کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بۆ میرزای ئەدەبی کوردی، فەتاح ئەمیری

13:20 - 1 رێبەندان 2724

بۆ میرزای ئەدەبی کوردی، فەتاح ئەمیری

یەعقووب ڕەوا

ستاندال ڕۆماننوسی بەنێوبانگی فەرەنسی دەڵێ ڕۆمان وەکوو ئاوێنەکەیە لەسەر ئارەبانەیەک کە ڕێگایەک دەپێوێ. لەو ڕێگایەدا جار شینیی ئاسمان و جاریش قووڕوچڵپاوی سەڕ ڕێگە دەنوێنێتەوە! بەو واتایە ڕۆمان ئاوێنەی باڵانوێنی کۆمەڵگەیە کە لەسەر باڵی خەیاڵی ڕۆماننوس سوارە و جوانی و کرێتیی جیهان-ژینیی نووسەر دەنوێنێتەوە. ڕۆمانی مۆدێرن نەک حەقایەت و گێڕانەوەی ژیانی پاشا و بەگ و  شازادان بەڵکو ڕیوایەت و وەگۆتنی ئەو مرۆڤانەیە ناویان لە هیچ شوێنی هیچ کتێبەکدا نەهاتوە و ڕەنج و خۆشی و هەست و نەستییان بۆ هەمیشە لە سووچی تاریکی مێژوودا هاڕدراوە. قارەمانی ڕۆمان دەتوانێ شوانەوێڵەیەک بێ کە چەندین لاپەڕەی لەسەر گێڕاونەوەی خەون و خەیاڵ بە سەرەشوان بوون بێ! کەسانێک کە لە پەراوێزی مێژوودا ونن!

ژانری ڕۆمان لە ئەدەبی کوردییدا هێشتا ساوایە و خەریکی دارە دارەیە. بەتایبەتیش لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە زمان کوردی، زمانی فەرمی نیە و لە گۆشە و کەناران و لەژێر هەژموونی زمانی داگیرکەری فارسیدا هەناسە هەڵدەکێشێ. لە وەها دۆخێکدا فەتاح ئەمیری و خامەکەی ڕچەیەک دەشکێنێ بە ئەستووریی بەفری کەوان‌گڕتووی زۆر لەمێژ هاوین نەدیتوو! ئەمیری نە یەکەمین ڕۆماننوسی کوردە و نە "هاوارە بەرە" یەکەم ڕۆمانی کوردی. بەڵام یەکەمین ڕۆمانی چاپکراوی کوردی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە بە فراوانی چاپ و بڵاو کرایەوە و کاریگەری بەربەرینی دوای خۆی ساز کرد، بەرهەمی خامەی ئەمیرییە. "هاوارە بەرە" بەر لەوەی خۆی وەکوو ڕۆمانێکی بەهێز نیشان بدا، فاکتێکە بۆ بەهێزیی زمانی کوردی. ئەو زمانەی شووینیستە فارسەکان لەژێر چەتری ئاکادێمیسییەن پێیان وایە تەنیا بەرهەمی "بەنەخوێنی" دەئافرێنێ و تەنیا لە پەراوێزی فارسییدا دەتوانێ بژی. فەتاح ئەمیری بەڵام ئەو گەفەی تێکقرماند و ئەو سەروەرییەی بۆ زمانی کوردی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان گەڕاندەوە.

 گەشەی زمانی کاتێک ڕوو دەدا کە خۆی زمان ڕۆڵی خۆی له گۆڕانکارییە بنەرەتییەکانی جڤاکیدا ببینێ و له قۆناغی تێپەڕیندا حزووری ئەکتیڤی هەبێ. لە تێپەرین لە قۆناغی فئودالیزم بۆ قۆناغی پاش ئەودا واتا شارنشینی و گۆڕانی دەست و پەیوەندی تازەی ئابووری و بنیادنانەوە چینایەتی کوردستان، زمان وەکوو ئۆرگانیزمێکی چالاک حزوری لاوەکی هەبوو. قۆناغی مۆدێرنیزاسیونی ئێرانی زمانی کوردی خستە پەراوێز و دەستی لە مەکتەب و ئیدارە و دیوان بڕی. بۆیە زمانی کوردی نەیدەتوانی خۆی له بەڕۆژبوونەوەی کۆمەڵگەدا بژێنێتەوە و زمانی چینە خوێندەوارەکان ئیدی ئەو کوردییە ئۆرگانیکە نییە کە بەپێی دیالێکتیکی زمانی دەبا خوڵقابا. بەڵکوو زمانێکی بێ‌سەروبەرەیە کە خۆی ئاخێوەر هەست دەکا بێهێز و لاوازە و لە بەرانبەر زمانی سەردەست کڵۆڵە.

ئەمیری لە "هاوارە بەرە"دا دەگەڵ ئەو ئاڵنگارانە ڕووبەڕوویە. یەکەم کەسانێک کە زمانی کوردی تەنیا له ڕوویەکی کولتورییەوە سەیر دەکەن و پێیان وایە توانای ڕووبەڕوو بوونەوەی زمانی فارسی بە تایبەتی لە ژانرێکی قورس و ئاڵۆزی وەکوو ڕۆماندا نییە. دووهەم زمانێک کە قۆناغی فیودالیزمی تێنەپەراندبوو و نەببووە زمانی تازە شارییەکانی کوردستان. زۆرینەی وشە و کۆدەکانی ون کرابوون، یان نەیانتوانیبوو گۆڕانی سروشتی زمانی بۆ حزوور لە قۆناغی تازەی ژیانی کوردیدا، ئەزموون بکەن. لەنگەری بەهێزی کاری ئەمیری ڕێک ئەو خاڵە بوو. ڕۆچوون بە مێشک و هزری پێرسۆناژەکاندا و کۆلینەوەی کەلێن و قوژبنی زەینیان و گەمەی زمانی و کاتیی بە کوردی!

ئەمیری لە "میرزا"دا بە بڕوابەخۆبوونەکی زیاترەوە خامەکەی هەڵدەسووڕێنێ و ڕۆمانێکی تەواو عەیار دەخوڵقێنێ. کاریگەریی ئەو دوو ڕۆمانە زۆر کورتتر لەوەی چاوەڕوان دەکرا دەرکەوتن. ڕۆماننوسانی لاو و تازەقەڵەم بوێریی ئەوەیان پەیدا کرد دەست بۆ قەڵەم بەرن و دەق بخولقێنن و زمانی کوردی "شاریزە" بکەن و ساڵانی دواتر شەپۆڵی دامەزرانی ئەنجومەنە ئەدبییە کوردییەکان و چاپەمەنی کوردی بەدواوە بوو. هەرچەند ڕەوتی گەشەی ئەدەبی کوردی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بێگومان لە دوای دامەزرانی "سروە" و  "چاپەمەنیی سەلاحەدین ئەیوبی" دەستی پێ کردبوو، بەڵام ڕەوتی دەقنوسی غەیرە شێعری دوای "هاوارە بەرە" خێرایی و دەولەمەندییەکی زۆر بەرچاوی بەخۆوە بینی.

ڕۆڵان بارت ڕەخنەگری نێوبەدەرەوی ئەدەبی فەرەنسیی دەڵێ، دەبێ دەق جیا لە نووسەر بخوێندرێتەوە و بەو پێیەش ڕاڤە بکرێت. ئەمە ئەو واتایەی هەیە کە خوێنەر خۆی لە خولقاندنی مانا و وێنای دەقدا بەشدارە. فەتاح ئەمیری بەڵام دەڵێ دەق جیا لە جیهان-ژینیی نووسەر نییە، نووسەر یەکسەر خۆی دە دەقی خۆیدا دووپاتە دەکاتەوە. لە ڕواڵەتدا ئەو دوو بۆچوونە دژبەرن بەڵام لە ڕاستیدا یەک ئاراستەن. بۆ تەفسیری دەقی "هاوارە بەرە" نیشانەناسی و هێرمۆنیتیک پێویسته. کاراکتێرەکان و پێرسۆناژەکان ستریوتیپی سەردەمی فیودالیزمی کوردستانن. د. قاسملوو لە "کوردستان و کورد"دا ئاماژە بەوە دەکا کە هەتا کۆتاییەکانی دەیەی پەنجای زایینیی سەدەی پێشوو ڕێژەی گوندنشین و شارنشینی کوردستان بە نیسبەی هەشتا و پێنج بۆ پازدەیە و دەست و پەیوەندی زاڵی ئابووری، فیودالیزمە. فیودالیزمی زاڵ بەسەر کوردستاندا جگەی لەوەی خۆی سیستەمێکی زۆرداری چینایەتی بوو، درێژە و کلکەی سیستەمی داگیرکەری کوردستان بوو. بەو واتایەی خۆشی لە خزمەت چەوساندنەوەی بزاڤی ڕزگاریخوازی کوردستاندا دەوری دەبینی و زۆرینەی دەربەگ و ئاغاکان دەستییان دەگەڵ حکومەتی ناوەندی تێکەڵ بوو.

 "میرزا" خوێندەوارە، ڕووناکبیرە و خەمخۆری میللەتی خۆیەتی و له هەمان کاتدا شۆرشگێڕێکی ڕاساوە لە هەمبەری زۆرداری و داگیرکاری. میرزا خوێندەوارێکی شارییە کە بەئاگا بۆتەوە، ڕوون بۆتە و نوێنەرایەتیی وشیاریی نەتەوەیی دەکا. لەو ڕوویەوە "میرزا" تەنیا یەک کەس نییە بەڵکوو ڕوحی وشیاربوو و شۆڕشگێری نەتەوەیەکی بندەستە. نزیکترین کەسایەتی لە کارێکتری میرزا لە ژیانی فەتاحی ئەمیری وەکو نووسەری ڕۆمان، مهەندیس سمایلی شەریفزادەیە. بەڵام نە لە سەردەمی پەهلەویی باوک، بەڵکوو لە سەردەمی پەهلەوی کوڕدا. وێدەچێ لەبەر دۆخی سەپاوی خۆسانسوریدا ئەمیری سەردەمەکەی گۆڕیبی. گەرچی کوردستان هەتا شۆرشی شۆڕشگێڕانی دەیەی شەست چ گۆڕانکارییەکی ئەوەتۆ بەخۆوە نەدیبوو. "میرزا" نوێنەری هەموو ئەو حەز و خولیاکانی شۆڕشگێرێکی نەتەوەیین و "زیندەخەو"ی  ئازادی و سەربەستی دەبینن و ئەوینی زەمینی و ئینسانیان دە سینگ‌دایە. لەو ڕوویەوە ڕۆمانەکانی فەتاح ئەمیری لەخانەی ئەدەبی بەرگری و دەرەوەستدا دەگونجێ.

 لە کۆتاییدا ئەمیری حەقایەتخوانی گەلێکی مەزلوومە کە ئیرادەی خۆی لێ زەوت کراوە و زمان و خۆشی لە پەراوێزی مێژودا دەژین.

تێبینی: ئەو دەقە نەک خوێندنەوەیەکی ڕەخنەگرانەی قووڵ و شایانی فەتاحی ئەمیری، بەڵکوو ئەزمونی هاوبەشی خوێنەرێک و بەرهەمەکانی ئافرێنەری "میرزا"یە.