
دەوڵەتی بریتانیا لە نوێترین ڕاپۆرتی ئەمنییەتیی خۆیدا، ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران و سپای پاسدارانی وەکوو سەرەکیترین ئەمنییەتی و گەورەترین هەڕەشە دژی ئەمنییەتی میللیی ئەو وڵاتە لە قەڵەم دا و ڕێکخراوە دژەسیخۆڕییەکانی لەندەن هۆشدارییان دا کە تاران بە کەڵکوەرگرتن لە تۆڕە نهێنییەکان، شانە نووستووەکان و ناوەندە ڕواڵەتییەکان، لە هەوڵی پەرەپێدان بە دزەکردن و جێبەجێکردنی ئۆپەراسیۆنە تێرۆریستییەکان لە خاکی ئەو وڵاتەیە.
ڕۆژنامەی "دەیلی ئێکسپرێس" نووسیویەتی :"سپای پاسداران لە ڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەییەکانەوە هەوڵی ڕاکێشانی هێزی مرۆیی لەنێوان کۆچبەراندا دەدات و ئەو کەسانەی لە چوارچێوەی شانە نهێنییەکاندا بۆ هەوڵی تێکدەرانە بە شێوەی ئامادە ڕاگرتووە".
ئاندریاس کریگ، مامۆستای ئەمنییەتی لە زانکۆی "کینگر"ی لەندەن، جەختی لەوە کردەوە کە: "مەترسیی سەرەکی بۆ سەر بریتانیا مووشەکەکانی ئێران نییە بەڵکوو ئەو تۆڕانەیە کەکۆماری ئیسلامی لە ناو دڵی لەندەن یان مەنچێستێردا چالاکیا دەکات".
ڕێکخراوی ئەمنییەتیی نیوخۆیی بریتانیا ڕایگەیاند کە تەنیا لە ساڵی ٢٠٢٢وە هەتا ئێستا لانیکەم ٢٠ گەڵاڵەی تێرۆریستیی پێوەندیدار بە ڕێژیمی ئێرانیان پووچەڵ کردووەتەوە.
کۆمیتەی زانیاری و ئەمنییەتی پارلەمانی بریتانیا لە ڕاپۆرتی ئەم دواییانەدا جەختی لەوە کردەوە کە کۆماری ئیسلامی چەند جار هەوڵی داوە کە دژبەرانی سیاسی و کەسایەتییە یەهوودییەکان لە خاکی بریتانیا بڕفێنن یان تێرۆریان بکەن.
دەوڵەتی لەندەن بە جێبەجێکردنی گەڵاڵەی "تۆمارکردنی دزەی دەرەکی" ڕایگەیاند کە چالاکییە پێوەندارەکانی بە تاران لەژێر توندترین ئاستی چاوەدێریدان و هەر جۆرە هەڵەیەک دەتوانێت سزای بەندکرانی بەدواوە بێت.
هەروەها بەرپرسانی بریتانیایی لەو بارەوە هۆشدارییان دا کە هەر جۆرە کەڵکاوەژۆوەرگرتن یان هێرشێک بۆ سەر دژبەران و کەمینەکان لەنێو خاکی ئەو وڵاتەدا وەکوو هێرشی راستەوخۆ بۆ سەر بریتانیا دێتە ئەژمار و کاردانەوە و وڵامی توندی بەدواوە دەبێت.
ئەوە لە کاتێکدایە کە سەرەڕای ململانێ ناوکییەکان و زیادبوونی گەمارۆکانی بۆ سەر ڕێژیمی تاران، سیاسیەتی هێرشبەرانەی کۆماری ئیسلامی و سپای تێرۆریستیی پاسداران زیاتر لە هەموو کات ڕێژیمی ئێرانی تووشی هەڵوەشانەوە و ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆ لەگەڵ رۆژاوا کردووە.