کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پرسی کورد و پۆپۆلیزمی پزشکیان

00:41 - 1 رەزبەر 2724

پرسی کورد و پۆپۆلیزمی پزشکیان

 

مەنسوور مروەتی

ماوەیەک لەوە پێش و مەسعوودی پزشکیان لە سەفەری خۆی بۆ عێراق و هەێمی باشووری کوردستان بە زمانی کوردی وڵامی پرسیاری هەواڵنێرێکی دایەوە، دواتر تویتێکی بە زمانی کوردی کرد و هەر ئەم کوردی قسەکردن و نووسینەی ناوبراو کاردانەوەی بەشێک لە چالاکانی مەدەنی و بەتایبەت تێکۆشەرانی بواری زمان و ئەدەبیاتی کوردیی بەدوای خۆیدا هێنا.  ئەوان پرسیاریان ئەوە بوو، ئەگەر سەرکۆماری ئێران لە دەرەوەی سنوورەکانی وڵاتەکەی لە پێگەی سەرکۆماریەوە بە زمانی کوردی قسە دەکا و گرینگیی پێ دەدا، ئەی چۆنە ناپرسێ لە وڵاتەکەی خۆیدا بۆچی پاشی ٤٥ ساڵ لە تەمەنی کۆماری ئیسلامی هەتا ئێستا زمانی کوردی و رێگەدان بە پەروەردە بە زمانی کوردی بۆ دەسەڵاتی ئێران هەر بڤەیە و لە خانەی ئەمنیەتیدا چاوی لێ‌دەکرێ.

زۆر ناگەڕێینەوە بۆ دواوە و لانیکەم لە دەورانی دەسەڵاتی پەهلەویدا باسی زمانی کوردی و خوێندن و نووسین بە زمانی کوردی قەدەغە و تاوان بوو، بەڵام خۆ لە پاش شۆڕشی ٥٧ی ئێران ئەسڵێک لە یاسای بنەڕەتیی ئێراندا بەناو بۆ داننان و بایەخدان بە زمان و ئەدەبیاتی نەتەوە غەیرەفارسەکان دانرا، ئەی بۆ دوای نزیک بە پێنج دەیە هیچ‌کات ئاوڕێک لەو ئەسڵەی یاسای بنەڕەتی نەدراوەتەوە و تەنانەت دڵسۆزان و تێکۆشەرانی بواری زمان و ئەدەبیاتی کوردی هەرجارە و بە بیانوویەک دەسبەسەر دەکرێن و تووشی زیندان و گێرەوکێشە دەبنەوە؟ کەواتە ئەگەر سەرکۆمار لە دەرەوەی سنوورەکانی وڵات یا تەنانەت لە نێوخۆی وڵات چەند ڕستەییک بە زمانی کوردی قسەی کرد و لە هەندێ جێگاش هەندێ کەسان بەوە شاگەشکە بوون، ئەی بۆ ڕێگە بە میلیونان مرۆڤی خاوەن زمانەکە نادرێ بە زمانی خۆیان بخوێنن و بنووسن؟

هەر ئەم ڕۆژانە ساڵێکی دیکەی خوێندن لە قوتابخانەکانی ئێراندا دەستی پێ‌کردووە و دیسان هەر وەکوو پێشوو قوتابیە غەیرەفارسەکان لە پەروەردە و خوێندن و نووسینی بە زمانی دایکییان بێبەشن.  ئەوە لە حاڵێکدایە پەروەردە بە زمانی دایک بە هەموو پێوەرێکی ئایینی و یاسایی بە مافێکی سەرەتایی و بنەڕەتیی هەموو مرۆڤێکی سەرگۆی زەوی دادەنرێت. ئەی ئەگەر وایە ئەو ئیسلامەی دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی چ ئیسلامێکە وا هیچ زمانێکی جگە لە زمانی دەسەڵات بەلاوە گرینگ نییە و باسکردن لەو مافە سەرەتاییەی میلیونان مرۆڤی پێ تاوانە و بەرەوڕووی دەبێتەوە. لە لایەکی دیکەوە خۆ هەر لە قانوونەکەی خۆیاندا ئەوە وەک مافێکی زمانەکانی غەیرە فارسی دانی پێدانراوە و خوێندنی زمان و ئەدەبیاتی نەتەوەکانی دیکەی غەیرە فارس بە ڕەوا دانراوە، ئەی بۆ دوای ٤٥ ساڵ و تا ئێستا ڕێگا بە هیچ خزمەتێک بە زمانی کوردی نەدراوە. کەواتە ئایا لەوەها حاڵەتێکدا گوتنی چەند ڕستە بە زمانی کوردی جگە لە فریودان و بەلاڕێدابردنێکی کاتی دەتوانێ چ مەبەستێکی دیکەی تێدا بێت؟

بابەتێکی دی هەر لەو پێوەندییەدا دوای ئەو هەموو وادە و بەلێنییانەی لە کاتی هەڵبژاردنەکاندا بە خەڵکی کوردستانی دابوو و وەڕێخستنی کەشێکی تەبلیغاتی بۆ ڕاکێشانی دەنگی خەڵک لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردنەکانی سەرکۆماریدا، لە کاتی دەستەبژێری کابینەکەیدا تەنانەت یەک کوردیشی لە کابینەکەیدا جێ نەکردەوە و لە جوابی نوێنەرێکیشدا کە گوتبووی بۆچی کوردت دانەناوە، پزشکیان زۆر بە ڕوونی گوتبووی جا خۆ خەڵکی کوردستان دەنگیان نەدا، واتا بەشیان لە کابینە ناکەوێ. خۆ ئەگەرچی لە ئاستی ئێرانیشدا بەشدارییەکان نزمترین ئاستی مێژووی هەڵبژاردنەکانی سەرکۆمارییان لە ئێراندا تۆمار کرد، بەڵام پێوەندیدار بە کورد وەڵامەکە ڕوونە: ئەوان کورد بە خۆیی نازانن و تەواو و بڕایەوە. ئێستاش هاتوون دوای ئەو هەموو ناڕەزایەتییە کەسێکی کوردیان بۆ ئوستانداریی سنە دیاری کردوە و ڕەنگە مانۆڕیشی پێوە بدەن کە ئەوەها کەسێکی کوردمان بۆ پارێزگای سنە داناوە.

بە کوترتی و پوختی هەموو ئەم کارانە کە زۆریش نین، لە دوای ئەو هەموو خەبات و تێکۆشانەی نەتەوەی کورد وەکوو نەتەوەیەکی خاوەن حقووقی سیاسی و نەتەوەیی، ئایا هەر ئەوەندەیە کە کەسێکی کوردزمان بە پارێزگا دابنرێ؟ بێگومان ئەمە و ڕەنگە جموجۆڵی لەوشێوەیە زیاتر دەچێتە خانەی پوپۆلیستی و فریودانی خەڵکەوە. بەڵام دەبێ هەر لە سەرکۆمار و دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی پرسیار بکرێ، ئایا خەڵکی کوردستان دوای چەندین و چەندین دەیە خەباتی شکۆمەندانە و کۆڵنەدەرانە بۆ وەدەستهێنانی مافەکانی خۆیان وەکوو نەتەوە و مرۆڤی وشیاری ئیمڕۆیی، ئایا تازە فریوی ئەم جۆرە کارە پوپۆلیستانەیەی پزشکیان و دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی دەخۆن؟ وڵامەکەی نەک هەر لە چەندین دەیەی خەباتی نەپساوەی گەلی کورددا دیارە، بەڵکوو هەر لەم دوو ساڵەی ڕابردوودا و لانیکەم لە شۆڕشی ژن ژیان ئازادیدا بەڕوونی وڵامی ئەم پرسیارەی دراوەتەوە.