کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ژینای ڕەمزی ژیانەوەی کوردستان و چەواشەکارییەکانی داگیرکەر

10:55 - 22 رەزبەر 2725

وانیار ئەهوورایی

سێ ساڵ بەسەر شەهیدبوونی ژینا ئەمینی، بە دەستی هێزە سەرکوتگەرەکانی دەوڵەتی داگیرکەری ئێران تێ دەپەڕێت. لە ساتەوەختی بڵاوبوونەوەی شەهیدبوونی شەهید ژینا (لە ۲۵ی خەرمانانی ساڵی ٢٧٢٢) لە پایتەختی دەوڵەتی ئێران، خەڵکی کوردستان دژ بە کۆژرانی ناڕەوا و بێبەزەیییانەی ژینا هاتنە سەر شەقامەکان و برووسکەی ئەم هەڵوێستەش لە شارەکەی خودی شەهید ژینا (سەقز) دەستی پێ کرد و پاشان سەرانسەری ڕۆژهەڵاتی کوردستانی گرتەوە و دواتریش چەند ناوچەیەکی ئێران هاتنە پشت خەڵکی کوردستان و بوو سەرهەڵدانێکی بەگوڕوتین لە کوردستان و ئێراندا.

خەڵکی کوردستان بۆ خاوەنداریەتی لە ڕۆڵەیەکی خۆیان لە شارێکی بێگانە و پایتەختی دەوڵەتێکی داگیرکەری کوردستان و بەدەستی هێزە سەرکوتکەرەکانی ئەو داگیرکەرە و هەروەها لە بەرانبەری ئەو هەموو تاوانە هۆڤانە و نامرۆڤانەی داگیرکەری ئێرانی بێدەنگ نەبوون و ڕۆژهەڵاتی کوردستانیان بۆ داگیرکەر کردە ئاگر و هێزە داگیرکەرەکانیش وەک هەمیشە بەرانبەر بە ڕۆڵە شۆڕشگێڕەکانی کوردستان دەستیان نەپاراست و بوو بە شەڕێکی نابەرابەری نێوان کوردستان و داگیرکەر؛ ڕۆڵەکانی کوردستان بە دەستی خاڵی و گرانترین چەکی دەستیان بەرد و دەست و لاقەکانی خۆیان (شەقی پیرۆز) بوو، لە بەرانبەریشدا هێزەکانی دەوڵەتی داگیرکەر سووکترین چەکیان پەڕان و کڵاشینکۆف و ژ-٣ و ... تەنانەت بە تانک و هیلیکۆپەتەریشیان بۆ شۆڕشگێڕانی "شار"ی کوردستانیان دەدا.

لەو سەرهەڵدانەدا ڕۆژ لە دوای ڕۆژ شۆڕشگێڕانی شار لە هەموو شارەکانی کوردستان زۆرتر و بەربڵاوتر دەهاتنە شەقام و خۆشخەونیی داگیرکەریان کردە شەزەنگ و ئاسوودەیی و بەقەوڵی خۆیان ئەو "دووڕگە ئارامە"ی کە چەندین دەیەیە باسی ناوەڕۆکبەتاڵی لێ دەکەن، شێواند و کوردستان بوو بە گۆڕەپانێکی شەڕ؛ شەڕێک کە بۆ ئێمەی کوردستانی لە زانکۆ تاکوو قوتابخانەکان و لە کۆڵانێکی باریک تاکوو شاگۆڕەپانەکانی ناوەڕاستئی شار و ... ببوون بە سەنگەرێکی لەگیراننەهاتووی شۆڕشگێڕانی شار، هەروەها بۆ داگیرکەریش لە مۆڵگە داگیرکاری و مرۆڤکوژەکانیان تاکوو کولانەی خۆشاردنەوەیان و لەنێو جلەکانیان تاکوو بەر دەرکەی ماڵەکانیان وەک دەوترێت "کونەمشکیان لێ ببوو بە قەیسەرییە" و تەنانەت وایان لێ هاتبوو لە سێبەری خۆشیان دەترسان و گومانیان لە منداڵی خۆشیان هەبوو، ئەمەش گشتی لە هەیبەت و سامی شۆڕشگێڕانی شار و چاونەترسانی شەقامەکانمان بوو.

دەوڵەتی داگیرکەر لە شار بەو هەموو تاوانەی دژ بە خەڵکی دەستبەتاڵ و ورەپۆڵایین دەیکرد و لە هیچ دەستی نەپاراست و بەپێی ئاماری ڕێکخراوە کوردستانییەکانی مافی مرۆڤ، دەوروبەری ١٦٠ شۆڕشگێڕ و هاووڵاتیی کوردستانی شەهید کرد و نزیکەی چەند هەزار کەسیشیان بریندار کرد کە ئەمە تەنیا بەشێکی بچووک لەو تاوانانە بوون لەو سەروبەندەدا؛ بەڵام بەو حاڵەشەوە داگیرکەر بەتەواوی دۆڕا و بەرەو لێواری هەڵدێر چوو و نزیک لەو کەوتن بوو، بۆ خۆگرتنەوەت پەنای هاوردە بەر تاوانێکی تری نێودەوڵەتی و بەزاندنی ئەو سنوورە دەستکردانەی نێوان باشوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە خۆیان بەبێ ڕەزامەندیی ئێمەی کورد کێشاویانە و کەمپی بنەماڵەی هاونیشتمانییانی ڕۆژهەڵاتیی دانیشتووی باشوور و بنبکە و بارەگاکانی حیزبە کوردستانییەکانی ڕۆژهەڵاتی دا و کە جیا لە شەهیدکردنی دەیان پێشمەرگەی کوردستان، چەندین هاووڵاتیی مەدەنیی بێتاوان و تەنانەت منداڵی  نێو دایکێکی بدووگیان و "وانیار"ی بەدنیانەهاتووی شەهید کرد.

پاش ئەم گشتە تاوانە و دۆڕانەی داگیرکەرا و کۆڵنەدان و نەبەزینی ڕۆڵە شۆڕشگێڕەکانی "شار"ی کوردستان، دەوڵەتی داگیرکەر دەستی کرد پڕوپاگەندە و بانگەشەی ناڕاسیت و تەنانەت بێڕێزیکردنی ڕوون و ئاشکرای بەرپرسانی باڵای دەوڵەتی داگیرکەری ئێرانی کە ئەمەش نیشانەی بێدەسەڵاتتی و لاوازییانە ل بەرانبەر کۆڵنەدەرانی کوردستاندا؛ نموونەی ئەم وابێژییەش دوایین قسەکانی بەرپرسی ڕۆژنامەی کەیهانی خامنەیی و دارودەستەکەیەتی کە لەسەر شەهیدکردنی شەهید ژینا کۆمەڵێک چەواشە و هەرچیوپەرچییان بڵاو کردووەتەوە کە تەنانەت مۆرە و بەکرێگیراوانیشیان باوەڕیان بەو چەواشەکارییە بێناوەڕۆکانە نییە. بەکورتی کەیهانی خامنەیی چەواشەی وای بڵاو کردووەتەوە کە "ژینا لەلایەن پووزاکەی خۆیەوە کوژراو"، بەڵام خێرا باوکی شەهید ژینا بوێرانە هاتە دەنگ و چەواشەکارییەکانی ڕۆژنامەی کەیهانی خامنەیی و دارودەستەکەی بەدرۆ خستەوە و تەنانەت ئاماژەی بەوەش کردووە کە شەهید ژینا پوورزای وای نییە کە لەو چەواشەکارییانەدا ئاماژەی پێ کراوە. باشە داگیرکەر لەسەر شەهید ژینا وا چەواشەکاری دەکات، ئەی لەسەر ئەو خەڵکەی تر کە شەهید و  برینداری کردن و ئەمەشی لەپێناو ئەوە کرد کە بیسەلمێنێت شەهید ژینا ئەوان شەهیدیان نەکردووە، چی؟ واتە هەزاران کەسیان تەنیا لە کوردستان شەهید و بریندار کرد بۆ ئەوەی بێژن ئێمە "ژینا ئەمینی:مان نەکوشتووە!

هەنووکەش لە سێیەمین ساڵیادی شەهیدبوونی شەهید ژینا و گیانبەختکردووانی تر، پێشگرتنی داگیرکەر لە بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمی ساڵوەگەڕی شەهیدبوونی ژینا و گیانبەختکردووانی کوردستان، بەڕوونی ترسی داگیرکەر دەردەخات. بەڵام خەڵکی هۆشیاری کوردستان لە گشت شارەکاندا بە شێوەگەلی جیاواز و تەناتەت لە هەندێک شار بە مانگگرتن کرد یادی ژینای کوردستان و گیانبەختکردووانی تری شۆڕشی ژینایان بەرز ڕاگرت. ئەو دروشمەی کە ڕۆژی ئەسپەردەکردنی شەهید ژینا لەسەر گۆڕەکەی نووسرا (ژینا گیان تۆ نامری، دەبیتە ڕەمز)، هەنووکە هاتووە دی و بوو بە ڕەمزێک بۆ بەردەوامیی شۆڕشی ڕزگاریخوازان و ژیانەوەی ورەی خەڵکی کوردستان.  خەڵکی کوردستان لەمێژە سەلماندوویانە کە لە بەرانبەر بە هەر چەشنە ستەم و تاوانێک بێدەنگ نابن و دەنگی خۆیان دەردەبڕن؛ داگیرکەر ئەگەر بتوانێت سەرکوتیان دەکات و نەشتیوانێت دەنگی مافویستانەی خەڵک سەرکوت بکات، دەست دەکات بە پڕوپاگەندا و چەواشەکاریی بەربڵاو، بەڵام نەک تەنیا هیچ ئاکامێکی نابێت، تەنانەت خودی دارەدستەکانی خامنەییش گاڵتە بە خۆیان دەکەن.