کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کاتس: لەوانەیە بەم زووانە دووبارە هێرش بکەینەوە سەر ئێران

21:17 - 24 بانەمەڕ 2726

"یێسرائیل کاتس"، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل، ڕۆژی پێنجشەممە ٢٤ی بانەمەڕ ڕایگەیاند کە وڵاتەکەی بۆ ئەگەری دەستپێکردنەوەی خێرای ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان لە نێوخۆی ئێراندا ئامادەیە.

ناوبراو جەختی کردەوە کە هەرچەندە ئێران لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا لێدانی زۆر قورسی بەرکەوتووە، بەڵام ئەرکی ئیسرائیل هێشتا کۆتایی پێ نەهاتووە و دەبێت ئامانجەکانی ئەم کارزارە بە تەواوی بپێکرێن.

وەزیری بەرگریی ئیسرائیل هەروەها وتی: "ئێمە دەبێت ئامانجەکانی ئەم ئۆپەراسیۆنە تەواو بکەین. وەک پێشتریش وتوومە، بۆ ئەو ئەگەرە ئامادەین کە بەم زووانە ناچار بین دووبارە لە ئێراندا هەنگاو بنێین تا هاتنەدیی ئامانجەکانمان مسۆگەر بکەین."

ئەم بەرپرسەی ئیسرائیل پێشتریش ئاماژەی بەوە کردبوو کە وڵاتەکەی پشتیوانی لە هەوڵە دیپلۆماسییەکانی واشنگتۆن دەکات، بەڵام لە هەمان کاتدا بۆ لەنێوبردنی ئەوەی کە بە "هەڕەشەی هەبوونی" ئێران ناوی دەبات، پەنابردن بۆ کردەوەی سەربازی بە پێویست دەزانێت.