کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هاژەی مووشەک و نەڕەی شەقام (شیکاریی هێرشی ٦ی ڕەزبەر و بزووتنەوەی ژینا)

08:49 - 6 رەزبەر 2726

عەلی بداغی

ڕووداوەکانی پاییزی ١٤٠١ یەکێک لە هەستیارترین و دەگمەنترین وەرچەرخانە سیاسییەکان بوون لە مێژووی هاوچەرخی ئێراندا. قەتڵی حکوومەتیی ژینا ئەمینی لە تاران بووە سەرەتای ڕاپەڕینێکی سەرتاسەری، کە هاوکات بوو لەگەڵ بڕیاری سەرکوتی توندی بزووتنەوەی کورد لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە؛ واتە هێرشی هاژەکی و دڕۆنی لە ٦ی ڕەزبەری ١٤٠١دا بۆ سەر بنکەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و حیزبە کوردییەکانی دیکە لە باشووری کوردستان.

شەهیدکرانی ژینا، سەرهەڵدانی بزووتنەوەی «ژن، ژیان، ئازادی» و مووشەکبارانی حیزبی دێموکرات لە کاتێکدا بوو کە تەنیا مانگێک بوو ڕیزەکانی حیزبی دێموکرات یەکگرتنەوەی خۆیان ڕاگەیاندبوو؛ ڕووداوێکی مێژوویی کە کۆماری ئیسلامیی ئێرانی زۆر تووڕە کردبوو.

سەبارەت بە هۆکاری ئەو هێرشە بەربڵاوە مووشەکییە بۆ سەر حیزبی دێموکرات—کە لە ئاکامی سێ شەپۆلی ئەو هێرشانەدا، ١٣ کادر و پێشمەرگە و تەنانەت دایکی زەیستان و کۆرپەی تەمەن یەک ڕۆژ شەهید بوون—دەبێ ئەم بابەتە لە چوارچێوەی شەڕی ٤٧ ساڵەی کۆماری ئیسلامی دژ بە بزووتنەوەی کورددا تاوتوێ بکەین:

شەڕی کۆماری ئیسلامی دژ بە حیزبی دێموکرات و کوردستان، یەکەمین و درێژترین شەڕی ئەم ڕێژیمەیە کە لە ٢٨ی گەلاوێژی ١٣٥٨ەوە بە فەرمانی جیهادی خومەینی دەستی پێ کردووە و هەتا ئێستا درێژەی هەیە. ڕێژیم بۆ حاشاکردن لە خەباتی ڕەوای نەتەوەیەک، هەمیشە هەوڵی داوە پرسی کورد بۆ ئاستی پاشکۆیەتیی شەڕە دەرەکییەکان لەگەڵ عێراقی سەردەمی سەددام، ئەمریکا و ئیسرائیلدا دابەزێنێت. هێرشی ٦ی ڕەزبەر لە ڕاستیدا درێژەی هەمان هێڵی سەرکوتکردنی بزووتنەوەی کوردستان بوو.

جگە لەوە، کۆماری ئیسلامی کە زیاتر لە چل ساڵ بوو جاڕی ئەوەی دەدا پرسێک بە ناوی پرسی کورد نییە و حیزبە کوردییەکان کەمترین متمانەیان لای خەڵکی کوردستان نەماوە، لە بزووتنەوەی ژینادا—کە لەسەر بانگەوازی حیزبی دێموکرات و حیزبە کوردییەکانی دیکە وەڕێ کەوتبوو—بینی کە کوردستان گڕکانی ڕاپەڕینە و گوتاری کوردستانیی «ژن، ژیان، ئازادی» بە تەواوی ئێران و جیهاندا بڵاو بووەتەوە.

لێدانی حیزبەکان بەو هۆیەوە بوو کە دەسەڵات دەیزانی حیزبێکی وەک دێموکرات، بەپێچەوانەی ئۆپۆزیسیۆنی تاراوگە، خاوەنی ڕەگ و ڕیشەی قووڵی جەماوەرییە لە نێو کۆمەڵگەدا و توانای ئۆرگانیزەکردنی شەقامی هەیە؛ بۆیە لێدان لە حیزبی دێموکرات، هەوڵێک بوو بۆ لێدان لە سەرچاوەی فکری و ئیلهامبەخشی بزووتنەوەکە. لەلایەکی دیکەشەوە، ڕێژیم لە کاتێکدا سەرەڕای سەرکوتی خوێناوی لە دامرکاندنی بڵێسەی شەقامدا دەستەوسان مابوو، ویستی شەڕەکە بباتە دەرەوەی سنوورەکان و سیمای ڕاپەڕینەکە لە ڕابوونێکی مەدەنی و شارستانییەوە بگۆڕێت بۆ پێکدادانی سەربازی و کەشێکی میلیتاریستی.

بەڵام هاوکاتیی مووشەکبارانی بنکەکانی حیزب لەگەڵ خۆڕاگریی بێوچانی سەر شەقام، هەموو پلان و هاوکێشەکانی کۆماری ئیسلامیی تێک دا. ڕێژیم پێی وابوو بە هێرشی مووشەکی بۆ سەر بنکە و بارەگای حیزبەکان، دەتوانێت حیزبەکان ناچار بە پاشەکشە بکات و ترس بەسەر خەڵکدا زاڵ بکات؛ بەڵام خەڵکی کوردستان بە بەرزکردنەوەی دروشمەکانی وەک «قاسملوو، قاسملوو، ڕێگات درێژەی هەیە» و «کۆیە بەتەنیا نییە، کوردستان پشتیوانییە» لەسەر شەقامەکاندا، وەڵامێکی سیاسییان دایەوە و پێشانیان دا کە پێوەندیی کۆمەڵگەی کوردی و حیزبەکان، پێوەندییەکی زیندوو و عەینییە.

لایەنێکی دیکەی بەرچاو لەو بزووتنەوەیەدا ئەوە بوو کە ڕێژیم دەیویست بە ڕەمزی «تجزیه‌طلبی» پەرە بە دابڕانی نێوان کوردستان و ناوچەکانی دیکەی ئێران بدات؛ بەڵام هەڵوێستی ژیرانە و مەدەنییانەی حیزبەکان وای کرد دروشمی «کوردستان چاو و چرای ئێرانە» لە تاران و شارەکانی دیکە دەنگ بداتەوە و پیلانەکەی ڕێژیم پووچەڵ بێتەوە.

چوار ساڵ دوای ڕووداوەکانی ٢٥ی خەرمانان—کە بە کوشتنی ژینا ئەمینی دەستی پێ کرد و بە سەرهەڵدانی بزووتنەوەی «ژن، ژیان، ئازادی»، مووشەکبارانی بنکە و بارەگاکانی حیزبی دێموکرات و بەرەوپێشچوونی بزووتنەوەی سیاسی و مەدەنیی کورد درێژەی کێشا—دەریخست کە ئەوەی دۆڕاوە تەنیا کۆماری ئیسلامییە. بزووتنەوەی سیاسیی کورد بە ئەکتی سیاسیی جۆراوجۆر لە نێوخۆ و دەرەوەی وڵات و ئەکتی مەدەنیی وەک نەورۆزی خاکیپۆشان و جووڵانەوە مەدەنییەکانی دیکە، دەریخست کە بەردەوام ڕوو لە گەشەیە و بەرەو پێش چووە. ئەوەش پێمان دەڵێ کاتێک ڕێژیمێک بە هەموو هێزی سەرکوتی ئایدیۆلۆژی، سەربازی و مووشەکییەوە لەو ٤٧ ساڵەدا نەیتوانیبێت کوردستان بە چۆکدا بێنێت، هیچ سیستەمێکی سیاسی لە داهاتووشدا ناتوانێت بە زەبری هێز پرسی کورد بسڕێتەوە.

مێژوو هەمیشە لەو خاڵانەدا دەگاتە خاڵی وەرچەرخان کە تێیاندا ئازار دەبێتە بیرۆکە و مەزڵوومییەت دەگۆڕێت بۆ هێز. پاییزی ١٤٠١ تەنیا وەرزێکی ئاسایی ساڵ نەبوو؛ وەرچەرخانێکی مێژوویی بوو کە تێیدا ناوی کچە کوردێک—ژینا—لەسەر بەردی مەزارەکەی لە سەقزەوە بوو بە ڕەمزی ڕاپەڕینێکی بەرین؛ ڕاپەڕینێک کە ڕەسەنایەتیی دەنگی «ژن، ژیان، ئازادی»ی لە ناخی چیاکانی کوردستانەوە بۆ سەرتاسەری شوێنەوارەکانی نادادپەروەری گواستەوە. لە نێوەڕاستی ئەم زۆرانبازییە مێژووییەشدا، کاتێک لە ٦ی ڕەزبەردا ئاسمانی باشووری کوردستان بە دڕۆن و مووشەکە بالیستیکەکان داپۆشرا و بارەگاکانی حیزبی دێموکرات کرانە ئامانج، دەرکەوت کە لە نێوان هەر «هاژەک»ێکدا کە لە ئاسمانەوە بۆ سەر حیزبی دێموکرات دەهاوێژرێت و «شەقام»ێکدا کە دەنگی ماف و ناسنامەخوازی بەرز دەکاتەوە، ئامانج و گوتارێکی هاوبەش هەیە کە بە هیچ چەکێک ناسڕێتەوە.