کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەسەڵات و ئایدۆلۆژیای زمانی لە ڕاگەیەنراوی هەڕەشەیی ٨٠٠ نوخبەی ئێرانیدا

00:23 - 24 خاکەلێوه 2725

دەسەڵات و ئایدۆلۆژیای زمانی لە ڕاگەیەنراوی هەڕەشەیی ٨٠٠ نوخبەی ئێرانیدا

 

د. ڕەحیم سورخی، ئەندامی لێژنەی زانستیی ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان_تیشک

 

سەرەتا

بزوتنەوەی نەتەوەیی-جەماوەریی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ڕەوتێکی پەرەسەندوودا، خەریکە لە پێکهاتنێکی نەرمی ئاشتییانەی کۆمەڵایەتیدا خۆی وەک پێکهاتەیەکی تایبەت، بە میراتێکی مێژوویی، سیاسی، فەرهەنگیی و زمانییەوە  دەنوێنێت. ئەم نەتەوەیە بە پێکهێنە ناسێنەییەکانی لە ڕێگەی بەرهەمهێنانی زمانی، دەقی، هونەری، نواندن و دیداری لە پانتایی زمانی-جوگرافیی کوردستاندا خۆی دەرخست. لە ڕۆژی ١٧ی خاکەلێوەی هەتاویدا زیاتر لە ٨٠٠ بەناو زانستوان، هونەرمەند، نووسەر و توێژەر و ئەکادیمیی ئێرانی لە ڕاگەیەندراوێکدا “هۆشدار”یان بە ڕژیم دا  و ڕەوایەتی سەرکوتی کوردیان لە توێی ڕاگەیاندنی “هۆشدار”ێکدا بە دەسەڵاتی دەوڵەتی دا، و  ئەم پێکهاتنە نەتەوەیی و جەماوەرییەی کوردیان، بەتایبەتی، لە نەورۆزی ئەمساڵدا بە “پاوانکردنی بۆنەی نەورۆز لە دەست تاقمێک”دا ناوبرد و بە ” ئەتنیکی کردنی بۆنە کۆمەڵایەتییەکانی” وەک هەڕەشە و مەترسییەک لە سەردەسەڵات، باڵادەستیی زمانیی و سیاسیی خۆیان لەقەڵەم دا. لە ئەو ڕاگەیەنراوە هەڵەشەییانەدا، بە ئەدەبیاتێکی نەژادپەرەستانەی پڕ لە سوکایەتی و هەڕەشە دەوڵەتی لە ڕەوایەت/شەرعیەت کەوتووی ئیسلامیی ئێرانیان بۆ سەرکوتی ئەو خۆنواندنە کۆمەڵایەتییە، هێمن و ئاشتیخوازانەیە تین دا.

پوختەی ڕاگەیەنراوە هەڕەشەییەکە

“بە ناوی “پێشوازی لە نەورۆز”ەوە، “بەدبەختانە بە پێی هێندێک وێنەی بڵاوکراوە، لە هێندێک لە پارێزگاکانی ڕۆژاوا و باکووری ڕۆژاوا، لەوانە کوردستان،  ئەوەی وەک بۆنەی پێشوازی لە نەورۆز ڕوو دەدات، داشکاندنی نەورۆزە لە جەژنێکی گەورەی نیشتمانیی ئێرانییەوە بۆ بۆنەگەلی وردۆکەی ئەتنیکی، تایفی و ناوچەیی” و لە “مافی سروشتی” و “مافی هاوڵاتیی” هاوڵاتیی ئێران وەک “مافی ئەتنیکی” ناویان بردووە و “لە سەر لقەکە دانیشتوون و قەدەکەی دەبڕنەوە”، لە ئەسڵی پازدەی دەستووری ئێرانی گزییان کردووە، و بوونەتە هۆی “لاوازیی زمانی نەتەوەیی و فەرمی وڵاتەکە، واتە زمانی شارستانێتی، دێرین، ماقووڵ (نەجیب)و بەپیتی فارسی”!!

ئەم پوختەیەی سەرەوە، لە ڕستە پێکهێنەکانی دەقی ڕاگەیەنراوی هەڕەشەیی ئەو کۆمەڵە دەستەبژێرە ئێرانییەوە ڕاستەوخۆ دەرهێنراوە.

دەرکەوتنی ئایدیۆلۆژیا زمانییەکان لە بەستێنێکی فەرهەنگی و کۆمەڵایەتیدا

وەک نوکتە دەگێڕنەوە کە لە سەردەمی داگیرکردنی چێکوسڵۆواکی لەلایەن یەکێتیی سۆڤیەتەوە، کەسێک وەک ناڕەزایەتی پارچە کاغەزێکی سپی کە هیچی لەسەر نەنووسرابوو، بەرزکردببووە و لە بەرانبەر هێزەکانی سۆڤیەت ڕاوەستابوو، ئەفسەرێکی سۆڤەیەتی لێی چووە پێشێ و پێیگوت، ئەوە چییە، کوا وشەکانی بۆ هیچی لەسەر نە نووسراوە. کابرای چێکی پێیگوتەوە: “پێویست بە نووسین ناکات، هەموو شت ڕوونە”. لە ئەم ڕاگەیەندراوەشدا بە ڕوونی گوتوویانە ئەوان لە پێگەی هێزەوە بە زەبری زۆر دەیانهەوێت خۆیان بەسەر ئێمەدا بسەپێنن و ڕاست لەو شوێنە ئێمەش وەستاوین و بەرەنگاریی دەسەڵاتە خۆسەپێنەکەیان دەکەین. ئەوان لە پێگەی دەسەڵاتیشەوە کە هەموو پشتگیرییە دامەزراوەییە حکومییەکانیان چالاکانە لەگەڵە، هێشتا هاواری لەناوچوونی زمانەکەیان دەکەن. ئەمەش دەریدەخات کە پرسی زمان، چەندە پرسێکی سیاسییە و بە بێ ڕەچاوکردنی هێزە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکان چارەسەر نابێت. ڕاستییەکەی ئەوەیە کە هیچ چارەسەرێکی سیاسەت و پلاندانانی زمانی ناکرێت بەشێوەیەکی بابەتیخوازانە(ئۆبجێکتیڤ) لە  دەرەوەی دەسەڵات و ئایدۆلۆژیا، بە دابڕاوی لە ململانێی هێزە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکان چارەسەر بکرێت و بگات بە یەکسانیی کۆمەڵایەتی.

ئەم ڕاگەیەنراوە هەڕەشەییە، هەڵگری هەر دوو جۆری ئایدۆلۆژیای زمانییە: واتە هەم ئەو چەشنە ئایدۆلۆژیایەی کە لە ڕێی کۆد یان  پێکهاتەی ڕستە و وشەکانی زمانەوە  دەردەبڕدرێت و هەم  هەڵگری چەشنێک ئایدۆلۆژیای زمانییە کە لە بارەی زمان خۆیەوەیەتی، واتە بڕیار لەبارەی سنوور، ئەرک و چۆنێتیی و شێوەی بەکارهاتنی زمان لە پێوەندیی لەگەڵ قسەپێکەرەکانییەوە دەدات.

ئەم چەشنی دووەمەی ” ئایدۆلۆژیاکانی زمان لە ڕووی ئەخلاقی و سیاسییەوە نواندنەوەیەکی بارگاویکراوی سروشت،  پێکهاتە و بەکارهێنانی زمانەکانە لە جیهانێکی کۆمەڵایەتیدا”(Irvine 1989) کە پێوەندیی بە “فەرهەنگی زمانی”ی کۆمەڵگەکانەوە هەیە، و زمان وەک نوێنەری کۆمەڵەی بەکارهێنەکانی زمان دەبینێت، واتە کێشەی لەگەڵ زمانەکە خۆی نییە، بەڵکوو کێشەی لەگەڵ بەکارهێنەکانی و ئاخێوەرەکانێتی. هەر بۆیە “زمان وەک کێشە” دەبینێت. کێشەیەک بۆ ئەو دەسەڵاتەی لە ڕێگەی پرستیژ(ئیعتیبار)ی زمانەکەی خۆیەوە بەسەر ژێردەستکراوەکانیدا سەپاندووە. کۆمەڵگاکان بە هەموو جۆرەکانیانەوە خاوەنی ئایدۆلۆژیای زمانین. کۆمەڵگەکان لە پەروەردەکردنی منداڵ، کارلێکی ڕۆژانە و ناکۆکییە نێوان کەسییەکاندا، لە مشتومڕە بۆنەیی و سیاسییەکاندا، کاریگەریی ئایدۆلۆژیای زمانیان لەسەرە. نواندنەوەی ئایدیۆلۆژییانەی زمانەکان هەم بە هۆی ئەندامانی ئاسایی  کۆمەڵگەکانەوە، و هەم  بە هۆی دامەزراوە فەرمییەکان و نوخبەکانەوە، لەوانەش زانایانی ئەکادیمی پەسند و جێبەجێ دەکرێن.

دەقی ئەو ڕاگەیەنراوە،  نموونەیەکە لە “فەرهەنگی زمانی”ی ئەو دەستەبژێرەی وەک نوێنەرایەتیی نەتەوەی باڵادەست، نەک هەر “مافی ئەتنیکی”یش بە نەتەوە ژێردەستکراوەکانی ڕەوا نابینێت، بەڵکوو بە مەترسییەک بۆ “زمانی شارستانێتی، دێرین، ماقووڵ (نەجیب)و بەپیتی فارسی”!!! دادەنێت. “فەرهەنگی زمانی”  لە پێناسە سنووردارەکەی زماندا، واتە لە وشە و ڕێزمانی زمانەکەدا نییە، بەڵکوو لە شوێنێک لە ئاگامەندی (لە یادگە، زانینی هاوبەش، یان خەیاڵ و بیرۆکەی)ی کۆمەڵە زمانییەکاندایە(Schiffman 2006). بەگشتی، ئەوشتانەی وەک تێڕوانین لەبارەی زمانەوە دەخرێنە ڕوو سەر بە فەرهەنگی زمانیین کە ئایدۆلۆژیا زمانییەکانیش لەوێوە سەرهەڵدەدەن.  فەرهەنگی زمانیی ئەم دەستەبژێرانە نوێنەرایەتیی گوتاری نەتەوەی زاڵ دەکات کە لەسەردەمی فرەکولتوریی و فرە زمانیدا، بە ڕیزکردنی  وشە نرخێندراوەکانی “زمانی شارستانی، دێرین، ماقووڵ و بەپیت” بۆ زمانی فارسی، زمانەکانی دیکە دەخاتە پلەیەکی نزمەوە، و لە ڕێی زمانە بەکەمینەکراوەکانەوە پاساو بۆ ژێردەستکردنی ئاخێوەرەکانی دەهێنێتەوە و تەنانەت لە هێندێک بەشی تری ڕاگەیەنراوەکەدا ئاپۆرەیەکی کۆمەڵایەتی کە تەنیا لە سەر نەریتی فەرهەنگی و مێژوویی خۆی کۆ بووەتەوە و شادی دەربڕیوە، بە”جیاوازیخواز” ناو دەبات، تاکوو لە ژێر ناوی ئەو “مۆرک”ەدا سەرکوتەکەی پاکانە بکات.  هەڵوێستی سەرکوتکەرانەی ئەم کەسانە نوێنەرایەتیی گوتارێک دەکات و فەرهەنگێکی زمانییە، چونکە لە بەستێنێکی فەرهەنگییەوە سەرهەڵدەدات و ناتوانێت لەو فەرهەنگە کە  لە کۆمەڵگەکەی بە میرات پێی گەیشتووە، دابڕێت. ئەمە دەیان ساڵ ڕاهێنانی  پەروەردەیی دامەزراوەکانی دەوڵەتی نەتەوەی زاڵی لە پشتە، پشتی بە هێز گەرمە و لە پێگەیەکەی دەسەڵاتدارانەی لەسەرەوە بۆ خوارەوە لەگەڵ نەتەوە ژێردەستکراوەکان هەڵسوکەوت دەکات.

دەسەڵاتی وڵاتی” فرە نەتەوە” یان وڵاتی “فرە ئەتنیک”

نەک هەر لە ئێران، بەڵکوو لە هەموو پارچە داگیرکراوەکانی کوردستان، کورد و زمانەکەی نابنە پێکهاتەیەکی “ئەتنیکی- فەرهەنگی”، کە لە جۆری “کۆمەڵگەی کەمینە لە شێوەی ژینگە پارێزان یان ڕەگەزخوازییەکان”دا پۆلین بکرێن.  ناکرێت لە شێوەی کۆمەڵە زمانییە کەمینە کۆچبەر و پرشوبڵاوەکان لە وڵاتێکی وەک ئەمریکا یان ئەوروپا سەیر بکرێن کە بە ئارەزوو یان بە هۆی ناچاری پەنایان بۆ ئەو وڵاتانە بردووە، و ناچارن لەگەڵ زمان و فەرهەنگی ئەو وڵاتانە بچارێن و دەوڵەتیش پابەند نەبێت بە دابینکردنی مافە کولتورییە کۆیی و تاکییەکانیان. ئەوانەی کورد لەم شێوەیەدا پۆلین دەکەن، و لە ژێر ناوی “میتۆدی نوێ”دا بانگەشەی بۆ دەکەن، ڕاستییەکەی خەریکی هەڵاتن بەرەو پێشەوەن، بەرەو توانەوە و ئەسیمیلە بوون. لە بریتیی ئەوە، پێویستە وەک کیملیکا(١٩٩٥) دەڵێت ، بزانین چۆن پێناسەی “وڵاتێکی فرە زمان” دەکەین. پێویستە بزانین فرە زمانییەکە لە نێو وڵاتێکی فرەنەتەوە یان وڵاتێکی فرە ئەتنیک دایە.  بانگەوازی کیملیکا بۆ مامڵەکردنێکی یەکسان لەگەڵ زمانەکان لەسەر ئەو بنەمایە دامەزراوە کە گۆڕینی هەر نایەکسانییەک بۆ  دەرفەتی “باش و یەکسان”، نابێت بگەڕێتەوە بۆ هەڵبژاردنەکانی تاکە بەرکەوتووەکانی نایەکسانییەکە.

 بۆ نموونە، لە پێوەندی لەگەڵ کورددا، ئێمە لە دۆخێکی نەخوازراوداین و بەناچاری کەوتووینەتە ئەو دۆخەوە کە نایەکەسانیی دەرفەتەکانی هەڵبژاردن و دەستڕاگەیینی بەرهەم هێناوە. لەبەرئەوەی  کاتێک هەڵبژاردن دەکەین، دەبێت بەرپرسیارێتیی دەرئەنجامەکانی ئەو هەڵبژاردنانە لە ئەستۆ بگرین. کەوابوو، ئەمە ناتوانێت بۆ تاکێکی کورد ڕەوا بێت، چونکە مافی خاوەنداریکردنی خاک، زمان و دەسەڵاتی بەسەر کۆمەڵگاکەیدا لە ڕێی داگیرکارییەوە لێ زەوت کراوە. بۆیە تیۆریی “کۆمەڵگای دیموکراتیک” یان ئەوەی لە ڕاگەیەنراوی نوخبە ئێرانییەکانیشدا بە ناوی “مافی سروشتی” یان “مافی هاووڵاتیی ئێرانی هاتووە،  لە ئەو ڕووەوە دەلەنگێت کە لە پێگەی تاک و نوێنەرایەتیی “کۆمەڵگەی زاڵ”ەوە “کۆمەڵگەی پەراوێز ڕادەکێشێت تاکوو واز لە ئاوا کردنی دەسەڵاتێک بهێێنێت کە بەرگژیی دەسەڵاتەکەی  بکات.  بەگشتی، ئەسیمیولانیستەکان بەتایبەتی، لە تورکیا و ئێران، پێیانوایە شتێکی دادپەروەرانەیە کە وەک ئاخێوەری کۆمەڵەی زمانیی کوردی لە کوردستانیش،  بەو پێیەی کۆچبەرانی کورد و نەتەوەکانی دیکە  بۆ وڵاتانی هەندەران کە  بە ئازادی ئەو وڵاتە (ئەورووپی زمان)ەیان هەڵبژاردووە، پابەندن بە فێربوونی زمانەکەشیان، ئەمانیش ئەو بڕیارە ‘خۆتاکییە” ئازادەیان هەبووە و هەیە و،  ئەرکی وڵاتەکە نییە کە پشتگیرییەکی چالاکانەی یەکسان لە زمانی ئاخێوەری کورد یان نەتەوەی دیکەش بکات.

کەوابوو،  پێویستە لە نێوان وڵاتانی “فرەنەتەوە” و “فرەئەتنیک” جیاوازی دابنرنێت، وڵاتانێکی وەک ئێران، عێراق، تورکیا و سوریا وڵاتانی فرەنەتەوەن نەک فرە ئەتنیک، چونکە “لە ڕێگەی تێکەڵبوونی دوو یان زیاتری پۆلە”نەتەوەیی” ەکان کە پێشتر هەبوون (لە ڕێگەی داگیرکردن و لکاندن یان یەکگرتنی خۆبەخشانە) ەوە کۆکراونەتەوە(کیملیکا١٩٩٥)، کە دەوڵەتەکان دەبێت پابەندی پاراستنی مافەکانیان، چ بە شێوەی کۆیی یان بەشێوەی تاکی بن و  جیاوازن لە “وڵاتانی فرە ئەتنیک” کە لەسەر بنەمای هەڵبژاردنی تاکەکەسی لە ئەنجامی کۆچی بچووکەوە پێکهاتوون. هەربۆیە، ئەو بانگەشەیەی پێکهاتەیەکی نەتەوەیی وەک کورد وەک “دیاردەیەکی کۆمەڵایەتی” دەنرخێنێت و کێلەڕێ و نیشانە دەدات بە دەسەڵاتی داگیرکەر بۆ ئەوەی لەسەر بنەمای پێشگریمانەی ڕەوا بینینی ناسیۆنالیزمی نەتەوەی باڵادەست لە چوارچێوەی “دەوڵەتی دیمکراتیک”دا کە “کۆمەڵگەی زاڵ ئاوای کردووە” لە هەڵاتنێکی بەرەو پێشەوەدا کورد بەرەو تێداچوونێکی خۆبەخشانەی خوازراو دەبات. چونکە پێشوەختە،  پێگە، هێز، ودەرفەت ودەسەڵاتی ئابووری و تەکنۆلۆژیی تورک/فارسی قەبووڵ کردووە، و پێیوایە لەبەر پێکەوەژیانی مێژوویی نەتەوەی کورد لەگەڵ ئەواندا، پێویست بە “تەنانەت، ڕێگەچارەیەکی فەرهەنگیش ناکات، چونکە ئەوەش ناسیۆنالیزمی توندئاژۆی”ی لەسەر بنیاد دەنێت. ئەوە لە حاڵێکدایە کە هەر ئەم تێڕوانینە خۆی لە  ئەنجامی  ترس لە  بە سیاسیی بوونی زمانەوە هاتووە، پرسی فەرهەنگ و زمان دەکاتەوە  بە “کێشە”یەکی سیاسی- کۆمەڵایەتی  و سەرکوتکردن و بەربەست دروستکردن بۆی پاساو دەدات، هەر وەک لە دەقی ڕاگەیەنروەکەدا هاتووە. هەر بۆیە، وەک ڕێگە چارە و بە دەرهاویشتنی دەسەڵات و ئایدۆلۆژیا لە بەریەککەوتنە کۆمەڵایەتییەکاندا کە پێشوەخت هەن، بە دەسەڵاتی نەتەوەی فەرمانڕاو بپێشنیار دەکات، بە خێرا خۆی نیمچە ئازادییەک بە کورد بدات و لێی نەترسێت، “چونکە پێویستییەکانی ژیان زمانی خۆی دروست دەکات” و شتێک نامێنێت بەناوی “کێشەی زمانی”ی و “ناسیۆنالیزمی توند ئاژۆی کۆمەڵگەی پەراوێز” . سەیرە، کە ئەم ڕوانگەیە هەر بە ئەو لۆژیکەی ناسیۆنالیزمی نەتەوەی زاڵ بە ڕەوا دەبینێت، و لە وشەی بریقەداری “دەوڵەتی دیموکراتیک”دا دەیڕەنگێنێت، هەر بە ئەو  لۆژیکەش ناسیۆنالیزمی نەتەوە ژێردەستکراوەکە بە ڕوا نازانێت، و بە دواکەوتوو، دژە ژن، پیاوسالار و گەلێک ناوناتۆرەی تر تۆمەتباری دەکات.

ئەنجام

لە کۆتاییدا، لە ئەم ڕاگەیەنراوەدا، نوخبەکان لە حکوومەتەکەی خۆیان وەک دەزگای بەڕێوەبردن ڕازی نین و “بە هاتنە ناوەی ناپسپۆڕانە” تۆمەتباری دەکەن، کە لە دۆخی شپرزەی وڵاتەکەیاندا لە سەرکوتی کوردستاندا کەمتەرخەم بووە. هەروەها لۆمەی دەکەن بۆ چی بەرپرسانی ئیداریی پارێزگاکانی ئێران لە خوزستان، کوردستان و ئازەربایجان بە زمانی فەرمیی نادوێن. ئەمە خۆی دەرخەری ئەو ڕاستییەیە کە تەنیا دەوڵەت و دەزگا دەوڵەتییەکان نین کە دەتوانن سەرکوتکەر بن، بەڵکوو نوخبەکانیشی کە پەروەردەی بەستێنی فەرهەنگی زمانی و کۆمەڵایەتیی کۆمەڵەگای زاڵن، دەتوانن هەڵگیرسێنەری توندوتیژیی مەعریفی یان هاندەری سەرکوتی توندوتیژانەی نەتەوە ژێردەسەتەکان بە هۆی ئامرازی سەرکوتی دەوڵەتەوە بن. ئەوە لە حاڵێکدایە کە پرسی زمان و فەرهەنگیش لە وڵاتێکی فرەزمان و فرە نەتەوی وەک ئێراندا بەستراوە بە هێزی ناسێنەی سیاسی و کۆمەڵایەتی ئاخێوەرەکانییەوە.  ئەم پەلامارە زمانی و گوتارییەی نوخبەی نەتەوەی دەسەڵاتدار پاساودەر و ڕێخۆشکەری هەر چەشنە پەلامار و سەرکوتێکی کرداری و جەستەیشە بۆ سەر نەتەوەی کورد، و پێچەوانەی ڕەوتاری نەرمی ئاشتیخواز، شاد و بە نەشە و دژی توندوتیژی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و مافە مرۆییەکانێتی، و هەوڵێکە بۆ چاوترسێنکردن و سەرکوتکردنی  نەتەوەکەمان کە ڕواڵەتەکەی لە ڕەوتارێکی توندوتیژانەی “گۆپاڵ بەدەستانی ڕژیم” لە “ورمێ” دا خۆی نواند. بەڵام ڕاستییەکەی ئەوەیە کە ئەم شێوە نواندنەوە گوتارییە، نیشانەی ترس لە ڕەوینەوەی کەلێنی نەتەوەکانە  کە لە واقعێکی ڕاستەقینەی مێژوویی، فەرهەنگی، سیاسی و کۆمەڵایەتییەوە دێت، و لاوازیی و لە شیرازە چوونی چەقی دەسەڵاتی تاک نەتەوەیی دەوڵەتانی داگیرکەری کوردستان ئەوانی هەراسان کردووە، و “کورد هەراسی” چاوی  واقعبینی هەندێک نوخبە و ئەکادیمیشی بەستووە. نەتەوەکەمان پێویستە  بە زاڵ بوون بەسەر جیاوازییە ئایدۆلۆژی و بەرژەوندییە حیزبییە بەرتەسکەکاندا، هەر وەک چۆن خەریکە خۆی ڕێکدەخاتەوە و بە شێوازێکی جەماوەریی سەردەمییانە خۆ دەنوێنێت، ئەو جیاوازییە ئایدۆلۆژییە بەرژەوەندیخوازانە حیزبی و تاقمییانە لە مەنتیقی ژیریی گشتی و کۆیی خۆیدا بتاوێنێتەوە و هەمووی بکاتەوە بە هێزی داینەمۆی بزوتنەوە ئاشتیخوازانەکەی.

سەرچاوە:

https://tishk.org/ku/%d9%82%d8%af%d8%b1%d8%aa-%d9%88-%d8%a7%db%8c%d8%af%d8%a6%d9%88%d9%84%d9%88%da%98%db%8c-%d9%87%d8%a7%db%8c-%d8%b2%d8%a8%d8%a7%d9%86%db%8c-%d8%af%d8%b1-%d8%a8%db%8c%d8%a7%d9%86%db%8c%db%95%db%8c-%d8%aa/