کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ژار و کورەگازەکانی تاران

09:32 - 21 جۆزەردان 2725

ژار و کورەگازەکانی تاران

سمکۆ سەقزی

شازدەی ڕەشەمەی ساڵی  ١٩٨٨ی زایینی، پێنج ڕۆژ پێش نەورۆز،  کوردستان و جیهان بینەر و شایەتی گەورەترین کۆمەڵکوژیی دوای جەنگی جیهانیی دووهەم بوو؛ شاری هەڵەبجە لە باشووری کوردستان کەوتە بەر پەلامارێکی دڕندانە و کیمیاباران کرا‌.

لە دواڕۆژەکانی شەڕی دوو  ڕێژیمی داگیرکەری کوردستان، بەعسی عەفلەقی بۆ بەچۆکداهێنانی بزووتنەوەی سیاسیی کورد لە باشووری کوردستان خەڵکی سیڤیلی کردە ئامانج و لە چەند کاتژمێردا نزیک بە ٥٠٠٠کەسی بە گازی کیمیایی خنکاند و شەهیدی کردن. دواتر لە گێڕانەوەی مێژوویی و بەڵگەیی و گوزارشتی ئەم کارەساتەدا ناوی ئەم گازانە وەکوو ئیپریت یان خەردەل، گازی ڤی ئیکس،‌ گازی سارین، تابوون و سۆمان باس کران کە بە فرۆکە یان تۆپی دوورهاوێژ بۆ کۆمەڵکوژیی بەسەر خەڵکی هەڵەبجەی شارەزوور و سیرواندا ڕژێنران.

٣٨ ساڵ بەسەر ئەو کارەساتە دڵتەزێنە و باشتر وایە بڵێین ژینۆسایدە تێدەپەڕێ، بەڵام ناوی گاز و ژەهری کیمیایی لە ڕۆڵی قاتڵی ئینسانی کورد هێشتا لە ڕۆژەڤ‌دایە. بەڵێ، لەم دیو سنوورەکانی باشوور، کوردستان و خاکە بەپیت و بەرەکەتەکەی لەلایەن داگیرکەری ئێرانی تاڵان دەکرێت و نەک تەنیا هەوا و ئۆکسیژنەکەی بەڵکوو ئەمجارەیان خاک و ئاوی کوردستان؛ و سیە و سیپەلاک و خوێنی ناو ڕەگی خەڵکەکەی ژەهراوی دەکرێت.

لە کانگاکانی زێڕی ساراگوونی قوروە،  زەڕشۆڕان و ئاغەرەی هەوشار و قوڵقوڵەی سەقز، هەوڵێکی کوشندەی سیستماتیک لە لایەن دەستوپێوەندەکانی تارانەوە لەژێر ناوەکانی کۆمپانیای پەرەدان بە زێڕی کوردستان و سەدری تەئمین لەئارادایە و خەریکی تێکدانی کاولکارانەی خاک و لەوڕگە و دارستانی کوردستانن بۆ دۆزین و دزینی زێر و سامانی کورد.

بۆ ئەم دزینی زێڕە، دیسان مرۆڤی کورد وەکوو هاونەتەوەکانی خۆی لە هەڵەبجە تووشی گازی ژەهرین دەبێ، بەڵام ئەمجارەیان ناوی ژەهرەکان گۆڕاون بۆ "سیانید" و "سیانۆڕ" و "هیدرازین."

لە باتی ئەوەی فرۆکە و تۆپی دوورهاوێژ بەسەر خاک و خەڵکی کورد بڵاوی کاتەوە، لە ڕێگای ئەندازیار و تێکنێسیەن و شۆفێڕی بوڵدزێر و بێڵی میکانیکی بە ناوی مەعدەنکاری و هەلی کار و ئاوەدانی(!) ئاوێتەی خاک و هەوا و ئاوی کوردستان دەکرێت.

ئاو پێویستیی سەرەکییە بۆ بەدستهێنانی زێڕ، بۆیە دوو کومپانیای سەر بە سپای تاران بە ناوی "سپاسەد" و "جەهادی نەسری کوردستان" چەندین بەنداوی گەورەیان لێداوە؛ ئەم بەنداوانە نەک بۆ خواردنەوە یان کشتوکاڵ، تەنیا لەبەر نیازی کانگاکانی تاڵانن کە هەڵبەستراون و‌ لێدراون. ئێستعماری تاڵانچی تاران، وەکوو پرۆژەیێکی توکمە و پتەو وای نیازە خاکێکی سووتاو و تەواو ژەهراویکراو بۆ خەڵکی کورد بەجێبهێڵێت.

بەداخەوە ئەم پرۆژە لە هەوشار تا ڕادەیەک بە ئەنجام گەیشتوە، بەپێی ئامار لە هەموو ڕۆژهەڵاتی کوردستان تەنیا لە هەوشار؛ واتە تیکاب و سایەنقەڵا کۆچ پێچەوانەیە و خەڵکی تورک ئەوێ جێ‌دەهێڵن و حەشیمەتی کورد دەمێننەوە کە مخابن ئەم مانەوە تاوانی بێهێزییە. داهێزانی دەروونی و ماددیی کوردستان، هەژارییەکی گشتگیریی دروست کردوە، ئەم هەژارییە بەهۆی تووشبوونی خەڵک بە نەخۆشینی کوشندەی سەرەتان یان نەخۆشینە خوێنییەکان کە لێکەوتەی مەعدەنکاری سپای تاڵانی تارانە بڕستی لە خەڵک بڕیوە.

دەنگی ناڕەزایەتی خەڵکی سەقز کە خۆی لە کارزار و کەمپەینی نا بە کانگای تەڵای سەقز دا نیشان داوە، "نا"یەکی بوێرە کە دەکرێ لە بزووتنەوەی ڕزگارییخوازانەی نەتەوەکەماندا پۆلێن بکرێت و پێویستە هەموو ئەو کەسانەی کە خوێنی کوردستانی لە ڕەگ و جمگە و دەماریان‌دایە، پەیوەستی کردەکی ئەم "نا" ئازایانە و مافویستانە بن. ئێمەی کورد دەبێ بەر بە تاڵانی ژینگە و خاکی خۆمان بگرین و نەهێڵین ئێستعماری ڕیشخەنەیی تاران، قاقڕستانی سیانۆرییمان بۆ بەجێ بهێڵێت. شعووری بەرز و هزری کراوەی سیاسی کوردستانی، چۆن لە یەکەم ڕۆژی هاتنەسەرکاری خومەینی بە یەکدەنگ و یەکهەڵویست "نا"ی بایکۆت بوو، ئەمڕۆیش دەبێ "نا" ی دژ بە تارانیی تاڵانچیی بێ.

یەکێک لەو چین و توێژە گرنگانە کە دەنگی دلێریان دەبێ ببیسترێت، کۆمەڵەی پزیشکییە، ئەوان بیرێکی تیژ و چاوێکی وردبینن کە گە‌واهن بۆ ئەوەی ئێپیدێمی شێرپەنجە لە کوردستان چۆن تەشەنەی سەندوە و دەشزانن کە هۆکاریی بنەڕەتی ئەم سەرەتان و ئەم کارەساتە چیە؟

پزیشکان چۆن تا ئێستا شانبەشانی بزووتنەوەی کورد هاتوون و لە شۆڕشی ژینا ڕۆڵێکی ئەرێنییان گێڕا، لە باسی بەرگرتن بە لێدانی کانگای زێڕ کە ڕاستەوخۆ تەندروستی لەش و دەروونی ئینسانی کوردیی نیشانە گرتوە دەبێ هەڵوێستیان ببێ و گوزارشتەکانی پزیشکی ئەم جینایەتە بە زمانێکی زانستییانە بە دنیای دەرەوە ڕاگەیەنن.

یەک‌گوتاری خەڵک بە گشتی، لە مامۆستایانی ئایینی تا پزیشکانی دەروەست بە خاکی وڵات، دەمانباتە قۆناغی هێزمەندی کە بە شێوەی فیزیکی بەر بە "شەستا" و "خاتەم"ی بەیت بگرین.