کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەککەوتنی سیستمە بانکییەکان و بێ‌بایەخبوونی تمەن

15:56 - 24 بانەمەڕ 2726

بەهۆی پەککەوتنی بەردەوامی ئەپە بانکییەکانی وەک "میللی و سپە" و نەبوونی پارەی نەخت لە بازاڕدا، هاووڵاتییان بۆ ڕاییکردنی کارە سەرەتاییەکانیان تووشی کێشەی جیددی بوون.

 بانکەکان پارەیان تێدا نەماوە و تەنیا بڕێکی زۆر کەم (ئەویش بە پارەی کاغەزی کۆن و دڕاو) دەدەنە مشتەرییەکان. بڵاوبوونەوەی پارەی کاغەزی درشتی وەک "یەک میلیۆن تمەنی" بایەخی پارە وردەکانی بە تەواوی لەنێو بردووە و وای کردووە جیاوازیی نرخ لە نێوان "پارەی نەخت" و "پارەی نێو کارت" دروست ببێت.

ناجێگیربوونی دۆخی ئابووری وای کردووە کە گرانیی کاڵاکان حەفتانە بەرز ببێتەوە و لە شارەکانی وەک سەقز، یەک جۆر کاڵا چەندین نرخی جیاوازی هەبێت. نەمانی مامەڵەی "قەرز و قیست" لە بازاڕ و وێرانیی باری دەروونیی خەڵک، نیشانەی ڕوونی داڕمانی سیستمی دارایی و ناجێگیربوونی سیاسیی ڕێژیمی ئێرانە.