
ئێران لە جەنگ لەگەڵ ئیسڕائیل لاواز و لەرزۆک دەرچوو و ئەوە دەتوانێ بە مانای گیروگرفت بۆ کەمینە نەتەوەییەکانی ئەم وڵاتە بێ
شوکریە برادۆست، دێ کۆنڤەرسەیشن
وەرگێڕان لە ئینگلیزییەوە: کەماڵ حەسەنپوور
ڕووبەڕوو بوونەوەی ١٢ ڕۆژەی نێوان ئێران و ئیسڕائیل لە ژۆئەنی ٢٠٢٥ ڕەنگبێ نەگەیشتبێتە جەنگێکی تەواوی ناوچەیی، بەڵام ڕەنگبێ خاڵی دەستپێکی وەرسووڕانێک لە دیمەنی سیاسەتی نێوخۆیی ئێران بێ. ئەگەرچی کۆماری ئیسلامی لە ڕابردووشدا تووشی کێشەی ڕاستەوخۆ لەگەڵ دوژمنی دەرەکی بووەتەوە، بەڵام ئەوە قەت لە کاتێکدا نەبووە کە لە ڕوانگەی سەربازییەوە وەها لاواز، لە ڕوانگەی نێوخۆییەوە وەها پارچەپارچە و لە تەریککەوتوویی پەرەئەستێن لەگەڵ دانیشتووانیدا بووبێ.
بە پێچەوانەی کاتی جەنگی ئێران-عێراق لە هەشتاکانی زایینیدا، کاتێک یەکگرتوویی نەتەوەیی لە دەوری بەرگریی لە سەربەخۆیی ئێرانییان هاتە ئاراوە، ئەمجار دەوڵەت وێدەچوو بەبێ پشتیوانیی بەرچاوی جەماوەری بجەنگێ. لە کاتێکدا کە ڕاپرسیی ورد لە نێوخۆی ئێران دژوارە، نەبوونی جووڵەی جەماوەریی بە لایەنگریی لە دەوڵەت، ڕێژەی کەمی هاوڕایی لەگەڵ دەوڵەت بەر لە جەنگەکە و سەرکوتی دەوڵەتی لەدوای جەنگەکە هەموویان بەئاشکرا دەربڕی ئەم دۆخە نوێیەن.
وەک توێژەرێکی کەمایەتییە نەتەوەییە جیاوازەکانی نێوخۆی وڵات، من دەزانم کە بەشێکی بەرچاو لە ئێرانییەکان، بە تایبەت ئەوانەی بە درێژایی مێژوو پەراوێز خراون، ڕوانگەیان بەرانبەر بە کێشە لەگەڵ ئیسڕائیل ئەوەیە کە ئەوە پێوەندی بە خەڵک و وڵاتەوە نیە، بەڵکوو ئاکامی بێبەزەییانەی شەڕانشۆیی ئایدیۆلۆژیکی دەوڵەت و هەڵمەتەکان لە لایەن بەکرێگیراوانیەتی. ئەوە کۆماری ئیسلامی بەرەوڕووی لەرزۆکترین دۆخ لە کاتی دامەزرانیەوە لە دوای شۆڕشی ئیسلامی لە ١٩٧٩دا کردۆتەوە.
دەسەڵاتی ڕەق و نەرم لاواز بووە
جێگای خۆیەتی چاوێک بە چۆنیەتیی لاوازبوونی دەوڵەتی ئێران لە ئاکامی شکستە جیددییەکانی ئەو دواییانەدا بخشێنین.
دەسەڵاتە نەرمەکەی، کە سەردەمێک لەسەر ڕەوایی شۆڕشگێڕانە، نفوزی ئایدۆلۆژیی شیعە و پرۆپاگەندەی دژە ئیمپریالیستی بنیات نرابوو، بە شێوەیەکی بەرچاو سوواوە. بۆ ماوەی دەیان ساڵ، کۆماری ئیسلامی پشتی بە گێڕانەوەیەکی بەهێز بەستبوو: ئەو تەنیا دەوڵەتێکە هێندە بوێرە کە دەتوانێ بەرەوڕووی وڵاتە یەکگرتووەکان و ئیسڕائیل ببێتەوە، داکۆکی لە پرسی موسڵمانان لە ئاستی جیهاندا بکات و دەوری ڕێبەریی ڕووحیی دنیای ئیسلام بگێڕێ. ئەو بۆچوونە لە لایەن میدیای دەوڵەتییەوە، میلیشیای بەکرێگیراو و باشوێژیی ئایینی یارمەتیدەری دەوڵەت بوو تا ڕەوایی بە دەستێوەردانە دەرەکییەکانی و تەرخانکردنی بەشێکی بەرچاو لە سامانی وڵات بۆ لایەنی سەربازیی، بەتایبەت گەشەپێدانی بەرنامە ناوکییەکەی و میلیشیاکانی ناوچە بدا.
بەڵام ئەو گێڕانەوەیە چیدیکە زایەڵەی پێشووی نیە. ڕێبەرانی ئێران چیدیکە ناتوانن ئیدیعا بکەن ئیلهامدەری یەکگرتوویی لە نێوخۆ، یان ترس لە دەرەوەن. تەنانەت لەنێو دانیشتووانی شیعە لە لوبنان، عێراق و یەمەنیش، لە کاتی بەرەوڕووبوونەوەی ئێران-ئیسڕائیل پشتگیری لە ئێران کپ بوو. لە هەمان کاتدا لە نێوخۆی ئێران، ئەو پرۆپاگەندەیەی کە ئیسڕائیلی وەک دوژمنێکی ژینەکی وێنا دەکرد بیسەرێکی نەبوو، بە تایبەت لە نێو لاواندا کە بە شێوەیەکی پەرەئەستێن خۆیان لەگەڵ جووڵانەوەکانی مافەکانی مرۆڤ هاوتەریب دەزانن تا دروشمەکانی دەوڵەت.
شتێکی ئاشکرایە کە دەسەڵاتی ڕەقی ئێرانیش خەریکی لاواز بوونە. لەکیسدانی فەرماندە پلەبەرزەکان و وێرانبوونی ژێرخانە سەربازییە گرینگەکانی ئاشکرایان کردوە کە هەواڵگریی دەوڵەت و سیستەمی تەناهییەکەی بە شێوەی بەرچاو لاواز بوون. تەنانەت بەر لە هێرشی ئیسڕائیل، ژمارەیەک ڕاپۆرت ئاشکرایان کرد کە هێزی سەربازیی ئێران لە لاوازترین ئاستی چەند دەیەی ڕابردوو دایە. سەرسوڕمانە ڕاستەقینەکە لە جەنگی ئەو دواییانەدا لە ئاستی بەربڵاوی زەرەرەکان لە لایەن ئیسڕائیل و وڵاتە یەکگرتووەکانەوە نەبوو بەڵکوو ئەو ڕاستییە بوو کە ئیسڕائیل چەندە بە قووڵی نفوزی کردووەتە نێو پلەبەرزەکانی کەرتەکانی سەربازیی و هەواڵگری. کێشەی ئەو دواییانە نموونەی شکستی تەناهی و هەروەها سەربازی بوو.
لە دەرەوە شکستخواردوو، لە ژوورەوە سەرگەردان
لەگەڵ لاوازیی دەسەڵاتەکەی لە سەرانسەری ناوچە، دەسەڵاتی نێوخۆیی دەوڵەتی ئێران لە ناوخۆش لاواز بووە. ڕاپرسییەکی وەزارەتی فەرهەنگ لە ٢٠٢٤ "ناڕەزایەتی"ی گشتیی ئاشکرا کرد، بە ڕێژەی زیاتر لە ٪٩٠ "ناڕازی" لە دۆخی هەنووکەیی وڵات. لە هەڵبژاردنەکانی نۆڤەمبەری ٢٠٢٤، کەمتر لە ٪٤٠ دەنگدەر بەشدار بوون، کە هێندەی دیکە ناڕەزایەتیی ئێرانییەکان لە پرۆسەی سیاسیی ئاشکرا کرد.
هەواڵەکانی نێوخۆی ئێران ئەوە ئاشکرا دەکەن کە بەشێکی بەرچاو لە ئێرانییەکان سیاسەتەکانی دەوڵەت بە هۆکاری جەنگ لەگەڵ ئیسڕائیل دەزانن. دانیشتوویەکی خەڵکی ڕەشت بە هەواڵدەریی رۆیتەرزی گوت، "من بڕیاردەرانی وڵات بە تاوانبار دەزانم، سیاسەتەکان ئەوان ئێمەیان تووشی جەنگ و وێرانی کردوە." لە بەرامبەردا دەوڵەت بە تاکتیکێک وەڵامی داوەتەوە کە پێشتریش کەلکی لێ وەرگرتوە: سەرکوت. بە گوێرەی مێدیای هاوتەریبی دەوڵەت، زیاتر لە ٧٠٠ کەس لە کاتی کێشەکە و دەستبجێ دوای ئەو دەستبەسەر کراون و بە هاوکاریی لەگەڵ مووساد، دەزگای هەواڵگریی ئیسڕائیل، تاوانبار کراون.
وەکوو سەرکوتەکانی پێشوو، ناوچەکانی خاوەن دانیشتووانی کەمینە نەتەوەییەکان، بە تایبەت ناوچە کوردییەکان بە ئامانج گیراون. ڕۆژێک دوای ئاگربڕ لەگەڵ ئیسڕائیل، دەوڵەت سێ کۆڵبەری کوردی، کە لە پارێزگا کوردییەکانی گەشە نەکردووی ئێران بۆ بژیوی ژیان پشت بە گواستنەوەی کاڵای قاچاخ دەبەستن، ئێعدام کردن. ئەو ئیعدامانە، کە بێ دادگا و یارمەتیی یاسایی بەڕێوە چوون، شێوەی باوی کەلکوەرگرتنی دەوڵەت لە قوربانییانی سەر بە ئەتنیکەکان بۆ مانەوە لە دەسەڵاتدایە و ئەوە پێشینەی مێژوویی هەیە: کاتێک دەوڵەت هەست بە مەترسی دەکات، لە پێش هەموو شتێکدا هێرش دەکاتە سەر کوردان.
شێوەیەکی مێژوویی سەرکوتکردن
گریمانە دەکرێ نێوان ١٠ بۆ ١٢ میلیۆن کورد لە ئێران بژین کە نزیکەی ٪١٢ تا ٪١٥ لە کۆی دانیشتووانی وڵات پێکدێنن، کە دەیانکاتە سێهەمین تاقمی ئەتنیکی دوای فارس و ئازەری. ئێران بە هەمان شێوە ڕێژەیەکی بەرچاو دانیشتووی کەمینەی بەلوچ و عەڕەبی هەیە.
کاتێک کۆماری ئیسلامی لە ١٩٧٩ دامەزرا، گەلێک لە گرووپە نەتەوەییەکان پشتگیرییان لە شۆڕش کرد. ئەوان بە هیوای ئێرانێکی گشتگیرتر و دێموکراتیکتر لە ڕێژیمی پێشووتر، دیکتاتۆریی دڕندەی شا کە زۆر جار کەمینەکانی بە ئامانج گرتبوو، بوون. بەڵآم ئەو ئاواتانە زۆر خێرا کۆتاییان هات. بە ڕەتکردنەوەی پلۆرالیزم و برەودان بە ئایدیۆلۆژییەکی یەکخەر کە لە دەوری ئیسلامی شیعە و شوناسی فارسی چڕ کرابۆوە، ئایەتوڵڵا ڕوحوڵڵا خومەینی تاقمە نافارس و ناشیعەکانی پەراوێز خست.
تاقمی ئەتنیکییەکانی دیکە وەک گومانلێکراو سەیر دەکران، لە کاتێکدا کە شیعەکانی ئازەربایجانی تا ڕادەیەکی بەرچاو ئاوێتەی سیستەمەکە کران.
خومەینی دژی تاقمە بەرهەڵستکارەکانی کورد حوکمی جیهادی دا، مۆرکی کافری لێدان، دەوڵەت هەڵمەتێکی سەربازیی لە ناوچەکانی کوردستان دەست پێکرد. ژمارەیەکی زۆی شار و گوندی کوردان وێران کران و لە نێوان ١٩٧٩ تا ١٩٨٨ نزیکەی ٥٠ هەزار کورد کوژران.
ناوچەکە کرایە هەرێمێکی میلیتاریزە کراو، دۆخێک کە تا ئەمڕۆ درێژەی هەیە.
هەڵمەت دژی کوردان
دوای کۆتاییهاتنی جەنگی ئێران-عیراق لە ئاگوستی ١٩٨٨، دەوڵەت کە لە ڕوانگەی ئابوورییەوە بێهێز و لە ڕوانگەی سەربازییەوە لاواز ببوو، لە سەرهەڵدانی نێوخۆیی دەترسا.
بەڵام لەجیات پێشوازی لە چاکسازیی سیاسی، بە یەکێک لە دڕندانەترین سەرکوتەکانی مێژووی ئێران وەڵامی دایەوە. خومەینی فتوایەک، یان فەرمانێکی ئایینی، بۆ ئێعدامی زیندانییانی سیاسی، لە ناویاندا ژمارەیەکی زۆر لە ناڕازییانی کورد، دا.
لە نێوان جوولای تا سێپتەمبەری ١٩٨٨، هەزاران بەندیی سیاسیی ئیعدام کران، گەلێک لەوان بێ دادگا و بەبێ هیچ پرۆسەیەکی یاسایی. بەگوێرەی ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی، لانی کەم ٥ هەزار کەس کوژران و لە گۆڕی نهێنیدا نێژران. خومەینی ئەوانی بە "موحاریب،" یان "شەڕکەری دژی خودا،" نێو برد و ڕەخنەی لە دادگاکانی شۆڕش کرد کە زووتر حوکمی ئیعدامی نەداونێ. ئەو هەڵمەتەی ئێعدامە بە کۆمەڵە پیشاندەری پشتئەستووریی دەوڵەت بۆ لەنێو بردنی هەموو ناڕەزایەتییەکە، بە بێ لەبەر چاو گرتنی پێشینەی یاسایی یان نۆرمەکانی مافەکانی مرۆڤ.
لە ساڵەکانی دواتردا، دەوڵەت بە شیوەی سیستەماتیک ڕێبەرانی دیاری کورد و ڕێبەرانی ئۆپۆزیسیۆنی دیکە، هەم لە نێوخۆی ئێران و هەروەها لە دەرەوە کوشتوە. ئەو کوشتنی ئامانجداری ڕێبەرانی کورد، تێکەڵ لەگەڵ ئێعدامی بە کۆمەڵی زیندانییانی سیاسی، ستراتێژییەکی بە ئانقەست بۆ نەهێشتنی سەرانی ئۆپۆزیسیۆنی ڕێکخراو بەر لەوەی مانەوەی دەوڵەت تووشی ئالنگاریی بکەن، بوو.
قەیرانی نوێ، هەمان ستراتێژی
وێدەچی کۆماری ئیسلامی کەلک لە هەمان شێوە کار وەرگرێ، بەڵام لە دۆخێکی گەلێک لەرزۆکتر دا. بە لەبەرچاو گرتنی دۆخی ناجێگیری دەوڵەت، لە جێی خۆیدایە پرسیار بکەین بۆچی ناڕەزایەتیی زۆرتر، بە تایبەت لە ناوچەکانی خاوەن کەمینە ئەتنیکییەکان، ڕوو نادەن. بۆ خەڵکێکی زۆر، وەڵامەکە ترس لەو شتەیە کە دواتر ڕوو دەدا.
گەلێک کورد لە سەرهەڵدانەکانی پێشووتر ئەزموونیان وەرگرتوە، بە تایبەت لە جووڵانەوەی "ژن، ژیان، ئازادی" لە ٢٠٢٢ کە پێشڕەوی ناڕەزایەتییەکان بوون، ئەوان بەرەوڕووی توندترین سەرکوت بوونەوە. زیاتر لە ٪٥٦ لە کوژراوان و دادگاییکراوانی سەرکوتی دوای ئەو سەرهەڵدانە، کورد بوون.
هاوکات، ئۆپۆزیسیۆن بە گشتی پەرتەوازە و بێ ڕێبەرە، هەم لە نێو هێڵە نەتەوەییەکاندا و هەروەها ئامانجەکان. تاقمە سەرەکییە ئۆپۆزیسیۆنەکان بە شێوەی نەریتی لە بەرانبەر داننان بە مافە نەتەوەییەکان بە گومانن، جا چ بگات بە بەشدارکردنی ئەوان لە هەر جۆرە بۆچوونێک بۆ ئێرانێکی داهاتوو. لە جیاتان، ئەوان پێداگرن لەسەر "یەکپارچەیی خاکی" وەک پێشمەرجی هەر جۆرە دیالۆگێک، کە بیرهێنەرەوەی شێوە ئاخاوتنی کۆماری ئیسلامییە.
ئەوە میراتی سەرەکی کۆماری ئیسلامییە: پرۆپاگەندەکەی نەتەنیا ڕای گشتی لە نێوخۆ داڕشت، بەڵکوو کاریگەریی لە سەر ئۆپۆزیسیۆنیش هەبووە، بە جۆرێک کە ئێرانییەکانی لە ةێوخۆ و لە دەرەوە لێک هەڵبڕیوە. و زۆر دەمێکە ئەتنیکی حاکمی دژی کەمینەکان، بە تایبەت کوردان، بە وێنا کردنی ئەوان وەک دوژمنی نێوخۆیی، ورووژاندووە.