆرجاران دژوازییان دەگەڵ یەکتر هەیە.

لە ڕوانگەی ئێمەوە ئێران یەکەیەکی جوغرافیاییە و لەنێو ئەم وڵاتە نەتەوەی جۆراوجۆر پێکەوە دەژین و یەکێک لەو کێشانەی لە چۆنیەتی تێگەیشتن بەو بابەتانەی پێکەوە هەمانە و لە ڕابردوو و ئیستاش ڕاکردن لە ناوەند بوونی هەیە، هۆکارەکەی ڕێک ئەو دان‌پێدانەنانە بەو ڕاستیانەیە. لە سەردەمی ڕێژیمی پەهلەوییشدا ناوەند بۆ لایەنە جۆراوجۆرەکان سەرنج‌ڕاکێش نەبوو. بۆ کوردێک، بۆ نەتەوە و ئۆل و ئایینە جۆراوجۆرەکانی دیکەش و، لە سەردەمی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی‌دا هیچکات ناوەند دڵڕفێن و سەرنج‌ڕاکێش نەبووە و نییە. جێگرەوەیەک کە ئێمە خوازیارین وەک کۆماری‌خوازی، دەبێ وەک ئالتێرناتیڤ سەیر بکرێ کە ناوەندیش سەرنج‌ڕاکێش بکات. کاتێکیش ناوەند ڕاکێشەر دەبێ کە ببێتە مەکۆی ئەو جۆراوجۆریانە، جا ئەوکات ئیدی ئێمە باس لە بەشداری دەکەین. ئەگە بڕیار بێ ئێران لەسەر بنەمای ئەو ڕاستیانە دابمەزرێ، بە بڕوای ئێمە فێدراڵیزم دەتوانێ ڕێکارێک بێ، بەڵام ئەو فێدراڵیزمەش دەکرێ قسەی زیاتری لەسەر بکرێ و بەو هەمووە جۆراوجۆرییە سیاسی، نەتەوەیی، ئایینیە لە ئێران قسەوباس و کێشەی بەدوای دا دێت. چوونکە ئێمە بەکردەوە ئەزموونی ڕاکردن لە ناوەندمان دیتووە، دۆستانی ناوەندگەرا یان ئەگە بەڕاشکاوی بڵێم ئەو دۆستانەی نێوەڕۆک و چالاکییەکانیان لەسەر بنەما یان پێناسەی ئەتنیکیان نییە، ئەوان پتر ئەرکدارن کە ناوەند بۆ نەتەوە جۆراوجۆرەکان دڵڕفێن و سەرنج‌ڕاکێش و جێ متمانە بکەن.

لە ڕەوتی بزووتنەوە ژینا و بۆنە و ڕێوڕەسمە نەورۆزییەکانی ئەم دواییانەی کوردستاندا دیتمان کە سیاسەتەکانی ڕێژیم بەردەوام لەسەر بنەمای سازکردنی پەراوێز و ناوەندە ڕۆنراوە. بەو پێناسەیە، پەراوێز لە ڕوانگەی کۆماری ئیسلامی ئێران و بەشێک لە ئۆپۆزسیۆن وەک هەڕەشە سەیر دەکرێ و بە ڕوانینی بەشێک لە ڕەوتە ئەتنیکییەکانیش ڕادیکالیزمێک بە دژی ناوەند تەوەری دەگوورێت و ئەم دوو ڕوانگەیە لە بەرامبەر یەکتر ڕادەوەستن. لە ڕوانگەی ئێمە ئەرکی کۆماری‌خوازەکان نووسینەوە و ڕوونکردنەوەی گوتارێکی هاوسەنگە، گوتارێک بتوانێ ئەو باڵانسە ڕابگرێت و نوێنەرایەتیی هەموولایەک بکات، چوونکە ناوەندتەوەری دەبێتە هۆی شەقڵ‌گرتنی توندئاژۆیی پەراوێز و، ناوەندیش هەوڵی زۆرتری ئەو پەراوێزخستنە بە کەڵکوەرگرتن لە تیۆریی پیلان و تەوتەئە دەدا.

بە نیسبەت کوردستانی ئێران دەبێ ئەوە بڵێم کە، ئەو ناوچەیە بەردەوام بە ڕوانینێکی ئەمنییەتی لە ژوورە داخراوەکانی سپای پاسدارانەوە ئیدارە کراوە. لە ڕەوتی بزووتنەوەی ژیناشدا ڕێژیم لەو تیۆرییە یان لە ترساندنی هەڵوەشانەوەی ئێران بە باشترین شێوە کەلکی وەرگرت و ئەو پەیامەی بەردەوام بڵاو دەکردەوە، ئەو بزووتنەوەیەی کە لە کوردستان هەیە بزاڤێکی تەجزیەتەوەریی سەر بە وڵاتانی دەرەکییە و، بۆ ئەوان گەلێک هاسان بوو ڕێبەرانی ئەو بزووتنەوەیە وەبەر مووشەک بدەن. بەڵام ئێمە چۆن دەتوانین پیش بەو چەواشەکاری و پیلانانە بگرین؟ ئەو ئامانجە کاتێک دێتە دی کە لە دەرەوەی کوردستان و لە شارەمەزنەکانی دیکەی ئێراندا دان بەو ڕاستییە دابنێن، ئەو خەباتەی کە لێرە هەیە و بەجوانیش بەڕێوە دەچێ دەبێ بە هاوئاهەنگی و هاوکاری باقی نەتەوەکانی دیکەی وەک فارس، عەرەب، بەلووچ، ئازەری و تەنانەت ئایینە جۆراوجۆرەکانیش ببێتە کردەیەکی ڕاستەقینە. ئەوەیکە چۆن ببێتە ئەمرێکی ڕاستەقینە بە دانپێدانان بەو ڕاستیانەیە. زۆر بەڕوونی دیارە ئەگە قەرار بێ نەهێڵن ئێمە بەشداری لە چۆنیەتیی ئیدارە و دەستەڵاتدا نەبین، بەدوای کام ڕێگەچارە دەچین؟ ڕوونە بەدوای دەربازبوون لە ناوەند. دەی کەوایە پێویستە تاران وەک ناوەند بۆ هەموولایەکمان سەرنج‌ڕاکێش بێ هەتا لەلایەن پەراوێزەوە هیچ مەترسی و هەڕەشەیەک بوونی نەبێ. ڕێگەچارەی ئەمە چییە؟ ڕێک ئەوەیەکە، ئێمە بتوانین هەموو ئەو جۆراوجۆریانە لەسەر بنەمای ساز کردنی جێگرەوە دابنێین، با ئەوەش بڵێمەوە کوردستان دەرفەتە و هەڕەشە نییە.

لە هەموو مێژووی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و لە ماوەی ٨٠ ساڵی ڕابردوودا ئێمە هەمیشە بەدوای چارەسەر کردنی ئاشتیانەی پرسی کورد لە چوارچێوەی ئێراندا بووین. باشە بۆ دەبێ کە باس لە چۆنیەتی ئیدارەی وڵات لەداهاتوودا بکەین وا بەهاسانی شت‌گەلی وەک تەواویەتی ئەرزی و تەجزیەتەلەبی باس بکرێ؟

دەبێ ئەو پرسیارەش بکرێ کە ئاخۆ مەبەست لە نەتەوە چییە؟ مەبەست لە پێناسەی زمانەکانی کوردی یان فارسی چییە کە تێیدا کێشەمان بۆ ساز دەبێ؟ ئێمە لە قۆناغی یەکەمدا دەبێ هەموو ئەو چەمک و گوتارانە ڕوون بکەینەوە. زۆربەی ڕێکخراو و حیزبە سیاسییەکان کە لانیکەم بە پرسی کوردستان و نەتەوەکان و مێژووی سیاسی حیزبی دێموکرات ئاشنان دەبێ ئەو ڕاستییە قبوڵ بکەن کە کوردستانی ئێران و جۆراوجۆرییەکانی نەتەوەیی هەڕەشە نین بەڵکوو دەرفەتێکن بۆ سازکردنەوە و ڕۆنانی دواڕۆژی ئێران، لە هەموو ئەم بزووتنەوانە ئێمە ئەوەمان سەلماندوە.

بەشی کۆتایی قسەکانی من ئەوەیە، لە ڕەوتی پرۆسەی گووران یان نەگووران و سەرنەکەوتن لە درووستکردنی جێگرەوەدا، دەبێ ئەو ڕاستییەمان لەبەرچاو بێ، بەداخەوە کۆمەڵگەی ئێران هەتا ئێستا دێموکراسی ئەزموون نەکردوە. دێموکراسی هێشتا وەک هەبوونی دامەزراوەی کردەیی لە کۆمەڵگای ئێران بوونی نەبووە، جا ئەگە دێموکراسی ئەزموون نەکراوە، کێ دەتوانێ ئەوە مسۆگەر بکات و بیچەسپێنێت؟ دامەزراوەکان کامانەن؟ وڵامەکەی ڕۆڵ و دەوری حیزبەکانە کە لە کوردستانی ئێران ئەو ئەزموونە بە شێوازی جۆراوجۆر تاقی کراوە و هەبووە، ئەو بزووتنەوەیەی نەورۆزیش ڕێک ئەم بابەتەی سەلماند.

کەواتە ڕێکخستن و حیزبایەتی و دامەزراندنی دامەزراوەکان یەکێک لە مەرجەکانی سەرەکی گوورانی دێموکراسی لە کۆمەڵگەیە. ئێمە بۆ سەرجەم چالاکییەکانی، چالاکانی مەدەنی، تاکەکەسی، سێلێبریتییەکان و کەسایەتییە جۆراوجۆرەکان ڕێز دادەنێین بەڵام نابێ بگەڕێینەوە بۆ دواوە، ئەگە چۆنیەتیی شەقڵ‌گرتنی کۆمەڵگەی دواڕۆژ لەسەر تاک‌تەوەری دابنێین، دەبینین ترامپی میلیاردێر کە دێتە نێو سیاسەت، حیزبێک هەڵدەبژێرێت. ئەو دژایەتییە دەگەڵ حیزب هەتا ڕادەیەکی زۆر لە نێو دۆستان و کۆمەڵگەی دەرەوەی ئێران بوونی هەیە و ئەمە هیچ یارمەتییەکمان پێ ناکات. پێشنیاری ئێمە ئەوەیە کە، تەنانەت دژبەرانی حیزبی دێموکراتیش کە لەتەک حیزبەکەمان جیاوازیی بۆچوونیان هەیە، لە دەوری یەکتر کۆ ببنەوە و حیزب و ڕەوتی سیاسی دابمەزرێنن، ئەوکات بۆ ئێمە و ئەوانیش هاسانترە کە بزانین بەردەنگی کورد کێیە؟ ئەمە ئەزموونێکە کە لە کوردستانی ئێران هەمانبووە و یەکێک لەو هۆکارانەی کە ئەو بزووتنەوەیە لە کوردستان بە هاسانی تەسلیم نابێ و نەبووە، وێرای هەموو تێچوو و قوربانیدانێک بەڵام لە ڕیزی پیشەوەی خەبات بە دژی ڕێژیمی ئیسلامی ماوەتەوە کە هەمووی بۆ ڕابردووی ڕێکخستن و تەشکیلاتەکەی، هەروەها بۆ نەزم و نیزامی حیزبایەتی دەگەڕێتەوە.

بۆ هەموو دۆستان هیوای سەرکەوتن دەخوازم و هیوادارم ئەمە دەرفەتێک بێ کە ئێمە باشتر و زیاتر لە ڕەوتی پرۆسەی بەدیل سازکردن بۆ ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران درێژە بە کاروچالاکییەکانمان بدەین، نیزامی ئیسلامی ئێران دەبێ جێگرەوەی هەبێ و ئەو بەدیلەش دەبێ نوێنگەی ڕاستییەکانی جۆراوجۆریی کۆمەڵگەی ئێران بێ.