
هەوڵێکی نەزۆک بۆ دەربازبوون لە قەیران
(لە پەراوێزی هێرشی ڕەگەزپەرستانە دژی کۆچبەرانی ئەفغان لە ئێران)
ئەسکەندەر جەعفەری
لە پشت ئەم گێڕانەوە نوێیەوە هەمان مێکانیزمی کۆن شاراوەیە کە دەسەڵات، بە پێکهێنانی "دوژمنی نێوخۆیی" دەیهەوێ مانەوەی خۆی مسۆگەر بکات. ڕێژیمی ئێران هاوکات لەگەڵ بەرزبوونەوەی ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە و شکستهێنان لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئیسرائیل و ئەمریکا، کۆمەڵگەی چەند میلیۆنیی ئەفغان وەک هەڕەشەیەکی ئەمنییەتی ناو دەبات. بەڵام ئەوەی ئەم ڕێژیمە دەیشارێتەوە ئەوەیە کە زۆرینەی ڕەهای ئەم کۆچبەرانە لە بەر هۆکارەکانی شەڕ و تاڵیبان و هەژاری هەڵاتوون و لە ئێران قورسترین و هەرزانترین کارەکان دەکەن. سەرەڕای ئەمەش لەو وڵاتە نادێموکراتیکەدا گۆشەگیر دەکرێن.
سیاسەتی "دوژمنایەتی" دژی ئەفغانەکان شتێکی نوێ نیە؛ بەڵام ناونانی ئەوان وەک سیخوڕی ئیسرائیل، فێڵێکی زیرەکانەیە بۆ سەرکوتکردنێک کە لە ڕێگای بەرهەمهێنانی قوربانییەکی نوێ دەبێتە پاساو بۆ هەموو قەیرانێکی نوێ. ئەم تۆمەتە بێ بنەمایانە دەبنە مۆڵەت بۆ گرتن و دیپۆرتکردنەوە و بەختڕەشکردنی سیستماتیک؛ هەمان چیڕۆکی دووبارەیە کە هەوڵ دەدات داگیرکەر لە گەندەڵی و قەیرانی ئابووری و ناکارایی ڕزگار بکا و ڕای گشتی بباتە سەر پەنابەری بێدەنگ و هەژار. بەڵام بۆچی داگیرکەر بۆ شاردنەوەی کێشەکانی ناو سیستمی کۆلۆنیالیستی، سەرکوتێکی تر بە کار دەهێنێت؟ بۆ باسکردن لەم بابەتە، دەڕوانینە بۆچوونی چەند سیاسەتمەدار و فیلسۆفی گرنگی جیهان.
لەم نێوەدا دەنگی دوکتور عەبدوڵڕەحمان قاسملوو هێشتا دەبیسرێ؛ ئەو ڕێبەرە کوردەی کە پێش تێرۆرکردنی لە ڤیەن هۆشداریی دابوو کە پێکهاتەی دەسەڵات لە ئێراندا بە بێ بەرهەمهێنانی دوژمنێکی نێوخۆیی ناتوانێت بەردەوام بێ. ئاماژەی بەوەش کرد کە سەرکوتی کەمینەکان تەنیا بابەتی نەتەوەیی نییە؛ بەڵکو تاقیگەیەکە کە ڕێژیم تێیدا "سەرکوتی سیاسی"، پراکتیزە و گشتگیر دەکات. ئەمڕۆ نۆرەی ئەفغانەکانە، سبەی دەبێتە نۆرەی هەر ناڕازییەک کە گومانی لە گێڕانەوەی فەرمیی داگیرکەر هەیە.
فرانتس فانۆن بیرمەندی توندڕەوی دژە کۆلۆنیالیزم لە ڕوانگەی "لەبارەی توندوتیژی"دا دەڵێت، هەموو پێکهاتەیەکی پاوانخوازانە بۆ ئەوەی بتوانێت بژی، پێویستی بە دروستکردنی یەکێکی دیکە هەیە؛ یەکێکی تر کە بۆ ئەوەی شەرعیەت بداتە سەرکوت و توندوتیژی، دەبێت ڕوخسارێکی ئاژەڵانە و مەترسیداری هەبێت. بۆ فانۆن ئەم "ئەوی تر" نەک هەر بێدەنگ کراوە بەڵکو مرۆڤیش نییە. کۆچبەرانی ئەفغان لە ئێران ساڵانێکە دەچەوسێنرێنەوە. کرێکاریی هەرزان، بێمافی و بێدەنگی بووەتە بەشی ژیانیان؛ ئێستاش وەک "سیخوڕی مووساد" ناوەزەد دەکرێن. ئەمە ئەو کۆلۆنیالیزمە نوێیەیە کە لە چوارچێوەی سنوورە نەتەوەییەکانی ڕێژێمی کۆلۆنیالیستیدا بەرهەم دەهێنرێتەوە.
سلاڤۆج ژیژێک، فیلسۆفی هاوچەرخ دەڵێت نوخبەی دەسەڵاتدار بۆ بەڕێوەبردن یان کۆنتڕۆڵکردنی تووڕەیی جەماوەر پێویستیان بە دژایەتیی ناوخۆیی هەیە. ئەو تووڕەییە کە دەبێ لەبری کۆشکی دەسەڵات ئاراستەی هەژارانی ئەفغان بکرێت؛ هەمان ئەو کرێکارە کە سبەی دەبێت خشت لە سەر خشت دابنێت بۆ ئەوەی شارەکەی داگیرکەر گەشە بکات، بەڵام لە هەمان کاتدا بە لەرزۆککردنی پایەکانی ئاسایشی نەتەوەیی داگیرکەری فارس تۆمەتبار دەکرێت. لەم لۆژیکە شوورەییەدا هەمیشە هەژاران بە دروستکردنی ئەو قەیرانە تۆمەتبار و تاوانبار دەکرێن کە هیچ ڕۆڵێکیان لە دروستکردنیاندا نییە، بەڵکو خودی ڕێژێم ڕۆڵی لە دروستکردنی ئەو قەیرانانەدا هەبووە.
ئانتۆنیۆ گرامشی، داڕێژەری بەرخۆدانی چاندی، ڕوونی دەکاتەوە کە ئەم مێکانیزمە تەنیا بە هێز بەردەوام نابێت؛ بەڵکو ڕێژیم بۆ چاندنی گێڕانەوەی "هەڕەشەی ئەفغانەکان" لە ئامێری ڕاگەیاندن و پڕوپاگەندەی خۆی کەڵک وەردەگرێت بۆ ئەوەی کاریگەری بکاتە سەر مێشکی کۆمەڵگای فارس. کاتێک ئەم هێژموونە چاندییە دروست بوو، خەڵکی هەژار، ئەوەندەی بەدەست هەژارییەوە دەناڵێنن، وەک سیخوڕ سەیری دراوسێ ئەفغانەکان دەکەن. ئەم بۆشاییە نیعمەتێکە بۆ مانەوەی نەزمی داگیرکەر؛ دابەشکردنی خەڵک بەسەر "ناوخۆییەکان" و "دەرەوەکان"دا بۆ ئەوەی دەستهەڵات بەردەوام بێت.
تۆمەتبارکردنی ئەفغانەکان بە سیخوڕیکردن بۆ ئیسرائیل، لە هەڕەشەیەکی ڕاستەقینە زیاترە. لە ڕاستیدا دانپێدانان بە شکستی ئەو فەرمانەیە کە بۆ چارەسەرکردنی قەیرانە سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکان لە گۆڕێدایە. نرخی ئەم سیاسەتە، هەمان ئەو هەژارەیە کە بە بێدەنگی کار دەکات، بەختڕەش دەکرێ و لە کۆتاییدا لە ئێران دەر دەکرێ.
لە ڕوانگەی فانۆن، ژیژێک، گرامشی و دکتۆر قاسملوو، چیرۆکەکە ڕوونە: "دابەش بکە و دەسەڵاتداریی خۆت بکە". چیڕۆکێکی کۆن و بێبەزەییانەیە کە کۆمەڵگا تا ناوەڕۆک لە یەکتر تووڕە دەکات.
ئایمێ سیزەر لە “وتاری کۆلۆنیالیزم”دا، بە زیرەکییەوە ڕەگ و ڕیشەکە ئاشکرا دەکات و دەڵێت: کۆلۆنیالیست ئەو توندوتیژییە کە لە دەرەوە شەرعییەتی پێداوە، ڕۆژێک دەیهێنێتەوە ناوەوە. هەمان ئەو سیاسەتەی کە لە کۆلۆنیەکاندا "ئەویتر" وەک دڕندە و دواکەوتوو و مەترسیدار ناوی دەهێنرێ. لە ناوخۆشدا دژ بە کەمینەکان و چەوساوەکان دەوەستێتەوە. ئەمڕۆ کۆچبەرە ئەفغانەکان لە ئێراندا قوربانیی ئەم لۆژیکە کۆلۆنیالیستییەن: بوونەوەرێک کە دەبێت بەختڕەش بکرێ بۆ ئەوەی سیستمێک کە لە قەیراندایە بتوانێت ڕواڵەتی "ئەمنییەت" وەربگرێت.
سیزەر دەڵێت: "شارستانیەتی کۆلۆنیالیزم، ئەو دڕندەییە کە لە وڵاتی داگیرکراودا پراکتیزەی دەکرد، دەهێنێتەوە ناو دڵی خۆی". ئەمە هەمان هۆشدارییە کە ئەگەر گوێی لێ نەگیرێت، درەنگ یان زوو توندوتیژی، سنوورەکان دەبڕێت؛ چونکە کاتێک ڕق بە دامەزراوەیی کرا، هیچ بەربەستێک ناتوانێت ڕێگەی لێ بگرێت.
ئەم ڕێچکەیە، ئاسایش و یەکگرتوویی لەگەڵ خۆی ناهێنێت؛ تەنیا تووڕەیی و ڕق و بێمتمانەیی دەچێنێت کە ڕۆژێک لە کۆنتڕۆڵ دەردەچێت. قوربانییەکانی ئەمڕۆ ئەفغانە بێ ماڵ و حاڵەکانن. سبەی گەلانی دیکە دەبنە قوربانی. هەروەک چۆن کورد، بەلوچ، عەرەب و لوڕ لە سەرەتای شۆڕشەوە تا ئێستا بەردەوام قوربانی بووە. لەم یارییەدا هەمیشە شتێک وەک خۆی دەمێنێتەوە؛ دەسەڵات بۆخۆی مانەوەی ڕواڵەتی مسۆگەر دەکات، بەڵام بە تێچووی مرۆڤایەتی.