
دارسمە
پێشینیان گوتوویانە پاش مردووان ڕەحمەت باشە. جا ئێمەش لەسەر هەمان ڕێچکە، هەزار ڕەحمەت لە گیانی پاکی هەردوو دەسەڵاتی پیرۆزی پاشایەتی و کۆماری ئیسلامی! ئەوەندەی خۆڵ بەسەر گۆڕی ئەم دوو بنەماڵە بەڕێزەدا دەکرێت، با سەد ئەوەندە تەمەنی میراتگرەکانیان درێژ بێت. دەڵێن دونیا بۆ کەس نامێنێتەوە، بەڵام ئەم قسەیە لە ڕاستییەوە دوورە؛ دونیا هەر دەمێنێت و وەک تۆپێکی گەورە تەقڵە لێ دەدات، جاروبار هەندێک کەس هەڵدەداتە پشتی چیای قاف و هەندێکیش دێنێتەوە سەر تەختی حوکمڕانی. ئەوەی بۆ ئێمە وەک خەڵکی ڕەشۆک دەمێنێتەوە، تەنیا چاکەیە، ئەویش چاکە لەگەڵ "یەکتر".
لێرەدا زۆر بە پێویستی دەزانم وشەی "یەکتر" بۆ خوێنەرانی هێژا شی بکەمەوە. ڕەنگە ئەم شیکردنەوەیە بۆ هەندێک کەس زیادی بێت و خۆیان لە ئێمەی نەزانکار شارەزاتر بن، بەڵام ئامانجی ئێمە کۆمەڵانی خەڵکە. مەبەست لە "یەکتر" لێرەدا، گەلی هەژار و چەوساوەی ئێران نیە، بەڵکوو بە شێوەیەکی زۆر تایبەت و سنووردار، تەنیا لایەنگرانی شاهەنشا و شوێنکەوتووانی کۆماری ئیسلامی دەگرێتەوە. ئۆباڵ بە ئەستۆی من، ئەم دوو لایەنە هەرچییان لەدەست هاتووە و دێت، بۆ یارمەتیدانی یەکتریان کردوە. دیسان ئۆباڵ بە سکوردی باریکم هەر ئەوا دەبێت یەکتر دەرک کردن.
بۆ نموونە، دەسەڵاتی پاشایەتی نزیکەی سی چل ساڵ بەر لەوەی کورسییەکەی بۆ کۆماری ئیسلامی چۆڵ بکات، خەریکی خۆشکردنی زەمینە بوو. پردێکی ئەوەندە پتەوی بۆ گواستنەوەی دەسەڵات لە کۆشکی نیاوەرانەوە بۆ حوسێنییەی جەماران دروست کرد. کۆماری ئیسلامییش دوای پەڕینەوە، بۆ ئەوەی شوێنپێی خۆی ون بکات، پردەکەی ڕووخاند. داروپەردووی ئەو پردە لە کەسایەتیی بەڕێزانی وەک "ئایەتوڵڵا موتەهەری"، "بەهەشتی"، "سادق قوتبزادە"، "ئیبراهیم یەزدی"، "مەهدی بازرگان" و "کاک داریووش فروهەر"ی خۆمان و دەیان کەسی دیکە پێکهاتبوو کە هەموویان بوونە قوربانیی ئەو گواستنەوەی دەستەڵاتە.
ئەگەر لەبیرتان بێت، تەمەنی دەسەڵاتی بنەماڵەی پەهلەوی تەنیا پەنجا و چەند ساڵێکی خایاند (بمبوورن، نە من و نە کەسانی وەک من، باوەڕمان بە ئەفسانەی ٢٥٠٠ ساڵەی شاهەنشاهی نیە). دوای ئەو ماوەیە، کاتێک ڕیفراندۆمێک بە کڵاو و لەچکەوە سەری "ئوممەتی هەمیشە لە گۆڕەپان"ی داپۆشی، دەسەڵات لەنێوان پاشا و ئایەتوڵڵادا دەستاودەستیی پێ کرا. ئەمجارە نۆرەی کۆماری ئیسلامی هات و بۆ ماوەی نزیکەی نیو سەدەی دیکە بووە سوارەی سەر قەڵاندۆشی هەمان "ئوممەت".
ئێستا و دوای ئەم نیو سەدەیە، وا دیارە کۆماری ئیسلامی بەتەواوی هەستی بە ماندووبوونی "ئوممەت" کردوە و بەرپرسانی خەدوومیش لە خواردن و کردن بێتاقەت بوونە، بۆیە خەریکە خۆی ئامادە دەکات بۆ گەڕی دووەمی هەمان گەمەی دەستاودەستکردن. هەر لەبەر ئەم هۆکارەشە "شازادە ڕەزا پەهلەوی" لەگەڵ دایکی بەڕێزیان، قۆڵیان لێ هەڵماڵیوە و دەیانەوێ ئەو قەرزە کۆنەی باوکیان لە ئاخوندان وەربگرنەوە. ئاخووندەکانیش چاکەی بنەماڵەی پەهلەوییان لەبیر نەچووە؛ چۆن ئەوکات بە ڕیز دەچوون بۆ ماچکردنی دەستی شابانوو، ئێستاش ئامادەن بەوپەڕی ئارامییەوە دەسەڵات تەسلیمی "یەکتر"یەکەی دیکە بکەنەوە. ئەم چاکەدانەوەیەش هەر لە سەروبەندی شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی"یەوە بە دروشمی "ڕەزا شا، ڕۆحت شاد" دەستی پێ کرد و زۆر ژیرانە درێژەی پێ دەدەن.
کاکە ڕەزای خۆشمان دوای چل و چەند ساڵ خواردن و خەوتن و ژیانێکی شاهانە لە پاریس و واشنتن، ئێستا هەردوو گووپی پڕ کردوە لە "با" و لە جیاتی ئەوەی دووزەلەیەک یان زوڕنایەکی پێ لێ بدات، بایەکە بۆ خۆفشکردنەوە بەتاڵ دەکاتەوە و دەڵێت: "ئامادەم دوای ڕۆیشتنی برادەران، بە شێوەیەکی دێموکراتی و ئارام، دەسەڵاتی ئێران بگرمەوە دەست."
ئەوەی لەم گەمە نوێیەدا زۆر گرنگە، دووبارە هەڵبەستنەوەی پردی پەڕینەوەیە. ئەمجارە پردەکە بە دیزاینێکی نوێ و بە کەرەستەی تازە دروست دەکرێت. کۆمەڵێکی دیکە دەبنە داروپەردووی پردەکە و ئەگەر پێویست بکات، دوای تەواوبوونی ئەرکەکەیان، پرد و پردساز پێکەوە هەڵدەوەشێنرێنەوە. ئەوەی ئێستا بیری لێ دەکرێتەوە، دابینکردنی ئەو کەرەستە خاوانەیە.
ئێستا زۆر کەس و لایەن هەن گیانیان خستووەتە سەر لەپی دەستیان و خەریکن خۆیان بۆ فیداکاری ئامادە دەکەن تا ببنە کەرەستەی پردێکی قایم و بێمەترسی بۆ گواستنەوەی دەسەڵات لە عەممامەوە بۆ تاجی پاشایەتی.
ئەوەی لێرەدا جێگەی دڵخۆشی و پێزانینە، ئەمەیە دوای ڕووخانی کۆمارە مەترسیدارەکەی کوردستان لە مەهاباد، دوای دەرکردنی پێشمەرگەی حیزبە مەترسیدارەکان لە شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، دوای سەرکوتکردنی سەرهەڵدانە مەترسیدارەکەی "ژن، ژیان، ئازادی" و دوای تێپەڕاندنی چەندین مەترسیی دیکە، هێشتا لە نێو جەرگەی ئۆپۆزیسیۆندا کەسانێک دەبینرێن بە سەربەرزییەوە ئامادەن وەک داریووش فروهەری ڕەحمەتی، ببنە پردی گەڕانەوەی شکۆی بنەماڵە بەڕێزەکەی پەهلەوی. مێژوو خۆی دووبارە دەکاتەوە، دونیا لەمانەوەی خۆی بەردەوامە، تەقڵە لێ دەدات و ئەم و ئەو بەسەر شانیدا تووڕ هەڵدەدات.