کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەپێچەوانەی پەیماننامەی مافەکانی منداڵ؛ ڕێژیم لانیکەم ۲۰۰ قوتابیی ڕەوانەی ناوچە سەربازییەکان کرد

14:07 - 9 رەزبەر 2726

لە پێشێلکارییەکی ئاشکرای بەڵێننامە نێودەوڵەتییەکان و بەپێچەوانەی پێبەندییەکانی ڕێژیمی ئێران بەرانبەر پەیماننامەی مافەکانی منداڵ و بەندەکانی ڕێگری لە بەکارهێنانی منداڵان لە کاروباری سەربازیدا، کۆماری ئیسلامی ۲۰۰ قوتابیی شاری "ماکۆ" سەر بە پارێزگای ورمێی لەژێر ناوی کەمپەینی "ڕاهیان نوور"دا ڕەوانەی ناوچە سەربازییەکانی شەڕ کرد.

بەپێی هەواڵە بڵاوکراوەکان لە میدیا فەرمییەکانی ڕێژیم، کاروانێکی ۲۰۰ کەسی لە قوتابییانی تەمەن ژێر ۱۸ ساڵی ماکۆ ڕەوانەی ناوچەکانی شەڕ و ناوچە سەربازییەکان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کراون.

بەپێی بەندەکانی پەیماننامەی مافەکانی منداڵ کە ئێران لە ساڵی ۱۹۹٤ەوە بەفەرمی پێوەی پێبەند بووە، سەرجەم کەسانی ژێر ۱۸ ساڵ بە منداڵ ئەژمار دەکرێن.

چالاکوانان و ڕێکخراوەکانی مافی منداڵان جەخت دەکەنەوە کە ڕاپێچکردنی منداڵان بۆ ژینگەی سەربازی، مێشکشۆردنەوەی ئیدیۆلۆژی و بەرکەوتنیان لەگەڵ کەرەستەی شەڕدا، زەقترین وێنەی کەڵکوەرگرتنی ئامرازی لە منداڵان بۆ ئامانجە سەربازییەکانی ڕێژیمە.

سەرەڕای ئەوەیکە ڕاپێچکردنی منداڵان بۆ شوێنە سەربازییەکان پێشێلکاری ئاشکرای مافەکانی منداڵانە، ئەم سەفەرە زۆرەملێیانە بەردەوام مەترسیی جیددییان بۆ سەر گیانی قوتابییان لە ڕووداوەکانی هاتوچۆدا دروست کردووە.