کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ژنکوژی لە بەرەبەری ساڵوەگەڕی شۆڕشێکدا

01:48 - 19 خەرمانان 2725

ئاسۆ مینبەری

لە سێ ساڵەی شۆڕشی ژینا نیزیک دەبینەوە، شۆڕشێک کە ئەگەرچی بەستێنەکانی سەرهەڵدانی پێویستییان بە خوێندنەوەی زانستی لە لایەنی جیاوازەوە هەیە، بەڵام ئێستاشی لەگەڵ بێت وەکوو شۆڕشی ژنانە لە کوردستاندا دەناسرێت. ئەوەش ڕاستە کە شۆڕشی ژینا کاردانەوەیەکی گشتگیر بە قەتڵی حکوومەتیی ژینا ئەمینی بوو، بەڵام لە درێژەدا کۆمەڵێک پرس و بابەتی دیکەی لەگەڵ خۆی خست کە وردبوونەوە لە هەر کامیان دەتوانێ کۆمەڵێک پرسی دیکەمان بۆ ڕوون بکاتەوە.

مەرگی ژینا ئەمینی بەو شێوەیە و لە تارانی پێتەختی کۆماری ئیسلامیدا، لە سەرەتاوە زیاتر لایەنی ستەمی حکوومەتی بەرانبەر بە کەمینە نەتەوەییەکان و ژنانی زەق کردەوە، بەڵام لە قۆناغەکانی دواتردا، فۆکۆسی زیاتری خستە سەر پرسەکانی ژنان و زیاتر لە ڕابردوو هەڵاواردن و ستەمی ڕەگەزی بەرانبەر بە ژنان بوو بە ڕۆژەڤ.

بەپێی زانیارییەکان و هەواڵە بڵاوەکراوەکانی ئەوکات، خودی شۆڕشەکە هیوایەکی زۆری خستبووە نێو کۆمەڵگەوە بە شێوەیەک کە لە ماوەی شۆڕشەکەدا، ڕێژەی خۆکوژییەکان بەگشتی دابەزینی بە خۆوە بینیبوو و گرینگتر لە هەمووی ئاماری ژنکوژییەکان بەتایبەت لە کوردستان، کەمی کردبوو. لە گەرمەی شۆڕشی ژینادا کە ژن ببوو بە ناوەندی شۆڕشەکە، پرسەکانی ژنان ئاڵوگۆڕیان بەسەردا هات و ژنان لە قوربانیی دەستی دەسەڵات و نەریتە باوەکانی کۆمەڵگەوە بوون بە پیشەنگی شۆڕشەکە و زۆر شتیان لە کۆمەڵگەدا گۆڕی. ژنان نەترسانە هاتنە نێو مەیدانی خەباتەکەوە و هەوڵیان دا لە قوربانیبوونەوە ڕۆڵی خۆیان بە شۆرشگێڕبوون و پیشەنگبوون هەم لە مەیدانی خەباتی نەتەوایەتی و هەم خەباتی ڕەگەزیدا بگۆڕن.

دابەزینی ڕێژەی ژنکوژییەکان و بەگشتی توندوتیژییەکان بەرانبەر بە ژنان لەو کاتەدا، جیا لەوەی کە بە مانای هەوڵی ژنان بۆ گۆڕینی پێناسە باوەکان بوو، نیشانی دا کە کۆمەڵگەی کوردستان بە پێچەوانەی پڕوپاگەندەی دەسەڵات، بەستێنی گۆڕان لە پێوەندی لەگەڵ پرسەکانی ژنانی تێدایە و ئەگەر بەرنامە و پلانی تایبەتی بۆ دابنرێ، ئەکرێ ئەم پرسانە هەتا نزیکەی بنبڕبوونیش بەرەو پێش بچن. بەڵام ئەوەی کە سەرنجڕاکێشە ئەوەیە کە ئێستا و پاش سێ ساڵ لەم شۆڕشە کە ئەو هەموو قوربانییەی بۆ دراوە و پێمان وابوو لانیکەم ئاڵوگۆرێک لە پێوەندی لەگەڵ پرسەکانی ژناندا هاتووەتە ئاراوە، دەبینین کە ژنکوژی لە کوردستان هەر درێژەی هەیە!

لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا کوژرانی ژنک بە دەستی هاوسەرەکەی لە شاری سەقز، بوو بە سەردیڕی هەواڵەکان و بۆ سێوەی جۆراوجۆر باسی لێ کرا. سورەیا عەلیمحەممەدی ژنی تەمەن ٣٥ ساڵی خەڵکی سەقز، پاش سالانێک گیرۆدەبوون بە وندوتیژیی خێزانی، کێشەی خێزانی و خووگریی هاوسەرەکەی بە ماددە هۆشبەرەکان، دوابەدوای ئاڵۆزییەک لەگەڵ هاوسەرەکەی، سەرەتا بە لێانی چەقۆ بریندار دەکرێ و دواتر لە پارکینگی ماڵەکەیدا، لەلایەن هاوسەرەکەیەوە بەنزینی پێدا دەکرێ و ئاگر لە جەستەی بەر دەدرێ. خوێندنەوە بۆ ئەم پرسە گرینگە! چۆن ئەبێ لە شاری سەقزدا کە شوێنی سەرهەڵدانی شۆڕشی بەرینی ژینا بوو و پیاوان شانبەشانی ژنان لە مەیداندا بوون و دژی هەلاواردن و ستەمی ڕەگەزیی سیستماتیکی رێژیم دژی ژنان وەستابوونەوە، ژنکوژییەک لەو ئاستە بیڕەحمانە و نامرۆڤانەیەدا ڕوو بدات؟

بابەتی گرینگ لە کوژرانی سورەیادا، بۆشایی یاسایی و گرینگینەدانی پێکهاتەیی و پارێزراوبوونی بکەرانی توندوتیژیی خێزانییە کە سەرەڕای زۆربوونەوەی ژنکوژییەکان، کۆماری ئیسلامی هیچ یاسایەکی بۆ قەدەغەکردنی توندوتیژیی دژی ژنان پەسەند نەکردوە و یاسایەک بۆ پشتیوانی لە ژنان بوونی نییە.

لەلایەکی دیکەوە پیاوان هەر بەپێی یاساکانی ئەم رێژیمە، لە حاڵەی جۆراوجۆردا دەتوانن هاوسەرەکانیان بکوژن و چونکە توندوتیژیی خێزانی وەکوو تاوان نەناسراوە، بەروڕووی کەمترین سزای یاسایی دەبنەوە و قوربانییانیش بە هۆی نەبوونی پشتیوان زۆر جار ناچارن بێدەنگی هەڵبژێرن.

پرسی ژنکوژی لە کوردستان بە پێچەوانەی پێناسەی کۆماری ئیسلامی، کە بە پرسێکی سەرچاوەگرتوو لە فەرهەنگی خەڵکی کوردستانی ناو دەبات، پرسێکی تێکەڵاو لەگەڵ دۆخی کۆمەڵایەتی، ئابووری و سیاسییە کە بە هۆی پەراوێزخرانی کوردستان و سیاسەتی سەرکوتی سیستماتیک لەلایەن ڕێژیمەوە، پەرەی سەندووە و پێوەندیی ڕاستەوخۆی بە پەروەردەی ئیدئۆلۆژیک و پلانی درێژخایەنی کۆماری ئیسلامی بەرانبەر بە کوردستان و خەڵکی کوردستان هەیە.

بەڵام جیا لەمانە، پرسیار ئەوەیە کە بۆچی بە ئاگاداربوون لە پلان و بەرنامەی ڕێژیم بۆ بەدەستەوەدانی پناسەیەکی ناشیرین لە خەڵکی کوردستان، خەڵک و بەتایبەت پیاوان ئێستاش هەر لە توندوتیژییەکان بەرانبەر بە ژنان بەردەوامن و ئاڵوگۆڕێک پێک ناهێنن؟

خوێندنەوەی ئەم بابەتە بە شێوەی زانستی وا دەکات، وێڕای خەسارناسیی بنەڕەتی، ڕێگەچارەش بدۆزرێتەوە، بۆ ئەم مەبەستەش پێویستە کەسانی شارەزا بە لێکدانەوەی زانستی لە لایەنە جیاوازەکانی ئەم جۆرە تاوانانە و هاوکات ڕۆشنگەری بۆ خەڵک هەوڵ بۆ پیشگرتن لە کارەساتی لەم شێوەیە بگرن و پلان بۆ بونیاتنانی کۆمەڵگەیەکی تەندروست بۆ ژنان دابنێن.