کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مەهاباد؛ برینداربوونی ٤ ئاگرکوژێنەوە بەهۆی نەبوونی کەلوپەلی پاراستن

14:01 - 9 رەزبەر 2726

چوار ئاگرکوژێنەوە لە کاتی کوژاندنەوەی ئاگرکەوتنەوەی کۆگایەکی پارچەی یەدەک لە سێڕای "بورهان"ی مەهاباد تووشی برینداری و سووتان بوون. ئەم ڕووداوە جارێکی دیکە کەمتەرخەمیی دەسەڵاتداران و نەبوونی پاراستن و کەرەستەی پاراستنی پێویستی لە ژینگەی کاردا ئاشکرا کردووە.

بەپێی ڕاپۆرتەکان، برینداریی ئەم کارمەندانە لە دەست و دەموچاویاندا و بەهۆی سووتانی سووکەوە بووە.

ئەگەرچی سێ کەسیان دوای وەرگرتنی چارەسەری سەرەتایی ڕەوانەی ماڵەوە کراونەتەوە، بەڵام نەبوونی کەلوپەلی سەردەمیانەی بەرگریی لە ئاگر و کەمتەرخەمی بەرپرسانی ڕێژیم لە دابینکردنی تەواوکاریی کەرەستەی پاراستن، ڕێگەی بۆ خولقانی ئەم جۆرە کارەساتانە خۆش کردووە.

ئەم ڕووداوە لەکاتێکدا ڕوو دەدات کە بەپێی ئامارەکان، تەنیا لە ماوەی یەک ساڵدا زیاتر لە ٥ هەزار کرێکار و کارمەند لە ئێراندا بەهۆی ڕووداوی کارەوە کوژراون یان کەمئەندام بوون.

لاوازیی ژێرخانی پاراستن، نەبوونی چاوەدێریی پێویست و کەمتەرخەمیی مەبەستداری کاربەدەستانی ڕێژیم بەرانبەر بژێوی و گیانی کارمەندانی فریاگوزاری، نائەمنیی پیشەیی لە ئێراندا گەیاندووەتە لووتکە.