وەزیری خەزێنەداریی ئەمریکا ڕایگەیاند کە لە سێ ڕۆژی ڕابردوودا هیچ بارکردنێکی نەوت لە کۆگاکانی دوورگەی "خارک"ی ئێران ئەنجام نەدراوە و هیچ نەوتێک نەهاتووەتە ناو و نەچووەتە دەرەوە.
"سکات بێسێنت"، وەزیری خەزێنەداریی ئەمریکا کە لە سەفەری ترامپ بۆ چین بەشدارە، ڕۆژی پێنجشەممە ٢٤ی بانەمەڕ لە چاوپێککەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی "سی ئێن بی سی" وتی: "گرنگترین دامەزراوەی بارکردنی نەوت لە ئێران، دامەزراوەکانی دوورگەی خارکن. ئێمە دەبینین لە سێ ڕۆژی ڕابردوودا هیچ بارکردنێک ئەنجام نەدراوە و پێمان وایە کۆگاکانیان پڕ بوون."
ناوبراو بە پشتبەستن بە وێنە ماهوارەکان ئاماژەی بەوە کرد کە هیچ کەشتییەک هاتوچۆ ناکات و بەم هۆیەشەوە ڕێژیمی ئێران ناچار دەبێت بەرهەمهێنانی نەوت ڕابگرێت.
بێسێنت جەختی کردەوە کە کۆماری ئیسلامی ڕێژیمێکی شەڕەنگێزە و وتی: "ئەوان تەنیا لەمساڵدا ٣٠ بۆ ٤٠ هەزار کەسیان لە سێدارە داوە کە زۆربەیان خۆپیشاندەری ئاشتیخواز بوون. چۆن دەبێت لەگەڵ ڕێژیمێکی ئاوادا هەڵسوکەوت بکرێت؟"
وەزیری خەزێنەداری هەروەها زیادی کرد کە بەهۆی ئەم گوشارانەوە، ئێستا ڕێژیمی ئێران توانای پێدانی مووچەی سەربازەکانی و کڕینەوەی چەکی لە دەرەوە نەماوە و گەمارۆکانی ترامپی بە "سەرکەوتنێکی گەورە" ناو برد.