حەمید شەریفی: دەف زۆرتر لە ناوچەی سنەوە گوازراوەتەوە بۆ ناوچەکانی تر و هەورامانیش بێبەری نەبووە لەم فەرهەنگە
وتووێژ: شەهرام سوبحانی
ئاماژە: کوردستان خاوەن فەرهەنگ و مۆسیقایەکی دەوڵەمەند و سرنجڕاکێشە. ئەم پاشخانە دەوڵەمەندە فەرهەنگی و هونەرییە ئێعتبارێکی زۆریان بە پێگەی نەتەوەیی کورد داوە و ئەم جوانییانە هەر ساڵە لە دەیان کەرنەڤاڵی تایبەت و لە بۆنە جۆراوجۆرەکاندا خۆیان دەنوێنن. بەڵام بەداخەوە بەهۆی ئەوەی کورد خاوەنی سەرەوەریی سیاسیی خۆی نەبووە و لە نەبوونی دەوڵەت و حکوومەتی خۆماڵیدا کە هەوڵی پارێزگاری و خەمڵاندنی ئەو کولتوورە بدات، هەمووکات مێژوو و فەرهەنگ و جوانییەکانی کوردستان مەترسی فەوتان و تاڵانیان لەسەر بووە. یەک لەو مەترسییانە خۆ بە خاوەنکردنی دەسەڵاتی ناوەندی و نەتەوەی سەردەست و بەستنەوەی بۆنە نەتەوەیی و نیشتمانییەکانی کوردستان بە مێژووی ی خۆیانەوە بووە.
هەر لەو چوارچێوەیەدا "کوردستان" تایبەت بە جەژنی "هەزار دەفی پاڵەنگان" دیمانەیەکی لەگەڵ کاک حەمید شەریفی، هونەرمەند و چالاکی هونەری و ئەدەبی پێکهێناوە.
کاک حەمید سپاس بۆ بەشداری کردنتان لەم دیمانەیەدا. بەر لەوەی باسی "جەژنی هەزار دەف" بکەین، دەپرسین دەف وەک ئامێرێکی مۆسیقی لە کوێی کولتوور و مۆسیقیی کوردییدا جێ دەگرێت؟
دەف یا باشترە بێژین دەپ -چونکە پیتی «ف» بە عەڕەب کراوەی پیتی «پ»ێیە- سازێکی تەواو کوردییە. ئەم شێوازە لە سازی تەک و تۆمی لەنێو زۆربەی نەتەوەکانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستیشدا هەبووە و هەیە، بەجۆرێک لەلای ئێمپراتۆری ئیلامییەکان دەفی چوارگۆش هەبووە. بەڵام شێوازی سازەکە و ژەنینی جیاوازە. بۆیە ئەم جۆرە لەم سازە تەنانەت تا ساڵی ١٣٥٣ی هەتاوی جیا لە کوردستان لە هەموو ناوچەکانی دیکەی ئێراندا نەناسراو بوو، هەتاکوو «بیژەن کامکار» هێنایە نێو سازە ئێرانییەکانەوە.
بۆچی هەوڵ دەدرێ مێژووی دەف تەنیا بە خانەقا و عیرفانەوە گرێ بدرێتەوە و ئایا ئەوە مەبەستێکی تایبەتیی لەپشت؟
سازی دەف سازێکی زۆر کۆنتر لە ئیسلام و عێرفانە، بەڵام دوای هاتنی ئیسلام زۆربەی سازەکان ناچار بوون خۆیان ببەستنەوە بە ئیسلام و بە جۆرێک بە عێرفانەوە کە ساڵگەلێک دواتر بەدوای ئیسلامدا هات. هەر چەند بەر لە هاتنی ئیسلامیش جۆرێک لە نزا و ستایشی خۆاکان هەبووە و ئاواز و سازی بۆ بەکار هێنراوە. بەڵام ئەتوانین بێژین سازی دەف و زۆربەی گۆرانی و تەنانەت زەماوندەکانیش خۆیان بەستەوە بە خانەقاوە، بۆ ئەوەی زیندوو بمێنن. کە خوەشبەختانەش وا بوو. مامۆستا عەلی مەردان چونکی هاتوچۆی خانەقای مامی کردوە لە کەرکووک، توانی زۆربەی ئەو گۆرانییانە بێنێتەوە نێو خەڵک. ناکرێت فەرهەنگێک کە هەتە و ئەتوانی باش کەڵکی لێ وەرگریت، دوو دەستی دووری خەیتەوە بە ناو هەر ئایدۆلۆژیایێکەوە یا ترسێکی سیاسی. با نەهێڵم ئەو بۆ مەبەستی خۆی کەڵکی لێ بگرێت من خۆم بە باشترین شێوە بەکاری بێنم. ئەمن کاتی خۆی چەپێکی وا بووم کە ئەم باسەم پێ زۆر بچووک بوو، لەبەر ئەوەی پێم وا بوو چۆن عێرفانییە ئەبێ بخرێتە لاوە، بەڵام ئێستە وا بیر ناکەمەوە. پێمان سەیر نەبێت کە «داریوش ئێقباڵی» کارێکی هەیە بە ناو: «نفرین نامە» کە تەک و تۆمی خانەقای هەست.
جەژنی هەزار دەف چییە و فەلسەفە و مێژووەکەی بۆ کەی دەگەڕێتەوە؟
نازانم بەڕاستی ئێمە جەژنێکی وامان لە مێژوودا هەبووبێت یا نە، بەڵام تەک و تۆمی دەف و ناوچەی هەورامان و شاخەکانی زاگرۆس جیا لە فەزایەکی عێرفانی، ئەتوانێ فەزایەکی زۆر ئەفسانەیی و خەیاڵی و تایبەت دروست کات. بۆیە لە جەژنی پیرشالیاردا ئەبینین، بگرە هەر ئەمە بیرۆکەی بۆ «بەهمەن قۆبادی» دروست کردبێت و لە فیلمێکدا بە ناوی «نیوەی مانگ» بەکاری هێناوە و ئەم جار لە خەڵکێکی زۆرتر و بەتایبەت ژن کەڵکی وەرگرتوە. ئەمەش ناکرێت بێ مێژوو بووبێت و هەروەها کە گوتم جەژنی پیرشالیار نموونەیەکە.
ئەگەر مێژووی ئەم بۆنەیە بۆ دوور و کەونار دەگەڕێتەوە، ئەدی چۆنە لە سێ ساڵی ڕابردوودا لە پاڵنگان وەک فێستیڤاڵ بووژاوەتەوە؟
هەروا کە وتم ناوچەکە، شاخەکان، ئەشکەوتەکان، دەنگدانەوەکان و دەنگی دەف و جەژنی پیرشالیار و زۆر شتی تر ئەتوانن ئاماژە بۆ مێژوویەک بەم سازەوە بکات. بەڵام جەژنی هەزار دەف وەک خۆی تازەیە، جەژنی "هالۆڤین" جەژنێکی کۆنی ئیرلەندی-ئێسکاتلەندییەکان بووە، کە لە ڕێگەی پەنابەرەکانەوە ئەڕواتە ئامریکا و نزیک بە ١٠٠ ساڵە بووەتە جەژنێکی جیهانی و هاوکات پیشەسازی و گەشتیاری.
ئایا ئەم جەژنە کە بە تایبەتمەندیی دەفەوە دەناسرێتەوە، تایبەت بە جوغرافیایەکی دیاریکراوە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان یان بە گشتی کوردستانە؟
دەف کە بەسراوەتەوە بە خانەقاکانەوە زۆرتر لە ناوچەی سنە گوازراونەتەوە بۆ ناوچەکانی تر و هەورامانیش بێبەری نەبووە لەم فەرهەنگە، بە تایبەت پاڵەنگان کە بەپێی قسەی بەشێک لە مێژوونووسان، ئەردەڵانەکان لە پاڵەنگانەوە هاتوون. لانیکەم ئەمە زانیاریی تا ئێستای منە. هیوادارم شتی تازەتر لەوانە دەربکەون
ئەو جەژن و بۆنەیە دەکرێ هەڵگری چ خەسڵەت و تایبەتمەندییەک بێت، عرفانی، ئایینی یان تەنانەت لە ئێستادا وەک ڕاکێشانێکی گەشتیاری؟
عێرفان بە جۆرێک لادان بووە لە دینی داسەپاو کە هەموو شتێک بە تایبەت مووزیک، قەدەغە ئەکات. هەرچەند دوایە بۆخۆیشی ئەبێت بە شێوازێک لە ئایین، بە جۆريک کە «قانع» لە شێعرێکی تایبەتدا وایان پێ ئەڵێت:
دوێنێ دەروێشێ وتی: کەف بەدەف و دەف بە تەرەب
دەبە دەب دەب، دەبە دەب دەب، دەبە دەب
وتم: ئەی ئەحمەقی ئاشوفتە ! وەتەن چۆڵە، وتی:
دەبە دەب دەب، دەبە دەب دەب، دەبە دەب
هەرچی هەوڵم لەگەڵ ئەو بەچکە سەگادا ئەیوت
دەبە دەب دەب، دەبە دەب دەب، دەبە دەب
وتم واچاکە لەفکری خۆیەوە بۆی دەربێم
بە مرووری گەلێ ئەییام لەناو بەم دەبە دەب
دەفم هەڵگرت و بە حەی حەی دەسی شێخم ماچ کرد
وتم لێدەن بە عموومی لە مەقامی دەبە دەب
من و شێخ و ژن و دەروێش هەموو تێکەڵ بووین
شێخ لەفکری ڕەپی سووری، من و دەرویش دەبە دەب
قانعا! بەسیە، موحەققەق بە، دووسەد وەک من و تۆ
تەرک ناکەن بە یەکێ بەزم و مەقامی دەبە دەب
ئەوەش پێمان دەڵێت کە "قانع" جیا لە هەموو شتێک، مووسیقای باش ناسیوە. بمانهەوێت و نەمانهەوێت کۆمەڵگە هەموو جۆر بیرۆکەی و ئایین و ئاینزای تێدایە و ئەکرێت بەشێک لە فەرهەنگی کۆمەڵگەیەک بێت و تەنانەت بۆ بەشی گەشتیاریش ئەتوانرێ کەڵکی لێ وەرگیردرێت. بە مەرجێ دەستی کۆتا بێت لە پەروەردە و سیاسەت.
لەو ماوەیەدا هەندێ باس هاتە گۆڕێ کە جەژنی هەزار دەف بۆنەیەکە پێوەندیدار بە ڕۆژی لەدایکبوونی سەعدی. چ پێوەندییەک لە نێوان ئەو جەژنە و سەعدی یان گرێدراوییەکی دیکەی ئەم جەژنە بە کولتووری فارسەکانەوە هەیە؟
ئەم باسە کە وەک قارچکێک سەری هەڵدا و زۆربەی ڕاگەیاندنەکان باسیان کرد، باسێکی تایبەت بوو. بەڵام کە ئەگەڕێینەوە بۆ مێژوو و باسێک سەبارەت بە زمانی فارسی و ناوچەی فارس و شیراز و ڕەچەڵەکی «سەعدی شیرازی» دێتە ئاراوە، کە تا ڕادەیەک دوور نییە لە ڕاستی. دوای هاتنی ئیسلام زمانی دەرباری ساسانییەکان کە ئەتوانین بێژین کوردی یا باشترە بێژین "ماد"ی بووە و ئێستاش زمانی زۆربەی ناوچەکانی ئێرانە بێجگە لە عەڕەب و تورکنشینەکان کە هاوردەن بۆ ئەو ناوچەیە. ئەم زمانە لە دەربار جۆدا ئەبێتەوە و ئەم جار لە زەمانی دەسەڵاتی سامانییەکان کە لە خۆراسانەوە هاتوون، وردە وردە ئەبێتە زمانی دەربارەکانی تەنانەت هەموو دەسەڵاتە تورکەکانی ئێرانیش.
ئەم زمانە کە «دەری»یە. یا بە مانای (درە یا دەرباری) پێویستی بە ئەوە ئەبێت پەیوەندی بە خەڵکەوە بگرێت. چۆن خەڵک هەم زمانی خۆیان هەیە و هەمیش لە ناوەندەکانەوە دوورن. کەوایە ئەبوایا خۆی ناوچەی بکاتەوە. بۆیە زۆرتر خۆی لەگەڵ زمانی بەتایبەت کوردی و ناوچەی شیراز کە ئێستاشی بێتەوە کوردنشینە و ناوەکەشی دوور نییە ئەگەر بڵێین «شاری ڕەز»، نزیک کردەوە و وردە وردە خۆی کرد بە زمانی ئەدەبی و لەو ڕێگەوە هاتە نێو ناوچەکانی تری ئێرانەوە.
ئاخێوەرانی شیراز و پارێزگای فارس لە دێر زەمانەوە تا ئێستا شاخەی لوڕی، بەختیاری و لەکیی زمانی کوردی بووە و هەیە. بۆیە کاتێ زمانی دەری و کوردی لەو ناوچە یەک ئەگرن، ئەبن بە زمانێک کە ئیمڕۆ پێ ئەڵێن زمانی فارسی. ئەمە هیچ پەیوەندییەکی بە زمانی پارسییەوە نییە، چونکە ئیتر دوای هێرشی عەڕەب، پارتێکیش نامێنێت. زۆربەی ناوچەکانی پارێزگای فارس یا پێشگر یا پاشگری کوردییان هەیە. هەر نەتەوەیەک بێجگە لە کورد لەو ناوچەیە، هاوردەیە.
سەعدی ئەگەر خۆی کورد نەبووبێت حەتمەن کوردی زانیوە. شێوازی شێعری عەرووزی کە لە زمانی عەڕەبییەوە دێتە نێو زمانی فارسییەوە ئەبێت بە زمانی فاخر و باڵادەست و دەرباری ئەگینا تا بەر لە «نالی» ئەم شێوازە لەنێو کورددا نەبووە و شێعری کوردی تەنانەت «ئەوێستا»یش بە شێوازی پەنجەیی نووسراوە. دەفتەری یارسانەکان و شێعری گوورانی، سەیدی، بێسارانی و مەولەوی و … فۆلکلۆری کوردی زۆربەی بەم شێوازە نووسراوە کە بە «پهلویات » ناسراوە.
"ذبیح اللە صفا " لە کتێبی «تاریخ ایران» ناوی ئەم شێوازەی ناوە (لهجەی محلی شاعران بزرگ ایرانی)، بۆیە بابا تاهیر هەرگیز شێعری عەرووزی نەوت و زۆربەی شاعیرانی تر تەنانەت حافز و سەعدیش «پهلویات»ی لێ ماوەتەوە. هەرچەند گوایا لە کتێبی "معجم الادبا" لە نووسینی «یاقووت حەمەوی» باسی کورد بوونی سەعدی کراوە. هەروەها لە کتێبێک کە لە مامۆستا مەلا عەبدۆلکەریم مۆدەڕس ماوەتەوە کە بەداخەوە بەردەست نییە، ئاماژە بە کوردبوونی سەعدی کراوە. ئەوەش نموونەیەک لە شێعری درێژی موسەلەس لە سەعدی کە دێڕێکی فارسی و دێڕێکی کوردییە
چه باشد گر ز رحمت پارسایی
کند در کار درویشی دعایی
کَه خَیرِت بوت ازین معنی کِت اَشنُفت
بِگُی رحمت و سعدی با کِش ای گُفت
بە سۆرانی:
کە خەیرت بێت لەو مانایە کێت ئەژنەفت
بکەی ڕەحمەت وە سەعدی وە کێش ئەوە گۆت
لەوەدا کە دەستبەسەرداگرتن، چەواشەکردن و بەلاڕێدابردن لە تایبەتمەندییەکانی سیاسەتی نەرمی ڕێژیمە ناوەندگەراکان بۆ تواندنەوەی کورد و بێگانەکردنی کورد لە شوناس و کولتووری خۆی بووە، ئەم سیاسەتە لە مۆسیقیدا چۆن جێبەجێ کراوە؟
لە هەموو ڕێژیمە داگیرکەرەکانی کوردستاندا ئەمە بەدی ئەکرێت، دوای تواندنەوە و پاکتاوکردن کە سەرکەتوو نەبوون تێدا، دەستیان بە ئینکارکردنی کورد کردوە و لەوەش کە سەرکەتوو نەبوون ئەڵێن وایە ئێوە کوردن و ئەمەش فەرهەنگی کوردییە و جار جار بە شاخ و باڵیشیا هەڵدەڵێن و لەم جۆرە جەژنانەشی بۆ ئەگرن بە مەرجێ هیچ خواست و ئێرادەیەکی سیاسی لە پاڵیدا نەبێت. یانی گەیشتوونەتە ئاستێک یا باشترە بڵێین شۆڕشی کوردی ئەوانی گەیاندووتە ئاستێک کە دان بە خۆت و نەتەوەکەت و فەرهەنگ و هۆنەرتا ئەنێن و پێیان خۆشە کە تۆش بەس خەریکی ئەوە بیت و خۆت سیاسی نەکەیتەوە و هەر لەو ئاستەدا بمێنێتەوە. ئەوان پێیان وایە کە هەر نەتەوەیەک کە بەشی فەرهەنگییەکەی ئازاد بێت، بیر لە ڕزگاری سیاسی ناکاتەوە. بەڵام هەروا کە هاتوە، کورد هەمیشە لە پێشڕەویدا بووە و بەپێچەوانەی ڕوانینی ئەوان، کورد هەموو شتێکی سیاسی وێنا ئەکات تەنانەت هەڵپەڕکێیەکەشی. بۆیە ئەوان وەک خۆیان ئەڵێن: "تهدیدها را بە فرصت تبدیل کنیم"، من پێم وایە ئەبێ کوردیش "تمام فرصتها را بە تهدید دوبارە تبدیل کند"، ئەوە بەو مانایە کە ئەبێ لە هەر دەرفەتێک کە بۆمان ڕەخسا کەڵک وەرگرین بۆ هەرچی زیاتر پێشڕەوی کردن.
پێتان وایە کورد بە پێگەیشتووییەکی سیاسیی ئەوتۆ گەیشتووە بەباشی بتوانێ خاوەندارەتی لە هەموو ڕەگەزەکانی شوناسی خۆی و یەک لەوان مۆسیقییەکەی بکات؟
بەڵێ، گەیشتووە، بەڵام پێویستی بە دەرفەت و کەرەسە هەیە. پێگەیشتن و ئاگاهی بەشێکە و کەرەستە و دروستکردن بەشێکی تر، تەواوی مووسیقیی ڕۆژئاوای ٣ ڕیتم یا تەک و تۆمی هەیە، بەڵام خۆدی شاری "سنە" هەر ئێستا ٣ تەک و تۆمی هەیە کە تاران نایناسێت. یەکێ لەوانە ٧/٨ کە بۆ هەڵپەڕکێ گەڕیان بە کار دێت. بە هەموو تورکەوە کە لە دارێکی گەورە بە ناو«ئۆقۆز»ەوە دێن نە ڕیتمی ٧/٨ یان هەیە نە هەڵپەڕکێ ئەی چۆنە تورکی تورکییە خۆی کردوە بە خاوەنی هەم ڕیتمەکە و هەم هەڵپەڕکێیەکە؟ لە مووسیقی جیهانی بەشێک هەیە بە نێو گامی "کلیسایی" یا مووسیقی "مۆداڵ" کە هی هەزاران ساڵە و سەری لە کلیسا دەرهێناوە یا کلیسا کۆی کردووەتەوە. دوو گام لەم هەفت گامە بە نێو "فریژیەن" (Phrygian mode) و "دووڕیان" ( Dorian mode ) لەنێو کورددا زۆربەی گۆرانیگەل هەورامی و گەڕیان لەخۆ ئەگرێت. ئەمەش هی دراوسێیەتیی کورد و ڕوومەکان و یوونانییەکان و مێسرییەکان بووە تا هاتنی سەلجووقییەکان بۆ ناوچەکە نزیک ١١٠٠ ساڵ لەمەو پێش. بۆیە مووزیکی یۆنانی زۆر نزیکترە لە ئێمەوە تا مووزیکی خۆراسانی و ئێران، ئەمە جیا لە بەیت، حەیران، لاوک، سیاچەمانە، لاواندنەوە، لۆرە و …هتد. دەیان مەقامی یارسانەکانە کە نە تەنیا فارس ناناسێت بەڵکوو هەموو ناوچەکە نایناسێ. بۆیە ئەمە پێویستی بە کۆکردنە و پۆلێن بەندی کردن و کلاسەکردنە و ناوێکە بۆ خاوەندارییەتی کردن و بۆ بارهێنانی مووزیکاری کورد. نەتەوەیەک ئەگەر ئاگای لە فەرهەنگی خۆی نەبێت، زوو ئەمرێت. با ئەوش بڵێم «فەرهەنگ» نە «کولتوو» کاتێ خۆمان وشەی وا پڕ مانا و جوانمان بۆی هەیە، لە کۆتایشدا ئەگەر کوردستانێک وا لە ڕۆژهەڵات باسی ئەکەین و وێنای ئەکەین نەتوانێ خاوەنداریەتی زۆربەی هەرە زۆری ئەو ناوچە و فەرهەنگ و زمان و شێعر و مووسیقی و… هتد. نەکات، زۆر بچووک ئەبێت.
کاک حەمید ماندوو نەبن، زۆر سپاس بۆ بەشداریتان لەم دیمانەیەدا
سپاس ئێوەش ماندوو نەبن.