کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کورتە وێنایەک لە مێژووی هاوچەرخی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان

22:04 - 8 جۆزەردان 2724

کۆمەڵگەی مەدەنی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان

(کورتە وێنایەک لە مێژووی هاوچەرخی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان)

 

سمایل شەرەفی

پێشەکی

زۆرێک لە بیرمەندانی بواری زانستە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکان لەبارەی کۆمەڵگەی مەدەنییەوە قسەیان کردوە. ئەرەستوو کۆمەڵگەی مەدەنی بە دەوڵەت‌شار دەشوبهێنێ و لە ڕوانگەی ئەوەوە پۆلیس کۆمەڵگەیەکی سیاسیی خودموختار و سەربەخۆیە کە ژیان تیایدا، هەم ناسنامەی سیاسی و هەم ناسنامەی کۆمەڵایەتی هەیە، کە لە ئاکامدا دەوڵەت و کۆمەڵگە ماهییەتێکی یەکسان و هاوبەشیان پێ دەبەخشرێ. بەڵام لە سەدەی ١٧ بەملاوە و دوابەدوای پێشکەوتن و گەشەسەندنی کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی، ئەم ڕوانگەیە گۆڕانی بەسەردا هات و پێگەی دەوڵەت و کۆمەڵگە بەجیا لە یەکتر پێناسە کرایەوە.

بیرمەندانی چاخی ڕۆشەنگەری لە سەدەی ١٧ تا ١٩ی زایینی وەک (تۆماس هابز، جان لاک، چالێرز مۆنتسکیۆ، ژان ژاک ڕۆسۆ و ئامانۆئێل کانت) و هەروەها بیرمەندانی بواری ئابووریی سیاسی، وەک؛ ئادام ئیسمیت و ئادام فرێگسن، هەوڵیاندا بە یارمەتی‌وەرگرتن لە مەفهوومی کۆمەڵگەی مەدەنی، زەروورەتی لێک جیاکردنەوەی (دەوڵەت و کۆمەڵگە) لێک بدەنەوە. (سبزەای، ١٣٨٦: ٧٦).

لە درێژەی ڕەوتی پێکهاتنی دەوڵەت –نەتەوەکان و ئاشنایی وڵاتانی جیهانی سێهەم بە چەمک و واتاکانی پێوەندیدار بە قۆناغی گەشەسەندنی کۆمەڵایەتی، کۆمەڵگەی مەدەنی و هێزی جەماوەر و بەکارهێنانی بەرانبەر بە دەسەڵات بە مەبەستی ڕاگرتنی هاوسەنگی، بوو بە باس و خواسی کۆمەڵناسان و وەک یەکێک لە تێمە سەرەکییەکان لە ڕەوتی گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتییەکاندا، سەرنجی تایبەتی دەخرێتە سەر.

قسەکردن لە کۆمەڵگەی مەدەنی لە کوردستان، سەرەڕای لە ئارادابوونی بزووتنەوەیەکی سیاسیی گشتگیری لەمێژینەی دژ بە داگیرکاری و چەوسانەوەی نەتەوەیی، بابەتێکی نوێ و تازەیە. سەرەڕای تازەبوون و ئەمنیەتی‌بوونی ژینگەکەی، دیاردەی کۆمەڵگەی مەدەنی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە نێوەرۆک و تێمی سەرەکیی ئەم نووسینەیە، هەم توانیویەتی بە خێرایی گەشە بکات و هەم کاریگەریی خۆی لە سەر کۆمەڵگە دابنێ.

لەسەر کۆمەڵگەی مەدەنی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کاری جیددی و ئاکادێمیک زۆر کەم کراوە و ئەو کارانەش کە کراون زیاتر لە چوارچێوەی کۆمەڵێک بابەت و وتاردان کە تایبەت پڕژاونەتە سەر چالاکییەکانی فەرهەنگی، خوێندکاری، ژینگەپارێزی و مەسەلەی زمان کە بە شێوەی بڵاو لەم ساڵانەی دوایی‌دا لە گۆڤارەکانی وەک "زرێبار"، "ڕۆژەڤ"، "تیشک"، ڕۆژنامە و بڵاوڤۆکەکانی‌ دیکەدا بڵاوبوونەتەوە یان لە پێگەکانی ئینترنێتیی وەک ماڵپەڕ و وێبلاگەکاندا وتووێژیان لەسەر کراوە.

بۆ ئەم نووسینە لە دوو شێواز و مێتۆدی "کتێب‌ناسی" و "وتووێژی تایبەت" کەڵک وەرگیراوە؛ لە یەکەمیاندا تا ئەو جێیەی پێوەندی بە ئەسڵی باسەکە (کۆمەڵگەی مەدەنی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان)ەوە هەبوو، سەرچاوەکان کەم و نابەردەست بوون. هەر خودی سووژەکە بە هۆی تازەبوونیەوە کەمی لە سەر گوتراوە. ئەوەشی کە لەسەر نووسراوە، نەپڕژاوەتە سەر لایەن و ڕەهەندەکانی بابەتەکە. بۆیە، وتار و بابەتە نووسراوەکان سەبارەت بە کۆمەڵگەی مەدەنی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بڵاو و گشتین.

بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەم کەمایەسییە لێرەدا هەوڵ درا دوای گەڵاڵەکردنی هێندێک پرسیار کە وڵامەکانیان بتوانێ کەلێن و کەلەبەری بابەتەکە پڕ بکاتەوە، لە گەڵ هێندێک کەسی شارەزا و جیاواز وتووێژ بکرێت. ئەم کەسانە کە پێک‌هاتوون لە کەسانی ئاکادێمیک و مامۆستای زانکۆ، شارەزا لە زانستەکانی کۆمەڵناسی، فەلسەفە، چالاک لە بزاڤە مەدەنییەکان و کەسانی سیاسیی شوێندانەر و کاربەدەست لە حیزبەکان (دێموکرات و کۆمەڵە)، هەرکام بە جۆرێک بەستراوەییان بە بابەتەکەوە هەیە و ئامانجدارانە دیاری کراون.

لەبەر ئەوەی ئیمکانی دیداری ڕاستەوخۆ لەگەڵ زۆرێک لەم بەڕێزانە نەبوو، وتووێژەکان ناڕاستەوخۆ لە ڕێگای نووسراوەوە ئەنجام دراون. هەڵبەت، بە هۆی تازەیی بابەتەکە و پێویست بە بیرکردنەوەی زیاتر لە سەر بابەتەکە، هەموویان خوازیاری ناردنی پرسیارەکان بە نووسراوە بوون.

پێویست بە ئاماژەپێدانە کە لەنێو دەقی بابەتەکەدا لەو شوێنانەی کە ڕێفرێنس بە نێوەرۆکی وتووێژی هەرکام لەو کەسانە دەدرێ کە وتووێژیان لە گەڵ کراوە، ئەم شێوازە لەبەرچاو گیراوە:

 لە ڕێفرێنسی یەکەمدا ئاماژەی تەواو دەدرێت و لەوانی دیکەدا تەنیا ئاماژە بە شۆرەت (نازناو) و ژمارەیەکی دیاریکراو کە لە ڕێفرێنسی یەکەمدا دیاری دەکرێت، دەدرێت. بۆ نموونە وەک: (ڕەهبەر مەحموودزادە، وتووێژی تایبەتیی خۆم: ڕێکەوتی ١٤ی ڕێبەندانی ١٤٠٠. لەوانی دیکەدا بە "مەحموودزادە، ٥" ئاماژەی پێ دەکرێ).

لێکۆڵینەوەکە سەرەتا بە وێنایەکی گشتی لە بزووتنەوەی نەتەوایەتیی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەست پێ دەکات. ئامانج لەم کارە لە درێژەی بابەتەکەدا دەردەکەوێت کە ئەویش سەلماندنی  جۆرێک لە پاشخانی هاوبەشی مێژوویی‌یە کە لە درێژەی بەرەوپێشچوونی هەر دوو ڕەوتی مەدەنی و شۆڕشگێڕانەی سیاسیدا لە چوارچێوەی گوتاری "شوناسخوازیی نەتەوەیی"‌دا یەک دەگرنەوە و وەک دوو باڵی* "بزووتنەوەی بەرەنگاریی مافخوازانەی جەماوەری"ی کوردستان هەرکام بە شێوازی جیاواز و لە بەستێنی خۆی‌دا کار دەکات.

لە بەشێکی دیکەدا، هەوڵ دراوە خوێندنەوەیەکی گشتی لە کۆمەڵگەی مەدەنی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بخرێتە بەرچاو. تایبەتمەندییەکانی ئەم کۆمەڵگەیە، پێوەندیی نێوان بزووتنەوەی مەدەنی لەگەڵ بەستێنی شۆڕشگێڕی، گوتار و کارکردی ئەم بەستێنە لە سەر کۆمەڵگە و بە گشتی باس کردن لە سەر دۆخی کۆمەڵگەی مەدەنی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، نێوەرۆکی ئەم بەشە لە بابەتەکە پێک دێنن.

قۆناغەکانی بزووتنەوەی مەدەنی و ئەو بەستێن و زەمینە سیاسی و کۆمەڵایەتیانەی کە ئەم بزووتنەوەیە تێیدا بیچمی گرت، لە گەڵ گەیشتنی بە قۆناغی خۆناسین و گوتارسازی  کە توانی کاریگەریی خۆی لەسەر کۆمەڵگە و ڕەفتاری تاکەکانی کۆمەڵگە دابنێ، لەم نامەیەدا بە وردی باسیان لە سەر کراوە.

ڕوانینی دەسەڵاتی زاڵی داگیرکەر بۆ سەر کۆمەڵگەی مەدەنی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە لایەک و جێگە و پێگەی ئەم دیاردە و بزاڤە لە بزووتنەوە گەورە نەتەوەیی و جەماوەرییەکە و لە لای حیزبەکان، دەتوانن سەلمێنەری زۆرێک لەو ئیدیعایانە بن کە لەم نامەیەدا جەختیان لە سەر کراوەتەوە.

ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران کە لە چوارچێوەی ڕوانینە گشتییە ئەمنیەتییەکەی خۆیەوە له بزووتنەوەی مەدەنی و چالاکانی ئەم بوارە دەڕوانێ، سەرەکیترین هەڕەشە و مەترسیی بۆ سەر کۆمەڵگەی مەدەنی دێتە ئەژمار. لەلایەکی دیکەوە دەرک و پشتیوانیی حیزبەکان لە خەباتی مەدەنی – هەرچەند بە درەنگەوە – کاریگەریی لە سەر متمانەی خەڵک بە کۆمەڵگەی مەدەنی دەباتە سەرێ و ئەمەش دەتوانی ببێتە دەرفەتێکی باش بۆ گەشە و بەرفراوانبوونی ئەم کۆمەڵگەیە.

بۆ باس لە سەر هەموو ئەم ڕەهەند و لایەنانەی کۆمەڵگەی مەدەنی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، هەوڵ دراوە ڕوانگە و بۆچوونی جیاواز بخرێتە بەرباس و نێوەرۆکی نامەکە دوورە لە هەر لاگیری و دەمارگرژییەک.

کورتە وێنایەک لە مێژووی هاوچەرخی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان

لە ڕەوتی شەڕی جیهانیی یەکەم (١٩١٨-١٩١٤) و پێکهاتنی دەوڵەت - نەتەوەکان لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و به هۆکاری ڕێکخراونەبوونی وشیاریی نەتەوەیی و دەستێوەردانی نادادپەروەرانەی زلهێزەکانی ئەو سەردەمە، نەتەوەی کورد لە دەوڵەتی سەربەخۆی خۆی بێبەش کرا و نیشتمانی کوردان لە ئاکامی ڕێکەوتننامەکانی "سایکس – پیکۆ" (١٩١٦) و لۆزان (١٩٢٣)دا، دوای لێکهەڵوەشانی ئیمپراتۆریی عوسمانی، بە سەر چوار وڵاتی ئێران، تورکیە، عێراق و سوریەدا دابەش کرا (شەرەفکەندی، ٢٠١٢:  ٦٥).

دوای پێکهاتنی دەوڵەت-نەتەوەکانی تورک و عەرەب و ئێرانی (فارس)، کورد لە هەر چوارپارچەی کوردستان، هەوڵی ئاسمیلەکردنی درا. ناسیۆنالیستەکانی پالەوی، ئاتاتورکی و، عەرەبە ناسیۆنالیستەکان و دواتریش بەعسییەکانی - ئەفلەقیی عێراقی و سووری بە ڕەچاوکردنی توندوتیژانەترین سیاسەت، هەوڵی تواندنەوەی نەتەوەی کوردیان دا (عەبباس‌زادە، ١٣٨٧:  ٣٩).

لە سەردەمی دیکتاتۆریی بیست ساڵەی ڕەزاشادا زۆرداریی نەتەوەیی گەیشته ئەوپەڕی خۆی. شۆڤینیزمی ئێرانی بوو به سیاسەتی ڕەسمیی ڕێژیمی پەهلەوی و نەتەوەکانی غەیری فارس خرانه ژێر توندتروتیژترین ستەمی نەتەوەیی. بۆ لەنێوبردنی شوێنەواری نەتەوەیی، مێژوویی و فەرهەنگیی ئەم نەتەوانە بەرنامەیەکی داڕێژراو و درێژخایەن بەڕێوە دەچوو کە مەبەستی تواندنەوەی نەتەوەکانی غەیری فارس بوو. دەستێوەردانی مێژووی کۆن و نوێ، گۆڕینی ناوی شار و گوندەکان، قەدەغەکردنی گەلێک ڕێوڕەسمی نەتەوەیی، تەنانەت لەبەرکردنی جلوبەرگی نەتەوەیی، هەموو بۆ ئەوە بوو کە نیشان بدرێ لە ئێران‌دا تەنیا تاقە نەتەوەیەک هەیە، ئەویش نەتەوەی فارسه (قاسملوو و حەسەن‌زادە،  ٢٠٠٢:  ٢٤).

هاوکات لەگەڵ هاتنەسەرکاری ڕەزاخانی میر پێنج و بیچم‌گرتنی دەوڵەت – نەتەوەی فارس – ئێرانی(١٩٢٦)، بزووتنەوەی سمایل ئاغای شکاک، ناسراو به سمکۆ (١٩١٩ – ١٩٣٠) لە هەوڵی درووستکردنی هەرێمێکی ئۆتۆنۆمی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا بوو. سمکۆ پێش لە دەسپێکی پرۆژەی نەتەوەسازیی دەوڵەتی فارس، به بێ ئەوەی چاوی تەماح بە مەبەستی سڕینەوەیان ببڕێتە سەر پێکهاتەکانی دیکەی دەوروبەری خۆی، "ڕێبەرایەتیی بزووتنەوەیەکی کرد که یەکەمین خوێندنگەی کوردی لە ڕۆژهەڵات کردەوە، یەکەمین ڕۆژنامەی کوردی – فارسی بڵاو کردەوە و کوردیی کرده زمانی فەرمیی قەڵەمڕەوی حوکمڕانییەکەی و ڕاپەڕینەکەی بوو به بناغەی دژایەتیی نێوان گێڕانەوەی فەرمی و نیوە فەرمیی دەوڵەت (دەوڵەت - نەتەوەی فارس – ئێرانی) و گێڕانەوەی ناسیۆنالیستیی کورد لە ئێران" (سلێمانی، ٢٧٢٠:  ٤٣٥).  جووڵانەوەی سمکۆ کە تا ساڵی ١٩٣٠ هەر مابوو، ببوو به کۆسپێک لە سەر ڕێگای ڕەزاخان که دەیهەویست دەسەڵاتێکی بەهێزی ناوەندی لە ئێران پێک بێنێ. بۆیە پاش دانانی پیلانێک لە ڕۆژی ٣١ی جۆزەردانی ساڵی ١٣٠٩ (١٩٣٠ی زایینی)دا، سمکۆ لە لایەن سەرهەنگێکی لەشکری ئێرانەوە بۆ وتووێژ بانگ کرایە شاری شنۆ و ناجوامێرانه کوژرا (قاسملو و حەسەن‌زاده، ٢٠٠٢: ٢٣).

لە درێژەی هەوڵدان بۆ چەسپاندن و سەقامگیرکردنی دەوڵەت - نەتەوەی فارس - ئێرانی و چڕکردنەوەی تەواوی دەسەڵاتەکان لە ناوەند لەسەر ئەساس و بنەمای ئاسمیلەکردنی نەتەوەکانی دیکە و یەک لەوان کورد و ڕاکێشانی زەین و بیری تاکەکانی کۆمەڵگەکان و تەسلیم‌کردنیان به "تەبەعییەت" و پێڕەوی لە بیری ئێرانی و "ئیراندۆستی" و ئەرکیان بەرانبەر بە پاراستنی ئەم تاکە وڵاتە و تاکە نەتەوە، پرۆسەی "سەربازگیری" و سەربازی‌کردنیان به "ئیجباری" بەسەر لاوانی کوردستاندا دەسەپاند. "ئەمنیە" له گوندەکانی کوردستان حاکمی بێ‌ئەملا و ئەولای گیان و ماڵ و نامووسی خەڵک بوون و لەبەرکردنی جلوبەرگی کوردی بە تەواو قەدەغە کرا. بەرانبەر بە هەموو ئەم زوڵم و زۆریانە لە هێندێک ناوچەی کوردستاندا ڕاپەڕین و ناڕەزایەتیی سەریان هەڵدا کە وێڕای سەرکوتکردنیان، هەستی کوردایەتییان لە کوردستان لە دڵی هەموو کوردێکدا ئەوەندە بەهێز کرد که سیاسەتی ڕەزاشا بۆ تواندنەوەی نەتەوەی کورد وەک هی مستەفا کەماڵ له تورکیە بە تەواوی پووچەڵ بوو (قاسملوو و حەسەن‌زاده، ٢٠٠٢: ٢٤).

له ئاکامی ڕیزبەندیی وڵاتانی زلهێز و کاریگەر لە شەڕی دووهەمی جیهانی (١٩٣٩ – ١٩٤٥) و هاتنە ناوەوەی لەشکری سووری سۆڤییەت لە باکوور و لەشکری سەربازانی ئەمریکا و بریتانیا لە باشوور بۆ نێو خاکی ئێران، و بە گشتی تێکچوونی دیکتاتۆریی ڕەزاشا، هێندێک ئازادیی دێموکراتی لە ئێران پەیدابوون و حیزب و ڕێکخراوه سیاسییەکان بووژانەوە و پەرەیان گرت. لە کاتێکدا کە لەشکری سوور هاتبووە بەشی باشووری ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە بەشی باکوور تا شاری ورمێ لەشکری سوور جێگیر ببوو، ناوچەی موکریان و بە تایبەت شاری مەهاباد لەو وەزعه دوور بوون. ئەوە بوو کە یەکەم ڕێکخراوێکی بەهێزی سیاسیی کوردی به ناوی "کۆمەڵەی ژیانەوەی کوردستان" کە به "کۆمەڵەی  ژ-ک" ناوی دەرکرد، لە ڕۆژی ٢٥ی گەلاوێژی ١٣٢١ (١٦ی ئووتی ١٩٤٢)  لە شاری مەهاباد دامەزرا. کە دوای سێ ساڵ (١ی خەزەڵوەری ساڵی ١٣٢٤ی هەتاوی بەرانبەر بە ٢٤ی ئۆکتۆبری ١٩٤٥ی زایینی)  حیزبی دێموکراتی کوردستان لەسەر هەمان بناغە دامەزرا و تەنیا دوای چەند مانگ لە دامەزرانی حیزبی دێموکرات، لە ٢ی ڕێبەندانی ١٣٢٤ی هەتاوی، کۆماری دێموکراتیکی کوردستان به سەرۆک‌کۆماریی پێشەوا قازی محەممەد وەک یەکێک لە گەورەترین دەسکەوتەکانی نەتەوەیی بۆ کورد دامەزرا ( قاسملوو، ١٣٦٧: ٦٥ و ٦٧ ).

به پێکهێنانی کۆمەڵەی ژیانەوەی کوردستان و دواتر دامەزرانی حیزبی دێموکراتی کوردستان و سەرئەنجام دامەزرانی کۆماری دێموکراتیکی کوردستان، بزووتنەوەی نەتەوایەتی و مافخوازانەی کورد قەوارەیەکی ڕێکوپێکی خاوەن پلان و بەرنامە بەخۆوە دەگرێ. بەپێچەوانەی ڕابردوو، خواستەکانی بزووتنەوەی کورد ڕوون و بە دامەزراوە دەکرێن و لە ژێر کاریگەریی هۆکاری دەرەکیدا قەوارەی بزووتنەوە لە خێڵ و عەشیرەوە دەگۆڕدرێ بۆ حیزب و ڕێکخراو به مەبەستی کۆکردنەوەی زیاتری هێز و دیاریکردنی خواستی ڕوون و فۆرمولە کراو (مەولودی، ١٣٨١: ١٦٣).

پێکهاتنی حیزب و ڕێکخستنی بزووتنەوە لە چوارچێوەی قەوارەی حیزبدا کە هێز و پتانسێلی جەماوەر لە پێناو دەستەبەرکردنی ویست و خواستەکاندا ڕێک دەخات، دەبێته هۆی گەشەکردن و بەردەوامبوونی کۆمەڵگەی مەدەنی (نەوزەری، ١٣٨١: ٥٣).

هەڵگرتنی دیسکۆرسی نەتەوەیی لە چوارچێوەی دامەزراوەیەکی مودێڕندا به ناوی حیزب و بە جەماوەریکردنی خەبات لە ماوەی نزیک به هەشت دەیەی ڕابردوودا کە لە لایەک بەردەوامیی هەیە و لەلایەک گشتگیربوونی خۆی سەلماندووە، سەلمێنەری نێوەرۆکێکی مەدەنی‌یە کە لە درووستکردنی کۆمەڵگەی مەدەنیی ئەمڕۆی ڕۆژهەڵاتی کوردستان‌دا خاوەن ڕۆڵ و کاریگەریی‌یه. بزووتنەوەی نەتەوەیی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ئەساسدا ماهییەتێکی مودێرن و مەدەنی هەیە کە بناغەکەی بۆ پێوەندیی خۆی لەگەڵ ئەوەی دیکە واتە شوناسی کوردبوونی خۆی لەگەڵ هۆڤییەتی ئێرانی دەگەڕێتەوە کە دامەزرانی کۆماری کوردستان لە مەهاباد وڵامدانەوەیەک بوو به ڕەفتار و بیرکردنەوەی نیزامی حاکمی ئەو کاتی لە ئێران (وەلی، ٢٠١١: ١١٢).

بزووتنەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دوای شۆڕشی ١٩٧٩ی زایینی، بە تەبەعییەت لە مەرامنامەی حیزبەکان و ماهییەتی داخوازییەکانی خەڵکی کوردستان، نێوەرۆکی مەدەنیانەی خۆی پاراست. تەنانەت، سەرەڕای هەڵوێستی سەخت و توندوتیژی دەسەڵاتی نوێ لە تاران دژ بە کورد، مقاومەتی خەڵکی کوردستان و حیزبەکان لە جۆری نافەرمانیی مەدەنی و بەرەنگاریی ناتوندوتیژانە بوو. بزووتنەوەی کوردی سەردەمی "پاش شۆڕشی ١٩٧٩" خۆی بەسەرچاوەگرتوو لە خۆڕاگریی ناتوندوتیژیی گشتی و کەمپەینەکانی نافەرمانیی مەدەنی پێناسە دەکات کە بەشە جیاوازەکانی کۆمەڵگەی کوردی تێیدا بەشدار بوون. ئەم چالاکییانە بە دوو هۆکار ئەنجام دەدران، یەکەمیان بەرەنگاری لە بەرانبەر هەوڵەکانی ڕێژیم بۆ چەسپاندنی دەسەڵاتی خۆی و دووهەمیان بەرەنگاری لەمەڕ قایلکردنی ڕێژیم بۆ بە فەرمی ناسینی "شۆڕا" هەڵبژێردراوەکانی شارەکان کە لە شارە جیاکانی کوردستاندا پێک هاتبوون (حەسەنیان، ٢٧٢٠:  ٤٥١).

***

*) لە ئەدەبیاتی سیاسیی حیزبەکان‌دا ئەم دوو باڵ و بەستێنە بە "خەباتی مەدەنی و شۆڕشگێڕانە" و "خەباتی شار و شاخ" تەعبیر کراوە.