
ڕەزا دانشجوو
پارانۆیا (Paranoia) تایبەتمەندییەکی هاوبەشی هەموو دیکتاتۆرەکانە. ترس لە پیلانگێڕی لە لایەن کەسانی دەوروبەری و نزیکەکانیەوە، بازنەی متمانەپێکراوی دیکتاتۆر زۆر بچووک و تەسک دەکات. لە ڕاستیدا تەنیا کەسانی زمانلووس, ماستاوچی و گوێڕایەڵ دەتوانن بچنە نێو ئەم بازنەیەوە. هەر ئەمەش دەبێتە هۆکار کە هەڵبژاردنی دیکتاتۆرەکان زۆر سنووردار بێت! لە ڕاستیدا هەموو کەسانی باوەڕپێکراو لە لایەن دیکتاتۆرەوە تاقمێک کەسی دیارن لە دەوروبەری کە بە نۆبە پۆستەکان وەردەگرن! تاریق عەزیز و تەها یاسین ڕەمەزان و چەند کەسایەتییەکی تر تا ڕووخانی سەدام لە خزمەتی ئامانجەکانی سەدامدا بوون و هەڵبەت چارەنووسیشیان لە سەدام باشتر نەبوو! ئەسەدوڵڵا عەلەم و ئەمیر عەباس هۆوەیدا، کەسانی متمانەپێکراوی محەممەدڕەزا پەهلەوی بوون و گوێڕایەڵ و تەسلیمی فەرمانی جەنابی هومایونی! تەنانەت هۆوەیدا بە فەرمانی پەهلەوی و بۆ ڕازیکردنی و بێدەنگکردنی خەڵک زیندانی کرا! دیارە چارەنووسی ئەم کەسانەش لە پەهلەوی باشتر نەبوو!
لە دوای پرۆسەی بەناو هەڵبژاردن یان باشتر بڵێین دانانی مەسعوود پزیشکیان وەک سەرۆککۆماری ڕێژیم لە لایەن خامەنەییەوە، دەرکەوت کە دەستی دیکتاتۆری کۆماری ئیسلامی چەندە خاڵی بووە کە جارێکی دیکە پەنای بۆ گەمەی بێ نرخ و شرۆڵ و دووپاتەی ڕیفۆرمخواز- بناژۆخواز بردوە! هەرچەندە پزیشکیان بە هۆی تاقمێک تایبەتمەندیی جیاواز و تازە وەک تورکبوون و لەدایکبوون لە کوردستان بە مەبەستی زیادکردنی ڕێژەی دەنگدەران هاتە نێو مەیدانەکە، بەڵام یارییە کۆنەکەی دیکتاتۆر هیچ کاریگەرییەکی لەسەر بەشداریی خەڵک لە هەڵبژاردنەکاندا نەبوو! تازەترین ئاڵقەی ئەم نمایشە دووپاتەیە و دانان و لە ڕاستیدا گەڕانەوەی عەلی لاریجانی لە پۆستی سەرۆکی شۆڕای ئەمنییەتی بە ڕوونی دەرخەری ئەوەیە کە سەرەڕای ئاگاداریی دیکتاتۆر لە بێ کەڵکبوونی ئەم گۆڕانکارییە دووپاتەیە و نەبوونی کاریگەری لەسەر دۆخی ئێستای ڕێژیم، خامنەیی هیچ بژاردەیەکی دیکەی بۆ دەربازبوون لەم قۆناغەدا نییە!
بنەماڵەی لاریجانی کە سەردەمانێک خاوەنی هەموو پۆستە گرینگەکانی ڕێژیم بوون و هاوکات سەرۆکایەتیی پارلەمان و دەزگای بەناو دادوەری و ئەنجومەنی بەرژەوەندییەکانی باڵای ڕێژیمیان لەدەستدا بوو، لەناکاو کەوتنە بەر کین و تووڕەیی دیکتاتۆر و لە زۆربەی پۆستەکان دوور خرانەوە و تا ڕادەیەکی زۆر گۆشەگیر کران! عەلی لاریجانی کە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری ڕێژیم خۆی بەربژێر کردبوو، متمانەی پێ نەکرا و سادق لاریجانی جێگای خۆی لە سەرۆکایەتیی دەزگای دادوەریی ڕێژیمدا بە موحسینی ئێژەیی دا! هێرشەکانی دواتر لە لایەن میدیاکانی سەر بە ڕێکخراوی تێرۆریستی سپای پاسداران زیاتر برایانی لاریجانیی پەراوێز خست، بەجۆرێک کە زۆربەی شارەزایانی سیاسی باسیان لە مەرگی سیاسیی ئەم بنەماڵە کاریگەرە لە کۆماری ئیسلامیدا دەکرد! بەڵام ئێستا لەنێو تەنگژە بەربڵاوەکانی نێوخۆ و دەرەوەدا، دیکتاتۆری پیر جارێکی تر متمانەی بە نۆکەر و خزمەتکارە کۆنەکەی کردوە و دیسان ئەرکی پێ سپێردراوە!
سەبارەت بە هۆکاری سەرەکیی پەراوێزخستنی بنەماڵەی لاریجانی، دەتوانرێت ئاماژە بکرێت بە ترس و دڵەڕاوکێی دیکتاتۆر لە گەورەبوون و کاریگەریی ئەم بنەماڵەیە لە داهاتوی سیاسیی ئێران بە تایبەت دوای مردنی خامنەیی و لە ڕاستیدا مەترسی و هەڕەشەی بۆ جێنشینی موجتەبا خامنەیی! نابێت ئەوە لەبیر بکەین کە بۆ ماوەیەکی زۆر ناوی سادق لاریجانی لە بازنەکانی سیاسیدا وەک جێنشینێکی خامنەیی بە ئەگەری زۆر هاتە ئاراوە! پێدەچێت ئێستا و دوای ئەم پەراوێزخستنە بنەماڵەی لاریجانی ئاگادار بن کە تەنانەت بیرکردنەوە لە ڕێبەریی ڕێژیم دوای خامنەیی چەندە دەتوانێت مەترسیدار بێت! لاریجانی لە کاتێکدا ئەم پۆستە وەردەگرێت کە ساڵانێکە لە لایەن بازنەکانی نزیک لە ڕێکخراوی تیرۆریستیی سوپای پاسدارانەوە تۆمەتبار کراوە بەوەی پەیوەندیی بە دەزگا هەواڵگرییە دەرەکییەکانەوە بە تایبەت بریتانیاوە هەیە! لە ڕاستیدا وەک هۆکاری هەڵبژاردنی دووبارەی عەلی لاریجانی بۆ سەرۆکی شوڕای ئەمنییەتی ڕێژیم زیاتر لە هەر شتێکی تر دەبێت ئاماژە بە کڵۆڵی، بێهیوایی و تێماوی دیکتاتۆری تاران بکرێت!
متمانەکردن و پێدانی دەرفەتی تازە و دووبارە بە مۆرە سووتاوەکانی کۆماری ئیسلامی، ئەو کەسانەی کە تەنانەت میدیاکانی خودی ڕێژیم دەیان جار هێرشیان کردۆتە سەریان و وەک وابەستە و سیخۆڕ و بەکرێگیراوی دەرەکی نیشانیان داون، گەورەترین ئاماژەیە بۆ دەستی بەتاڵی و دەستکورتی دیکتاتۆری پیر لە دۆزینەوەی کەسانی تازەی باوەڕپێکراو! لە ڕاستیدا دوای شەڕی دوانزە ڕۆژە و مردنی دەیان فەرماندەی باڵای نیزامی ڕێژیم و چەند حەوتە خۆحەشاردانی دیکتاتۆر، ترس و بێمتمانەیی ڕادەبەدەر دەزەیان کردۆتە نێو بازنەی یاران و نزیکانی رێبەری ڕێژیم! هەوڵدان بۆ دۆزینەوەی دزەپێکەرانی مۆساد و گومان لە نزیکترین کەسانی ڕێژیم، هیچ ڕێگەیەکی تری بۆ دیکتاتۆر نەهێشتۆتەوە جگە لە متمانەکردن بە نۆکەران و خزمەتکارانی دێرین کە نۆکەری و گوێڕایەڵیی خۆیان لە ساڵانی خزمەتگوزاری دیکتاتۆردا سەلماندوە! لە ڕاستیدا هەڵبژاردنی کەسێکی وەک عەلی لاریجانی زیاتر پەیوەندی بە دەستی بەتاڵی خامنەیی و بازنەی داخراوی خزمەتکارە متمانەپێکراوەکانەوە هەیە نەک بە توانا و شایستەیی سیاسیی لاریجانییەوە! خامنەیی باشتر لە هەر کەسێک دەزانێت کە دەرچوون و ڕزگاربوون لەم چەقبەستوویی و ئەو هەموو قەیرانە کەڵەکەبووانە بە کایەکردن بە تاقمێک مۆرەی سووتاو وەک پزیشکیان و لاریجانی مومکین نیە، بەڵام بە کایەکردن و پێدانی گۆڕەپان بە کەسانی تا ڕادەیەک میانڕەوتر هەوڵ دەدات وێنەیەکی باشتر و ئاشتیخواز لە خۆی لە نێوخۆ و دەرەوە بخاتەڕوو لە کاتێکدا کە دەستی بە تەواوی بەتاڵە و هیچ کارتێکی دیکەی نیە بۆ یاریکردن!
ڕێبەری کۆماری ئیسلامی لە هەموو کەس باشتر دەزانێت کە درەنگ یان زوو جارێکی تر ئیسرائیل هێرش دەکاتەوە سەری! چۆن؟ ئەمە پرسیارێکە کە دۆخی ناوچەکە دەتوانێت کاریگەریی زۆر لەسەر شێوەی ئەم ڕووبەڕووبوونەوەیە دروست بکات. بەڵام لە هەر حاڵەتێکدا دەبێت خۆی بۆ شەڕێکی دیکە ئامادە بکات و ئەوەش لە کاتێکدایە کە ڕەوش و حاڵی میلیشیا و بەکرێگیراوەکانی ڕێژیم لە ناوچە لە خراپترین بارودۆخدایە! بەڵام ترسی گەورەتر و گرنگتری دیکتاتۆری پیر، نەک هێرشی دەرەکی بەڵکوو هەڵگیرسانی دووبارەی ناڕەزایەتی و نائارامی و ڕژانی خەڵک بۆ سەر شەقامەکانە، کە دەکرێت کۆتایی هەموو شتێک بێت! خامنەیی باشتر لە هەموو کەس دەزانێت کە بەم دەستە بەتاڵەوە نە توانای شەڕێکی تری دژی هێزێکی دەرەکی هەیە و نە توانای وەستانەوەی بەرامبەر ئیرادەی گەلانی ئێران! گۆڕین و کایەکردن بە مۆرە سووتاوەکان ڕەنگە دواییترین پەلەقاژەکانی دیکتاتۆری پیری تاران بێت! چەند چرکە ساتێکی زیاتر بۆ مانەوە!