
وانیار ئەهوورایی
هەشتا ساڵ بەسەر دامەزراندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان تێپەڕ بوو. هەرچەند سێ ساڵ بەر لە دامەزراندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان، دامەزرێنەرانی حیزب، هەمان دامەزرێنەران و تێکۆشەرانی کۆمەڵەی "ژ - ک." بوون و لەو سێ ساڵە بەستێنێکی زۆر باش و لەباریان بۆ دامەزراندنی وەها حیزبێکی پێشکەوتووی ئەو سەردەمە ڕەخساندبوو.
حیزبی دێموکرات هەر لە سەرەتای دامەزراندنییەوە بۆ بەڕێوەبردنی دەوڵەتی کوردستان و دەوڵداری دامەزرا، بۆیە لە ماوەیەکی زۆر کورتخایەندا لەو دەرفەتەی کە بەهۆی بارودۆخی ناوچەکە و بەتایبەت لە جوگرافیای دەستکردنی ئێراندا ڕەخسابوو، بەبێ بیرکردنەوەی لە هیچ جۆرە خۆبەرێوەبەرییەک لەو جوگرافیا دەستکردەدا و بە بڕیارێکی ژیرانە دامەزراندنی دەوڵەتی کوردستانی ڕاگەیاند؛ دەوڵەتێکی کۆماری و دێموکراتیک. خاڵێکی تایبەتیی ئەم حیزبە لە کاتی بەڕێوبەریی کۆماری کوردستاندا کە زۆر بە کەمی ئاوڕی لێ دراوەتەوە، دامەزراندنی یەکەم حیزبی تایبەت بە ژنانی کوردستان بوو بە ناوی "حیزبی یایانی کوردستان" کە نەک تەنیا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، تەنانەت بگرە لە زۆر شوێنی جیهانیشدا لەو سەردەمەدا وەها حیزبێک بوونی نەبووە. پاش ڕووخان و هەرەسهێنانی کۆماری کوردستان، حیزبی دێموکراتی کوردستان تاکوو ئێستە زۆر هەوراز و نشێوی بڕیوە و زۆر کۆسپ و چەڵەمە هاتووەتە سەر ڕێگەی، بەڵام کۆڵنەدەرانە یەک چرکەساتێکیش لەسەر ئەو ڕێبازە نەتەوەیی و نیشتمانییە کە بۆی دامەزراوە لای نەداوە و خەباتێکی دوورودرێژی پڕشانازی و مێژوویەکی سپیی هەبووە، بۆیە لەنێو خەڵکی کوردستاندا بووەتە ڕەمزی بەرخودان و کوڵنەدانی نەتەوەیەکی نیشتمانداگیرکراو کە ئیرادەیەکی پۆڵایینی لەپشتە و دەرەنجامەکەی دەگاتەوە بە ڕزگاریی کوردستان و دامەزراندنەوەی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان.
هەنووکە لە کوردستانی فرەحیزبیدا خاڵێکی جیاکەرەوەی ئەم حیزبە لە حیزب و ڕێکخراوە سیاسییەکانی تر، نەتەوەییبوونەکەیەتی کە هەر لەم ڕاستایەشدا بەدرێژاییی تەمەنی خۆی گەلێک قوربانیی بۆی داوە و حازر نەبووە لەپێناو بەدەستهێنانی دەرفەتێکی کاتی یان بەرژوەندیی حیزبیی خۆیدا بۆ چرکەساتێکیش لەسەر ڕێبازەکەی سەرەکییەکەی لابدات و تەنانەت لە کاتێکدا لەگەڵ حکوومەتی عێراقیشدا پێوەندیی دیپلۆماتیکی هەبووە، نەک تەنیا ئەم پێوەندییە بە زیانی خەبات و شۆڕشی باشووری کوردستان نەبووە، تەنانەت زۆر جاریش پاڵپشتی شۆڕشگێڕانی باشووری نیشتمان بووە؛ ئەمە تەنیا وابێژییەکی ئێمەی ئەندامان و لایەنگرانی ئەم حیزبە نیە، بەڵکوو خودی کەسایەتییەکانی باشووری کوردستان کە هەم لە سەردەمی شۆڕشی شاخدا بوون و هەمیش لە سەردەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا کاربەدەست بوون، دەیان جار بەئاشکرا شایەتییان بۆ ئەم مێژووە سپییەی حیزبی دێموکرات داوە، بۆ نموونەش دەتوانین ئاماژە بە بەڕێز د. مەحموود عوسمان و زۆر کەسایەتیی تر بکەین.
جیا لەوەش، ئەم حیزبە لەسەر هەمان بنەمای دامەزراندنی، بەردەوام هزری کوردستانیبوون، دەوڵەتخوازی، سەربەخۆییی کوردستانی و هۆشیاریی نەتەوەیی لەنێو خەڵکی کوردستاندا پەرە پێ داوە و پێشەنگایەتیی خەباتی نەتەوەییی کردوو. بۆیە بەهۆی کاریگەریی حیزبی دێموکراتی کوردستان دەبینین هەنووکە لە کوردستانی داگیرکراودا هۆشیاریی نەیەوەیی و بیری کوردستانیوون و هەروەها خۆشەویستی و جێگە و پێگەی ئەم حیزبە بە جۆرێک ڕیشەی داکوتاوە کە دەبینین کومار، کوردستان، پێشەوا، ئاڵا، نیشتمان، خەبات، گەلاوێژ، شۆڕش و یەڵدا و ... کە بە جۆرێک پێوەندییان بە کوردستان و حیزبەوە هەیە، زۆرترین ناوی مناڵانن و باشترین بەڵگەی ئەم وابێژییەش لێدوانە مێژوویییەکەی باوکی شەهید "کۆمار دەروفتادە"یە کە لەسەر گڵکۆی کوڕە شەهیدەکەی گوتی: "ئەو کوڕەی من لە ٢٥ی گەلاوێژدا لەدایک بوو، بۆیە نێوم لێ نا کومار، خۆشبەختم کە لەسەر خاک و ئازادی و نیشتمان شەهید بووە"؛ هەروەها پاش ڕاگەیاندنی ڕاسان و بەتایبەت گیانبەختکردنی شەهیدانی کۆساڵان بەشێکی بەرچاو دایکان و باوکانی کوردستان ناوی منداڵەکانیان ناوە ڕاسان و کوساڵان.
ئەگەر سەردەمانێک هەندێک حیزب و ڕێکخراوەی سیاسی کە حیزبی چین و توێژ و کۆمەڵەکەس و بیرۆکەیەکی دیاریکراون (ئایینی، کۆمۆنیستی، ناوچەیی و ...) و بەهۆی ئەوەی لەسەر بنەما و پێوەری دەرەکی و ناتەبا لەگەڵ هەلومەرجی کوردستان و مافەکانی نەتەوەی کورد دامەزراون و لە کاتی دامەزراندنیانەوە تاکوو ئێستەشی لەگەڵ بێت کوردستان تەنیا لە چاویلکەی ئایدیۆلۆژیی خۆیانەوە دەبینن، بەڵام چونکە حیزبی دێموکراتی کوردستان هەڵقوڵاوی کۆمەڵگەی کوردستان و لەسەر بنەمای کوردستانیبوون و ئاوات و ئامانجی خەڵکی کوردستان دامەزراوە، لە ماوەی تەمەنی خۆیدا ساتێکیش لە ڕوانگە و ویست و داخوازی و مافە ڕەواکانی خەڵکی کوردستان دوور نەبووە، بۆیە هەموو تاکێکی کوردستانی خۆی لەو حیزبەدا بینیوەتەوە و خەڵک وەکوو حیزبی خۆیان هەڵیانبژاردوە و ئەمەش بووەتە هۆکاری ئەوەی لەلایەن خەڵکی کوردستانەوە میداڵیای ناوبانگی حیزبی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستانی پێ ببەخشرێت.
ئێستە کە تەمەنێکی زۆر لە دامەزراندن و خەباتی حیزبی دێموکرات تێپەڕ بووە و بووەتە حیزبێکی گەورە و بەهێز، هۆکاری دووانەی هەیە کە هەم حیزبە بەو ئاوڕدانەوە کورتە کە باسمان کرد و هەمیش پاڵپشتیی خەڵکی کوردستانە لەم حیزبە؛ ئەگەر حیزبی دێموکراتە بەهێزە، بێگومان ناوەندی هێزەکەی کۆمەڵگەی کوردستانە. ئێستەش پێگەی حیزبی دێموکراتی کوردستان هەم لە ناوخۆی کوردستان و هەم لە ئاستی نێونەتەوەیی و تەنانەت سەرەڕای ئەوەش حیزبێکی دەوڵەتی نییە کە دەوڵەت بەڕێوە ببات، بەڵام لە ئاستی نێودەوڵەتیشدا بۆ هەمووان دەرکەوتووە. بۆیە لە ماوەی ئەم هەشتا ساڵەدا ئەوەی کە بۆ حیزب بووەتە مایەی هیوا و دڵخۆشی و حیزبی گەیاندووەتە ئەو ئاستە بەرزە، پشتیوانیی خەڵکی کوردستان بووە. ئەم حیزبە سەرەڕای گشت گوشار و لێدان و چەرمەسەرییەکان کە سێ ڕێبەر، دەیان ئەندامی ڕێبەری و سەدان کادر و هەزاران پێشمەرگە و ئەندام و لایەنگری لەلایەن داگیرکەرانی کوردستانەوە شەهید کراون، بەڵام لە سەردەمی هەردوو ڕێژیمی پەهلەوی و ئاخوندەکانی پەت و سێدارەدا یەک چرکەساتیش بەرانبەر بە داگیرکەران خۆی نەچەماندووە و کۆڵنەدەرانە لە بەرگریکردن لە خاک و خەڵکی کوردستان شێلگیرانە بەردەوام بووە و ئەمەش بووەتە هۆکاری ئەوەی متمانەی خەڵکی کوردستان بەدەست بهێنێت و خەڵک ڕۆژ لە دوای ڕۆژ زیاتر لایەنگری و پاڵپشتیی خۆیان بۆ حیزبی دێموکرات دەرببڕن.
لە کۆتاییشدا پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت کە هەم لە شوڕشی ژینادا جێگە و پێگەی حیزبی دێموکرات لە کوردستان و بەتایبەت لەنێو نەوەی نوێی کوردستان بۆ هەموو لایەک (دۆست و دوژمن و خودی و بێگانە) دەرکەوت و ڕوونترین بەڵگەش دروشمی بەکۆمەڵی خەڵک هەر لە مناڵان و قوتابییان و خوێندکاران بگرە تاکوو دایکانی نیشتمان و باوکانی چاونەترس کە لە قوتابخانە و زانکۆ و شەقامەکانی شارەکانی کوردستان دەیانوت "قاسملوو قاسملوو ڕێگەت درێژەی هەیە" یان دەیانوت "نابەزین نابەزین، ڕۆڵەی پێشەوا قازین"؛ هەم لە نەورۆزی خاکیپۆشانی ئیمساڵ (٢٧٢٥ی کوردی) بینیمان کە هێما نەتەوەیییەکان وا لەلایەن ئەو حیزبەوە دیاری کراون بۆ کوردستان، وەک جلوبەرگی خاکی و جامانە و هەوری و تەنانەت وێنەی ڕێبەرانی شەهیدیش ڕەنگدانەوەیەکی زۆر بەرچاوی هەبوو. ئەم دوو نموونەیە بەڵگەی ڕوونی حاشاهەڵنەگری پێگەی جەماوەریی حیزبی دێموکراتن لە کوردستان. ڕوونە کە حیزبی دێموکراتی کوردستان، حیزبی سەرەکی و پێشەنگی نەتەوەیی و کوردستانیبوونە و هەموو هەوڵێکی لەپێناو ئاوات و خەون و ئامانجەکانی نەتەوەکەیەتی و خەڵکیش لەمە باش تێگەیشتوون، بۆیە بە ورەیەکی بەرزەوە ئامادەن بۆ پێشوازی لە هەر بانگەوازێکی ئەم حیزبە.