لەلایەن کۆمیتەی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە وڵاتی دانمارک و بە بەشداریی دوکتور هێمن سەییدی، وێبینارێکی کراوە لەژێر ناوی " باسێک لە سەر دروشمی قاسملوو ڕێگات درێژەی هەیە، چۆن بتوانین ڕێگای شەهید دوکتور قاسملوو بە دروستی درێژەی پێ بدەین؟" لە ژووری زووم بەڕێوە چوو.
ڕۆژی شەممە ٢٣ی پووشپەڕی ١٤٠٣، بە بەشداریی بەرچاوی ئەندامان و دوستانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و دوای ڕاگەیاندنی چەند ساتێک بێ دەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی ڕێگای ڕزگاریی کورد و کوردستان، لەلایەن هاوڕێ فاخیر مەولوودی وێبینارەکە دەستی پێکرد.
دوای پەیمان نوێکردنەوە لەگەڵ ڕێبازی شەهیدان، لەلایەن هاوڕێ جەمشید خوسرەوی بەرپرسی کۆمیتە و بە نوێنەرایەتیی کۆمیتە و ئەندامانی حیزب لە دانمارک، دوکتورهێمن سەییدی باسەکەی پێشکەش کرد.
ناوبراو لە ناوەڕۆکی باسەکەیدا ئاماژەی بە هەوڵ و تێکۆشانی دوکتور قاسملوو لە بواری دیپلۆماسی و دۆزینەوەی دۆست و لایەنگری جیهانی بۆ خەباتی ڕەوای گەلی کورد گرینگ نرخاند و باسی لەوە کرد کە سەرەڕای ئەوەی کە سەردەمی تێکۆشانی دوکتور قاسملوو، جیهان و بە تایبەتی کۆمەڵگەی کوردستان بە ڕادەی ئێستا پێشکەوتوو نەبوو، بەڵام ئاکامی خەباتی دوکتور قاسملوو لە ناساندن و جیهانی کردنی پرسی کورددا، کەم وێنە بوو و ئێستاش بە بەرز دەنرخێندرێت.
هێمن سەییدی لە درێژەی باسەکەیدا، پەروەردە و بەرزکردنەوەی ئاستی زانستیی تاک و کۆمەڵگا و کەڵک وەرگرتن لە زانست و تێکنۆلۆژی سەردەم لە بوارە جیاوازەکانی سیاسی، کۆمەڵایەتی، دیپلۆماسی بە باشترین ڕێگا بۆ درێژەپێدان بە ڕێبازی قاسملوو شرۆڤە کرد.
وێبینارکە بە پرسیار و ڕا و سەرنجی بەشداران و وەڵامدانەوەیان لەلایەن هیمن سەییدی کۆتایی پێهات.