بەڕێز مستەفا هیجری سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لە ستۆکهۆڵم لەگەڵ ڕۆژنامەی "سوێنسکا داگبلادێت" وتووێژێکی ئەنجام دا. لەم دیدارەدا کە ڕۆژی ١٣ی مەی بڵاو کرایەوە، بەڕێز هیجری باسی ئەوەی کرد کە ڕێژیمی ئێران بەرەو ڕووخان دەچێت، بەڵام جەختی کردەوە کە ئەم پرۆسەیە کاتی خۆی دەوێت.
لە وڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە دەنگۆی پەیوەندییەکانی کۆشکی سپی لەگەڵ حیزبی دێموکرات، کاک مستەفا ئاماژەی بەوە دا کە حیزب نوێنەری لە ئەمریکا هەیە و پەیوەندییەکان بەردەوامن، بەڵام جەختی کردەوە: "ئەوەی لە وتووێژەکاندا هاتووە بە هۆکاری دیپلۆماتیک بە نهێنی دەمێنێتەوە." هەروەها سەبارەت بە ئەگەری شەڕی چەکداری ڕایگەیاند، لە ئێستادا وەک ڕێکارێکی کردەیی بۆ گەیشتن بە ئاکامی خێرا سەیری شەڕی چەکداری ناکرێت و جەخت لەسەر بزووتنەوەی جەماوەری و سیاسی دەکرێتەوە.
سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکرات لە بەشێکی تری وتووێژەکەدا ئاماژەی بە مێژووی خوێناویی تێرۆریزمی ڕێژیمی ئێران کرد. ناوبراو باسی لە شەهیدبوونی دوکتور قاسملوو و دوکتور شەڕەفکەندی کردەوە و وتیشی کە خۆیشی چەندین جار بووەتە ئامانجی هێرشی تێرۆریستی، لەوانە هێرشێکی مینڕێژکراو لە ساڵانی هەشتاکاندا کە تێیدا چەند هاوڕێیەکی شەهید بوون.
بەڕێز مستەفا هیجری سەبارەت بە داهاتووی سیاسیی ئێران و هەڵوێستی حیزبی دێموکرات بەرامبەر بە هێزەکانی تری ئۆپۆزیسیۆن وەک ڕەزا پەهلەوی وتی: "خەڵکی ئێران پێویستیان بە حکوومەتێکی تاکەکەسیی نوێ نییە." ناوبراو جەختی کردەوە کە حیزبی دێموکرات و هاوپەیمانەکانی تەنیا پشتیوانی لە سیستەمێکی فیدراڵی دەکەن کە تێیدا مافی نەتەوە جۆراوجۆرەکانی ئێران بۆ دیاریکردنی چارەنووسی خۆیان پارێزراو بێت.
لە کۆتایی ڕاپۆرتەکەدا هاتووە کە بەڕێز هیجری لە سوید لەگەڵ چەندین کەسایەتیی سیاسیی ئەو وڵاتە و ئەندامانی پارلەمان کۆ بووەتەوە، بە مەبەستی گەیاندنی وێنەیەکی ڕاستەقینە لەو بارودۆخە مەترسیدارەی کە بەهۆی سەرکوتی هێزە ئەمنییەکانی ڕێژیمەوە بەسەر کوردستان و ئێراندا سەپاوە.