عەلی بداغی
کۆماری ئیسلامیی ئێران چواردەهەمین خوڵی هەڵبژاردنەکانی سەرۆککۆماری کە لە ڕاستیدا سێهەمین هەڵبژاردنی پێشوەختەی سەرۆککۆماری لە تەمەنی خۆیدایە بەڕێوە دەبات، ئەویش لە کاتێکدا نە کاندیدا لەپاڵوێنەدراوەکان کەسانێکی جێکەوتووی سیاسی و کۆمەڵایەتین، نە خەڵک لەو کەشەی بێمتمانەیی ڕەها بە دەسەڵاتدا هۆکارێک بۆ بەشداری لە هەڵبژاردنەکاندا شک دەبەن. لە ئێستادا بێمتمانەیی خەڵک بە حاکمییەتی سیاسیی وڵات گەیوەتە ئەوپەڕی خۆی و لە کاتێکدا خەڵک هیچ هیوایەکیان بە گۆڕینی دۆخی سیاسی و ئابووریی وڵات نەماوە؛ بەڵام بانگەشەی کاندیداکانی دەستچنکراو بۆ بەناو هەڵبژاردنەکانی ٨ی پووشپەڕ هەر دێ و زیاتر دەبن.
وادە و بەڵێنی کاندیداکان لە کۆبوونەوە و دەرکەوتنەکانیان لە مێدیادا پتر وەک یەک دەچن: دابەزاندنی هەڵمسانی ئابووری، کرانەوەی سیاسی، گۆڕانکاری لە سیستمی ئیدارەدانی وڵات، باشترکردنی دۆخی ژیانی کۆمەڵایەتیی خەڵک و هەموو ئەو فڕوفێڵانەی پێیان وایە دەتوانن لەسەر هاندانی خەڵک بۆ چوونە سەر سندووقەکانی دەنگدان کاریگەر بن. لەو گەمەیەدا کار گەیوەتە جێگەیەک پوورمحەممەدی، جەلادەکەی دەیەی ٦٠، کە هەموو تەمەنی سیاسیی لە دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیدا دژی ماف و ئازادییەکانی خەڵک بووە، خوازیاری هەڵگرتنی سانسۆڕ لەسەر ئینتێرنێت و نەهێشتنی فیلتێرشکێن بێت! یان زاکانی سووکایەتی بە داوا و مافە بنەڕەتییەکانی خەڵک بگەیەنێتە ئەو جێگایەی وادە و بەڵێنی دابەشکردنی گۆشت لە بەردەم ماڵێیان پێ بدات! یان گاڵتەجار ئەوەی مەسعوود پزشکیان لە وەڵامی پرسیاری کارناسی بەرنامەی ئابووریی دەنگوڕەنگی ڕێژیمدا بۆ چۆنیەتیی ئیدارەکردنی دەوڵەتەکەی پەنا بۆ ئایەتێکی قوڕئان، بەڵگەی زانستی پزیشکی و خوتبەیەکی ئیمامی عەلی ببات!
بەڵام سەرەڕای هەموو هەوڵی ڕێژیم بۆ قازانجوەرگرتن لە دۆخی سیاسیی دوای کوژرانی ڕەئیسی بۆ ساڕێژکردنەوەی برینی بەشداریی لانیکەمی خەڵک لە سێ هەڵبژاردنەکانی چوار ساڵی ڕابردوودا و دەستەبەری لانیکەمی شەرعییەتی خەڵکی، کەچی کۆمەڵگە هێشتا نەکەوتۆتە کەشی تایبەتیی هەڵبژاردنەکانەوە. هۆکاری ئەمەش بۆ ئەو کەلێنە بەرفراوانە دەگەڕێتەوە لە نێوان خەڵک و دەسەڵاتدا دروست بووە، بەتایبەت کەلێنی بێمتمانەیی بە تەواوەتیی حاکمییەتی سیاسی کە خەڵکی لە هەرچەشنە دەرفەتدان بە کۆماری ئیسلامی تەمابڕاو کردووە.
خەڵک لە هەڵبژاردنەکانی سێ ساڵ لەوەپێشی سەرۆککۆماریشدا جوانترین و هەڵخەڵەتێترین دروشمەکان بۆ گۆڕانکاری ئەویش لە نیزیکترین و بڕواپێکراوترین کەسەکانی خامنەیی، واتە ئیبڕاهیم ڕەئیسی بیست کە بەهۆی کاراکتێری سیاسی و ئەمنییەتیی خۆیەوە دەستی بۆ هەرچەشنە بڕیار و گۆڕانکارییەک ئاوەڵا بوو. بەڵام نەک هیچ کام لە وادە و بەڵێنەکانی وەدی نەهاتن، بەڵکوو گوشارە ئابوورییەکان ئەوەندەیتر ئەوکی خەڵکیان گوشی؛ توانای کڕینی خەڵک چەند قات پتر لە پێشوو دابەزی؛ پێڕاگەیشتن و خزمەتگوزارییە دەوڵەتییەکان کە مافی بێئەملاوئەلای خەڵکە ئاسەواریان نەما؛ ئازادییە سیاسییەکان هیچ، ماف و ئازادییە مەدەنی و کۆمەڵایەتییەکانی خەڵک ئەوەندەی تر پێشێل کران و گرینگتر لە هەموو ئەوانەش پەرەسەندنی سووکایەتی بە بایەخ و کەرامەتی مرۆیی خەڵک بوو کە لە کوژرانی ژینا ئەمینیدا گەیشتە تروپکی خۆی. هەر ئەوەش بوو کە بووە هۆی سەرهەڵدانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی و تێپەڕینی خەڵک لە تەواوەتیی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی.
بایکۆتی دوو هەڵبژاردنی ئەم دواییانە ئاشکراترین ئەکتی سیاسیی خەڵک بۆ دژایەتیی لەگەڵ کۆماری ئیسلامی بوو. واتە ئەگەر لە هەڵبژاردنەکانی خولی سێزدەهەمی سەرکۆماری لە جۆزەردانی ١٤٠٠دا ڕەئیسی بە کەمترین دەنگ ڕکابەریی لەگەڵ دەنگی سووتاو دەکرد و کەسانی دووهەم و سێهەمی دوای ڕەئیسی دەنگەکانیان کەمتر لە دەنگی سووتاو و باتڵ بوو، لە هەڵبژاردنەکانی ١٤٠٢ی مەجلیسی خوبرەگان و شوڕای ئیسلامیدا ئاستی بەشداریی خەڵک ئەوەندەی دیکە لە کەمیی دا و تەنانەت لە دەوری دووهەمی هەڵبژاردنەکانی مەجلیسدا بە حاڵەحاڵ گەیاندیانە سەتا ٨. لێرەدایە خەڵک دەپرسن لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا و لەو هەمووە بەناو گۆڕانکارییەی لە ئاستی بەڕێوەبردنی وڵاتدا کراوون، چ شتێک لە قازانج و بەرژەوەندیی خەڵک گۆڕاوە کە خەڵک هیوادار بە بەردەوامییەکەی بکات؟
لەو نێوەدا تاکتیکی ڕێژیم بۆ تێکدانی هاوکێشەکە و بردنەسەرێی ئاستی بەشداریی خەڵک کە زۆری بۆ گرینگە، هێنانەپێشێی مەسعوود پزیشکیانە. پزیشکیان کە لە هەڵبژاردنەکانی سەرکۆماریی ١٤٠٠دا ڕەدی سەڵاحییەت کرابوو، دوای ئەوەی لە بزووتنەوەی ژینادا پشتی دەسەڵاتی گرت و جووڵانەوەی ناڕەزایەتیی خەڵکی بە ئاژاوە و فیتنە بۆ زەبرلێدان لە حکوومەتی ئیسلامی ناو برد، ئێستا شیاویی خۆی پێ دراوە و ئەرکی کۆکردنەوەی دەنگی تورکەکانی ئێران و دەنگی ئیسلاحتەڵەبەکان -ئەگەر ڕمێنیان مابێت- و بە گشتی ئەرکی گەرمکردنی تەندووری هەڵبژاردنەکانی پێ سپێردراوە. بەڵام ئەمەش ئاسنی سارکوتانە. خەڵکی ئێران لێیان ڕوونە هەر شەش کەسەکەی ئێستا لە گوێڕایەڵی بۆ خامنەیی و جینایەتکردن بۆ پاراستنی نیزام هەموو قۆناغەکانیان بڕیوە و بۆ حاکمییەت سپاردنی ئەو ئەرکە بە هەرکامیان هیچ لە هیچ ناگۆڕێت. خەڵک دەزانن بە فەڕزی ئەوەی پزشکیان وەک کەسێکی بەناو نیزیک لە ئیسلاحتەڵەبەکان ناوی وەک سەرکۆمار لە سندووقەکان بێتە دەرێ مەگەر دەتوانێ لە پاپ کاتولیکتر بێت؟ مەگەر دەتوانێ لە محەممەد خاتەمی و حەسەن ڕووحانی دەستکراوەتر و بەدەسەڵاتتر بێت کە یەکیان دوای ٨ ساڵ گوتی لە تەدارەکچی بەولاوەتر هیچی دیکە نەبووە و ئەوەی دیکەیان گوتی هەتا خامنەیی هەبێت سەرکۆماری پۆستێکی تەشریفاتییە و لغاوی سەرەکیی دەسەڵات و سیاسەتەکانی وڵات لە دەستی بەیتی ڕێبەریدایە! لەوەش بترازێ، خۆ تەنانەت ئەگەر قالیباف، جەلیلی و پوورمحەممەدی یان هەرکام لە کاندیدا ئوسوولگەراکانی دیکە ناویان لە سندووق بێتە دەرێ مەگەر دەتوانن کاریگەرییان لەسەر گۆڕینی سیاسەتەکانی خامنەیی هەبێت؟ بێگومان نا.
بۆیە خەڵکی ئێران لە سیاسەتی بایکۆتی هەڵبژاردنەکانەکان بەردەوام دەبن و ڕێگە نادەن ڕێژیم بەشداریی ئەوان لە گەمەی بەناو هەڵبژاردنەکان وەک خاوەنیتیی شەرعییەتی سیاسیی بە نێوخۆ و دەرەوە بفرۆشێتەوە.
بەشداریی خەڵک کە ڕێژیم هەڵبژاردنەکانی بۆ ئەندازیاری کردوە، هەم درز دەخاتە کۆدەنگی و کۆڕاییەک کە لە کۆمەڵگەی سیاسیی وڵاتدا بۆ ناگوتن بە کۆماری ئیسلامی و تێپەڕین لەو رێژیمە شکڵی گرتوە، هەم دەرەتانی ئەوەش بۆ ڕێژیم دەڕەخسێنێ پشوویەکی بێتەوە بەر و خۆی لە قەیرانی شەرعییەت بەتایبەت دوای بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی ڕزگار بکات. ئەمەش گرینگیی بەشداری نەکردن لە هەڵبژاردنی ئەم جارەی چەند قات زیاتر کردوە، چونکی بەشداریی کەمتر لە سەتا ٤٠ ئەوەندەی دیکەی بەرەی دژبەری کۆماری ئیسلامی تۆکمەتر و هیوادارتر بە داهاتووی بزووتنەوەی ناڕەزایەتییەکان بۆ گۆڕینی ڕێژیم دەکات. بۆیە هەر کەس و لایەنێک و بەهەر بۆچوون و پاساوێک پاڵنەر و هاندەری بەشداریی خەڵک لە هەڵبژاردنەکاندا بێت، ئاوی ئاشی خامنەیی کردوە. جووڵانەوەی ژینا بەتایبەت لە کوردستان کۆتایی بە شەرعییەتی کۆماری ئیسلامی هێناوە و خۆی و چارەنووسی داهاتووی لەگەڵ ئەم ڕێژیمە یەکلا کردووەتەوە و بە کەمتر لە ڕووخاندنی ڕازی نابێت.