سمایل شەرەفی
"مناظرە"ی تلویزیۆنیی بەربژێرەکانی بەناو هەڵبژاردنەکانی سەرۆککۆماری لە ئێران کە لە دەنگ و ڕەنگی ڕێژیمەوە بڵاو بوونەوە، ئاوێنەی باڵانوێنی ئەم سیستەمە داخراو و نادێموکراتیکە بوون. چوارچێوەی منازرەکان – کە فەرمان و دەستووری سەرەوەیان پێوە دیار بوو – تەواو داتاشراو و ئەندازیاریکراو بوو. لە هەموو شتێک دەچوو جیا لە منازرە و گەنگەشە و ڕووبەڕووبوونەوەیەکی ڕاستەقینەی میدیایی. بەربژێرە دیاریکراوەکان کە مەسەلەن هاتوون سەرۆکایەتیی دەوڵەتی وڵاتێک بەدەستەوە بگرن و سەرنجی خەڵک بۆ لای بەرنامەکانیان ڕابکێشن، پێش هەموو شتێک، لەلایەن بەڕێوەبەری منازرەکەوە وەک تۆمەتبار هەڵسووکەوتیان لەگەڵ دەکرا و دەستووریان پێ دەدرا کە چ بڵێن و چۆن قسە بکەن. ئەو بەناو کارناسانەی کە بەئەنقەست وەک پرسیارکەر و چاودێری ڕووبەڕووبوونەوەکان دیاری کرابوون، نەتەنیا پرسیاری خەڵکیان لە بەربژێرەکان نەدەکرد، بەڵکوو بە تەواوەتی پێیانەوە دیاربوو چوارچێوەی پرسیارەکان دەبێ چی بن و لە کام بەربژێر چ پرسیارێکی ئامانجدار بکرێ، هەروەها لە کەس شاراوە نەبوون کە کارناسی سەر بە دەسەڵات بوون نەک لە بەرەی خەڵک.
وەک لە چەند ڕاپرسییەکی فەرمی و نافەرمیدا دەرکەوت، منازرەکان وەک چاوەڕوان دەکرا، نەیانتوانی سەرنجی خەڵک ڕابکێشن کە جیا لە زاڵبوونی ڕۆحی سانسۆڕ و ئەندازیاریکردنی سازمانی دەنگ و ڕەنگی ڕێژیم، چەند هۆکارێکی دیکە لەم ساردوسڕبوونەی منازرەکاندا شوێندانەر بوون.
پێش هەموو شتێک خودی ماهییەتی بەتاڵی پرسی هەڵبژاردن لە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران و بێهیوابوونی خەڵک لەم ڕێژیمە و تێپەڕینیان لە باڵ و باندەکانی ئەم نیزامە، هۆکاری سەرەکیی ئەم ساردی و سڕییەیە. بەتایبەت دوای ڕووداوەکانی بزووتنەوەی ژینا و پڕڕەنگتربوونی گوتاری تێپەڕین لە کۆماری ئیسلامی بە بناژۆخواز و ڕێفۆرمخوازییەوە، پرسی هەڵبژاردن لەم سیستەمەدا مانایەکی ئەوتۆی نەماوە. بەڵام جیا لەم هۆکارە بنەڕەتییە، کەسایەتیی خودی هەر شەش بەربژێرەکە و شێوازی دەرکەوتن و ڕوانگەکانیان، توانای جووڵاندنی هەست و ڕەفتاری گەلانی ئێرانی نەبوو و نییە. هیچکامیان – لانیکەم بۆ تەبلیغاتیش بێ – خاوەنی بەرنامەیەکی ڕوون و خەڵک پەسەند نین و نەبوون. هەژاریی فکری بە هەموویانەوە دیارە و ئەوەی دەیانگووت و دەیڵێن جیا لە هێندێک درووشم و قسەی کلیشەیی و گشتی کە بەلای خەڵکەوە سواو و بێزراون، شتێکی دیکەیان پێ نەبوو. کە قسە لە دۆخی ئابووری وڵات و ژیان و گوزەرانی خەڵک دەکەن، جیا لە یەکتر تاوانبارکردن و خۆدەربازکردن لە بەرپرسیاربوونیان بەرانبەر بەو ڕۆژەڕەشییەی هەر هەموویان بۆ خەڵکیان بەدیاری هێناوە و وڵاتێکی دەوڵەمەندی وەک ئێرانیان بۆ خەڵکەکەی کردۆتە کەلاوەی هەژاری و دانی کۆمەڵێک درووشمی بێبنەما، هیچ نەخشەڕێیەکی ڕوونیان نییە.
ئەوەی لەو بەناو منازرانەدا لەهەموو شتێک ناخۆشتر و ناپەسەندتر بوو، خۆ لێدان لە کۆمەڵێک باس و بابەت بوو کە ڕۆژانە خەڵکی ئێران وەک سووکایەتی و سەرکوت و بێڕێزی بە خۆیان بە ڕەگ و پێستەوە هەستی پێدەکەن. بەڵاگەلێک کە هەر ئەم جەنابانە هەرکام بە جۆرێک لە داسەپاندنیان بەسەر گەلانی ئێراندا، ڕۆڵیان تێدا هەبوو. بابەتەکانی وەک سەرکوتی سیستماتیک، توندوتیژی، هەڵاتنی مێشکەکان لە وڵات، سەرکوتی ژنان، داسەپاندنی حیجابی زۆرەملی، فیلتێرکردنی ئینترنێت، گرانبوونی خانووبەرە و شوێنی نیشتەجێبوون، دزی و گەندەڵیی سیستماتیک بە هەموو جۆرەکانییەوە.
ئەم بەربژێرە داسەپاوانە بەجۆرێک باس لەم بابەتانە دەکەن و بەوپەڕی ڕووهەڵماڵاوییەوە، ئیدیعای چارەسەرکردنیان دەکەن، وەک بڵێی هیچیان لە پەسەندکردنی یاسا سەرکوتکەرەکان و بەڕێوەبردنی ئەم گوشارانە بۆ سەر خەڵک، بەشدار نەبوون و تا ئێستا لە دەرەوەی هەر سازوکارێکی ئەم ڕێژیمە سەرکوتکەرەوە بوون و ڕاوەستاون.
لەم نێوەدا و لە ڕەوتی منازرەکاندا، یەکێک لە بەربژێرەکان کە بە ڕواڵەت وا نیشان دەدات لە بەرەی ئەوبەری پێنج بەربژێرەکەی دیکەی سەر بە باڵی بناژۆخوازە و، بەڕواڵەت و تا ڕادەیەکیش بەئاشکرا بەرەی بەناو ڕێفۆڕمخوازی ڕێژیم پشتیوانی لێ دەکەن، ئەویش خاوەنی بەرنامە و نەخشەڕێیەکی ڕوون نییە وەک لە سەرەتاوە گوتی؛ "ئامانجی لە بەربژێربوون، بەرزکردنەوەی ڕێژەی بەشداریی خەڵک لە هەڵبژاردنەکانە".
ناوبراو کە لە منازرەکان و ڕووبەڕووبوونەوەی لەگەڵ بەربژێرەکانی دیکەدا، زیاتر خەریکی خوێندنەوەی نەهجەلبلاغە و بەنمونە هێناوەی شێوازی دەسەڵاتی ئیمان عەلی لە ١٤٠٠ ساڵ پێش ئێستا و پێچانەوەی وەک نووسخەیەک بۆ شێوازی بۆبەڕێوەبردنی ئێرانی سەردەمی ئێستایە، ڕاستگۆیانە باس لەوە دەکات کە ئەگەر ببێتە سەرۆککۆمار نابێ و ناتوانێ لە سیاسەت و ڕێوشوێنە دیاریکراوەکانی عەلی خامنەیی هەنگاوێک ئەولاتر بنێت.
بە گشتی ئاکامی ئەم ڕووبەڕووبوونەوە میدیاییانەی بەربژێرەکانی بەناو هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری، هەم بۆ دەسەڵات و هەم بۆ خودی بەربژێرەکان جیا لە دەرکەوتنی ڕووی ڕاستەقینەی ڕێژیم و دەنگ و ڕينگەکەی و بەتاڵبوونی پرسی هەڵبژاردن لەم وڵاتە، هیچی دیکەی تێدا دەستەبەر نابێ و خەڵک بە نەچوونەسەر سندوقەکانی دەنگدان یان گرتنەپێشی هەر ڕەفتارێکی دیکەی مانادار – کە بەهیچ شێوەیەک نابێ بە مانای لایەنگری لە ڕێژیم لێک بدرێتەوە – پەیامێکی قایمی دیکەی "نا" و "نەویستن"ی خۆیان بە تەوایەتی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران دەڵێنەوە.