کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆچی دوایی خاتوو خانگوڵ حوسێنی ئەندامی حیزبی دێموکرات لە ورمێ

14:23 - 9 رەزبەر 2726

ڕۆژی سێشەمە ٧ی ڕەزبەری ١٤٠٥ی هەتاوی، خاتوون خانگوڵ حوسێنی ئەندامی حیزبی دێموکرات و خەڵکی ئاوایی "گۆلەگەنی" لە ناوچەی سۆما برادۆستی ورمێ، بەهۆی جەڵتەی دڵەوە لە تەمەنی ٥٥ ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.

خاتوو خانگوڵ ئەندامێکی دڵسۆزی حیزبی دێموکرات بووە و لە ساڵی ١٣٥٠ی هەتاوی لە بنەماڵەیەکی نیشتمانپەروەردا لە دایک بوو.

ناوبراو لەو ماوەیەدا کە وەک ئەندامی نهێنیی چالاکی دەکرد، بە هەر چەشنێک توانیبێتی، خزمەتی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی کوردستان بەتایبەت حیزبی دێموکراتی کردووە.

ناوبراو هەم لە خەباتی تەشکیلاتی نهێنیی حیزبدا و هەمیش دوای ئاشکرابوونیان وێرای مێرد و منداڵەکانی لە تەشکیلاتی ئاشکرای حیزبدا، وەک ئەندامێکی دڵسۆز و بە بیروباوەر خزمەتی بەرچاوی بووە.

خاتوو خانگوڵ بەهۆی نەخۆشیی مێردەکەیەوە کە پێشمەرگەی حیزب بوو، لەسەر بڕیاری حیزب بە ناچاری گەڕانەوە نێوخۆی وڵات و لەوێش چەندین جار بە تۆمەتی پێشینەی تێکۆشانی نەتەوەییان، لەلایەن بەکرێگیراوانی ڕێژیمەوە ڕووبەڕووی ئازار و لێدان و ئەشکەنجە بووەوە.

کوڕ و کچێکی خاتوو خانگوڵ بە ناوەکانی ئۆرهان و نیگار مونەزەمی لە تاراوگە ئەندامی تەشکیلاتی ئاشکرای حیزبی دێموکراتن.

تەرمی ئەو ژنە تێکۆشەرە، لەنێو ئاپۆڕای خەڵکی سۆما برادۆست و لە زێدی خۆی لە گۆلەگەنی بە خاکی پیرۆزی کوردستان سپێردرا.

ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بەم بۆنەوە پرسە و سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.